پەیامی مێسی دوای بردنەوەی باڵۆن دۆری حەوتەم

ليست هناك تعليقات

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، خەڵاتی باڵۆن دۆری 2021ـی بۆ باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا، کە حەوتەم جارە لیۆ ئەو خەڵاتە دەباتەوە.

مێسی دوای ئەوەی لە رێورەسمێکی تایبەتدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، کە لەسەر شانۆی دو چێتێلیتی رێکخرا، خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا، لە پەیامێکدا دڵخۆشیی خۆی بەو دەستکەوتەی نیشاندا و سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد کە یارمەتیدەری بوون بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە.

مێسی گوتی "لە راستیدا کارێکی گەورەیە کە من ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام، لەم وەرزەدا هەندێک سات بۆ من زۆر زەحمەت بوون، کەس نەیدەزانی لە داهاتوودا چی روودەدات".

لیۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا سوپاسی هاوڕێیانی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەکانی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان کرد و گوتی "من دڵخۆشم لە پاریس، من زۆر چێژ لە یاریی تۆپی پێ وەردەگرم، دەمەوێت سوپاسی هەموو هاوڕێیانم لە پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا بکەم، هەروەها سوپاسی دەستەی هونەری و هاوڕێکانم لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکەم، ئەمە خەڵاتێکی جیاوازە، هەروەها ئەمساڵ نازناوێکی جیاوازمان بەدەستهێنا، کە کۆپا ئەمریکایە، کە زۆر چاوەڕێمان کرد".

ئەو دووپاتیشیکردەوە "دەمەوێت ئەم خەڵاتە لەگەڵ هاوڕێکانم لە ئەرجەنتین، بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان و خانەوادەکەم و هاوژینم و منداڵانی براکانم بەش بکەم".

لەبارەی بیرکردنەوە لە بردنەوەی باڵۆن دۆری هەشتەمیشەوە، لیۆ گوتی "بیر لە باڵۆن دۆری ھەشتەم ناكەمەوە، یانەكەم گۆڕاوە، شارەكەم گۆڕاوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئاڵنگاریی نوێم لەبەردەمە، ژووری جل گۆڕینی پاریس سانجێرمان پڕە لە باشترین یاریزانەكانی جیھان".

باشترین یاریزانی جیهان، سەبارەت بە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیی ئەستێرەی پۆڵەندیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیاش، قسەی کرد، کە لە دوای مێسی پلەی دووەمی بەدەستهێنا و گوتی "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە لەگەڵ لێڤاندۆڤسکی رکابەری لەسەر باڵۆن دۆر بکەم، ئەو شایەنی ئەوەیە لە باشترینەکان بێت. بە لیڤا دەڵێم تۆ ساڵی رابردوو شایەنی باڵۆن دۆر بووی".

لە کۆتایی قسەکانیدا لیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە دۆخێکی زەحمەتیان بەڕێکردووە و گوتی "خۆشبەختانە ئەمساڵ گەڕاینەوە و دەستمان پێکردەوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif