ئێران‌و وڵاتانی ئەوروپی لەدۆخێکی چەقبەستوودا

ليست هناك تعليقات

 


کاکەلاو عەبدوڵا

ماوەی دوو هەفتە زیاترە دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپی لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی بەردەوامی هەیە لەڤییەناو تائێستا لە دۆخێکی چەقبەستوودایەو هەر لایەنێک ئەوی تر تۆمەتبار دەکات بەپەکخستنی پرۆسەکە.

لەبەیاننامەیەکدا هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا رایانگەیاند "تا ئێستا نەمانتوانیوە دانوستانێکی جددی ئەنجام بدەین و کاتیش بەرەو کۆتایی دەڕوات".

لەبەیاننامەکەشدا ئەوە هاتووە، "بەبێ بەرەوپێشچوونی بەپەلە، بەرەچاوگرتنی جموجوڵی خێرای پرۆگرامی ناوکی ئێران، بەمزووانە رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥ دەبێتە پێکهاتەیەکی بەتاڵ".

لە رۆژی ٢٩ی مانگی رابردووەوە دانوستانەکان لەشاری ڤییەنای پایەتەختی نەمسا دەستپێکردووەتەوەو چەند جارێك شکستی هێناوەو دیسان شاندی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا گفتوگۆکانیان دەستپێکردووەتەوە.

وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن ئێران داواکارییەکانی زیادکردووە و لەسازشەکانی پێشتری کشاوەتەوە، بەیاننامەکەی هەرسێ وڵاتیش ئاماژە بەوە دەدات کەهەڵوێستی نوێی ئێران یەکانگیر نییە لەگەڵ بەندەکانی رێککەوتننامەکە، ئەمەش دوای ئەوەی کەتاران داوای لابردنی تەواوی سزاکانی ئەمریکای کرد لەسەری.

لەوەڵامی بەیاننامەکەی وڵاتانی ئەوروپیدا، ئێران دەڵێت هەندێک لایەنی ناو رێککەوتننامەکە بەردەوامن لەسەر تۆمەت بەخشینەوەو هەڵناستن بەکارکردن لەسەر دیبلۆماسییەتی واقیعی.

عەلی باقری، بەرپرسی باڵای شاندی دانوستانکاری ئێران، لەتویتەری خۆی رایگەیاند، "هەندێک لایەن بەردەوامن لەهەڵسوکەوتی سەرزەنشتکاری لەجیاتی دیبلۆماسی واقیعی، ئێمە پێشتر بیرۆکەی خۆمان پێشکەش کردووەو بەشێوەیەکی بنیادنەرانە کارمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییەکانی نێوانمان".

بە ئاماژەکردن بۆ دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتننامەکە لەساڵی ٢٠١٨، عەلی باقری نووسیویەتی، "دیبلۆماسییەت شەقامێکی دوو رێگەیە، ئەگەر تائێستاش ئیرادە هەبێت بۆ چاککردنەوەی هەڵەکان ئەوا رێگای رێککەوتنێکی خێراو باش دەستبەردەکرێت".

هاوکات ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند واشنتن بەردەوام دەبێت لەسەر دیبلۆماسییەت لەگەڵ ئێراندا، چونکە "ئەو کارە لەم کاتەکەدا باشترین بژاردەیە" بەڵام وتیشی کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان تاووتوێی جێگرەوە دەکەن بۆ رەوشی دیبلۆماسی.

وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە لەوەی ئێران ویستی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەکەی هەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی رایگەیاند تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردووەتەوە بۆ زیاتر لەسەدا ٢٠٪، ئەمەش پیشێلکارییەکی گەورەیە لە رێککەوتنەکەداو بەپێی مەرجەکانی ناو رێککەوتنەکە دەبێت لەسەدا ٣.٦٪ یۆرانیۆم بەرهەمبهێنێت.

شاندی ئێران هەفتەی رابردوو دوو رەشنووسی پێشکەشکی دانوستانەکان کرد کەپێکهاتبوون لەلابردنی سەرجەم سزاکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەو لەبەرامبەردا پابەند دەبنەوە بەمەرجەکانی رێککەوتننامەکە.

لەئێستادا دۆخەکە ئاڵۆزەو شکستهێنان لەئەنجامدانی رێککەوتنێك لەنێوان هەردوولا رەنگە مەترسی جەنگێکی نوێی لێبکەوێتەوە لەگەڵ ئەوەی ئیسرائیل سوورە لەسەر هەڵوێستی توندی بەرامبەر بەرەوپیشچوونەکانی ئێران لەسەر پرۆگرامی ناوکی وڵاتەکە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif