بە کەسایەتیی ساڵ دەستنیشانکرا

ليست هناك تعليقات


ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی، خاوەن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، لە لایەن گۆڤاری تایمی ئەمریکییەوە بە کەسایەتیی ساڵ دەستنیشانکرا.

ئەو پیاوە تەمەن 50 ساڵە، لەم ساڵدا بووە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و بە پێش جێف بیزۆسی دامەزرێنەری ئەمازۆن کەوتەوە.

تشرینی یەکەم، بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل گەیشتە سەرووی یەک ترلیۆن دۆلار. هەروەها بە درێژایی ساڵ، کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە پێکەوەکارکردن لەگەڵ ئاژانسی ناسا، ژمارەیەک سەرکێشیان بۆ بۆشایی ئاسمان کرد، لە نێویشیاندا ئاراستەکردنی مووشەکێک بەرەو هەسارۆچکەیەک (بەردێکی گەورە) وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ رێگەگرتن لە هاتنەخوارەوەی بەرد بۆ سەر هەسارەی زەوی لە ئایندەدا.

سەرنووسەری گۆڤاری تایم لە تویتێکدا نووسیویەتی: "کەسایەتیی ساڵ نیشانەی کاریگەرییە و کەم کەس لە ئیلۆن مەسک زیاتر کاریگەریان لەسەر ژیان لەسەر زەوی، رەنگە لە دەرەوەی زەویش، هەبووە."

لەم ساڵانەی دواییدا، ئیلۆن مەسک بەردەوام جێگەی سەرنج و گرنگیپێدانی میدیا و کۆمەڵگەی ئەمریکی بووە. لەسەر تویتەر 66 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە و مانگی ئایار لە بەرنامەی کۆمیدی Saturday Night Live بەشداربوو، کە لە ئەمریکا بینەرێکی زۆری هەیە.

ئەو ملیاردێرە بە ئارەزوو و ئامانجی گەورەوە باس لە داگیرکردنی مەریخ دەکات، هەروەها پلانی هەیە لە ساڵی داهاتووەوە، لە رێگەی کۆمپانیای سپەیس ئێکس، گەشتی بازرگانی بۆ خوولگەی زەوی رێکبخات.
مەسک بەوە دەناسرێت کە دەتوانێت بە یەک تویت گۆڕانکاری لە پێنوێنی بازاڕەکان و نرخی دراوە ئەلیکترۆنیەکاندا بکات.

بەڵام کاریگەریی هەرە گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی مەسک لە ئۆتۆمبێلە ئەلیکترۆنییەکانییەوە هاتووە، کە کۆمپانیای تێسلا بەرهەمیان دێنێت.

مەسک لە هەڤپینێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم دەڵێت: "نیازی ئێمە لە تێسلا ئەوە بوو کە ببینە نموونەیەک بۆ پیشەسازیی دروستکردنی ئۆتۆمبێل. هەرەوەها هیوامان دەخواست کە ئەوانیش ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستبکەن بۆ ئەوەی بتوانین گەیشتن بە وزەی سروشتی خێراتر بکەین."

بەڵام بۆشایی ئاسمانیش یەکێکە لەوانەی کە مەسک زۆرترین گرنگیی پێداوە. جێفری کلوگەر، نووسەر لە گۆڤاری تایم دەڵێت: "ئامانجی ئەوەیە مرۆڤایەتی بکاتە زیندەوەرێکی فرە هەسارەیی".

گۆڤاری تایم، بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 1927 کەسایەتیی ساڵی دیاریکرد.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif