قسەیەك لە ڕۆژی ئاڵادا

ليست هناك تعليقات

فارس نەورۆڵی 
-
هەموو نەتەوەیەک کۆمەڵێک جیاوازی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، ئەم جیاوازییە هەندێ جار سەردەکێشێت بۆ بەریەککەوتن بەڵام جیاواز لە جیاوازییەکانیان ژمارەیەك سیمبولی باڵای هاوبەشیان هەیە، کە لەکاتی هەڕەشەو مەترسییەکاندا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕۆحی یەکگرتن و بەرگری لە نیشتمان بێ گوێدانە جیاوازییەکانیان، 

کورد نەتەوەیەکین هەتا ڕادەیەکی زۆر جیاوازییەکانمان گەورە دەبینین و سیمبول و خاڵە هاوبەشەکانمان نزم دەبینین، ئەمەش دەرئەنجامی کورتبینینە، کە وای کردووە ڕیزبەندییە نیشتمانیەکان و بەرژەوەندییە باڵاکان بشێوێنێت

ئاڵا یەکێکە سیمبول و خاڵی بە یەکگەشتنی هەر نەتەوەیەک لەلایەک کۆیان دەکاتەوەو لەلایەکیتر ڕۆحی بەرەنگارییان بەهێز دەکات، گەلی کوردستان خاوەنی ئاڵایەکە، کە لە کۆماری کوردستان بە ڕێککەوتنی کوردان دەسنیشانکراوە بە ئاڵای گەلی کوردستان و دواتر پەرلەمانی کوردستان بە یاسا وەک ئاڵای فەرمی هەرێمی کوردستان دیاریکردوەو ١٧ی ١٢ی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکردوە، ڕەنگەکانی ئەو ئاڵایە گوزارشت لە ڕۆحی کوردبوون دەکات، کەواتە بە شەرعییەتی مێژوویی و بە شەرعییەتی یاسایی، ئاڵای کوردستان و ڕۆژی ئاڵای کوردستان ڕۆژی کۆی خەڵکی کوردستانە، ڕۆژی هەر کوردێکە لە هەرکوێ بێت. 

بۆیە نابێت لە ئەنجامی بوغزو کینەی حزبی و ئایدیۆلۆجی حزبی یاخود بە بیانووی گەندەڵی و کەم و کوڕی لە بەڕێوەبردندا نزم سەیری ئەم سیمبولە باڵایە بکرێت، یاخود لە داخی هیچ حزبێک بیرکردنەوەی هیچ کەسێک دابەزێ بۆ ئاستێکی نزمی وا كە بە كەم سەیری سیمبولە بەرزەکانی خۆی بکات، چونکە حزب دەڕوات ئاڵاو خاک هەر دەمێنێت. سەرنج بدەن نەتەوەکانی دیکە کاتێک گلەیی و ناڕەزایەتیەکیان لە حکومەتی خۆیان هەیە ئاڵای وڵاتەکەیان لەمل دەپێچن وەك ڕەمزێك و ئەمە نیشانەی زیندوویەتییە. بۆیە ئاڵا چەندە گرنگە بۆ هەر نەتەوەیەک، بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت مانایەکی قوڵتری هەیە و زۆر گرنگترە.

ئێستا ناوچەکە لە بەرجەستەکردنی هەلومەرجێکدایە بۆ پێدانی شوناسێکی نوێ بە ناوچەکە، بۆ مانا پێدانی پێگەی هەر نەتەوەیەک لە ناوچەکەدا ناولێنانی شوێن و شوناسی ئەو نەتەوەیە لەم گۆڕانکاری و بەریەککەوتنانەدا هەر نەتەوەیەک ئاگاییەک لە پشتەوەیەتی و ئاڵایەک بە سەریەوەیەتی بۆ پشتیوانی کردنی ڕۆحی و فیکری خەڵکەکەی، کە هێزیان پێ دەبەخشێت.

بۆ کوردستانیان گرنگە، مێژوو زمان و خاک و کارەساتەکان وەک ئاگاییەک لە پشتەوەمانبن و ئاڵای کوردستان بەسەرمانەوە، بۆ ئەوەی ببنە هۆکاری بوژانەوەو یەکگرتنمان و باڵاترین خاڵی هاوبەشمان، کە ببێتە هێزی خۆڕاگری بۆ پێناسەیەکی نوێی نێو گۆڕانکارییەکان، کەواتە لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لەتەک یادو دەربڕینی خۆشی دەبێ ئەو پرسیارەش لە خۆمان بکەین ئێمە کێین ئێستا لەکوێین؟

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق