کێشەی دایکان لەگەڵ باخچەی ساوایان.

ليست هناك تعليقات


ڕەهێل دزەیی
-
باخچەی ساوایان بەشێکە لە سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەر وڵاتێک. 

گرنگە منداڵ لە تەمەنی چوار ساڵی بنێردرێت بۆ باخچەی ساوایان، لە هەندی کات کە دایک کار بکات ئەوە دەکرێ منداڵەکەی لە تەمەنێکی کەمتریش ببات بۆ باخچەی ساوایان. باخچەی ساوایان شوێنێکە منداڵ تێدا بۆ یەکەمجارو بۆ ماوەیەکی زۆر دووردەکەوێتەوە لە باوەشی دایکی و ئاشنای منداڵانی تر دەبێت و بەرکەوتەی لەگەڵ چەندین کەسی گەورە دەبێت کە هەوڵدەدەن یارمەتی بدەن و فێری کۆمەڵە شتێکی بکەن لە ماڵەوە فێری نەببوو، کاتێکی خۆش بەسەر ببات لەگەڵ منداڵانی تر. 

کێشەی باخچەی ساوایان لە هەرێمی کوردستان زۆرە، ئەرکی خێزانی قورس کردوە. باخچەکانی فەرمی کە لەلایەک حکومەتی و وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتی دەکرێت، لە زۆر ڕوویەوە وەک پێویست نین. گەورەترین کێشە کە دایک و باوک ڕووبەڕووی دەبنەوە، کاتی مانەوەی منداڵەکەیانە لە باخچەی ساوایان. کاتی مانەوەی منداڵ لەم باخچانە تا کاتژمێر دووازدەی نیوەڕۆیە، ئەمەش کێشە بۆ ئەو دایک و باوکانەی دروست دەکات کە فەرمانبەرن و کاتی کارکردنیان زۆر درەنگتر تەواو دەبێت. ئایا بەرپرسان بیریان لەوە کردۆتەوە کە ئەم دایک و باوکانە منداڵەکانیان بۆ کوێ ببەن ئەو ماوەیەی کە ئەوان لەسەر کارن؟یان خۆیان بە بەرپرس نازانن؟

ئەم کێشەیە دایک و باوکان ناچار دەکات کە منداڵەکانیان ببەن بۆ باخچەی ساوانی کەرتی تایبەت، کاتی مانەوەی منداڵ لەم باخچانە زیاترە، ئەمەش بارگرانیەکی دارایی زۆر دەخاتە سەر خێزان، ئەی ئەگەر ئەم خێزانە دوو منداڵی هەبێ لە تەمەنی ئەوە بن بچن بۆ باخچەی ساوایان، ئەوە بارگرانیەکی قورستر دەکەوێتە سەریان. لە ڕاستیدا ئەم کێشەیە دەبێ گرنگی زۆری پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەو کارمەندەی ئەرکی هاوڵاتیان و فەرمانگەکەی جێبەجێ دەکات هەموو توانای بۆ کارەکەی تەرخان بکات، بێ ئەوەی هەردەم بیری لەلای منداڵەکەی بێت چۆن شوێنێکی بۆ بدۆزێتەوە ئەو ماوەی ئەو لەسەر کارەکەیتی، بێگومان ئەمە یەکێکە لە ئەرکەکانی حکومەت. یەکێکی تر لە کێشە زۆر گرنگەکانی باخچەی ساوایان ئەوەیە فەلسەفەیەکی یەکگرتوو نییە پەیڕەو بکرێت لە سەرجەم باخچە ساواکانی هەرێم. 

لە باخچە ساواکانی فەرمی، منداڵ تێدا بە شێوازێکی نادروست پەروەردە دەکرێت، زۆرێک دایکان گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکانیان دوای ئەوەی ناردوویەتی بۆ باخچەی ساوایان زۆر لاسار بووە و وشەی نەشیاو بەکار دەهێنێت. 

وەزارەت لە سەریەتی پلانێکی یەکگرتوو بۆ سەرجەم باخچەی ساوایان داڕێژێت و بەدواداچوون بکات بۆ دڵنیابوونی لە پەیڕەوکردنی پلانەکەی. لە قوناغی باخچەی ساوایان دەبی زیاتر گرنگی بە لایەنی پەروەردە وکلتووری بدرێت، فێرکردنی خوێندن و نووسین ئەرکی قوتابخانەکانە، لە باخچەی ساوایان منداڵان فێری گۆرانی و سرودە کۆنەکانی نەتەوەیەکەیان بکەن، یاریە کۆنەکانیان لەگەڵ بکەن،داستانە کۆنەکانیان بۆ بگێرنەوە بۆ ئەوەی کلتوری نەتەوەکەمان بپارێزین و لە رووی زمانەوانی گەشە بکەن. فێری شێوازی نان خوارد و چۆنیەتی ڕاگرتنی تەندروستی خۆیان بکەن، فێری هاوڕیەتیان بکەن، فێریان بکەن ڕێز لە یەکتر بگرن و بە بێ ئەوەی پرس بکەن دەست بۆ کەلوپەلی هاوڕێکەی نەبات، فێری خۆشەویستیان بکەن، بە خۆشەویستیەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، فێری میهرەبانی و هاوکاری یەکتریان بکەن، ئەمانە گرنگترن و ئەرکی ئەم قۆناغەیە، خوێندن و نوسین لە تەمەنێکی گەورەتر و لەلایەن کەسای پسپۆرتر فێری دەبن.

ئەم جیاوازیە زۆرەی لە نێوان باخچەی ساوایانی فەرمی و کەرتی تایبەت هەیە، گومان لەلای زۆرێک دروست دەکات، ئایە بە مەبەستە؟ بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بە ناچاری منداڵەکانیان بنێرن بۆ باخچەی ساوایانی کەرتی تایبەت، کە زۆرێک لەم باخچانە موڵکایەتی بۆ کەسانی دەسەلاتدار دەگەڕێتەوە، یان بێباکی حکومەتە بەرامبەر بەم کەرتە گرنگ و هەستیارەیە؟

سستمی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان بە هەموو قۆناغەکانی لە قەیراندایە، تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی جدی نەبینراوە بۆ باش کردن و بەرەوپێشچوونی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لەم هەرێمە. لە بێباکی و گرنگی نەدانی حکومەت بەم کەرتە، کۆمەڵگا و دواڕۆژی هەرێمەکەمان گەشبین نابیندرێت. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif