نێچیرڤان بارزانی كەی دەبێتە سەرۆكی هەرێم

ليست هناك تعليقات


عوسمان عبدلڵە
*بەڕێوبەری پلاتفۆڕمی كوردستان 
-
پۆستی سەرۆكی هەرێم وەك باڵاترین دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، جیا لە پۆستەباڵاكانیتر ئەركی نیشتمانی زیاتر وقورستری لەسەرشانە، پێویستە لەو پۆست و سەرۆكایەتیەدا بەرژەوەندیە باڵاكان لە گەشەدابن و بە پێچەوانەوە دووئیدارەیی و ئینتیمای حیزبی و ناوچە گەرێتی تیایدا لە خاڵی سفردا بێت 

ئەوە سێ ساڵە نێچیرڤان بارزانی لە سەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم دانیشتوە، ئەگەرچی ئەو یەكێكە لە و سەركردانەی حیزبەكەی كە لە هەموان زیاتر بەرامبەرەكانی قبوڵ دەكات، بەڵام بە بڕوای من نێچیرڤان بەرزانی تا ئێستا نەیتوانیوە لە نێوخۆدا ڕۆڵی سەرۆكی هەرێم بگێڕێت و دیوێكیتری سەرۆكایەتیمان نیشان بدات كە نیشتیمانی بوونە، ئەویش مامەڵە لەگەل واقعێكی تاڵی حیزبی و دوو ئیدارەیی و ناوچەیی دەكات

ئەوەی پێویستە بۆ هەرێمی كوردستان بیركردنەوەی نیشتمانییانەیە، بیركردنەوەیەك كە بتوانێ جیاوازی نەكات لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە و ئاراستە سیاسیەكانیدا
نێچیرڤان بارزانی لە هەموان زیاتر لە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانیدایە، ئەگەرچی من باش دەزانم كە ڕێگریەكانی بەردەم بیركردنەوەی نیشتیمانیانە كەم نین چ لە نێوخۆی حیزبەكە و چ ژینگەی دەرەوەی حیزبەكەشی، بەڵام هێشتا سەرۆكی هەرێم دەبێت بەتەنیشت ئەوانیترەوە ببێتە كەسی هەموان بەوانەشەوە كە حیزب نەبۆتە كەسیان، كە دوا هەڵبژاردن پێی وتین ڕێژە فراوانەكەی كۆمەڵگەیە، دەبێت پشتیوانی ئەوانەبێت كە نیشتمانیانە بیردەكەنەوە و كارەكانیان دەچێتەوە خزمەت بەرژەوەندی گشتی، هەر بۆ ئەوەی پانتاییەك هەبێ گەنجەكان خەونەكانی خۆیانی تێدا بهێننەدی لەدەرەوەی ململانێ حیزبیەكانەوە، پانتاییەك كە پرسە نیشتمانی و گشتیەكان تیایدا گەشەبكەن و باڵاییان هەبێت، بەڵام ڕەنگە ئەم بیركردنەوەیە زۆری مابێ بگاتە جێ، ڕەنگە عەقڵەكان تا ئێستاش هەر لە سنوری فستیڤاڵی میری و ڕێكخراوی ڕوانگە و هەندێكیتردابن(ئەم پرسە بۆ كاتێكیتر)، ڕەنگە كۆدەكە تا ئێستا هەر لای ئەوانبن، خەڵكی تریش تا چالاكیەك بە ئەنجام دەگەیەنێت دەبێت لە چەندین دەرگا بدات و ناچاری منەتباری ببێت لە غیابی دامەزراوە نیشتیمانییەكاندا

من بڕوام وابوو سەرۆكی هەرێم دەتوانێت سەرۆكبێت بۆ تاك بەتاكی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، دەرگایەكبێ بۆ هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەتی ئەم نیشتیمانە بكەن، وێستگەیەكبێ بۆ نمونەی بوونی پۆستێكی باڵای نیشتیمانی تا پۆستەكانیتریش سنوری ئیدارە و حیزب و ناوچەكان تێپەڕێنن، كەچی بەداخەوە ڕەنگە من هەڵە بیرم كردبێتەوە، چونكە تا ئێستاش كاك نێچیرڤان بارزانی نەبوەتە سەرۆكی هەرێم، سەرۆكێك منێكی هاوڵاتی لەدەرەوەی حیزب بتوانم هیواكانمی لەسەر هەڵچنم، كە من پێموایە دەتوانێت لە هەموان باشتریش ئەو ڕۆڵە بگێڕێت! بەڵام بۆ نایگێڕێت ئەوە قسەیەكیترە!


KP
پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەكان
پڕۆژەیەكی مەدەنی ئامانجداری قازانج نەویستە، گرنگی بە پرسە نیشتمانیەكان دەدات، لە ٧/١١/٢٠٢٠ دامەزراوە
-
ژمارەیەك لە چالاكیەكانی KP

دكتۆرە ئاڤێستا كمال- سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕم






                                        












ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif