گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات و چارەسەریش هەر لێرەیە!

ليست هناك تعليقات



گۆران عەلی كەریم
-
پارتی و یەكێتی وەك دوو لایەنی خاوەن هێزو خاوەن بریار، زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە ئیدارەو حوكمرانی كوردستانیان لەبن دەستە، بەهۆی هەڵكەوتە و جوگرافیای پێگەی جەماوەریان، ئەستەم بوو گەر ئەم دوو هێزە پێكەوە نەبونایە، لایەكیان بەتەنیا بیتوانیایە ئیدارەی ئەم هەرێمە بەرن بەرێوە، ئەو واقیعە دوای ئەم سی ساڵەی ئیدارەی هەرێم ئیستاش باقییە و هیچ لایەكیان بەتەنیا ناتوانن قەڵمرەوی حوكمرانیان بەسەر كوردستاندا فەرز بكەن. خۆگەر لەرابردوشدا هەوڵی شتێكی وادرابێت ئەوە بەرئەنجامێكی تاڵ و شەری خۆبەخۆی لێكەوتۆتەوە، بۆیە لەسەر ئەم واقیعە سیاسیی و كۆمەلایەتیە گرنگە هەردو لایان گرەوەی پێكەوە بوون و پارستنی هاوسەنگی هێزیان ببەستنەوە بەمانەوەی واقیعی ئێستاو تەنانەت قەوارەی هەرێمی كوردستانیشەوە.

گرفتەكە لێرەوە دەست پێدەكات، كە لەبەرامبەر ئەم واقیعەدا لایەكیان بیانەوێت بەتەنیا حوكمرانی بگرنە دەست، یان لایەكیان هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەدا بروات کەلاكەی تریان بخاتە بنهەنگڵی ئاراستە سیاسی و حزبیەكەی خۆی. دیارە هەردوو لایان بە باشی و خراپیەكانیانەوە، كۆڵەكەی راگری یەكترن و هەرهەوڵیك بۆ بچوك كردنەوەو شكستهێنانی لایكەی تریان، وەك ئەو هەوڵە وایە كەسێك داری ژێر خۆی ببرێتەوە.

گرفتەكە لێرەوە دەستپێدەكات، بەپشت بەستن بەهێزی دەرەكی و هەرێمایەتی، ئەو دوهێزە دژایەتی یەكتر بكەن، رابردوو شاهیدی ئەو جۆرە هەوڵانەیە و باجەكەشی زۆر قورس بووە لەسەر خۆیان و خەڵكی كوردستانیش، بۆیە بەسود وەرگرن لەو ئەزمونە تاڵانەی رابردوو، پێویستە پارتی و یەكێتی، بۆ ئارامی و بەهێز بوونی هەرێم، پێش ئەوەی سەر بەدیوەخانی هەر وڵات و لایەنێكی تردا بكەن، پیش ئەوەی دەستی تەبایی و هەماهەگی بۆ ئەوی دی درێژ بكەن، پێویستە ناو ماڵی كوردی رێكبخنەوەو لە هەموشی گرنگتر بەپەیوەندیەكانی خۆیاندا بچنەوە و بەدەر لەرەوایەتی ململانێیەتی سیاسی و كێبەركێ لەسەر ئاوەدانكردنەوەو پیشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر، دەستبەرداری قۆڵبادانی یەكتربن، چونكە دۆخەكەش هەر ئەوەیان لێ دەخوازێت.

ئاشكرایە چارەسەری بەشێكی زۆر لەگرفتی ئیداری، ئەمنی، مالی و تەنانەت پاراستنی هاوسەنگی هێزیش لای پارتی و یەكێتییە، ناكرێت ئەوان خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە بدزنەوە كە بەسەر شانیانەوەیە. ئەمرۆ هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵدا دەژی، قەیرانێك كە ناوئومێدیەكی زۆری لای خەڵك دروست كردوە، بەم ئەقڵیتە حوكمرانیەی ئەمرۆ رۆژ بەرۆژ گرفتەكان قوڵتر و فراوانتر دەبنەوە و رێگای چارەسەریش دورتردەكەوێتەوە، ئەرك و بەرپرسیارێتی چارەسەریش لەسەر شانی ئەو دوهێزەیە و بەڵگە نەویستیشە بەتەنیا هیچ لایەكیان توانای چارەسەریان نییە.

چارەسەری كیشە گەورەكە لەناو گرفتەكانی پارتی و یەكێتیدا نوستوە، بۆیە گەران بەدوای چارەسەردا لێرەیە كە پارتی و یەكێتی چیتر لەچاویلكەی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆیانەوە لەلۆژیكی حوكمرانی نەروانن، پۆست و داهاتی حزبیان نەكرێتە ستراتیژ و دەستكەوتەكانی شەری ناوخۆ نەكەنە بنەمای حوكمرانی ئیستاو ئایندەیان، بەڵکو پێویستە پێكەوە پرۆژەیەكی گشتگیر بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی لە هەرێم و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ بەغداد دارێژن، بەهێزی ئەنقەرەو تاران نەبنە مەترسی بەسەر یەكەوە. 

چارەسەر لێرەوەیە، پێش ئەوەی چاوەرێی ئەوە بكرێت لایەنی غەیرە كوردی دەستی یارمەتیان بۆ درێژ بكات، ئەم دوو لایەنە خۆیان دەستی كاری پێكەوەییان بۆیەكتر دریژ بكەن و دوربكەونەوە لە عینادی سیاسی، دیارە ئەوەی دەستپێشخەری كارێكی لەو جۆرەش دەكات وەك ئەوەی مام جەلال لەرابردودا بۆئاشتی نێوان پارتی و یەكێتی كردی، فەزڵی بۆ دەگەرێتەوە، چونكە سازش بۆئاشتی و بۆمیللەت، لەپێناو سەرخستنی نەتەوەی خۆت، فەزڵە نەك سازش.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق