زیدان ئیقبال ناوی چووە مێژووەوە

ليست هناك تعليقات


بابەتی گەرمی میدیا و سۆشیال میدیای عێراقی، لە شەوی کرانەدەرەوەی یانەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا، یاریکردنی زیدان ئیقبال بوو لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد لە خولی یانە پاڵەوانەکان.

زیدان ئیقبال، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵانە، یاریزانی لاوانی هەڵبژاردەی عێراقە، شەوی رابردوو لە خولەکی 89 هاتە جێگەی جێسی لینگاردی ئەستێرەی ئینگلیزی و یەکەم یاریی فەرمیی خۆی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتددا ئەنجامدا، یەکەم یاریی خۆیشی بوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.

ئەو یاریزانە لاوە بووە دووەم یاریزان لە مێژووی عێراقدا کە یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا بکات، دوای هاوار مەلا محەممەدی یاریزانی کوردی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە پێشتر لەگەڵ یانەی ئاپۆلۆن لیماسۆلی قوبرسی لە خولەکەدا یارییکرد.

ئەو یاریزانە 100٪ عێراقی نییە، بەڵکو باوکی پاکستانییە و ناوی عەمار ئیقبالە و دایکی عەرەبی عێراقییە و خەڵکی باشووری عێراقە، لە شاری مانچێستەر یەکدییان ناسیوە و زیدان لە 27/4/2003 لە شاری مانچێستەر لەدایکبووە.

لە ساڵانی 2007 تا 2012 لە تیپی سەیڵ یونایتد یاریکردووە، دواتر چاودێرەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد ئەم یاریزانەیان بردووتە ئەکادیمیای یانەی مانچێستەر و لە ساڵی 2012ـەوە لەو یانەیە یاری دەکات، بە هەموو تیپەکانی یانەکەدا تێپەڕیوە تاوەکو ئێستا کە لەخوار 23 ساڵان یاری دەکات.

زیدان ئیقبال هەڵگری وڵاتینامەی بەریتانییە، لەهەمان کاتیشدا وڵاتینامەی پاکستانیشی هەیە، لە مانگی 5ـی ئەمساڵدا وڵاتینامەی عێراقیشی وەرگرت، لە مانگی 6ـی ئەمساڵدا لەلایەن هەڵبژاردەی خوار 20 ساڵانی عێراق بانگهێشتکرا بۆ یارییەکانی جامی عەرەب بەڵام یانەی مانچێستەر یونایتد رەتیکردەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوەبوو لە مانگی 9ـی ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی عێراق بەشدارییان لە یارییەکانی جامی رۆژئاوای ئاسیا کرد، لە رۆژی 8ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا یەکەم گۆڵی خۆی بۆ هەڵبژاردەی خوار 23 ساڵانی عێراق تۆمارکرد، لەو یارییەدا کاپتنی تیپەکەش بوو، لە مانگی 5ـی ئەمساڵ لەلایەن هەڵبژاردەی لاوانی ئینگلتەراوە بانگهێشتکرا، بەڵام رەتیکردەوە و بڕیاریدا یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات.

ستایلی یاریکردنی زیدان لە هێڵی ناوەڕاستی یاریگەدا دەچێتەوە سەر مەسعود ئۆزێل، ئەو زۆر بەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا سەرسامە، ژمارە 10 دەپۆشێت و یاریزانی بۆکس تو بۆکسە.

ئیقبال زمانەکانی ئینگلیزی، پونجابی و ئوردو دەزانێت، کەمێکیش فێری زمانی عەرەبیش بووە کە زمانی دایکییەتی.

زیۆ لەدوای یەکەم دەرکەوتنی بەدرێسی تیپی یەکەمی مانچێستەر یونایتد پەیامێکی بڵاوکردەوە و شانازی بەخۆیەوە دەکات.

دوای ئەنجامدانی ئەو یارییە دەڵێت " هەستێکی باوەڕپێنەکراو بوو کە بۆ یەکەمجار لەگەڵ تیپی یەکەمی مانچێستەر یونایتد دەرکەوتم، گەورەبووم بەوەی کە توانیم لەگەڵ یانەکە دەربکەوم و بتوانم نوێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد بکەم لە چامپیۆنزلیگدا، ئەمە بۆ من شانازییەکی گەورەیە، شتێکی زۆر نایابە، کە بەبێ پاڵپشتی خانەوادەکەم، هاوڕێکانم و راهێنەرەکانم رووینەدەدا."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif