سازدانی: شاناز حەسەن
پزیشكێكی نەخۆشییەكانی سنگ و بۆرییەكانی هەوا ئاماژە بەوەدەدات كە ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن زۆر خێراتر لەكۆرۆنا بڵاودەبێتەوەو دەشڵێت:»دوای هاتنی ئەم ڤایرۆسە نوێیە كاریگەریەكانی وەرگرتنی ڤاكسین دەردەكەوێت كە وادەكات مرۆڤەكان زۆر بەسوكتر تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسیەكان ببن».
پزیشكی پسپۆڕ كامەران قەرەداغی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی سنگ و بۆریەكانی هەوا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە» ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن، بەپێی هەموو سەرنجەكان نزیكەی دوو ئەوەندە تا سێ ئەوەندەی زیاتر لەدێڵتا ڤایرۆس خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی جیهانی راكێشاوە تائێستا مردنی نیەو نیشانەكانیشی سوكە».
هاوڵاتى: لەم وەرزەدا بەتایبەتی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان زۆر بوون وەك پەتای وەرزی و هەڵامەت و پەتای كۆرۆناو جۆرەكانی دیكە ئایا ئەم پەتا وەرزیانە چ جیاوازییەكیان لەگەڵ كۆرۆنا هەیە لەكاتێكدا زۆربەی نیشانەكانیان وەك یەكن؟
كامەران قەرەداغی: ئێستا وەرزی پایز و زستانە، لەم وەرزانەدا هەموو ساڵێك شەپۆلێك لە نەخۆشییەكانی ڤایرۆس و هەڵامەت لەناو خەڵكیدا بڵاودەبنەوەو دەبێنە نەخۆشییەكی بەربڵاو لەسەرانسەری جیهاندا، پایزو زستان بۆ خۆی وەرزی شەپۆلێك لەنەخۆشییە، لەسەردەمی كۆرۆنا ڤایرۆسدا ئەم جۆرەشی دێتەسەر، بۆیە حاڵەتەكان زیاتر دەكات.
پێش هاتنی كۆرۆناش ساڵانە لەئەوروپای خۆرئاواو ئەمریكا 150 بۆ 300 هەزار كەس بە ئەنفلۆنزا و هەڵامەت دەمرن، بۆیە بەردەوام ژمارەی مردن هەر هەیە، بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەمجارە كۆرۆنا ڤایرۆسی بەهەردوو شەپۆلەكەیەو هەردوو جۆرە گۆڕاوەكەوە (شەپۆلی سێیەم – دێڵتا -وە شەپۆلی چوارەم – ئۆمیكرۆن-) لەگەڵدایە، نیشانەكانیان وەك یەكە، بەتایبەت لەو كەسانەی كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، بۆیە پێویستە هەموو ئەو كەسانەی كە هەڵامەت و ئەنفلۆنزایانە پێویستە وەك كۆرۆنا ڤایرۆس سەیریان بكرێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و چەند رۆژێك كەرەنتینە بكرێت وەك تووشبوویەكی كۆرۆناو زۆربەی زۆریان پشكنینی ناو لوتیان بۆ بكرێت بۆ ئەوەی دیاریبكرێت.
هاوڵاتى: كۆرۆنای گۆڕاوی ئۆمیكرۆن نیشانەكانی چییە؟ چۆن بڵاودەبێتەوە؟
كامەران قەرەداغی: كۆرۆنا ڤایرۆس خۆی گۆڕیوە بەجۆرێك ئۆمیكرۆن وەك شەپۆلی چوارەمیش ناودەبرێت، ئەم جۆرەیان بەپێی هەموو سەرنجەكان نزیكەی دوو ئەوەندە تا سێ ئەوەندەی زیاتر لەدێڵتا ڤایرۆس خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی جیهانی راكێشاوە تائێستا مردنی نیەو نیشانەكانیشی سوكە، دوو نیشانەی دیاری هەیە، ئەویش سەرهێشە و گیانهێشەیە، تائێستا ئەم دوو نیشانەیە زۆر زاڵە، پێدەچێت زۆربەی ئەو كەسانەی گرتوویانە، كۆرۆنا ڤایرۆسیان گرتووە پێشتر، یان ڤاكسینیان وەرگرتووە، بۆیە نیشانەكان لەسەریان سوكترە.
هاوڵاتى: تاچەند مەترسی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای گۆڕاوی (ئۆمیكرۆن)مان لەسەرە؟
كامەران قەرەداغی: بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن زۆرخێرایە، واتە لەوڵاتێكەوە دەچێتە وڵاتێكی دیكە، بۆ نموونە لەماوەی سێ هەفتەدا گەیشتووەتە 25 تا 30 وڵاتی جیهان، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەم شەپۆلی چوارەمە زووتر بڵاوببێتەوە بەجیهانداو ئەگەری هەیە زۆربەی وڵاتان بگرێتەوە.
هاوڵاتى: كاریگەری ڤاكسینەكان چییەو كامیان تائێستا زۆر گرنگن؟
كامەران قەرەداغی: ئەوەی جێگەی سەرنجە، تائێستا ڤاكسینەكان زۆر گرنگەو زۆر پارێزگاری لەمرۆڤەكان دەكات، باشترین نموونە ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەیە، كە زۆربەی ئەو كەسانەی تووشی بوون ئەوانەن كە ڤاكسینیان كردووەو پێشتر كۆرۆنایان گرتووە، بۆیە نیشانەكان سوكە تیایاندا، ئەمە باشترین بەڵگەیە كە ڤاكسین باشترین رێگای خۆپاراستنە، لەم ڤایرۆسانە بۆیە تەنیا رێگە ڤاكسینكردنە بۆ رێگری لەم ڤایرۆسانەو پاراستنی ژیانی مرۆڤەكان.
هاوڵاتى: واتا بەكارهێنانی ڤاكسین مرۆڤەكان دەپارێزێت لەڤایرۆسەكان كەئێستا بوونیان هەیە؟
كامەران قەرەداغی: زانستی پزیشكی زۆر پێشكەوتووە كە دنیای بەشێوەیەك لەشێوەكان سەرسام كرد كەدروستكردنی ڤاكسین بوو لەماوەیەكی كەمدا بۆ ئەم ڤایرۆسە، لەدوای دۆزینەوەو دروستكردنی ئەم ڤاكسینەش وایكرد ببێتە سەرچاوەی دۆزینەوەی چەندین ڤاكسینی دیكە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكانی تر كەساڵانە بەملیۆنەهای دەكوشت وەك مەلاریاو كۆلێرا، بۆیە بەردەوامیش زانست بەرەو پێشەوە دەڕوات و نەخۆشییەكانیش زیاتر دەبن، چونكە زانستی پزیشكی پێشكەوت و نەخۆشی دیكە دەدۆزێتەوەو نیشانە دەكرێت، بۆیە لەوانەیە وا سەیربكرێت نەخۆشی لەم سەردەمەدا زیادیكردووە، بەڵام هۆكارەكەی دۆزینەوەی نەخۆشییەكان و چارەسەركردنەكانیەتی، لەكاتێكدا لەوانەیە 50 ساڵ لەمەوپێش ساڵانە بەمەلاین كەس بمردایە بەبێ ئەوەی دیاریبكرێت، بەنموونە هەموو ئەو نەخۆشییە شێرپەنجانەی كەئێستا هەیەو دەوترێت كە لەكۆندا نەبووە، لەڕاستیدا هەر هەبووە، بەڵام رێگاكانی تەشخیس نەبووە یان زۆر سەرەتایی بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشكەوتنەكانەوە تەشخیس دەكرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق