حەمید بۆزئەرسەلان
-
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
-
پێشەکی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵی ١٩٧٩
هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٧٩ سەرەتای خولێکی مێژوویی نوێیە بۆ کوردستان کە ناکرێ بێ دەنگدانەوەی ستەم بێت. لەم ماوەیەداڕووداوگەلێکی ڕیزپەڕ بوون بە مۆرک و خاسییەتی ماوەکە، وەک دامەزراندنی پەیوەندیی دیبلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و میسردا، ڕاپەڕینێکی شێوە مەسیحییانە لە مەککە، شۆڕشی ئێرانی و داگیر کردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤیێتەوە، ئەوە ساڵی ١٩٧٩ لەڕاستیدا خاڵێکی وەرچەرخان دروست دەکات لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابوردووی ناوچەکە دەکرێ بپرسیت کە ئەم ساڵە تەنانەت لە کالێندەرێکی سادەدا دەیەیەکیشی کۆتایی پێ نەهێناوە، کەچی شەڕی ناوخۆی لوبنان (1975 – 1989) بە گەرمی بەرپا بووە لەگەڵ دروستبوونی حیزبوڵڵادا؛ جەنگی ئێران – عێراق (١٩٨٠ – ١٩٨٨)، لەگەڵ دەستووری میلیشیا شیعەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات و شەڕی ئەفغانستان (1979 – 1989)، لەگەڵ جیهادییە عەرەبەکاندا وەک ئوسامە بن لادن و ئەیمەن ئەلزەواهیری و ئەبوو موسعەب ئەلزەرقاوی کەوا کەسایەتیی دەرکەوتووی ئەلقاعیدە بوون، ئەمانە هەموو لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ڕووداوە دراماتیکییەکانی ساڵی ١٩٧٩ بوون. وەک لە شوێنێکی تردا باسم کردووە (بۆزئەرسەلان، ٢٠١٢)، لەم ماوەیەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەک تەنها هەر توانای ڕکابەریی ڕادیکالیزمی ئیسلامیی بەرپا کرد بەڵکو ئەندازەیەکی هێجگار گەورەی ئازوگوێزی سەربازییشی تێکەوت لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانەی لە وڵاتێکەوە دەڕۆیشتن بۆ وڵاتێکی تر و ئەمەش گۆڕانکارییەک بوو لە بەزاندنی سنوورەکاندا کەوا ئەنتۆنی گیدنسی پسپۆڕی سۆسیۆلۆجی بە "لەخۆگری توانا و دەسەڵاتی" دەوڵەتان پێناسەی دەکات لە ناوچەی بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە ناو دەوڵەت خۆیدا و لە نێوان دەوڵەتانیشدا و سڕینەوەی جیاوازیی نێوان دەوڵەت و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکاندا، کە ئەمە مەسەلەیەکی بنەڕەتییە لە پێناسە کردنی دەوڵەتی وێستفاڵیدا (گیدنس، ١٩٨٥: ١٢٠).
بەدڵنیاییەوە، ناکۆکی ململانێکانی ئەم دەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەم چەشنەیان نەبووە بە مەسەلەی کوردەوە، بەڵام ئەمانە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە کورد و کۆمەڵگەی کوردییان سەرلەنوێ داڕشتەوە. وەک دەبینین، کەوا جەنگی ئێران – عێراق بەشێکی خاکی کوردی گرتەوە جەنگی کیمیایی سەددام حوسێنیش، کە لە دوای شەڕ وەستان لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە سالی ١٩٨٨دا، کوردستانی عێراقی وێرانکرد. لە ئێران شەڕی گەریلایی گەرمتر بوو پاش ئەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی جیهادی ڕاگەیاند دژ بە کورد کەوا داوای ئۆتۆنۆمیی دەکرد و تا ڕادەیەکی گەورە شکستی بە عەبدوڕەحمان قاسملوو هێنا، کە ڕابەرێکی کاریزمیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا) بوو و لە ڤییەننا لەسەر دەستی بریکارە نهێنییەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩دا تێرۆر کرا. شەڕی ناوخۆی لوبنان، هەرچەندە دوور بوو لە لە کوردستان، بەڵام هەل و دەرفەتی ڕەخساندبوو بۆ چەکدارانی کوردی تورکیا پەناگەیەکی کاتیی تێدا بدۆزنەوە و مەشق و ڕاهێنانی سەربازی تێدا بکەن و بیکەن بە تاقیکردنەوەیەک بۆ دەستپێکردنی یەکێک لە مایەی سەرسامترین شەڕی گەریلایی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا. تەنانەت جیهادی ئەفغانییش کە نزیکەی چل هەزار لەوانەی کە بە عەرەب ئەفغان ناسرابوون بۆ خۆی ڕاکێشابوو، کاریگەرییان لەسەر کورد هەبوو و مەلا کرێکاری چالاکوانی کوردی عێراق لەگەڵ عەبدوڵڵا عەززامی تیۆریانی بەناوبانگی جیهاددا خوێندوویەتی و ساڵی ١٩٩١ بزووتنەوەیەکی بچووکی ئیسلامیی توندڕەوی دامەراندووە بە ناوی ئەنسارولئیسلام. ئەم ڕێکخراوە دواتر و لە کاتی گونجاودا ناو و شێوەی کارکردن و سەرکردەکانی دەگۆڕێت بۆ ئەوەی دواجار لە ساڵی ٢٠١٤دا ئاڤاتاری لێ لەدایکبێت، کە دەوڵەتی ئیسلامیی بەناوبانگ بوو (داعش)،.
ئەو سیاق و دۆخە هەرێمییەی زۆر گرژەی ساڵانی ١٩٨٠کان بە واقیع بنیات نرایەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا بە هەموو ناکۆکی و ململانێکانیەوە و لە نێویاندا شەڕ و ململانێی کوردیش. لەکاتێکدا کە دەیتوانی بگاتە ئەو سەرچاوە گرنگانەی کە ناکۆکی و ململانێکان ڕەخساندبوونی، بزووتنەوە کوردییەکان لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریادا و بە هەمان شێوەش کۆمەڵگەی کورد لە دەرەوە، هەل و دەرفەتیان ژیندە پڕ ناکۆکییە وەرگرت، بەڵام بەرەو ڕووی ئەو کۆسپ و تەگەرانەش بوونەوە کە لەگەڵیاندا هاتنە ئاراوە.
شەڕێکی گەریلایی نوێ لە عێراقدا
وەک گوینەش لە بەشی نۆیەمدا باسی دەکات، کەوا کۆتایی یاخیبوونی بارزانی لە مارتی ١٩٧٥دا بوو لەکاتێکدا کە لە ترۆپکی گەرموگوڕیی خۆیدا هێدمە و ترۆمایەکی ڕاستەقینەی دروستکرد لە ناو کوردەکانی عێراق و شوێنانی تردا. ئەو شۆڕشە چواردە ساڵی خایاند و قوربانییەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بەڵێنی زۆری دا و دواتر بە سانایی بە " ئاشبەتاڵ" شکایەوە، کە دەقاودەق واتای ئاش یان ئاسیاوێک دەگرێتەوە کە چۆڵ بووبێت. مستەفا بارزانیی ڕابەر و سەرکردەی بەتەمەن، کە لە منداڵییەوە دەستی دابووە تێکۆشانی نەتەوەیی، لێرە بەدواوە وەک سەرکردەیەکی "فیوداڵ" و "کۆنەپەرست" باس دەکرا، کەوا هاوکاری کردنی لەگەڵ "ئیمپریالیزمدا" گەلی کوردی تووشی کارەسات کرد. پێشتر بارزانی لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ و ١٩٥٨دا تاراوگەی ئەزموون کردووە لە پاش "ڕێڕەوتە دوورودرێژەکەی" لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیێت. بەڵام لە ماوەی ئەم تاراوگەیەی یەکەمیدا هەر بە ئەفسانە و سەرچاوەی هیوا و ئاوات مایەوە. گەڕانەوەی لە یەکێتیی سۆڤیێت دوابەدوای کوودەتا سەربازییەکەی جەنەراڵ عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨دا کرا بە ئاهەنگگێڕانی ئاشکرا و زەمینە خۆشکرا بۆ شۆڕشی دواتر لە ساڵی ١٩٦١دا کە ناوی ئەوی هەڵگرتبوو. بەپێچەوانەوە، ئەو مافی پەنابەرییەی کە لەگەڵ نزیکترین هاوەڵانیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەدەستیانهێناوە، کە دەوڵەتێکە و تۆمەتی خیانەت کردنی لەسەرە بۆ کوردەکانی عێراق، مەودایەکی دروستکرد لە شوێن و کاتدا لە نێوان ئەم و کۆمەڵگەی کوردیدا و ئەویش ئەوەیە کە چیتر نەیتوانی بڕیار لە چارەنووسی کورد بدات و کاتی نەوەی ئەو بەسەرچوو.
لە ماوەی چەند مانگێکی دوای کۆتایی هاتنی جووڵانەوەکەی بارزانی، شۆڕشێکی نوێ بەرپابوو و ناونرا "شۆڕشی مایس" وەک سەدا و دەنگدانەوەیەک بۆ "شۆڕشی ئەیلوولی" ١٩٦١، کە لەگەڵ دەستیپێکردنیدا گوژمێکی خێرای وەرگرت. ئەو دابەشبوونەی کە لە ناو یاخیبوونەکەی بارزانیدا هەبوو لەم قۆناخە نوێیەشدا بەرجەستە بوو لە هەردوو ڕووی سەربازی و سیاسییەوە. بە ڕێنمایی سامی عەبدولڕەحمان سەرلەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستان بنیاتنرایەوە بە ڕەچاوکردنی ئاڕاستەیەکی چەپرەوانەی توند و گوتارێکی "دژە ئیمپریالیستی"١. هەردوو کوڕەکەی بارزانی، ئیدریس (١٩٤٤ – ١٩٨٧) و مەسعوود (لەدایکبووی ١٩٤٦)، لە دوای دوو ساڵ سەرکردایەتیی (پ د ک)یان لەئەستۆگرت، بەڵام دیاربوو کەوا دەستەبژێرە کۆنەکە و لەنێویاندا گەلێ لە پرۆفێشناڵە لیبراڵەکان و کەسایەتییە شارستانییەکان و سەرۆک هۆزەکان کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیبوو لە بزووتنەوەی کورددا وا لێرە بەدواوە پەراوێز خراون و ئینتێلێجێنتسیای شارستانی، کە هێشتا پرۆفایلی کۆمەڵایەتییان تەواو ساغ نەبووبووەوە، بەشی هەرە گەورەی ڕکابەریی سیاسیی سەربازیی نوێیان پێکهێنا لە ناو بزووتنەوەی کوردی عێراقدا و هەر زوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند و زۆرێک لە جەنگاوەرانی "ماویستیان" هەبوو، لەگەڵ سەرکردەیەکی ڕادیکاڵدا، کە ئەویش جەلال تاڵەبانیی زاوای ئیبراهیم ئەحمەد، کە ئەمیشیان نووسەرێکی چەپخوازی بەناوبانگی ژانی گەل بوو. ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکەش کە لە نێو خۆڵەمێشی یاخیبوونە کۆنەکە لەدایکبوون و ڕابوونەوە خۆیان وەک "باڵی چەپ" پێناسە کردەوە. پەیوەندیی نێوان ئەم ئەکتەرانە تا ڕادەیەک ناکۆک و دژوار بوو و وەک شەڕی بەهاری ١٩٧٨ نێوانی پدک و ینک دەریخست، دەکرێ گەڕێکی توند و سەخت وەربگرێت و گیانی سەرکردەی شکۆداری تێدا ببێتە قوربانی، چەشنی عەلی عەسکەریی سەر بە ینک لە ساڵی ١٩٧٨دا (ستانسفیڵد، ٢٠٠٣:٨٧).
ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ سەددامدا
ئا لەم بارودۆخەدا بوو کە سەددام ئەحمەد حەسەن ئەلبەکری مام و مامۆستای لەسەر کار لابرد و خۆی بوو بە سەرکۆماری نوێی عێراق لە ١٦ی تەمووزی ١٩٧٩دا. هەموو کەسێک دەزانێت کە سەددام لە عێراقی بەعسیدا لە "تیغێکی دووەم" زیاتر بوو لە عێراقی بەعسدا، وەک لە ناونانی فەرمیی دوای ساڵی ١٩٦٨دا هاتووە. بەهەرحاڵ، وەرگرتنی پێگەی سەرۆک کۆماری لەلایەن ئەوەوە تەنها مەسەلەیەکی ڕواڵەت نەبوو، بەڵکوو وەک ئاماژەیەکی نکووڵی لێ نەکراویش بوو لەسەر توندڕەویی ڕژێم. ئەو سەرکۆنە کردنە گشتییە و گرتنی هەندێک کەسایەتیی سەرکردایەتیی ڕژێمی بەعس و تێوەگلانی دەربازبووان لە ئیعدام کردنیاندا، ئەوەی دەرخست کەوا گۆڕانکارییەک لە وڵاتدا ڕوویداوە و ئەو تێرۆرەی کە دەتوانێ دەستەبژێریش بگرێتەوە ئەوە خەڵک ئاسایی لێ بەدەر نابێت. بە دوورخستنەوەی پارتی کۆمۆنیست سەرکوت کردن بەردەوام بوو. لەوەش گرنگتر، لەپاش ساڵێک لە وەرگرتنی سەرۆک کۆماری، سەددام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیری ڕاگەیاند کە خودی خۆی ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ شای ئێران ئیمزای کردبوو بۆ چارەسەری ناکۆکی دەسەڵاتی هەرێمی لەنیوان هەردوو وڵاتدا و بەمە کۆتایی بە هاوکاریی سەربازیی ئێران هێنا بۆ یاخیبوونی کورد بە سەرکردایەتیی بارزانی. بەڵام لە دوای شۆڕشی ئیسلامی و ئەو پشێوییە گەورەیەی بەسەر دەوڵەت و سوپای ئێراندا هات، ئیدی سەددام باوەڕی بەوە هێناکە باڵادەستیی سەربازی و ئەو هاوکاری و یارمەتییە ڕاستەوخۆیەی کە لە یەکێتیی سۆڤیێت و وڵاتانی ڕۆژاوا و کەنداو وەریدەگرێت هێز و توانای ئەوەی دەداتێ کە لە جەنگێکی کوتوپڕیدا ئێران ببەزێنێت و ویلایەتی خووزستانی عەرەبی زمان داگیر بکات و باڵادەستیی عێراق بسەپێنێت بە سەر کەنداودا و بەو پێیە خۆیشی بکات بە سەرکردەیەکی بێ ڕکابەر لە جیهانی عەرەبدا. بەڵام وا کەوتەوە کە جەنگەکە ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بێت، نەک دوو مانگ وەک سەددام بیری لێ دەکردەوە و بە هیچ شکۆیەک کۆتایی نەیەت بەڵکو تەنها بە گێڕانەوەی دۆخەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ پێش دەستپێکردنی جەنگەکە.
ئەم جەنگە بواری بۆ ڕێکخراوە کوردییە چەکدارەکانی عێراق ڕەخساند کە هاوکاری و یارمەتیی سەربازیی ئێران وەربگرن و پەیوەندیی دیبلۆماسیی هاوتەریب دابمەزرێنن لەگەڵ سووریای تاقە هاوپەیمانی ئێران لە جیهانی عەرەبیدا. لەڕاستیدا، دیمەشق بۆ سەرکردە کوردەکانیش بە تەنها دەروازە دادەنرا بۆ جیهان. ئەم پشتیوانییە سەربازی و لۆجستیکییە کە دەرفەتی ڕەخساند بۆ جووڵانەوەی کورد لە بەرانبەر سوپای عێراقدا بەرگری بکات، چەند دەرفەتی ڕەخساندبوو ئەوەندەش بارگرانیی بۆ دروستکردبوو. ڕاستییەکەی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران سیاسەتێکی ئەوپەڕی سەرکوتکەرانەی دژ بە کوردەکانی خۆی پەیڕەویی دەکرد و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردبوو لە ناو کورددا. هەروەها ئەوەش ئاشکرا بوو کە پشتبەستن بە وڵاتێک تەنها دوو ساڵ لەوەوپێش (ئەگەرچی لە سایەی ڕژیمێکی پێشووشدا بوو) مەترسیی زۆری لێ ئاڵابوو. لەوەش گرنگتر، ڕژێمی سەددام، کە بەرەوڕووی دوژمنێکی بوێری ئێرانی بووبووەوە لەسەر سنوور، دەستی واڵا بوو دژ بە خەڵکە سڤیلەکەی خۆی لە عێراقدا. لە ساڵی ١٩٨٣دا هەشت هەزار پیاوی بارزانی، کە لە بنەڕەتدا عەشیرەتێکن و تەمەنیان لە نێوان دوانزە بۆ هەشتا ساڵ دەبوو، دەسگیر کران و پاشانیش بێسەروشوێن بوون. لە مارتی ١٩٨٨دا، شاری هەڵەبجە، کە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە و بە یارمەتیی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (هەڵبەت چەند لایەنێکی سیاسی و چەکداریی تری کوردیش بەشدار بوون – و)، بوو بە ئامانجی هێرشێکی کیمیایی، کە وا باس دەکرێت پێنج هەزار قوربانیی لێ کەوتووەتەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها کردانەوەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو لەڕاستیدا یەکەم هەنگاوی ئۆپەراسیۆنێکی پێکهێنابوو کە دواتر ناوی ئەنفالی لێنرا کە تێرمێکی قورئانییە و واتای "دەسکەوت و تاڵانی" دەگرێتەوە. یووست هیڵتەرمان لە ڕێکخراوی چاودێریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (میدڵ ئیست وۆچ) لە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەدا ئەوەی دەرخستووە کەوا هەشت قۆناخی یەک لە دوای یەکی ئەنجامدراوە لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا و بەو پێیەش ناکرێ بە هیچ جۆرێک لە پێداویستیی سەربازی لێکبدرێتەوە (هیڵتەرمان، ٢٠٠٨). پلانەکە بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن ئەلمەجیدی ئامۆزای سەددام بەڕێوەچوو و نازناوی "عەلی کیمیایی" بەسەردا بڕابوو (ساڵی ٢٠١٠ لەسێدارە درا بە تاوانی بەرپاکردنی جینۆساید دژ بە کورد). کاسێتە دەنگییەکانی ئەلمەجید، لە دوای جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ دەستیان بەسەرداگیرا و ئەوە دەردەخەن کە بەغدا نیازی وێرانکردنی تێکڕا ناوچە دێهاتییەکانی کوردی بووە و ویستوویەتی نەهێڵێت هیچ شێوەیەک ژیانی تێدا بمێنێت. بە پێی هیلتەرمان (٢٠٠٨)، ئۆپەراسیۆنەکە لە نێوان پەنجا بۆ سەد هەزار قوربانیی لێکەوتووەتەوە و دەربازبووانیش ناچار کراون یان هەڵبێن بۆ تورکیا و ئێران یان لە کۆمەڵگا (موجەممەعدا) نیشتەجێ کراون، کەوا کەمپی گەورە گەورەی شێوە دەسبەسەرکردن بوون و لە چواردەوری شارە سەرەکییەکانی باکووری عێراقدا دروستکراون. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩وە چیتر مەحاڵ بوو هیچ بەرگرییەکی چەکداری بەردەوام بێت لە کوردستانی عێراقدا. بزووتنەوەی کوردیش لەوە بەولاوە کە بگاتە ئەو ئەنجامەی کەوا بەرەوڕووی دووەم "ئاشبەتاڵی" خۆی بووەتەوە لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەدا هیچیتری بۆ نەمایەوە.
ئێران: بەرگری کردن و داپڵۆسین
لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٨وە، شار و شارۆچکە کوردییەکانی ئێران، چەشنی بەشەکانی تری وڵاتەکە، بەتەواوی جووڵە و دینامیکییەتیان تێکەوت لە ئەنجامی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا کە ئەنجام لە کانوونی دووەمی ١٩٧٩دا بوو بە هۆی ڕووخاندنی محەممەد ڕەزاشای پەهلەوی. ئەمە یەکەمجار بوو کەوا کوردستان جۆش و خرۆشێکی لەم چەشنە ئەزموون بکات لە سەردەمی سەرۆکایەتیی وەزیرانی محەممەد موسەدەقەوە، کە لە ساڵی ١٩٥٣دا ڕووخێنرا. بە ڕۆیشتنی شا، بزووتنەوەی کوردی بە حوکمی دیفاکتۆ کۆنترۆڵی گەلێ لە شارە کوردییەکانی کرد، لەوانە سنە و سەقز و مهاباد. وا دیارە دوو بزووتنەوە لە هێڵی پێشەوەی بەرە بوون: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حەدەکا)، کەوا گرنگترینیان بوو و دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕابەرایەتیی دەکرد و مارکسییەکی پێشتر بوو کە گۆڕا بۆ سۆشیاڵ دیموکرات پاش ئەزموونێکی دە ساڵەی لە چیکۆسلۆڤاکیا و ئەو بچران و پەکخستنە دڕندانەیەی کە لە ساڵی ١٩٦٨دا بە بەهاری پراگ ناسرا. کۆمەڵەی ڕادیکاڵتریش "ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران"، کە لە ساڵی ١٩٦٩دا لەلایەن عەبدوڵای موهتەدییەوە دامەزرا و (هەڵبەت جیاوازە لە کۆمەڵی ژێ کافی ساڵی ١٩٤٦) لە چەندین خاسییەتدا هاوبەشە لەگەڵ ڕێکخراوی فیدائییانی خەلق (واتە خۆبەختکردووانی خەڵک یان گەل) و نوێنەرایەتیی نەوەی گەنجی دەکرد و بە شێوەیەکی سەرەکیش ئەوانەی لە چینی ڕەشورووت بوون، نەک بە شێوەیەکی بنەبڕیش. شیکارییەکی سۆسیۆلۆجی بۆ بناغە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا ڕوون نییە، بەڵام جیاوازیی نەوە و چین و لە هەمان کاتیشدا گرژیی نێوان چاوەڕوانییە دیموکراتییەکان و کوتوپڕییە شۆڕشگێڕییەکان کە لە گەلێ شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێبینی دەکرێن و بەتایبەتیش لە ئێراندا، پێدەچێت هەندێک لەو فاکتەرانە بن کە شێوەی ئەو کۆیی و دەستەجەمعییە ڕووندەکەنەوە کەوا بزووتنەوەی کورد وەریگرتووە لەو وڵاتەدا.
هەرچەندە هەردوو حیزبەکە گەلێ ناکۆکی و ململانێی ناوخۆییان لە نێواندا بوو کە ناوبەناویش دەگۆڕا بۆ توندوتیژی، کەچی بەرهەڵستیی بەرەیەکی دەکرد دژ بە پرۆژەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی کەوا ئایەتوڵڵا خومەینی و بەرپرسە ئاینییە باڵاکان گەرەکیان بوو بیسەپێنن بەسەر ئێراندا. هەروەها ئەوان بەپەرۆش بوون بۆ دەستەبەر کردنی ئۆتۆنۆمییەک بۆ ناوچە کوردییەکە، لە ناو ئێرانیکی دیموکراتیدا، بەڵام دەسەڵاتی ئاینی (ئەکلیرکی) بەرهەڵستیی داواکاریی ئۆتۆنۆمییان دەکرد لە هەر پارچەیەکی ئەوەی کە بە ئوممەی ئیسلامی پێناسەیان دەکرد و بە جەخت کردنیشەوە بۆ مەسەلەی دیموکراسی، کە وای دادەنین بەتەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ باڵادەستیی بێ ئەملا و ئەولای دەسەڵاتی خودادا کە لە ڕێگەی ویلایەتی فەقیهەوە پراکتیزەی دەکات. جا لەبەر ئەوە بەرگریی کوردیان بە خیانەت کردن لە ئیسلام و ئاژاوە و فیتنە نانەوە لەقەڵەم دەدا. بەم پێیە کۆماری ئیسلامی کەوتە ئابڵووقەدان و بۆردمان کردنی شار و شارۆچکە کوردییەکان. لە ٢٩ی ئابی ١٩٧٩دا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وێنەیەکی بەکۆمەڵی ئیعدام کردنی جەنگاوەرە کوردەکانی بڵاو کردەوە کە لەلایەن دادگا گەڕۆکە شۆڕشگێڕییە بەدناوەکەی سادیق خاڵخاڵییەوە حوکمی مەرگ درابوون. مەحموود ئەحمەدی نەژاد کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە سەرکۆماری ئێران هەڵدەبژێردرێت و ساڵی ٢٠٠٩ش بە شێوەیەکی پڕ فێڵ و تەڵەکەی بەباشی دۆکیومێنتکراو هەڵبژێردرایەوە، یەکەم ئەزموونی زەبر و زەنگی خۆی لە کوردستاندا تاقیکردەوە (ناجی، ٢٠٠٨).
بە پێی سەرجاوە کوردییەکان، یەکەم جەنگی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامیی دژ بە ئۆتۆنۆمیی کورد لەپاش فەتواکەی جیهادی خومەینی (ڕێگە پێدانی دەسەڵاتی ئاینی) کە لە ١٧ی دیسەمبەری ١٩٧٩ دەریکرد و بوو بە هۆکاری کوشت و بڕی نزیکەی چل و پێنج هەزار کەس، کە تەنها پێنج هەزاریان جەنگاوەر بوون. بزووتنەوە کوردییەکان، بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی و دوورگرتنی شارەکان لە ڕووخاندن و وێرانکردن، لە باهاری ١٩٨٠دا بڕیاریان دا دەسبەرداری بەرگریی ناو شارەکان ببن و چۆڵی بکەن و لەبری ئەوە کردیان بە شەڕی گەریلایی. لە سەرەتادا وا دیار بوو خەباتی چەکداری سەرکوتووە بەڵام لەپاش درێژەکێشانی جەنگی عێراق – ئێران بەرەوە لاوازی چوو. ئەمیش وەک شەڕی گەریلایی کوردی عێراق بوو بە هۆی نیگەرانی و ناڕەحەتی لە ناو کورددا، بەو واتایەی کە بنکە و بارەگاکانی کەوتبوونە ناو عێراقی دەراوسێوە، کە باس ناسرابوو بە سەرکوت کردن و داپڵۆسینی کوردەکەی خۆیەوە. لەپاش جەنگی ئێران – عێراق، قاسملوو لەلایەک ویستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکانی عێراقدا بەهێز بکات و ئامادەکاری بکات بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە لایەکی تریشەوە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا بکات. بەڵام ساڵی ١٩٨٩لە ڤییەنا لە لایەن بریکارانی ئێرانەوە کوژرا لەو کاتەدا کە دانوستانی نهێنیی لەگەڵدا دەکردن.
تورکیا: ڕژێمی سەربازی و شەڕی گەریلایی
لە ١٢ی سێپتەمبەری ١٩٨٠دا، لە دوای ساڵانێکی زۆری توندوتیژیی سیاسی و تائیفی، جەنەراڵ کەنعان ئێڤرەنی سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا، حکوومەتە ڕاستڕەوەکەی سولەیمان دێمیریلی ڕووخاند و حكوومەتێکی دامەزراند کە بە ستەمکارترین و سەرکوتکەرترین ڕژێمی سەربازی دادەنرێت لە مێژووی تورکیادا. لەکاتێکدا کە نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس گیرابوون، سەدانیان لێ بێسەروشوێن بوون یان لە شەڕی دژی ئەوانەی کە پێیان دەوترا ئەنارکیست یان لە ژێر ئازاردان و ئەشکەنجەدا کوژران. زمانی کوردی بە گفتوگۆ کردنی زارەکی قەدەغە کرا و زیندانی سەربازیی دیاربەکر، کە نازناوی "قەسابخانەی ژمارە پێنجی" بەسەردا بڕابوو، بوو بە سەنتەرێکی سیستماتیکیی ئەشکەنجەدان. لە ١٨ی مایسی ١٩٨٢دا، چوار ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوا فەرهاد کوتای، ئەشرەف ئانیک، نەجمی ئوێنەن و محەمەد زەنگین خۆیان بەختکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژ بە بارودۆخی زیندان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی ئاگری نەورۆز بوو و لە ساڵانی لەوەوپاشدا دەبنە سیمبۆڵی بەرگری.
وەک گوینەش باس لە وردەکارییەکەی دەکات، گەلێ لە ڕێکخراوە چەپخوازەکان لە پێش کوودەتا سەربازییەکەدا چالاک دەبن لە کوردستاندا، بەڵام دووان لەوانە بەتەواوی پرۆفایلیان لێکدەچێت لە بەکارهێنانی توندوتیژیدا، بە دژی یەکتریشەوە، تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون لە جووڵاندن و جۆشدانی لاواندا و ئەمانیش ڕێکخراوەکانی ڕزگارکارانی نیشتمانیی کوردستان
(KUK) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە PKK) بوون. بێگومان بێجگە لە پەکەکە، بزووتنەوە کوردییەکانی تر، بە (KUK)یشەوە، لە دەستی سەرکوت کردن و داپڵۆسینی سەربازی دەرنەچوون. دەکرێ سەرکەوتنی پەکەکە، یان هەر هیچ نەبێت بەشێکی، بەو خوێندنەوە تایبەتەی مێژووی کورد و ئەو پێداویستییانە لێکبدرێتەوە کە بەسەر گەنجی کورددا سەپێنراوە. بە گوێرەی پەکەکە بێت، مێژووی کورد مێژوویەکی شانازی پێوە کردن نەبووە وەک گێڕانەوەی باوی کورد لێی دەدوێت، بەڵکو زیاتر مێژوویەکی خراپە و گەندەڵی و خیانەت لەخۆ کردن بووە و بەمەش کوردەکان خۆیان بەرپرسیارێتیی گەورەی کۆیلە بوونیان هەڵدەگرن. بەتەواویش لەم دید و بۆچوونە فانۆنییەوە (فانۆن، ٢٠٠٥) توندوتیژی و قوربانیدان تەنها ئەو نرخە نییە کە پێویستە کوردەکان بیدەن بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی/ نیشتمانییان بەڵکوو دەبێت وەرچەرخانی حاڵەتی ئەنتۆلۆجیشیان بێت لە گەل و نەتەوەیەکی بەکۆیلە کراوەوە بۆ گەل و نەتەوەیەکی ئازاد. ئەم وەرچەرخانە لە مێژووییەوە بۆ ئەنتۆلۆجی دابڕانێکی ڕیشەیی بێ پێشینەی پێکهێنا لەگەڵ گوتاری کوردی و خۆ وێناکردنیدا کە بەدرێژایی سەدەی بیستەم ئامادەگیی هەبووە. ڕەخنەگرتنی ئەوپەڕی توند لە بەرگرییەکانی ڕابوردووی بەرگریی کورد بووە بە هۆی ئەوەی ڕێکخراوە کوردییەکانی تر پشت بکەنە مەسەلەکە بەڵام لە هەمان کاتدا جۆشدان و جووڵاندنی لاوانی کورد کە هەستیان بە خەتا و بەرپرسیارێتی دەکرد و هەروەها پابەندبوون و کاری خۆبەختکردن و ئەمەش یەک لە کلیلەکانی ڕاڤەکردنی سەرکەوتنی پەکەکەی پێکهێناوە بەدرێژایی دەیەکانی دواتر.
فاکتەری دووەم کە ڕەنگە مانەوەی پەکەکە ڕوونبکاتەوە ئەوەیە کە لە ساڵی ١٩٧٩دا، لەکاتێکدا دۆخی سیاسی لە تورکیادا تەواو خراپ بوو و سەرکوت کردن گەلێ لە جەنگاوەرەکانی کردبووە ئامانج، عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرکردەی حیزبەکە بڕیاریدا تورکیا بەجێبێڵێت و پەنا بباتە بەر سووریا. ئەم ڕۆیشتنە دواتر وەک بژارەیەکی تەکتیکیی خۆپارێزی لەقەڵەم درا، بەڵام دواجار وا دەرکەوت کە بایەخێکی ستراتیجیی زۆر گرنگی هەبوو. هەڵبەت ئەوە لە سووریا بوو کە ئۆجەلان دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە بە سەرکەوتوویی بنەمای پەیوەندی لەگەڵ گرووپە فەلەستینییەکان دابمەزرێنێت و پاشانیش لەگەڵ حکوومەتی سووریدا، پێش ئەوەی بە هاوکاری و یارمەتیی ئەوان بگوێزنەوە بۆ لوبنان. بە ئاست و مەودایەکی گەورە پەکەکە لە دۆڵی بیقاعدا سەرلەنوێ دامەزرێنرایەوە و لەوێ ئەکادیمییە سەربازییەکەی خۆیشی دمەزراند بە ڕەزامەندی و پشتیوانیی حافز ئەسەدی سەرۆکی سووریا و دەستە و گرووپە فەلەستینییەکان. هەروەها ئەوەش گرنگە بیری خۆمانی بهێنینەوە کەوا یەکەم شەڕ کەو پەکەکە کردی و یەکەم ئەزموونی سەربازی دژ بە سوپای تورکیا نەبوو، بەڵکوو دژ بە سوپای بەرگریی ئیسرائیل بوو کە ساڵی ١٩٨٢ لوبنانی داگیر کرد. لە سیاقی شەڕی ناوخۆی تورکیاشدا ئەمە دەرفەتی ڕەخساند بۆ ڕێکخراوەکە ئەزموونی سەربازیی گرنگ و چەک و تەقەمەنی بەدەستبێنێت.
کاتێ پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا دەستی کرد بە شەڕی گەریلایی بە هێرش کردنە سەر بنکە سەربازییەکان لە ئیروه و شەمدینلی لە نزیک سنووری تورکیا و عێراق، هیچ کەسێک لە تورکیا و تەنانەت کەمێکیش لە چینی سیاسیی کوردی دوورخراوەی ئەوروپاش بەبیریاندا دەهات کەوا "هەنگاوێکی" سەرچڵانەی لەم چەشنە کە چەندین دەیەی خایاندووە لەپاش شکستی خەبات و تێکۆشانی چەکدارانەی کورد لەژێر حوکمی کەمالییەکاندا، هیچ هەل و دەرفەتێکی سەرکەوتنی هەبێت. بەڵام "گوللەکانی ١٥ی ئاب" مانایەکی تریان هەبوو لە چاوی هەرزەکاران و لاوانی کوردەوە، وەک دەلالەتێک بۆ کۆتاییهاتنی ژیانی کۆمەڵایەتیی نهێنییان کە تەژی بووبوو لە ترس و سەرشۆڕی و شەرم و هەڵکوتانەسەری سەربازی و گێڕانەوەی چیرۆکە سامناکەکان لە زیندانە سەربازییەکاندا و بوو بە ساتەوەختی تۆڵەکردنەوە و گێڕانەوەی شکۆ و شانازییان. وەک عوسمان ئۆجەلانی برای سەرکردەکەی پەکەکە پێی لێدەنێت، کەوا سەرکوت کردنی سوپای تورکیا لە ماوەی دوای ١٩٨٤دا خزمەتی مەسەلەکەی کردوون بەوەی کە پشتیوانیی کەرتە گەورەکانی دانیشتووانی شارەکانیان بۆ ڕەخساندوون (لێکۆڵینەوەی تورکیا، ١٩٩٣).
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆڵێکی بنەڕەتیی بینی لە سەرکەوتنی شەڕی گەریلایی و بەخێرایی توانی خۆی وەک سەرکردەیەک بسەپێنێت کە لاوانی کورد بە پیرۆزی دابنێن و وەک کەسێک کە بەراورد دەکرێت بە مستەفا کەمال ئەتاتورکی کەسایەتیی تورک. ئەو لە یەک کاتدا دوور بوو، چونکە لە لوبنان جێگیر بووبوو بەڵام خەرمانەی کەسایەتیی پەرستنێکی لێ ئاڵابوو، کەچی لە هەمان کاتیشدا نزیک بوو لە جەنگاوەرە گەنجەکانەوە کە خۆیان تووشی مەترسی و سەرکێشی دەکرد چوونە ڕیزی گەریلاوە. ئەو کردبووی بە عادەت کە وێنەیەک لەگەڵ جەنگاوەرانیدا بگرێت و لەپاش مەرگیان وەک "شەهید" لە گۆڤارە دەورییەکانی حیزبەکەدا "سەرخۆبوون" یان "بەرخودان" بڵاو دەکرایەوە. بۆ دڵنیایی، کەوا ئیعدام کردنی جیابووەوەکانی ناوخۆ یان کوشتنی دەیان کەس لە هێزەکانی کرێگرتەی ئەنکەرە لە ساڵی ١٩٨٧دا نیگەرانی و ناڕەحەتیی بەرپاکرد چ لەناوخۆ یان لە دەرەوەی حیزبەکەدا. بەڵام پەکەکە وردە وردە توانی ئەو دۆخە دروست بکات کە مارتن ڤان بروونەسنی زانای ئەنسرۆپۆڵۆجی لە کۆنفرانسێکدا ناوی نابوو "پەڕ یان ڕووبەری دەرەکی"، کە لە ژمارەیەکی زۆری ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد پێکدێت. چالاکییەکانی پەکەکە تەنها بواری سەربازی نەدەگرتەوە، بەڵکوو دەشیتوانی بواری تریش بێنێتە ئاراوە و بیکاتە خاڵی سەرنج ڕاکێشان، چەشنی ئاهەنگگێڕان بە نەورۆز (٢١ی مارت) و ١٥ی ئاب و ڕێوڕەسمی ماتەمگێڕانی گشتی بۆ "شەهیدان" و نەخشەسازیی خەیاڵیی دابەشکردنی کوردستان بە سەر ئەیالەتەکاندا (ویلایەتەکاندا) جیاواز لە دابەشکاریی جوگرافیی تورکی. بە هەمان ئەندازەش سەرکەوتوو بوو لە جووڵاندن و جۆشدانی دانیشتووانی مەدەنی لە ڕێگەی زنجیرەیەک سەرهەڵدان (ڕاپەڕین)ەوە کە تا ڕادەیەک ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستینییەکان (١٩٨٧ – ١٩٩١) ئیلهامبەخشی بوو و لە ١٥ی مارتی ١٩٩٠دا دەستی پێکرد بە ناشتنی جەنگاوەرێکی گەریلای پەکەکە لە شارۆچکەی نوسەیبین – ماردین. وەستاندنی نزیکەی هەموو هێرش و پەلامارەکان دژ بەو خەڵکە مەدەنییانەی هاوکاری ئەنقەرەیان دەکرد لە دوای ساڵی ١٩٨٧وە و هەوڵدان بۆ پەیوەندی کردن بە پاسەوانانی گوندەکانەوە، هەروەها پەکەکە سیستەمە نایاسایی و نیمچە گشتییەکەی خۆی پەرەپێدا سەبارەت بە دادپەروەری و باجدان.
بەهەرحاڵ، وەک چاوەڕوان دەکرا کاردانەوەی ئەنقەرە سەخت و دڕندانە بوو. لە سەرەتادا، دەسەڵاتدارانی سەربازی و سیاسیی تورکیا کە لە کوتوپڕیدا تووشی سەرسوڕمان بووبوون، جەنگاوەرانی پەکەکەیان وەک "تاقمێکی دز و جەردە" وەسف دەکرد، بەڵام هەر زوو گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بەرەوڕووی "شۆڕشی بیست و نۆهەمی کورد" بوونەتەوە لە مێژووی وڵاتەکەدا، جا ئەگەر لەڕاستیدا "شەڕوشۆڕێکی کەمتر توند" نەبێت. تورگوت ئۆزالی سەرۆک وەزیران، لە کاردانەوەی هێرشەکانی گەریلادا باری لەناکاوی گشتیی ڕاگەیاند لە بەشێکی گەورەی کوردستاندا، کە خرایە ژێر دەسەڵاتی پارێزگارێکی "سوپەر والی" و دەسەڵاتێکی بەرفراوانی پێدرا و نزیکەی سەد هەزار کوردی خستە بەر چەک هەڵگرتن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی نەک بەتەواوی لە عەشیرەتە هاوپەیمانەکانی حکوومەت بوون و کران بە هێزی شێوە سەربازی کوردی پاسەوانانی گوندەکان (Köy Korucuları). ئەم پیاوانە مووچەیەکیان وەردەگرت کە بەرانبەر بە سێ جارانی بڕە پارەی نزمترین ئاستی کرێی کارکردن بوو. بەهەرحاڵ، هەر زوو زۆرێک لەمانە بوون بە "پاسەوانانی گوند" بەڵام بە بێ بوونی هیچ گوندێک بۆ پارێزگاری لێکردنی و لە ماوەی نزیکەی یەک دەیەدا سوپا و جەندرمە نزیکەی چوار هەزار گوندی گەورە و بچووکیان ڕووخاند و وێران کرد و ملیۆنان کەسیان ناچار کرد کۆچ بکەن بۆ شارەکانی ناوچە کوردییەکان یان گوند و گەڕەکە پەڕەکانی چواردەوری ئەستەمبووڵ و شارە گەورەکانی تری وەک ئەنقەرە و ئیزمیر و ئەدەنە یان مێرسین (جۆنگەردەن، ٢٠٠٧).
ئەوروپا: پایتەختی سیاسیی کورد
لەکاتێکدا کەوا کوردی ئێران و تورکیا و عێراق لەژێر گەرمەی داپڵۆسین و سەرکوت کردندا بوون، لە ڕۆژانی ١٤ – ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٩دا، ئینستیتیوتی کورد لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی ڕێکخست لەبارەی مەسەلەی کوردەوە (Institut kurde de Paris, 1991). پێش هەموو شتێکی تر، کۆنفرانسەکە ئامانجی بزواندن و جۆشدانی ڕای گشتیی جیهان بوو بۆ پشتگیری کردنی چارەنووسی کوردەکانی عێراق، کە بووبوونە قوربانیی هێرشی بەرفراوانی کیمیایی. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال کە لەسەرەوە باسکراوە بەدڵنیاییەوە هەندێک ناڕەزایی و تووڕەبوونی بەدوای خۆیدا هێنا لە لای ڕای گشتیی جیهانی، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی سۆڤیێت و وڵاتە سەرەکییەکانی ئەوروپا ڕەتیانکردەوە کەوا هیچ سزایەک بەسەر ڕژێمی سەددام حوسێندا بسەپێنن. هەروەها کۆنفرانسەکە تمووحێکی نەتەوەیی پان کوردیشی هەبوو، کە ئەویش پێکەوە کۆکردنەوەی سەرکردە و بڕیار بەدەستە جیاوازەکانی کورد بوو. وەک پێشتر باسی لێوە کراوە، کەوا قاسملووی سەرکردە و ڕابەری کوردی ئێرانیش دەیویست دیالۆگ دەست پێبکات و پلاتفۆرمێک لەگەڵ حیزبە سیاسییە کوردییەکانی عێراقدا دروست بکات. تێرۆر کردنی قاسملوو لە ١٣ی تەمووزی ١٩٨٩دا پێداگرییەکی زیادی هێنایە ئاراوە بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە.
کۆنفرانسەکە، کە چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکی تێیدا بەشدار بوون، لەڕاستیدا هۆشیارییەکی گەورەی دروست کرد لەبارەی ئەوەی کە لە کوردستان و عێراق ڕوودەدا. هەندێک لەو شارەزا و پسپۆڕانەی کە لە ئاستی جیهاندا ناسرابوون ئەو نیشانانەیان شیکردەوە کە لە ناو ئەو دەربازبووانەی ئەنفالدا سەرنجیان دابوو کەوا هەڵاتبوون بۆ تورکیا. دوو کۆنفرانسی نیودەوڵەتیی تر بە دوای کۆنفرانسەکەی پاریسدا هاتن، کە بە دوای یەکدا لە واشنتۆن و مۆسکۆ ڕێکخران و یەکەمیان بە ناڕاستەوخۆ زەمینەی ساز کرد بۆ جووڵاندنی ڕای گشتیی ئەمریکی دژ بە ڕژێمی سەددام پاش داگیر کردنی کوەیت لە ساڵی ١٩٩٠دا.
ئەنجامی دووەمی کۆنفرانسەکەی پاریس بەشداریی چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردی سەر بە پارتی گەلی کۆماریی تورکیا بوو (جەهەپە CHP)، کە دەسبەجێ لە حیزبەکەیان دەرکران بە هۆی ئەو بەشداری کردنەوە. بەو پێیە گرووپێک کە پێکهاتبوو لە حەفتا سیاسیی کورد و تورک، لە نێویشیاندا ئەندام پەرلەمانە دەرکراوە کوردەکانیش، حیزبێکی چەپڕەوی نوێیان دامەزراند، بە ناوی پارتی کاری خەڵک (HEP) لە ٧ی تەمووزی ١٩٩٠دا، کە دەبێتە یەکەم حیزب لە مێژووی کۆماردا بۆ ئەوەی خۆی وا بناسێنێت کە بەئاشکرا داکۆکیکارە لە مافی کورد کاتێ کەوا بیست و دوو کاندیدیان لە ئۆکتۆبەری ١٩٩١دا هەڵبژێردران بۆ پەرلەمان. پاش ئەوەی (HEP) لە تەمووزی ١٩٩٣دا قەدەغە کرا، گەلێ حیزبی تر دامەزران و لەنێویاندا پارتی ئازادی و دیموکراسی (ÖZDEP) لە ساڵی 1992دا و پارتی دیموکراسی (DEP) لە ساڵی 1993دا و پارتی دیموکراتی خەڵک (هەدەپە HADEP) لە ساڵی 1994دا، کە ئەرکی نوێنەرایەتیی کوردی لەئەستۆگرت لە تورکیادا (گوینەش، ٢٠١٢: ١٦٢ – ١٦٤؛ واتس، ٢٠١٠).
ناوبڕێک: جەنگە نوێیەکەی سەددام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا
پاش کۆتاییهاتنی جەنگەکانی ساڵانی ١٩٨٠کان، ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست چووە ناو دەیەیەکی نوێوە بە کەمێک پشوودانەوە، ئەگەر نەشڵێین گەشبینی. لەکاتێکدا کەوا فەیلەسووفی ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما پەرەی بە ئایدیاکەی خۆی دەدا لەبارەی "کۆتایی مێژووەوە" کە بەپێی بۆچوونی ئەو بێت، بە سەرکەوتنی دیموکراتیی لیبراڵی دەشکێتەوە، هەندێ لە چاودێران باوەڕیان وایە کە پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی جیهانی، کەوا لە ئەمریکای لاتینەوە دەستی پێکرد و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا بەردەوام بوو لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا، دەکرێت تەشەنە بکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەهەرحاڵ، بە پێچەوانەیەکی توندی ئەم چاوەڕوانیانەوە، دەیەی نوێ بوو بە مۆرکی داگیر کردنی کوەیت لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ٢ – ٤ی ئابی ١٩٩٠دا و ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابان لە نێوان ١٧ی کانوونی دووەم و ٣ی مارتی ١٩٩١دا و نزیکەی ماوەی دەیەیەکیش شەڕ و ململانێیەکی ئیسلامیش بەردەوام بوو لە میسر و جەزائیردا، کە بە ناڕاستەوخۆ ڕێخۆشکەر بوو بۆ هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر. ئەو دینامیکانەی کەوا لە ڕووداوە دراماتیکییەکانی ساڵی ١٩٧٩وە سەرچاوەیان گرتبوو بەردەوام بوون لە بارمتە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دەیەی نوێیشدا.
داگیر کردنی سەددام بۆ کوەیت و دەست بەسەرداگرتنی هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە مەسەلەی کوردەوە لەم لایەنەوە. مەسەلەکە تەنیا کاردانەوەیەکی دڵڕەقانە بوو بۆ وڵاتانی کەنداو کە خەرج و تێچوونی دارایی کۆششی جەنگیی سەددامیان لەئەستۆ گرتبوو بۆ ماوەی هەشت ساڵ و وا ئێستا ڕەتیدەکەنەوە کە بەردەوام بن لەسەر نوێکردنەوەی کۆمەکیان بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتە کاول و وێرانەکەی. هەرچەندە زۆرێک لە جیهانی عەرەبدا پشتگیریی سەددامیان دەکرد، کە گوتارێکی توندی بەکاردەهێنا لە دژایەتی کردنی ئیسرائیل و ئەمریکادا و لەبەر ئەوە داگیر کردنی ئەم دەوڵەتە بچووکە ناڕەزایی و تووڕەییەکی جیهانیی لێکەوتەوە. یەکێتیی سۆڤیێتی بە گریمانە پارێزەری سەددام، کە لە دوا قۆناخی هەڵوەشانەوەیدا بوو، وا دیار بوو نەیدەتوانی ڕێگە لە پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی گەورە بگرێت بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدژی. لەکۆتاییدا، سەددام ناچار کرا لە کوەیت بکشێتەوە بەڵام مایەوە بە هۆی بڕیارەکەی سەرۆک جۆرج بووشەوە بە هێشتنەوەی لە دەسەڵاتدا بۆ دوور گرتنی عێراق لەوەی کە بکەوێتە بندەستی ئێرانی دەراوسێی.
بە زات وەبەرنانی بانگەشەکەی سەرۆکی ئەمریکی بۆ هەڵسان لەدژی ڕژێم، هەردوو کۆمەڵگەی شیعە لە باشوور و کورد لە باکوور کەوتنە بەرپاکردنی کاری پڕ لە سەرسامیی ئاژاوە و پشێوی نانەوە، بەڵام دواجار لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پشتیان تێکرا و بەجێهێڵران. دەیان هەزار کەس لە شیعەکانی باشوور بە سانایی و بەپەلە ئیعدام کران کە هیچ کامێرایەکی تەلەفزیۆن لەئارادا نەبوو، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن کورد، لە ترسی هێرشی نوێی کیمیایی، هەڵاتن بۆ ئێران و تورکیا بەڵام ئەمجارەیان لەبەر چاوی ژمارەیەکی زۆری کەناڵی تەلەفزیۆنی جیهانی. کاردانەوەی ڕای گشتیی جیهانی لە بەرانبەر ئەم ڕەوکردنەدا بەرهەمی هەبوو. ئەو فشارە هاوبەشەی سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا میتران و سەرۆکی تورکیا تورگوت ئۆزال کردیان، کە پاش ساڵانێک لە شەڕ و ململانێ لەگەڵ پەکەکە وا ئێستا هیوایەک بۆ ئاشتی و بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا هاتووەتە پێشەوە و ئەم کۆششەی هەردوو سەرۆک قەناعەتی بە سەرۆک بوش کرد بکەوێتەکار. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێی بڕیاری ٦٨٨، ڕایگەیاند کە باکووری هێڵی پانی ٣٦ دەبێ "ناوچەیەکی ئارام بێت" و لە ٥ی نیسانی ١٩٩١وە دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنی دابین کردنی سەلامەتی (پرۆڤاید کۆمفۆرت). ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە بوار ڕەخساندنی گەڕانەوە بۆ کوردە ئاوارەکان و دابینکردنی یارمەتیی بنەڕەتی بۆیان. لەکاتێکدا کەوا سەددام کەرکووکی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێشتەوە و کەوتە دەرپەڕاندنی پۆل پۆل لە خێزانە کوردەکانی، بەڵام کەوتە کشاندنەوەی سوپاکەی و هەروەها کارگێڕیی مەدەنی لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان. بۆ یەکەمجار بوو لە سەدەی بیستەمدا کەوا ناوچەیەک بە ڕووبەری چل هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی کوردییەوە.
کوردستانی عێراق لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا
لەپاش گەڕانەوەی ئاوارەکانی، کوردستانی عێراق یەکەمجار کەشێکی دڵخۆشیی بەخۆوە بینی و پاشان ماوەیەکی درێژخایەنی ناسەقامگیری و ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و خەمۆکی. ساڵی ١٩٩٢، یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراتی لە ساڵی ١٩٥٤وە ڕێکخرا، بەڵام ئەنجامەکەی وا دەسکاری کرا و ڕێکخرایەوە کە بوار بە سیستەمێکی دابەشکردنی کورسییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات بدرێت لە نێوان هەردوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستانی مەسعوود بارزانی کە 45, 27%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی جەلال تاڵەبانی کە 43, 82%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە زۆر نزیک بوو لە دەنگی ڕکابەرەکەیەوە. بەهەرحاڵ، هێندەی پێ نەچوو، ناوچەکە بەرەوڕووی لێکەوتەکانی گەمارۆی ئابووریی بووەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندبووی بەسەر عێراقدا و ئەم هەرێمەشی گرتبووەوە و ئابڵووقەیەکی دووەمیش کە بەغدا سەپاندبووی بەسەر کوردستاندا وەک قەوارەیەکی دیفاکتۆی جیا. بە قبووڵکردنی پەیوەندیی لەسنوور پەڕینەوە حکوومەتی تورکیاش فشاری ئابووری و سەربازیی خستبووە سەر حکوومەتی کوردی کە (گەورەترین هاتنە ناوەوەی جووڵاندنی پەنجا هەزار سەرباز بوو لە ساڵی ١٩٩٧دا). بوونی میلیتاریی پەکەکە لە ناوچەکەدا دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر و خراپتر کرد، بەو پێیەی کە بە بەشێک لە کوردستانی گەورەی دادەنا و بە قەڵەمڕەوی باڵادەستیی خۆی دانابوو، کە ئەمەش نەک هەر بوو بە پاساوی هاتنە ناوەوەی تورکیا بەڵکوو بوو بە هۆی پێکددانێکی سەربازیی بەرفراوانیش لە نێوان جەنگاوەرانی و هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٢دا. بەڵام خراپترین و شۆکهێنەرترین ڕووداو شەڕی ناوخۆی نێوان (پ د ک) و (ی ن ک) بوو لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ و ١٩٩٦دا، کە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە هەردوو لا و کۆمەڵگەی کوردی نامۆ کرد لە هەردوو حیزبەکە و بە شێوەیەکی ترسناک و پڕ شوورەیی ڕاستگۆیی خۆیان لەدەستدا لە ناوەندی نێودەوڵەتیدا. بارزانیی سەرکردەی (پ د ک) پاش ئەوەی بەرەوڕووی هەرەشەی ڕکابەرە دوژمنەکەی بووەوە تەنانەت گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ هەولێر قبووڵ کرد بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک.
ئەم ناکۆکی و ململانێیە ڕەگی قووڵی هەیە لە دابەشبوون و لەتبوونی بزووتنەوەی کوردی عێراقدا لە ساڵانی ١٩٦٠کانەوە و هەروەها شەڕکردنی نێوان تاقم و گرووپەکان لە سالانی ١٩٧٠کاندا. چینی سیاسیی کورد چینێکی سەربازییش بوون لە هەمان کاتدا بۆ هەر حیزبێک و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی، بەڵام حیزبە بچووکەکانیش کە هیچ بنەمایەکی هەڵبژاردنیان نەبوو، هێزی میلیشیای خۆیان هەبوو. دەسەڵاتی کوردی بەرەوڕووی ئەرکی بنیاتنانی دەوڵەت بووەوە و ڕوونیان کردەوە کە بەپەرۆشن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی فرەیی، بەڵام لە هەمان کاتدا، پارێزگارییان لەو نەریت و خووەی خەباتی چەکداری کردبوو کە لە چەندین دەیەوە بە میرات بۆیان مابووەوە. بەهەرحاڵ، ڕکابەریی سیاسی و سەربازی تەنها فاکتەری لێکدانەوەی شەڕی ناوخۆ نەبوو، بەڵکو ململانێکە لێکەوتەیەکی کەمی و دەگمەنیی سەرچاوەکان بوو. وەک پێشتر باسمان لێوە کردووە، کوردستان لە ژێر ئابڵووقەیەکی دوولایەنەدا بوو، وێرانکردنی گوندەکان لە کاتی جەنگدا و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال ڕێژەی نزیکەی ٨٠ لە سەدی تێکرا دانیشتووانی شارنشینی زیادکردووە، بێجگە لە نەبوونی هیچ پیشەسازییەک و بازرگانیی ئەمبەر و ئەوبەری سنووریش بووە بە قاچاخچێتی نەوت لەگەڵ سیستەمی نافەرمیی باجداندا کە بووە بە تەنها هۆکاری پارە و سامان پەیداکردن. تورکیا کە سوپاکەی باجی خۆی لەسەر سنوور سەپاندووە، وادەردەکەوت کە "هاوبەشی بازرگانیی" سەرەکی بێت بۆ هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکەی کورد. ی ن ک تا ڕادەیەکی گەورە لەم سیستەمە دوورخرابووەوە و لە ژێر فشاری ناڕاستەوخۆی ئێراندا بوو، کە رۆڵی ئاگر خۆشکردنی ململانێکەی دەکرد، ئەگەر لە سەرەتاشەوە نەبووبێت، ئەوە بە لای کەمەوە لە بەردەوامی پێدانیدا بووە. دواجاریش مەسەلە هەرێمییەکان و زمانیش ڕۆڵی خۆیان لەمەدا بینیوە، چونکە ی ن ک بنکەی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەی سلێمانیی سۆرانی زماندایە، لەکاتێکدا پ د ک هەژموونێکی گەورە و بێ ڕکابەری هەیە لە ناوچەی بادینانی کرمانجی زماندا.
كوردستان لە مەسەلەی پەناگەی ئارامدا یەکگرتوو بوو و لە هەڕەشەکانی بەغدا پارێزراو بوو، بەڵام یەکگرتنی ناوخۆیی پێدەچوو دوور بێت و لە مەودای بینیندا نەبێت.
ئەو پەستی و تووڕەییە لەڕادە بەدەرەی کەوا دانیشتووانە مەدەنییەکە بەئاشکرا گوزارشیان لێوەدەکرد تەحەدای خاڵەکانی پشکنینی سەربازیی دەکرد کەوا کوردستانیان دابەش کردبوو و پیادە کردنی فشارێک بوو لە سەر هەردوو لا کە نکووڵی لێ ناکرێت. بەڵام لە کۆتاییدا زاڵ بوون بەسەر ململانێکەدا لەسۆنگەی ئەو گەڕی دانوستانانەوە کە دیپلۆماتە فەرەنسی و ئەمریکییەکان بەشدار بوون تێیدا لە هاوینی ١٩٩٦دا. ئەوەی کە ناوی لێنراوە ڕێککەوتننامەی واشنتۆن و لە ساڵی ١٩٩٨دا ئیمزا کراوە ڕێگەی بە پێکهێنانی حکوومەتیکی نوێی دوو حیزبیی داوە لەگەڵ پەرەپێدانێکی پرۆسەیەکی ناتەواوی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە. "پرۆگرمی نەوت بەرانبەر بە خۆراک"یش کە لە دیسەمبەری ١٩٩٦وە دەستی پێکرد و ڕێگەی بە عێراق دا کە بڕە نەوتێکی بفرۆشێت بۆ ئەوەی بیداتە خۆراک و دەرمان یارمەتیی سووککردنی ململانێکەی دا. بەو پێیە هەرێمە کوردییەکە توانی بگاتە ١٣ لە سەدی داهاتی نەوتی عێراق. هەردوو لایەنەکە ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و فرەیی سیاسی و ئازادیی ڕۆژنامەنووسی تا ئاستێکی گەورە، بەڵام دینامیکەکانی میلیشیا و میراتگری بە درێژایی ساڵانی ١٩٩٠کان لە سیاسەتی کوردی نەڕەوییەوە.
ئێران: سیاسەتی کوشتن و چاکسازی
جووڵانەوەی کوردی ئێران تووشی شۆکێکی تری مێژوویی بوو بە تێرۆر کردنی سادیقی شەرەفکەندیی سەرکردەی نویی حەدەکا، لە بەرلین ساڵی ١٩٩٢، تەنها سێ ساڵ دوای کوشتنی قاسملوو، کە زیاتر بزووتنەوەی کوردی ئێرانی ئیفلیج کرد. سیستەمی دادپەروەریی ئەڵمانی بەرپرسیارێتیی خستە ئەستۆی بریکارە نهێنییەکانی ئێران. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا هەردوو حیزبە سیاسییە سەرەکییەکە، کۆمەڵە و حەدەکا، چوونە ناو ماوەیەکی دوورودرێژی پرۆسەی کەرت و پەرت بوونی ناوخۆییەوە، هەروەها پەکخرابوون لەبەر ئەوەی دەبوو زیاتر لە دوورخراوەییدا (دیاسپۆرا) کار بکەن وەک بزووتنەوەکانی تاراوگە نەک کوردستانی ئێران خۆی.
بەهەرحاڵ، شکست و لێقەومانە سیاسی و سەربازییەکان کۆتایی دینامیکییەتی کورد ناگەیەنن لە ئێراندا. لەپاش ساڵانی سەرکوت کردنی زۆر توندی ماوەی سەرۆکایەتیی ڕەفسەنجانی (١٩٨٩ – ١٩٩٧)، موحەممەد خاتەمیی پیاوی ئاینیی خاوەن پاشخانێکی پتەو لە بواری کولتووریدا، بە سەرۆکی نوێی ئێران هەڵبژێردرا. هەرچەندە ئەو پێشتر یاریدەدەرێکی نزیکی خومەینی بوو و کاربەدەستیکی پایەبەرز بوو، نوێنەرایەتیی وەک دەگوترا تەوژمی چاکسازیی دەکرد لە ناو دەزگا و دامەزراوەی فەرمیی ئێراندا. بەڵام هەر زوو تێگەیشت کە دەستی بەستراوە لەلایەن بەرەی "موحافزەکانەوە"، کە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵا و پاسداران بەرجەستەیان دەکرد. ئەو هێشتا یەکەم مەرجی بواردانە بە فرە دینامیکی بۆ گەشەکردن لە ئێراندا بەگشتی و لە کوردستاندا بەتایبەتی. بەدڵنیاییەوە خاتەمی نیازی ئەوەی نەبوو ڕژیمی ئیسلامی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سیاسەتەکانی نەرمتر و زیاتر لیبراڵی و دیموکراتی بوون. لە هەمان کاتیشدا، گەلێ لە ڕادیکاڵ و توندڕەوەکانی پێشووی هێنایە پێشەوە، وەک حەمید ڕەزا جەلالپوور، کە بەشداریی پێشێل کردنە گەورەکانی مافی مرۆڤی کردبوو لە کوردستان لە دوای شۆڕش و گەیشتبووە پلە و پایەی ئیداریی باڵا. هەروەها لەلایەکی ترەوە، خاتەمی عەبدوڵا ڕەمەزانزادەی کوردی شیعەی لە ڕووی سیاسییەوە لیبراڵی بە ئوستانداری کوردستان دامەزراند ستایشی ڕۆڵی کوردی کرد لە مێژووی ئێراندا و بوونی پاسدارانی کەمکردەوە لە ناوچەکەدا. بەو پێیەش، نوێنەرانی کورد لە پەرلەماندا توانییان هێزی خۆیان بکەن بە یەک و داوای مافە کولتوورییەکان بکەن و گەلێ لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کورد توانییان نمایشی هونەری خۆیان بکەن و بەشداریی ژیانی کولتووریی ئێران بکەن، بەتایبەتی لە بواری سینەما و هەندێ حاڵەتدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە فیلمەکانیاندا. ئەم نوێبوونەوە مەدەنی – کولتوورییە بچڕا بە هەڵبژاردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد و سەرکوت کردنی حکوومەتەکەی بۆ کاری پشێوی و ئاژاوەگێڕیی جەماوەری کە لە شارە جۆراوجۆرە کوردییەکاندا ڕوویاندا لە ساڵی ٢٠٠٥دا.
تورکیا: سیاسەتی یاسایی و خەباتی چەکداری و سەرکوت کردن
لە تورکیای ساڵانی ١٩٩٠کاندا، بزووتنەوەی کورد وەرچەرخانی بەسەرداهات بەڵام بۆ دوو بەشی یەکتر تەواوکردوو پەرەیسەند، کە بریتی بوون لە شێوازی کاری یاسایی و چەکداری، لەگەڵ هەندێک نەرمی لە نێوانیاندا. وەک پێشتر باسی لێوەکراوە، ئەو نوینەرە کوردانەی پەرلەمان کە لە دوای کۆنفرانسی ساڵی ١٩٨٩ی پاریسەوە دەرکران حیزبێکی سیاسیی نوێیان دامەزراند بە ناوی HEP، کە دەیتوانی کاندیدەکانی لە ناو لیستی حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی پۆپۆلیستدا (SHP) پێشکەش بکات. ئەوجا بەهۆی باشەی ئەم مانۆرەوە ئەوان دەیانتوانی بەربەستی ١٠ لە سەدی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و بچنە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان). لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩١، ئەو نوێنەرانە لە حیزبیSHP دەستیان لەکار کێشایەوە و گرووپی پەرلەمانیی بیست و دوو کەسیی خۆیان دروستکرد٢. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢دا، کە بوو بە هۆی سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)ی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی HEP بەدوای ئەودا هات، پارتی هادەپ HADEP بە لیستی تایبەتی خۆی چووە ڕکابەریی هەڵبژاردنەوە، بەڵام تەنها ٦،٥ لە سەدی دەنگەکانی هێنا و بەو پێیە نەیتوانی بچێتە ئەنجومەنی نیشتمانییەوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٢دا توانی سی و حەوت شارەوانی بباتەوە، کەوا ئەنجومەنی شارەوانیی تێدابوو، کەوا شارێکی سەرەکیی کوردە لە تورکیادا.
ئەم بزووتنەوە یاسایی و سیاسییە، سەرباری ناهەمواری و ناهاوچەشنیی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتی و نەوە و جەندەری بەڵام شتێکی پێكهێنا کە دەکرێ ناوی لێ بنرێت "ئەکتەرێکی نوێنەرایەتی کردنی" کۆمەڵگەی کوردی. بەهەرحاڵ، هاوتەریب بەمە پەکەکە وەک "ئەکتەری سەرچاوەی" سەرەکیی کورد لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا خۆی سەپاندبوو، بەو مانایەی کەوا قسەی کۆتایی هی ئەوە لە هەر وەرچەرخان و پەرەسەندنێکی مەسەلەی کورددا. هەروەها گرەوی دەرکەوتنێکی گشتیی گەورەشی بردووەتەوە، بە ڕووماڵێکی بەرفراوانی میدیا و ڕۆژنامەگەریشەوە. هەڵبەت وەک دەردەکەوێت و بەبەڵگە کراوە لە کوشتنی چەند سەد کەسێکی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکاندا لە کاتی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی ساڵی ١٩٩٢دا، ئەو شەرعییەتە دیفاکتۆیەی ئەم بەدەستیهێنا لە تورکیادا ڕێگەی بە داپڵۆسین و سەرکوت کردنی دەوڵەت نەگرت، بەڵام توانای بەرگری کردنی لە بەردەم سوپای تورکیا و هیزەکانی ئاسایش و پاسەوانانی گونددا بۆ نزیکەی دەیەیەک لە شەڕکردن جەماوەرێکی پشتیوان و هەواخوای بۆ دروستبووە و بواری داوە بە پەیامی ئەوانەی داکۆکییان لە چارەسەرێکی ناسەربازی دەکرد بۆ مەسەلەی کورد سەدا و دەنگی خۆی بداتەوە لە ناویاندا. کاریگەریی هاوبەشی گۆڕانکارییەکانی کە ڕوودەدەن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و شۆک و هێدمەی شەڕی خۆ بە خۆی کورد لە عێراقدا ساڵی ١٩٩٢ لەناو ڕای گشتیی کورددا (بڕوانە سەرەوە) و کۆتایی بلۆکی سۆشیالیستی، هەموو ئەمانە پاڵیان بە عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕابەری پەکەکەوە نا هەوڵی دانوستان بدات لەگەڵ تورکیادا. سیاق و دۆخی تورکیاش پێدەچوو تا ڕادەیەک دڵخۆشکەر بێت، چونکە زۆرێک لە فەرماندە سەربازییە خانەنشینەکان ڕوون و ئاشکرا پێیان لەوە دەنا کەوا سەرکەوتنێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە دژ بە گەریلاکانی پەکەکە زۆر دوورە. دێمیریڵی سەرۆک وەزیرانی نوێ پاش ئەوەی بانگەشەی هەڵبژادنەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە دیموکراتیزە کردن دەبەست، بە ئاشکرا دانی نا بە "ڕاستیی کورددا". لەوەش گرنگتر، ئامانجی سەرۆک ئۆزال ئەوە بوو کە سەدەی بیست و یەک بکاتە "سەدەیەکی تورکی" و گەیشتبووە ئەو دەرەنجامەی کە دەبێ چارەسەرێکی سیاسیی بۆ مەسەلەی کورد بدۆزرێتەوە. پرۆژەکەی ئەو سەبارەت بە ناسێنتراڵ کردنی تورکیا، کە وایدەبینی پەلەیە و لای وابوو پێویستە جڵەوەکە شل بکرێت لەسەر ئەو ویلایەت و ناوچانەی کەوا لەژێر سەرکوت کردنی پەڕگری دەوڵەتدان و وڵات توانادار بکرێت و واش بە گونجاوی دەبینی کە بە کەمترین زیان کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. دواجار، ئۆزال زۆر بە پەرۆش بوو بۆ زیادکردنی کاریگەریی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بێت و نەخشەکەشی نەگۆڕدرێت و کۆشش و داکۆکی دەکرد بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکانی عێراقدا بەو پێیەی کە مەرجێکی زۆر پێویستە بۆ وەرچەرخان و پەرەسەندنێکی لەم چەشنە.
جەلال تاڵەبانیی ڕابەر و سەرکردەی (ی ن ک) وەک نێوەندگیر کاری دەکرد لە نێوان ئۆزال و ئۆجەلاندا و لە پرێس کۆنفرانسێکی گەورەدا کە چاوی میدیایەکی بەرفراوانی لەسەر بوو، ڕابەری پەکەکە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣وە ئاگربەسی یەکلایەنەی ڕاگەیاند. بەهەرحاڵ، ئەم ئاگربەسەی کە هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی خولقاند لە وڵاتدا، کورتخایەن بوو و لە پاش ماوەیەکی کەم، شەمدین ساکیک کە یەکێک بوو لە سەرکردە ناوچەییەکانی پەکەکە و فەرمانی کردبوو بە ئیعدام کردنی سی و سێ سەربازی بێچەکی تورکیا، کە ئەمەش نیگەرانی و ناڕەحەتییەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا. پاشانیش ئۆجەلان تۆمەتباری کرد بە چەتەیی و ڕێگری و (دواتریش هەر بە کردەوە دەبێتە هاوکاری ئەنقەرە لەپاش دەسگیرکردنی لە ساڵی ١٩٩٨دا). سەرکۆنە کردنی توندی ئۆجەلان بۆ ئەم کوشتارە نەیتوانی جارێکی تر متمانە بنیات بنێتەوە. لە هەمووی گرنگتر، مەرگی لەناکاوی ئۆزال لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣دا پەکەکەی بە بێ دانوستانکار جێهێشت و لێرەوە ئیتر سولەیمان دێمێریڵی سەرکۆماری نوێ و تانسۆ چیلەری سەرۆک وەزیرانەکەی پاڵپشتیی تەواوی خۆیان دا بە سوپا و چارەسەری سەربازی.
بێگومان لێکەوتەکانی شکستی شەڕوەستان و ئاگربەس زۆر سامناک بوو. جەنگی گەریلایی بەجارێ توند بووەوە و بوو بە هۆکاری گیان لەدەستدانی زیاد لە ٣٠ هەزار قوربانی لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا و نوێنەرە یاساییەکانی کورد کەوتنە ژێر فشارێكی توند و قورسەوە. لە مارتی ١٩٩٤دا، چەند نوێنەرێکی پەرلەمانیی HEP، لەنێویشیاندا لەیلا زانا، کە دواتر خەڵاتی زاخارۆڤی بردەوە و ماوەی دە ساڵ خستیانە زیندانەوە. ئەودوای نوێنەرەکان و ئەکتەرە یاساییەکانی تر، ساڵی ١٩٩٥ پەرلەمانێکی کوردیی تری سەر بە پەکەکەیان دامەزراند لە تاراوگە. تیمەکانی مەرگ لەم ماوەیەدا گەلێ لە پیاوانی خاوەن کار و کەسایەتیی سیاسییان کوشت کە لە لایەن تانسۆ چیلەری سەرۆک وەزیرانەوە بە هاوکاری کردنی پەکەکە تۆمەتبار کرابوون. ڕووداوێکی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٩٦دا لە ناوچەی سوسەرلوکی سەر بە پارێزگای بالیکەسیر رووناکییەکی بێئامانی خستە سەر ئەم تیمی مەرگانە کە بەم شێوەیە بوو: عەبدوڵا چاتلی، رابەری ڕاستڕەوی پەڕگر لە گەلێ مەسەلەی کوشتنی سیاسیدا گلاوە و هەروەها لە هەوڵدان بۆ تێرۆر کردنی پاپا جۆن پۆڵی دووەم لە ساڵی ١٩٨٢ و حوسەین کۆجەداغی ئەفسەری پلە باڵای پۆلیس، لەو ڕووداوی ئۆتۆمبیلەدا مردن. سەدات بوجاک، کە سەرۆکێکی ناوداری عەشیرەتی بوجاکی کوردی سەر بە ئەنقەرە بوو و فەرماندەیی سوپا تایبەتەکەی خۆیی دەکرد، تاقە دەربازبووی ئەو ڕووداوی تێکشکاندنەی ئۆتۆمبیلەکە بوو کەوا پۆلیس چەکێکی بێشوماری تێدا دۆزییەوە. لێکۆڵینەوەکان لە لایەن ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و کۆمیسیۆنێکی ئەنجومەنی نیشتمانییەوە بەڕێوەدەچوو لەبارەی ئەم ئابڕووچوونەوە و وەک دەگوترێت شاخێکێ سەهۆڵینی زەبەلاحی نێو دەریا بوو کە تەنها لووتکەکەی بەدەرەوە بوو. ئەم ڕووداوە دەریخست کەوا "باندەکەی سوسورلوک" تیوەگلاوی جەنگێکی دابەشکردنی داهاتی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان و خەڵک فڕاندنن و لە ئەشکەنجەدانیشدا تیوەگلاون و هەندێ بەرپرسی ئاست بەرزی دەوڵەتیشیان کوشتووە لە تورکیادا. لە نێو ئەم قوربانییە ئاست بەرزانەدا ناوی عەباس هیرام دێت، کە ئەفسەرێکی جارانی دەزگای میت بووە (دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی) و هەروەها جەم ئەرسەڤەری دامەزرێنەری دامەزراوەی هەواڵگریی نهێنیی جەندرمە و تاریق ئومیت کە یەکێک بووە لە هەواڵدەرە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی "جەنگی تایبەتی" و ئەگەری زۆریش هەیە ئەشرەف بەتلیسیشی تێدابێت، کە جەنەراڵی ئەرکانی جەندرمە (دەرەک) بوو. ئەنجامگیرییەکی تری ڕاپۆرتەکان ئەوەبوو کەوا باندەکەی سوسورلوک تەنها یەکێک بووە لەو باندە نیمچە فەرمییانەی چالاکن لە وڵاتدا (بۆزئەرسەلان، ١٩٩٩).
هەروەها یادەوەریی ئەوانەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا پێگەیشتوون بە بەرفراوانی لە قسە و باس و گفتوگۆی ئاشکرایاندا ئەوە دەردەخات کە وڵات لەم دەیەیەدا چی تێدا گوزەراوە و بە تاریکترین سەردەمەکانی مێژووی تورکیا دادەنرێت. هەروەها سەردەمێکیشە دەکرێ بە توندڕەوترین ماوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی بنێین، کە لە ڕووی سەربازییەوە بەتەواوی سەرکەوتوو بووە بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە شکستی هێناوە و لە دۆخێکی خودیی خەمناکدا پەرەیسەندووە. ئەم حیزبە لە دەمی پێنجەم کۆنگرەیدا کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بەستی، لەسەر تێڕوانینی توندوتیژیی خۆبەختکردووانە گیرسایەوە و ئۆجەلان کە وەک سەرۆک پێناسە دەکرا وا وێنا دەکرا کە بەرجەستەی "شەهیدانی" پەکەکەیە. ئەو لەوە زیاتر بوو کە تەنها سەرکردەیەکی سادەی سیاسی و سەربازی بێت، بەڵکو گۆڕابوو بۆ سەرچاوەیەکی لاساییکردنەوە و "شیکارییەکانی" بە ڕێنمایی پرۆسەی "بە پەکەکە بوون" دادەنرا و ئەمەش بە واتای خولقاندنی مرۆڤێکی نوێی کورد و کوردبوونێکی نوێ و مرۆڤبوونێکی نوێ دێت. ئۆجەلان لە چەندین بۆنەدا ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە ئەم ئامانجە نەک هەر تەنها پیرۆزە بەڵکوو هەوڵ و کۆششی بەردەوامی دەوێ و بگرە ئەو تا ئێستا بەتەواوی پێی نەگەیشتووە.
ئەم دەیەیە کوتوپڕ لە سالی ١٩٩٩ تەواو بوو، لەپاش هۆشدارییەک لە ئەنقەرەوە بۆ دیمەشق کە تێیدا داوای ڕادەست کردنی ئۆجەلانی کردبوو. بەمە حافز ئەسەدی سەرکۆماری سووریا داوای لە ئۆجەلان کرد سووریا بەجێبێڵێت. ئەوجا لەپاش گەشتێکی دراماتیکی و سەرسوڕمێن کە گەیاندیە ڕووسیا و ئیتالیا و یۆنان و پاش بەجێهێشتنی باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا بە ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە فڕێنرا و برا بۆ تورکیا، کاتێ کە بەڕێوەبوو بەرەو وڵاتێکی سێهەم کە ئامادەکاری کردبوو مافی پەنابەرێتیی بداتێ. ئۆجەلان لێرە لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کرا و حوکمی لەسێدارەدانی درا، بەڵام سزاکەی سووککرا بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی پاش ئەوەی سزای ئیعدام لەو وڵاتە هەڵوەشێنرایەوە. گرتنی ئۆجەلان شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی و توندوتیژیی بە دوای خۆیدا هێنا، لە نێویدا خۆبەختکردن و هێرش کردنە سەر نوێنەرایەتییەکانی ئیسرائیل لە ئەوروپا بەهۆی، وەک باس دەکرا، تێوەگلانی ئیسرائیلەوە لەگەڵ تورکیادا لە مەسەلەی دەسگیر کردنی ئۆجەلاندا. لە مانگی ئابی ١٩٩٩دا، ئۆجەلان لە زیندانەکەیەوە فەرمانی دەرکرد بۆ وەستاندنی هەموو شێوەکانی توندوتیژی و هەروەها ماوەیەکی نوێی ئاگربەسیش. ئەو هەر لە زیندانیشدا خۆی تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەیەکی وردی کارەکانی موڕای بووکچین، کەوا ڕێگەی خۆشکرد بۆ تیۆریی داهاتووی لەبارەی شارستانییەتی دیموکراتییەوە یان دیموکراسیی ڕادیکاڵی کە لە شوێنێکی تردا شیکاریی بۆ کراوە لە لایەن جۆنگەردەن و ئەککایاوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٠دا، کۆنگرەی حەوتەمی پەکەکە سەرۆکایەتییەکی بەکۆمەڵی هەڵبژارد کە پێکهاتبوو لەم فەرماندە پلە باڵایانە: جەمیل بایک، دوران کەڵکان، مستەفا قەرەسوو، موراد قەرەیڵان و عەلی حەیدەر کەیتان. بێجگە لە هەندێک جیاوازیی بیروڕا، سەرکردایەتییە نوێیەکە ئاسۆی سیاسیی خۆی بەرتەسک کردەوە و لێرە بەدواوە داوای ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردستان و دیموکراسیی بۆ تورکیا دەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٢وە دەسبەرداری ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو و ناوی ئازادیی کوردستان و کۆنگرەی دیموکراسی (KADEK)، پاشان کۆنگرەی گەلی کوردستان Kongra-Gel و ئەم کۆنگرەی گەلە تا ئەمڕۆ بە چالاکی ماوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥دا پەکەکە لەژێر ناوی پرۆگرامێکی سیاسیی نوێدا دەرکەوت.
سووریا: ڕۆژاڤا پێش ڕۆژاڤا
بە درێژایی ساڵانی ١٩٨٠کان و ١٩٩٠کان، دیمەنی سیاسیی کوردی سووریا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، کە لە ژمارەیەکی زۆری حیزب پێکدێت بەڵام تا ڕادەیەک نوێنەرایەتییەکی لاوازیان هەیە (تێجێڵ، ٢٠٠٩). بە شێوەیەکی فەرمی، ڕژێمەکەی حافز ئەسەد دۆخی کوردی لەو وڵاتەدا نەگۆڕیوە، چونکە ئەوانەی بەئاشکرا جاڕ لە "هاووڵاتی نەبوونیان" دراوە و ناسنامەی سوورییان لەدەستداوە پاش پەیڕەوی کردنی بەرنامەی "پشتێنەی عەرەبی" لە ساڵی ١٩٦٣دا مافە یاساییەکانیان نەگێڕاوەتەوە و هێشتا زمانی کوردی هیچ دانپیانانێکی نیە لە کۆماری "عەرەبیی" سووریادا. وەک ئەو داپڵۆسینە کوشندەیەی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی ١٩٩٠ دەریخست، کوردەکان ناتوانن بە ئاشکرا داوای شوناسی تایبەتی خۆیان بکەن و لەوە گەڕێ کە هیچ دۆخێکی فەرمییان هەبێت. حیزبە سیاسییەکانی کورد بە فەرمی قەدەغە کراون. تا ئێستاش، سەرۆک حافز ئەسەد، کە هەژموونی عەشیرەتێکی سەپاندووە و سەر بە کەمینەی عەلەوییە، بەرەوڕووی بەرهەڵستییەکی ئیسلامیی سوننی بەهێز بووەتەوە کە لە یاخیبوونەکەی ساڵی ١٩٨٢ی حەمادا گەیشتە ترۆپک و پێویستی بە هاوپەیمان بوو لە ناو کەمینەکانی تردا. بەم پێیە، سیاسەتمەدارە کوردەکان و لە ناویشیاندا سەرکردەکانی ئەو حیزبانەی بەڕەسمی قەدەغە کراون توانییان سوود لە زۆرێک لە پەیوەندییەکانیان ببینن لەگەڵ ئەم سیستەمەدا و تەنانەت هەندێکیان وەک ئەندامی پەرلەمانیش هەڵبژێردران. بە هەمان شێوە ناوەندە ئاینییەکانی کوردیش پێگەی بەرزیان داگیر کردبوو و لەوانە یەکێکیان موفتیی دیمەشق بوو. لە هەمووشی گرنگتر، ئەسەد بەئاشکرا پشتگیریی حیزبە کوردییەکانی عێراقی دەکرد و ڕێگەی پێدەدان کە ئۆفیسیان لە پایتەختی سووریادا هەبێت. هەروەها پارێزەری دیفاکتۆی ئۆجەلان و پەکەکەش و ئەو کوردە سوورییانەی کە لە ڕیزەکانی پەکەکەدا شەڕیان دەکرد لە خزمەتی سەربازی دەبەخشران و هەندێ جاریش زەمانەتی کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵایەتیی گەنجە کوردەکانیان دەکرد. ئەم هاوسۆزانەی پەکەکە دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣دا پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) دادەمەزرێنن.
حافز ئەسەد لە حوزێرانی ٢٠٠٠دا کۆچی دوایی کرد و دانانی بەششاری کوڕە تەمەن تەنها ٣٤ ساڵە لە بەریتانیا خوێندووەکەی ئەگەری هێنایە پێشەوە و هەلی ڕەخساند بۆ ئەوەی کە دواتر بە بەهاری دیمەشق ناوبرا، کە حیزبە کوردییەکان و بە دیاریکراوی یەکێتی (پارتی یەکێتی لە سووریا)، لە نزیکەوە تێهەڵکێشی بوون. بەهەرحاڵ، داگیر کردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، قۆناخێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزی هێنایە ئاراوە و ساڵی ٢٠٠٤ سەریکێشایەوە بۆ داپڵۆسینی سەخت و قورسی ڕکابەرە کوردەکان لە قامیشلیدا، کە کوشتنی نزیکەی پەنجا کەسی لێکەوتەوە و گرتنی ژمارەیەکی زۆریش.
ئەنجام
ئەو قەیرانەی کە ساڵی ١٩٧٩ بەو ڕووداوە گەورانە دەستی پێکرد کە ئێمە لە پێشەکییەکەماندا باسمان کرد کاریگەریی دوور و درێژی دروستکردووە و تا ئاستێک پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتان و کۆمەڵگەکانی پێش وەخت ئامادە کردووە کە تێبینی دەکرێت لە چەند بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ٢٠١٠دا. لەگەڵ ڕوودانی داگیرکردنی ئەفغانستاندا، توندوتیژیی ناو دەوڵەتان و لە نێوان وڵاتاندا لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا تاڕادەیەک بەسترابوو بە قۆناخێکی نوێی جەنگی ساردەوە و بەڵام تاڕادەیەکیش بەهۆی نەتوانینی سیستەمی جیهانی و دوو زلهێزی سەردەمەکە و یەکێتیی سۆڤیێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چارەسەری ململانێ ناوچەییەکاندا. شۆڕشی ئێرانی و سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن و ئەو قەیرانە خولاوەی کە لە لوبناندا جێگیر بووبوو لە ئەنجامی ئەو ئۆتۆنۆمییە گەورەیەی کەوا هێزە هەرێمییەکان دەستەبەریان کردبوو لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠کاندا. شەڕ و ململانێ لەسەر هەژموون و دەسەڵاتیش بووە بە ململانێیەک لە نێوان ئەکتەرە لۆکاڵەکان و نەک هەر تەنها لە نێوان ئەکتەرە زلهێزەکاندا، بەڵام بە شێوەیەکی کوتومت لە کاتی جەنگدا، جا ئەگەر ناوخۆیی بێت یان نێوان دەوڵەتان بێت یان ناچاری و زۆرەملێ بێت و ئەم ئۆتۆنۆمییە سەرناکێشێتەوە بۆ هیچ سیناریۆیەک لە توندڕەوی و رادیکاڵییەت بەولاوە و لە کۆتاییشدا بۆ پرۆسەی تێکشکاندنی خود.
شەڕ و ململانێی کورد یەکێک بوو لەم ململانێ ڕادیکاڵانە. هەروەها شۆڕشەکانی کورد لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٤٠کاندا و بزووتنەوەکەی بارزانییش لە ١٩٦١ – ١٩٧٥دا، ئەوەیان دەرخستووە کەوا کێشەی کورد بەدڵنیاییەوە کێشەیەکی نوێ نییە. سیستەمی ناوچەیی نێوان ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بەند بوو بە بنەمای نیزامێکی ئاسایشی نێوان ئەو دەوڵەتانە، کە ئامانجیان ئیحتیوا کردنی بزووتنەوەی کورد بوو. لەپاش ڕووداوەکانی ١٩٧٩ و جەنگەکانی ساڵانی ١٩٨٠کان، دۆخی هەنووکەیی (الوچع الراهن status quo) لەم چەشنەی نێوان دەوڵەتان دەرفەتی مانەوەی نەماوە. هەڵبەت ناکرێت ئەکتەرە کوردەکان لە دەرەوەی ئەو شانۆ پڕ ململانێی هەرێمایەتییە بمێننەوە کە بەم جۆرە دەرکەوتووە. ئەوان هەرچەندە زۆر لەو وڵاتانە لاوازتر بوون بەڵام هەوڵیان دەدا ڕووبەرێک بدۆزنەوە بۆ مانەوەیان و جوغزی سەربەخۆیی خۆیان فراوان بکەن لە کاردا.
لە ماوەی ئەم ساڵانەدا سەرتاپا کوردستان کاریگەر بووە بە شێوەیەک لە شێوەکانی جەنگ و توندوتیژی، کە دوو دینامیکی بونیادین بۆ ناکۆکی و ململانێی کورد و مێژووی کوردیان دیاری کردووە و لە هەمان کاتیشدا توندڕەو و میلیتاری بوون، کە ئەویش بڕبڕەپشتی ئەو فاکتەرەیە کە فەزای کوردی ونجڕونجڕ کردووە بە درێژایی سنوورەکانی دەوڵەت و زۆنەکانی زمان و تایفە و نەریتی پارتیزانی و کولتوورە سیاسییەکان کە بەسەر ئەم هەموو سنوورانەدا یەکیبخات لەژێر ئایدیا و ئایدیاڵی "کوردایەتی یان کوردبووندا" و لەلایەن گەلێ فۆرمی جووڵاندنی ئاشتییانە یان چەکدارانەوە. ئەمەش گرژییەک کەوا لەئەستۆگرتنی ئاسان بێت بەڵام هەرچۆنێک بوو ئیدارەی درا، هەرچەندە تێچوونێکی گەورەی هەبوو. ساڵانی ١٩٨٠کان (بە ئەندازەی ئەوەی کە پەیوەندیی بە تورکیاوە هەبوو لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا) ڕەنگە تەڵخ و تارترین سەردەمی پێکهێنابێت لە مێژووی کورددا بە خەمڵاندنێکی دەمبڕی قوربانییانی کورد و بەدیاریکراوی مەدەنییەکان، کە دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس. بەڵام لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠کانەوە، مانەوەی کورد وەک بەشێک لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا و بەو جۆرەش لە دەرەوەی سنووری کوردستان وادیار بوو کە دوور بووبێتن لە هەر هەڕەشەیەکی سەرەکی.
سەرچاوە:
مێژووی کامبریجی کورد (کۆمەڵێك توێژەر)
ئامادەکردنی: حەمید بۆز ئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
لەندەن – چاپی زانکۆی کامبریج – ٢٠٢١ ، لاپەڕە ٢٦٩ - ٢٨٨
ناوی بابەت / ڕۆژگارێکی تاریک: کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ١٩٧٩ - ٢٠٠٣
حەمید بۆزئەرسەلان
The Cambridge Histoty of THE KURDS
Editted by:Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes and Veli Yadrgi
Dark Times - Kurdistan in the Turmoil of the Middle East, 1979 – 2003
Hamit Bozarslan
پەراوێز:
1 لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا، سامی عەبولڕەحمان سەرکردایەتیی حیزبەکەی خۆی دەکرد، واتە پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان. لە پاش هەڵوەشانەوەی لە ساڵی ١٩٩٣دا، چووە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. سامی لە شوباتی ٢٠٠٤دا، پێکەوە لەگەڵ نزیکەی ٢٠٠ کەسایەتیی سەرکردەی کورددا، لە هێرشێکی جیهادیدا کوژرا.
٢ یەکێک لەم ئەندام پەرلەمانانە محەمەد سنجار بوو کە لە لایەن پۆلە فڕۆکەیەکی مەرگەوە لە باتمان کوژرا، کاتێ کە لێکۆڵینەوەی کرد لە کێشەی کوشتنە سەروو یاساییەکان، لە ٤ی ئەیلوولی ١٩٩٣دا.
Bibliography بیبلۆگرافی
-Ahmed, M. M. A. and Gunter, M. M. (eds) (2005). The Kurdish Question and the 2003 Iraqi War. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.
مەسەلەی کورد و جەنگی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ....
-Barkey, H. J. and Graham, E. F. (1998). Turkeys Kurdish Question. Lanham, MD: Rowman & Littlefield Publishers Inc.
کێشەی کوردستانی تورکیا ....
-Bozarslan, H. (1999). Network - Building, Ethnicity and Violence in Turkey. Abu Dhabi: ECSSR.
بنیاتنانی تۆڕ، ئیتنیک و توندوتیژی لە تورکیادا ...
-Bozarslan, H. (2012). Revisiting Middle Easts 1979. Economy and Society, 41 (4), 558 – 67.
پێداچوونەوە بە ساڵی ١٩٧٩ی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئابووری و کۆمەڵ
-Emanuelsson, A. (2005). Diaspora Global Politics: Kurdish Transnational Networks and Accommodation of Nationalism. Göteborg: Göteborg University.
سیاسەتی جیهانیی دیاسپۆرا: تۆڕی ترانسنشناڵی کوردی و خۆگونجاندن لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا ....
-Entassar, N. (1992). Kurdish Ethno - nationalism. Boulder, CO, and London: Lynne Rienner Publishers.
ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی ....
-Fanon, F. (2005 [1961]). The Wretched of the Earth. New York: Grove Press. سەرگەردانیی زەوی....
-Fischer-Tahir, A. (2002). ‘Wir gaben viele Märtyrer. Widerstand und kollektive Identitätsbildung in Irakisch-Kurdistan. Münster: UNRAST-Verlag.
"شەهیدی زۆرمان داوە". بەرگری و پێکهاتنی شوناسی بەکۆمەڵ لە کوردستانی عێراق.
-Giddens, A. (1985). The Nation - State and Violence. Berkeley, CA: University of California Press.
دەوڵەتی نەتەوەیی و توندوتیژی .....
-Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London: Routledge.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا ....
-Gunter, M. M. (1992). The Kurds of Iraq: Tragedy and Hope. New York: St. Martins Press.
کوردەکانی عێراق: مەرگەسات و هیوا ....
-Hiltermann, J. (2008). ‘The 1988 Anfal Campaign in Iraqi Kurdistan. www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/fr/document/1988-anfal-campaign-iraqikurdistan.
شاڵاوی ئەنفالی ١٩٨٨ لە کوردستانی عێراقدا ....
-Hoff, R., Leezenberg, M. and Müller, P. (1992). Elections in Iraqi Kurdistan. Amsterdam: Pax Christi. هەڵبژاردن لە کوردستانی عێراقدا ....
-Institut kurde de Paris (1991). Conférence Internationale de Paris, 14–15 octobre 1989. Paris: Institut kurde de Paris.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە پاریس، ١٤ – ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٨٩ ....
-Institut kurde de Paris (1992). International Inter - parliamentary Consultation on the Kurds, Washington D.C., 27 February 1991. Paris: LIKP. لەبارەی کوردەوە.... ڕاوێژی پەرلەمانیی نێودەوڵەتی
-Jongerden, J. (2007). The Settlement Issue in Turkey and the Kurds: An Analysis of Spatial Policies, Modernity and War. Leiden: Brill.
مەسەلەی نیشتەجێ کردن لە تورکیادا و کوردەکان: شیکارییەک بۆ سیاسەتەکانی ناوچەکە و مۆدێرن بوون و جەنگ ....
-Keen, D. (1993). The Kurds in Iraq: How Safe Is Their Haven Now? London: Save the Children.
کورد لە عێراقدا: لە ئێستادا پەناکەیان جەند ئارامە؟ .....
-Lawrence, Q. (2008). Invisible Nation: How the Kurds Quest for Statehood Is Shaping Iraq and the Middle East. New York: Walker Company.
نەتەوەیەکی نەبینراو: جۆن داواکاریی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت عێراقی داڕشتووەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا...
-Markus, A. (2007). Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence. New York: New York University Press.
خوێن و باوەڕ: پەکەکە و شەڕی کورد بۆ سەربەخۆیی ....
-Middle East Watch (1994). Bureaucracy of Repression: The Iraqi Government in Its Own Words. Washington, DC: Middle East Watch.
بێروکراتییەتی سەرکوت کردن: حکوومەتی عێراق لە دیدی خۆیەوە ....
-Naji, K. (2008). Ahmedinejad: The Secret History of Irans Radical Leader. London: I.B. Tauris.
ئەحمەدی نەژاد: مێژووی نهێنیی سەرکردەی ڕادیکاڵی ئیران....
-Randal, J. (1997). After Such Knowledge What Forgiveness? My Encounters with Kurdistan. New York: Farrar, Strauss and Giroux.
پاش ئەم زانیارییانە چ لێبووردنێک؟ ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ کوردستاندا .....
-Romano, D. (2006). The Kurdish Nationalist Movement: Opportunity, Mobilization and Identity. Cambridge: Cambridge University Press.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: دەرفەت، جووڵاندن و شوناس ....
-Stansfield, G. R. V. (2003). Iraqi Kurdistan: Political Development and Emergent Democracy.London: Routledge.
کوردستانی عێراق: پەرەسەندنی سیاسی و دیموکراسیی کوتوپڕ ....
-Tejel, J. (2009). Syrias Kurds: History, Politics and Society. London: Routledge.
کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت و کۆمەڵگە ....
-Turkish Probe (1993). ‘Differentiating between the PKK and the Kurdish Issue. 13 July.
لێکۆڵینەوەی تورکیا "جیاوازیی نیوان پەکەکە و مەسەلەی کورد" ....
-Vali, A. (2017). Silence au Rojhelat: une étude de cas. Anatoli, no. 8, 77–105.
بێدەگی لە ڕۆژهەڵاتدا: لێکۆڵینەوەی حاڵەت ....
-Watts, N. (2010). Activists in Office: Kurdish Ethnic Politics, Political Resources, and Repression in Turkey. Seattle, WA: Washington University Press.
چالاکوانان لە ئۆفیسدا: سیاسەتی ئیتنیکیی کوردی، سەرچاوە سیاسییەکان و سەرکوت کردن لە تورکیادا....
-White, P. (2000). Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? The Kurdish National Movement in Turkey. London: Zed Books.
یاخییە سەرەتاییەکان یان نوێگەرە شۆڕشگێڕەکان؟ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا ...
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق