تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنای ئۆمیکرۆن گەشتەکان ناوەستێنێت

ليست هناك تعليقات


لە ئەفریقای باشوور، ئەو وڵاتەی یەکەمین تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاوی جۆری ئۆمیکرۆنی تێدا تۆمارکرا، رێکارە خۆپارێزییەکان تووندکراون.

ژمارەیەکی زۆری خەڵک روویان لە ناوەندەکانی پشكنینی کۆرۆنا کردووە. لە وڵاتە دراوسێکانیشی هەست بە مەترسیی گۆڕاوە نوێیەکە دەکرێت.

لە کینیا خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین نۆرەیان گرتووە. لە زیمبابۆی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین لە نەخۆشخانە تایبەت و گشتییەکانیشدا زیادکراون.

ئیتا روسکی، پسپۆڕی تەندروستی دەڵێت، "دۆزینەوەی ئەم گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنا لەم کاتەدا کە لە وەرزی ئاهەنگ و پشوو نزیکدەبینەوە، وێنەیەکی زۆر نیگەرانکەرمان پێشاندەدات نەک تەنیا لە ئەفریقای باشوور و بۆستوانا، بەڵکو لە سەرانسەری هەرێمەکە."

کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن تەنیا لە ئەفریقا نەماوەتەوە، بەڵکو تاوەکو ئێستا لە 14 وڵاتی هەر حەوت کیشوەرەکە تۆمارکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی هیچ کەسێک بەو هۆیەوە رانەگەیێندراوە.

ژماریەکی زۆری وڵاتان گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی باشووری ئەفریقا هەڵپەساردووە، ئەگەرچی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، ئەو هەنگاوە ناتوانێت کۆرۆنای ئۆمیکرۆن بوەستێنێت.

لە ئەوروپاش بازاڕی دەمامک گەرمبووەتەوە. بەریتانیاش بڕیاریداوە، بۆ بەهێزکردنی بەرگری، قورچکی سێیەمی ڤاکسین بە هەموو کەسانی تەمەن 18 ساڵ بەرەو سەرەوە بەکاربهێنێت.

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "لە کاتێکدا کە گومان هەیە لەسەر ئەوەی ئەم گۆڕاوە نوێیە دەتوانێت چی بکات، ئەوەی ئێمە دەزانین ئەوەیە کە قورچکی بەهێزکەر دەتوانێت بەرگریێکی زۆر باشت پێ بدات دژی هەموو جۆرەکانی ڤایرۆسەکە."

ڤایرۆسەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەوەی کە زانراوە، بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئۆمیکرۆن خێراتر لە جۆرەکانی پێشووی کۆرۆنا دەگوازرێتەوە و کاریگەرییەکانی "نیگەرانکەرن."

ئاژانسی دەرمانەکانی ئەوروپاش دەڵێت، لانیکەم دوو هەفتەیان پێویستە بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا ئەم ڤاکسینانەی ئێستا هەن لە دژی کاردەکەن یان نا، بەڵام ئەگەر پێویست بە کوتان بە ڤاکسینی نوێ بێت، ئەوا دەتوانرێت لە 4 مانگدا دروستبکرێت.

ئێمەر کووک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی دەرمانەکانی ئەوروپا دەڵێت، "رەنگە لە دۆخێکدا بین کە پێویست بە دەستکاریکردنی ڤاکسینەکانی ئێستا بکرێت، دەکرێت وا پێویست بکات ڤاکسینەکە لە ماوەی سێ تا چوار مانگ پەسندبکەین."

یەكێتیی ئەوروپاش داوای لە وڵاتە ئەندامەکانی کردووە دەست بە دابەشکردنی قورچکی سێیەم بکەن. پسپۆڕە پزیشکییەکانی ئەمریکاش داوای هەمان شتیان لە خەڵکی وڵاتەکەیان کردووە.

دوای ئەوەی کە کۆمپانیای مۆدێرنا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ڤاکسینەکانی ئێستا کەمتر لە دژی ئۆمیکرۆن کاریگەر بن، رۆژی سێشەممە، نرخی نەوت لە ئەمریکا زیاتر لە 5٪ دابەزی.

سەرۆکی دەستەی یەدەگی فیدڕالی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، بەهۆی کۆرۆنا نوێیکەوە چاوەڕێدەکرێت گەشەی ئابووری و گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر کارەکانیان خاوبێتەوە.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif