ئێران لەنێوان داواكاریی زۆرو پاشەكشێی گەورە بۆ ئەمریكا
ئەمریكا تاووتوێی پلانی بی دەكات و ئیسرائیل پلانی جی ئامادەیە دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، بەڵام تاران ئاستی داواكارییەكانی زیاددەكات و سێ وڵاتی سەرەكیی جیهانیش داواكارییەكانی رەتدەكەنەوە.
داواكارییەكانی ئێران بۆ لابردنی سزا نێودەوڵەتییەكان رووبەڕووی رەخنەی توندی ئەمریكاو وڵاتانی جیهان دەبێتەوە و بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەیەك ساڵی رابردودا دادەبەزێت و گومان لەهەڵوەشاندنەوەی هەتاهەتایی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەكرێت.
رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) ئاڵۆزیی توندی بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێك ئەمریكا رایگەیاندووە خۆی بۆ سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە ئامادە دەكات و ئەڵمانیاو فەڕەنسا داواكارییەكانی تاران بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە رەتدەكەنەوە و ئیسرائیل پێچەوانەی رابردوو بەئاشكرا هێرشەكانی دژی وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت لەساڵێكدا زیاتر لەسێ جار بەهاوكاریی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران لەناوخۆی ئەو وڵاتە زیانی بەوێستگە ئەتۆمییەكان گەیاندووە، چونكە بەهیچ جۆرێك رێگە بەو وڵاتە نادات ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیی.
خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا دوای پێنج رۆژ بەتوڕەبوونی تیمی دانوستانكاری ئێران و بەبێ هیچ راگەیەنراوێكی فەرمیی كۆتایی هات و رون نییە ئەو دانوستانانە كەتێیدا ئەمریكا بەناڕاستەوخۆ بەشدارە، دەبێتە هۆی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی یان خەونی ئێران بۆ چارەسەری قەیرانە قوڵەكانی تێدا بەدی دەكرێت بەتایبەت كەپێچەوانەی رابردوو لایەنەكانی بەرامبەر ئێران لەو دانوستانانەدا بە راشكاویی داواكارییەكانی تارانیان رەت كردووەتە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی دانوستانەكانی ڤیەننا نرخی هەر دۆلارێكی لەئێران گەیاندە نزیكەی (32) هەزار تمەن كە ئەوەش بە بەرزترین نرخی دۆلار لەیەك ساڵی رابردوو ئەژمار دەكرێت و تەنانەت پڕۆژە پێشنیاری پەرلەمانی ئەو وڵاتەش بۆ بەرزكردنەوەی موچە لەوڵاتەكەداو دەستنیشانكردنی نرخی هەر دۆلارێك بە (23) هەزار تمەن ئاماژەیەكی دیكەن كە رەنگە دەسەڵاتدارانی ئێران هیوایەكی ئەوتۆیان بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نەبێت.
ئێران زۆری دەوێت و بەكەم رازیی نییە
رۆژی دووشەممە (29)ی نۆڤەمبەر حەوتەمین خولی دانوستانی ئەتۆمیی لەڤیەننای پایتەختی نەمسا لەنێوان هەریەكە لەكۆماری ئیسلامی ئێران و بەریتانیا، فەڕەنسا ، روسیا ، چین لەگەڵ ئەڵمانیا كە بە (4+1) دەناسرێن بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەری ئەمریكا لەو دانوستانانەدا بەشدارە بەبێ ئەوەی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ تیمی ئێران بكات.
دانوستانەكەی رۆژی دووشەممە دوای پێنج رۆژ لەدانیشتن و گفتوگۆی ئەو وڵاتانە بەبێ ئەنجام كۆتایی هات تەنها بڵاوبوونەوەی لێدوانی تیمی دانوستانكاری ئێران لەهۆڵی كۆبوونەوەكەدا كە رایانگەیاندبوو تاران هیچ پاشەكشەیەك لەداواكارییەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان ناكات و ئەمریكا داهاتی ئێرانی لە (100) ملیار دۆلارەوە بۆ هەشت ملیار دۆلار دابەزاندوەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر دۆلارێك لە (27) هەزار تمەنەوە بۆ (32) هەزار تمەن.
دوای تەواوبوونی دانوستانەكە لە رۆژی هەینی سێی دیسەمبەر، ئەنتۆنی بلینكەن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: تاران هیچ ئاماژەیەكی تێدا بەدی ناكرێت كەمەیلی گەڕانەوەی هەبێت بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی، ئەوە وا دەكات واشنتۆن رێگەیەكی دیكە هەڵبژێرێت.
لەلایەكی دیكەشەوە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەناوی وەزارەتی دەرەوە بەئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە؛ واشنتۆن پێنج مانگە لەبەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەكی تاراندا دانی بەخۆیدا گرتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی زۆر زیادتر كردووە ئەمریكا خۆی بۆ سیناریۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی رێككەوتنی ئەتۆمی ئامادە دەكات.
هاوكات ئەڵمانیا ئاشكرای كردووە كە پێشنیارو داواكارییە نوێیەكانی ئێران لەناو دانوستانەكادا رەتدەكاتەوە، بەڵام كاتیش بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خەریكە بەسەر دەچێت، چونكە بەرلین دوای سێ رۆژ لەتاووتوێی وردی پێشنیارەكانی تاران بۆی دەركەوتووە كۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ئەو هەنگاوانەی كە لەكۆبوونەوەكانی پێشوی ڤیەننا لایەنەكان كۆك بوون لەسەری، رەت كردوەتەوەو داواكارییەكانی زۆر بەرز كردووەتەوە.
عەلی باقری، سەرپەرشتیاری تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران رایگەیاندووە؛ تاران دوو پاكێجی پێشنیار و پلانی خۆی رادەستی بەشداربووانی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا كردووە كە لەسەر بنەمای رێككەوتنی ساڵی 2015 داڕێژراوە، بۆیە ناكرێت ئەو پێشنیارانە رەتبكرێنەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە:
سەرەڕای رەتكردنەوەی ئەو پێشنیارانەی تاران داوا كراوە وڵاتان بەردەوامبن لەهەنگاوی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری پرسی ئەتۆمیی و هاوكات داوا لەتیمی دانوستانكاری ئێران كراوە وردتر لەدۆخەكە بڕوانن و پێداچوونەوە بە داواكارییەكانیاندا بكەن، چونكە ئەو داواكارییانە پەسندناكرێت و بەرلین رەتی دەكاتەوە.
ئیسرائیل مۆتەكەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران
رۆژی سێشەممە (30) نۆڤەمبەر رۆژێك دوای دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا، یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەكۆشكی ئەلیزە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆبووەوەو بە راشكاوانە رایگەیاند ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە رێگەی گورزی سەربازییەوە راگیرێت.
دیدارەكەی ماكرۆن و لاپید لەكاتێكدا بوو كە رۆژی دووشەممە (29) نۆڤەمبەر هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا، ماكرۆن لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند دەبێت تاران خۆی لەگەڵ دۆخی دانوستانەكاندا بگونجێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دوای كۆبوونەوەكەی ماكرۆن و لاپید لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند تەلئەبیب وڵاتانی لەمەترسییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئاگادار كردووەتەوەو جەختی لەبەردەوامیی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەو بەكارهێنانی هەڕەشەی سەربازیی لەدژی تاران كردووەتەوە، چونكە لەئێستادا دەنگ و هەڵوێستی ئیسرائیل لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە باشتر دەبیسترێت.
لەلایەكی دیكەوە رۆژی شەممە (4/12/2021)، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و سەرۆكی دەزگای مۆساد بەمەبەستی گەیاندنی زانیاریی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران سەردانی واشنتۆنیان كردو هاوكات نەفتالی بێنێت، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەلێدوانێكدا داوای كرد توندترین هەنگاوی توند لەدژی ئێران بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە دانوستانەكان بۆ كڕینی كات و وەرگرتنی باج لەدژی وڵاتانی جیهان بەكارنەهێنێت بەمەبەستی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمیی.
بێنێت جەختی لەوە كردەوە؛ ئێران دەبێت باجی سەرپێچییە ئەتۆمییەكانی بدات و دەبێت لەوە تێبگات ناكرێت هاوكات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەكان ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی بەرز بكاتەوە.
ئیسحاق هێرزوك، سەرۆكی ئیسرائیل لەپەیامێكی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند؛ تەلئەبیب پێشوازیی لەهەر هەنگاوێكی دیپلۆماسیی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەكات، بەڵام وڵاتەكەمان بەمافی خۆی دەزانێت ئازاد بێت لەبەكارهێنانی هەر بژاردەیەك دژی ئێران.
ئەگەرچی ئیسرائیل بەشێوەیەكی فەرمی لەهیچ دانوستانێكی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی جیهاندا بەشدار نییە، بەڵام زیاترین كاریگەریی لەسەر هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان هەیە سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، بۆیە بێنی گانتز، وزیری بەرگریی ئیسرائیل و دەیڤد بارنیا، سەرۆكی نوێی مۆساد رۆژی شەممە چواری دیسەمبەر سەردانی واشنتۆنیان كرد تا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كۆببنەوە، هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن واشنتۆن بە راوێژ لەگەڵ تەلئەبیب پلانی (بی) لەدژی تاران ئامادەدەكەن.
گۆڤاری زێ سپێكتیتۆر (The Spectator) ی بەریتانی ئاشكرای دەكات، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل كە بە(مۆساد) ناسراوە، لە سێ ساڵدا بە هاوكاریی (10) زانای ئەتۆمیی لەناوخۆی ئێراندا سێ گورزی گەورەی لەبەرنامەو وێستگە ئەتۆمییەكەی ئێران وەشاندوەو لەئێستاشدا ئەو زانا ئەتۆمییانەی ئێران لەشوێنێكی پارێزراودان.
گۆڤارەكە لەژمارەی رۆژی پێنجشەممە (2/12/2021) نووسیویەتی: مۆسادی ئیسرائیل لەماوەی (18) مانگداو بەهاوكاریی (10) زانای ئەتۆمیی لەناوخۆی ئێران و بەبەشداریی زیاتر لەهەزار شارەزای هەواڵگریی و تەكنیكی لەناوخۆی ئیسرائیل سی پلانی سەركەوتوویان لەدژی وێزگە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامداوە كە بریتی بوون لەتەقاندنەوەی بەشێك لەوێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز لەنزیك شاری ئەسفەهان و كوشتنی موحسین فەخری زادە، زانای ئەتۆمیی ئێران كە بەباوكی ئەتۆمیی و بەرنامەی موشەكیی ئێران دەناسراو لەگەڵ بەدەستهێنانی سەدان لاپەڕە لە راپۆرتی نهێنی ئەتۆمیی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی ئیسرائیل جەختیان لەوە كردووەتە سەرجەم هەنگاوەكانی وڵاتەكەیان دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەچوارچێوەی پلانی (جی)یە كە لەداهاتووشدا بەردەوام دەبێت تا راگرتنی تاران و دەستبەرداربوونی ئەو وڵاتە بۆ گەیشتن بەبۆمبی ئەتۆمیی.
بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە؛ لە (15) ساڵی رابردوودا پێنج تەقینەوەی بەهێز لەسەرجەم وێزگە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكە روویداوە كە زیانی گەورەی لێكەوتووەتەو سەرەڕای ئەو پێنج تەقینەوە بەهێزەش ژمارەیەك تەقینەوەی بچووك روویداوە كە زیانەكانیان بەرچاوو كاریگەر نەبووە.
ئێران دڵنیایی لەئەمریكا دەوێت
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (6/12/2021) رایگەیاند كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێشنیاری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی دەستی كردووەتەوە بەدانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا دەستپێكردووەتە و بەهیچ رێككەوتنێكی دیكە جگە لەناوەڕۆكی رێكەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) لەنێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) رازی نابێت و دەبێت سەرجەم بەرژەوەندییە دەستنیشانكراوەكانی ئێران لە رێككەوتنەكەدا جێبەجێ بكرێت كە یەكێكیان نەمان و لابردنی سزا نێودەوڵەتییەكانە دژی تاران.
ئەگەرچی تیمی دانوستانكاری ئەمریكا بەفەرمی لەناو هۆڵی كۆبوونەوە تایبەتەكانی دانوستانی ئێران و وڵاتانی (5+1) بەشداریی ناكات، بەڵام سەرجەم پەیامەكانیان لە رێگەی وڵاتانی دیكەوە دەگاتە ئێران و ئەو وڵاتەش بەهەمان شێوە داواكارییەكانی دەگەیەنێتە تیمی دانوستانكاریی ئەمریكا، ئەوەش وایكردووە دانوستانەكان زۆر بخایەنێت و تیمی دانوستانكاری ئەمریكاش ناڕەزایەتی خۆیان لەو گفتوگۆیانە دەربڕیوەو رایانگەیاندوە ئەو شێوازە لەدانوستان كاتێكی زۆر دەكوژێت، بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخەش كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو پاكێجی پێشنیاری خۆیدا داوای كردووە ئەمریكا دڵنیایی بدات بەئێران كە جارێكی دیكە هاوشێوەی ساڵی (2018) لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ناكشێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل:
تەلئەبیب وڵاتانی لەمەترسییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئاگادار كردووەتەوە و جەختی لەبەردەوامیی سزاكانی سەر ئەو وڵاتەو بەكارهێنانی هەڕەشەی سەربازیی لەدژی تاران كردووەتەوە
هاوكات نوێنەری چین لەدانوستانەكانی ڤیەننا كە وڵاتەكەی بەپشتیوانی ئێران دەزانێت بەئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاندووە؛ ئاستی داواكارییەكانی تاران بەراورد بەداواكارییەكانی سەردەمی حكومەتی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران مایەی سەرسوڕمانە چونكە بەشێوەیەكی بەرچاو داواكارییەكانی تاران بەرزبووەتەوە.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەكردووە نوێنەری چین دوای كۆبوونەوەی یەكەمی خولی حەوتەمی دانوستانەكانی ڤیەننا سێ كاتژمێر لەگەڵ تیمی دانوستانكاری ئێران كۆبووەتەوە و رایگەیاندووە دەبێت تاران داواكارییەكانی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیی رێكبخات نەوەك تەنها لەگەڵ وڵاتێك یان تەنها لەبەرامبەر ئەمریكادا، بەپێی زانیارییەكانی ئەو ئاژانسە نوێنەری چین سەرسوڕمانی لەهەڵوێست و داواكارییەكانی ئێران دەربڕیوە.
چین بەبێ لەبەرچاوگرتنی سزاكانی ئەمریكا لەدژی ئێران، رۆژانە زیاتر لە 700 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوەو ئەوەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە بەتەواوەتی هەرەس نەهێنێت.
ئێران داواكاریی زۆرو پاشەكشێی گەورە
ئەگەرچی ئێران رایگەیاندوە جگە لەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاكان و دڵنیایی وەرگرتن لەواشنتۆن بەهیچ جۆرە پێشنیارێكی دیكە رازی نابێت، بەڵام دۆخی ئابوریی ئەو وڵاتەو پرۆژەیاسای ئەو وڵاتە ئاماژەیە كە رەنگە پاشەكشێی گەورە بكات، چونكە نرخی هەر دۆلارێك لەبودجەی ساڵی داهاتوودا بە (23) هەزار تمەن و نرخی هەر بەرمیلێك نەوتیش بە (40) دۆلار خەمڵێنراوە و پێشبینیشی كردووە كە ئاستی فرۆشی نەوتی رۆژانەشی زیاتر بێت لەهەزار و (200) بەرمیل.
ئەگەر رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) زیندو نەكرێتەوە ئەوا ئێران ناتوانێت لانیكەمی پلانی بودجەی ساڵی داهاتوو بەدیبهێنێت لەكاتێكدا ساڵی رابردوو زیاتر لە(11) ملیار دۆلار كورتهێنانی بودجەی هەبووە، بۆیە پێدەچێت لەداهاتووداو لەژێر كاریگەریی هەڕەشەی سەربازیدا پاشەكشێی گەورە بۆ ئەمریكا بكات جگە لەبەرنامە ئەتۆمییەكەی رێكەوتنێكی دیكە لەسەر بەرنامە موشەكییەكەی لەگەڵ ئەمریكا بكات.
تاران هیچ پاشەكشەیەك لەداواكارییەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەكان ناكات و ئەمریكا داهاتی ئێرانی لە (100) ملیار دۆلارەوە بۆ هەشت ملیار دۆلار دابەزاندوەو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر دۆلارێك لە (27) هەزار تمەنەوە بۆ (32) هەزار تمەن
ڕاپۆرتی هاوڵاتی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق