ئەندامانی ناتۆ هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا دەکەن

ليست هناك تعليقات

وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ لە کۆبوونەوە دوو رۆژیەکەیاندا لە شاری ریگای پایتەختی لاتڤیا هەڕەشەیان لە رووسیا کرد، کە ئەگەر هێرشبکاتە سەر ئۆکراینای هاوپەیمانیان، ئەوا "باجێکی قورس" دەدات.

وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن رووسیا ژمارەیەکی زۆری سەربازی لە نزیک سنووری ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و نیگەرانن لەوەی داگیری بکات.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئێستا ئێمە نازانین ئایا سەرۆک پووتین بڕیاری خۆی داوە بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا یان نا. بەڵام ئەوە دەزانین کە خەریکە تواناکانی خۆی جێگیردەکات بۆ ئەوەی ئەگەر بڕیاریدا، لە ماوەیەکی کەمدا بیکات. بۆیە، وێڕای دڵنیانەبوونمان لەبارەی نیازەکان و کاتەکان، پێویستە خۆمان بۆ هەموو بارێکی لە ناکاو ئامادەبکەین و لە هەمانکاتیشدا کار بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا رووسیا هەنگاوەکانی پێچەوانە دەکاتەوە یان نا."

ئۆکراینا بەشێک نییە لە هاوپەیمانیی ناتۆ، بۆیە یان ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەگەری هێرشی رووسیا، ناتوانن بەرگریی سەربازیی لە ئۆکراینا بکەن، بەڵام دەتوانن "ئامرازەکانی بەرگری لەخۆکردن"ی بۆ دابینبکەن و لەڕێگەی سەپاندنی سزاشەوە رێگری لە هەر هێرشێکی رووسیا بکەن.

یان ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت "ئێمە ژمارەیەک بژارەی جیاوازمان هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە کە رووسیا رووبەڕووی ئەنجامی جیدی دەبێتەوە ئەگەر دووبارە هێز لە دژی وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی وەکو ئۆکراینا بەکاربێنێتەوە. لە سزای ئابوورییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە سزای دارایی و کۆتوبەندی سیاسی."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئێمە بۆ کریملینمان روونکردەوە کە بەهێزەوە وڵامدەدەینەوە، لە نێویشیاندا لەڕێگەی ژمارەیەک رێوشوێنی ئابووریی بەهێز و کاریگەر کە لە رابردوودا خۆمان لە بەکارهێنانیان بەدوورگرتووە."

پێشتر ئەمریکا هۆشداریی بە ئەوروپییە هاوپەیمانەکانی دابوو کە رەنگە رووسیا ئۆکراینا داگیربکات. بەڵام ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو سەربازانەی لە نزیک سنووری ئۆکراینا بوون، پێشتر بۆ مەبەستی راهێنانی سەربازی نێردراونەتە ئەو شوێنە نەک بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا.

هەروەها رەخنە لە ناتۆ دەگرێت بەوەی کە مانۆڕە سەربازەکانی لە نزیک سنووری رووسیا زیادکردوون. سەرۆکی رووسیا داواش لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات ئۆکراینای هاوسنووری نەکەن بە ئەندام لە ناتۆ و خۆشیان لە جێگیرکردنی چەکی ستراتیژی لە نێو خاکی ئەو وڵاتە بەدووربگرن.

ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت "لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئێمە جەخت لە پێکهێنانی رێککەوتنی کۆنکرێتی دەکەینەوە کە بە هەموو شێوەیەک رێگە لە فراوانکردنی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵات و جێگیرکردنی ئەو چەکانە بگرن کە لە نزیک خاکی رووسیاوە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئێمە."

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم گوتانەی قەیسەری کریملنی بە "نوکتەیەکی خراپ" ناوبردن.

بڕیارە ئەمڕۆش لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێکخراوی ئاساییش و هاوئاهەنگیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسیەکەی کۆبێتەوە و نیگەرانییەکانی ناتۆی پێ بگەیێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif