دەنگی زیندانەکان: چیرۆکی زیندانەکانی دوای ڕژێمی سەدام حوسێن لەعێراقدا

ليست هناك تعليقات



نەبوونی دادپەروەری لەنێو زیندانەکاندا ناوبانگی عێڕاقی گەیاندە بەرزترین ئاست لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی پێشوو، دوای تیپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر داگیرکردنی عێڕاق بەسەرۆکایەتی ئەمریکا و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن، ھێشتا عێڕاقیەکان شاھێدی پێشێلکاری ترسناکی مافەکانی مرۆڤن لەنێویشیاندا مافی زیندانیەکانیان.

رەفتار و ھەڵسوکەوتەکانی رژێمی سەدام حسێن و کوڕەکانی و پیاوانی بەعس دوور بوو لە ھەموو میکانیزمێکی دامەزراوەی لە حوکمدا. ئەمەش رەنگی دابوەوە لەسەر شێوازی سیاسەتی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنی و ھەواڵگریەکانی کە بۆ ماوەی چەندین دەیە پێشێلکاری خوێناوی دژ بە عێڕاقیەکان کرد، بەجۆرێک ھەتا ئەمڕۆ هێڵی نێوان ھەردوو چەمکی - دەوڵەت و چەتە - هێشتا زاڵە.

رژێمی سەدام حسێن بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەشکەنجەدانی بەکاردەھێنا بۆ کۆتایھێنان بەھەر لەتبوون و ئۆپۆزسیۆنێکی حزبی بەعسی فەرمانڕەوا. ھێزە ئەمنیەکان گیراوەکانیان ئەشکەنجە دەدا بۆ دەرھێانی زانیاری و دان پێدانانیان، وە بۆ سزادان و ترساندنیان، ھەروەھا کۆمەڵێک میکانیزمی ترسناکی ئەشکەنجەدانیان دامەزراند، وە باوەڕی تەواویان ھەبوو کە ھەمیشە پارێزراو دەبن لە سزادان.

بۆ تێگەیشتن لەبارودۆخی نێو زیندانەکان پێویستە بە باکگراوندی مێژووی ئەم دیاردە بەردەوامەدا تێپەڕبین، بەگەڕاندنەوە بۆ ساڵی 2001 و خوێندنەوەی راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک شاھێدی دەدۆزینەوە کە بەوردەکاری باسیان لە زیندانەکانی رژێمی پێشوو کردوە، لە راپۆرتەکەدا ھاتووە کە زیندانیەکانیان بە چاو و دەستی بەستراو و بەڕوتی لە دۆخێکی ناھەموار و قورسدا ھەموو جار بۆ ماوەیەکی زۆر ھەڵدەواسران.

ھەروەھا زیندانیەکانیان روبەڕوی لێدانی کارەبا دەبوونەوە لە ئەندامەکانی زاوزێ و گوێ و زمان و پەنجەکانیان، وە لێدان لەژێر پێیەکانیان و فەلاقەکردنیان و لێدانی جەڵد بە قامچی و سۆندەو و شوڵ و بۆری و سوتاندن بەجگەرەو ھەڵکەندنی دەستیان بەدڕێلی کارەبا و ھەڵکەندنی نینۆک لە پەنجەی دەست و پێ یەکانیان.

لەدوای پرۆسەی داگیرکردنی عێڕاق بارودۆخی زیندانەکان نەک باشتر نەبوو بەڵکو بەرەو خراپتر رۆشت، ھێزەکانی ئەمریکا بە ئابڕوچونەکانی ئەبوغرێب مودێلێکی نوێیان بۆ عێڕاق جێھێشت، کاتێک بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە ھەستان بە ئازاردان و سوکایەتی کردن بە زیندانیە عێڕاقیەکان، لەکاتێکدا ئەو زیندانە ھەر لەکاتی رژێمەوە ناوبانگێکی خراپی ھەبوو.

دواتر کاتێک دەستەڵاتدارانی نوێی عێڕاق کاروبارەکانی دەوڵەتی عێڕاقیان گرتەوە دەست دوای ساڵی 2003، ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان دەوڵەت و چەتەگەرای نەما، لەنێو ھەناوی ئەو زیندانانەی کەپێشتر رژێمی سەدام حسێن پێش 18 ساڵ بەکاری دەھێنا ھاواری زیندانیەکانیان بەرزبویەوە، بەڵام دەنگێکی نزمتر، وە ڕای گشتی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوون لەوەی کەچی دەگوزەرێت.

لەسەر ئاستی عێڕاق لەدوای ساڵی 2003 ، یەکەم پێشێلکاری دیار کە دژ بەمافەکانی زیندانیان کرا بریتیبوو لە بڕیارەکانی ئەو وەزیرانەی کە جانتای وەزارەتی دادیان لابوو ئەویش بە قبوڵکردنی سەدان ئەندامی گروپە میلیشیاییەکان لە نێو وەزارەت و کارکردن لە کەرتی بەندینخانەکان، ئەمەش بەپێی پلانێکی تێکەڵکردن بوو پێش داگیرکرکاریەکانی داعش لە 2014.

دواتر سیستەمی سیاسی بنەمای گەورەی پێشێلکاری دامەزراند لەنێو زیندانەکان، تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە مافیاکان ھەموو کارێکی قەدەغراو بەڕێوەببەن لەنێو زیندانەکان. پلانەکان لەچوارچێوەی ھاوکاری نێوان ھەندێ دامەزراوەی عێڕاقی لەلایەک و ھەندێک گروپی چەکدرایی کە دەجەنگان بۆ دەستبەسەراگرتی ئەو دامەزراوانە لەلایەکی ترەوە ھاتبوو.

ھەرچەندە لە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە 111ی ساڵی 1966 دا ھاتووە کە "حوکم دەدرێت بە زیندان ھەر فەرمانبەرێک یان ھەر کەسێک راسپێردرابێت بە خزمەتێکی گشتی ئەگەر ھاتوو ئەشکەنجەی تۆمەتبار یان شاھێد بدات یان فەرمان بدات بە ئەشکەنجەدان" بەڵام ھیچ بەرپرسێک روبەڕوی سزا نەبۆتەوە لەسەر ئەو کردەوانە، سەرەڕای بەردەوامی ھەمان ئەو رێبازەی کە لەپێش داگیرکردنی عێڕاقەوە ھەبووە.

دروستکردنی تائیفەگەری لەنێو زیندانەکان 

لە چەندین راپۆرت و لێکۆڵینەوە دا ھاتووە کە باس لە پێشێلکاری گەورە دەکەن لەنێو زیندانەکان و تیشک دەخەنە سەر ژیانی زیندانیە عێڕاقیەکان. ھەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە ژینگەیەکی گۆشەگیری تائیفی لەنێو زیندانەکاندا ھەیە، دواین ئاماری پێشێلکارییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە 39 هەزار ژن و پیاو و خێزانەکانیان لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی پێشێلکاری و خراپ مامەڵەکردن و جیاکاری تائیفی بونەتەوە.

هەرچەندە زیندانەکان بەدەست قەرەباڵغی و کەمی ھاوکاریە پزیشیکیە دەناڵێنن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیندانیەکان توشی چەندین نەخۆشی جۆراجۆر بوون لەوانە نەخۆشیەکانی پێست و ھەستیاری و خوران، لەگەڵ ئەوەشدا گۆشەگیری تائیفی زۆر بەرونی لە ژینگەی زیندانەکاندا ھەستی پێدەکرێت.

راپۆرتی سەنتەری بەغداد بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێو زیندانەکاندا بەپێی پێکھاتەکان زیندانیەکان جیاکراونەتەوە، ھەندێ لە ھۆڵەکان تایبەت کراون بە پێکھاتەکان شیعە و ھەندێکی تر بۆ سوننە، لە زیندانی شیعەکاندا ھەندێک لە زیندانیەکان مۆبایلی زیرەک و لاپتۆپیان لایە لەگەڵ بوونی ھێڵی وای فای.

بارودۆخی زیندانەکان

رێکخراوی ھیومان رایست وۆچ پێشتر داوای لە حکومەت و ئەنجومی نوێنەرانی عێڕاق کردوە کە چەند یاسایەک دەربکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕیانەی لەنێو سیستەمی یاسایی عێڕاقدا ھەیە دەربارەی مافەکانی مرۆڤ.

ھەروەھا بەدرێژایی ساڵانی پێشوو داوایان لە دەستەڵاتدارانی عێڕاق کردوە کە کۆی گشتی ژمارەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لەنێو زیندانەکانی عێڕاقدان، بەڵام داواکەیان لەلایەن حکومەتەوە رەتدەکراوەتەوە.

بۆیە ئەستەمە ھەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین کە ئایا ئازادبوونی ھەندێ لە زیندانیەکان کاریگەری کردۆتە سەر کەمکردنەوری قەرەباڵغی و بنەمای دوری کۆمەڵایەتی پاراستوە. کێشەکانی قەرەباڵغی و خراپ مامەڵەکردنی بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە دەستگیرکراوان باس لە خراپی دۆخی زیندانەکان بکەن لەماوەی مانەوەیان، ھەندێک لە زیندانیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی خراپ و بۆگەن و کرماویان پێدەدەن، ئەمە جگە لەپێدانی دەرمانی ماوە بەسەرچوو.

ھەروەھا ئەوەی تایبەت بێت بە ئاو بۆ خواردنەو و شۆردن و پێداویستی تر، لەھەندێ لە زیندانەکان رۆژانە تەنھا یەک بتڵ ئاوی 250 مل دەدەنە زیندانیەکان بۆ خواردنەو ھەموو پێداویستیەکانی تریان و ھەتا رۆژی دواتر ھیچی تریان پێ نادەن.

بەھۆی بێبەشکردنیان لە خواردن و خواردنەوە و پێداویستییە سەرەکیەکانی بۆ مانەوە لەژیان، زیندانییەکان تووشی حاڵەتێکی سەختی برسێتی بوونەتەوە و لە نێوان زیندانیانی تاجی باکوری بەغدادی پایتەختی عێراق دەرکەوت کە ژمارەیەک لە پاسەوانانی زیندانەکە بازرگانی لەگەڵ زیندانیەکان دەکەن ئەویش بە فرۆشتنی بوتڵی ئاوی پاک و خواردنی وشک و ئامادەکراو بەجۆرێک نرخی ھەندێکیان 8 جار زیاترە لەنرخی راستەقینەی خۆی لەنێو بازاڕە نێوخۆیەکان.

ھەروەھا پرۆسەی فرۆشتنی سەوزە و میوە وەک مۆز و سێو و تەماتە و پیاز و ئاو و نان بە زیندانیەکان چەندین ساڵە بەردەوامە بە ئاگاداری بەڕێوەبەرانی زیندانەکان. ئەم مامەڵەکردنە بە بەرھەمە خۆراکیەکانەوە وای کردوە بارودۆخی زیندانەکان خراپتر بیت، بەجۆرێک ئەوانەی پارەیان پێ نیە پەنا دەبەنە بەر قەرزکردن و پاسەوانەکان ئاگادار دەکەنەوە کە کەسوکاریان قەرزەکانیان بۆ دەدەنەوە و لەراستیشدا پاسەوانەکان ئەوەیان بۆ ئەنجام دەدەن پەیوەندی بەکەسوکاریانەوە دەکەن و عادەتەن نرخەکان بەرزن.

بازرگانی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی لە نێو زیندانەکان 

وەک چۆن لە دەرەوەی زیندانەکان بازرگانی بە مرۆڤ و ئەندامەکانی مرۆڤ و سێکسەوە دەکرێت بەھەمان شێوە بارودۆخی زیندانەکان زۆر جیاوازی نیە لەگەڵ دەرەوە.

بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری لە کانونی دووەمی 2021 دەستیان کرد بەلێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بۆ زانینی بارودۆخی سێ سەرکیترین زیندانەکانی وڵات و دەستکەوتنی زانیاری لەسەر ئەو پێشێلکاریە ترسناکانەی لە نێو ئەو زیندانانەدا ھەن. لەدیارترین ئەو پێشێلکاریانە تێوەگلانی ئەفسەر و بەرپرسانە بە بازرگانی سێکسی لەنێو زیندانەکان و سەوداکردن لەگەڵ خێزانی زیندانیان.

پێشتریش سەباح کەنانی سەرۆکی دامەزراوەی چاکسازی و گۆڕانکاری لەعێڕاق لە رۆژی 30ی ئازاری 2021 لەبەرنامەیەکی تەلەفزوێنیدا باسی لە زنجیرەیەک پێشێلکاری ترسناک کرد کە لە چەند ساڵی پێشوودا لەزیندانەکانی عێڕاقدا رویان داوە.

وە ئەوەی ئاشکراکرد کە مافیاکانی نێو زیندان پێکھاتوون لە گەورە زیندانیەکان کە ھەندێکیان دەوڵەمەندن و بەھۆی تاوانی جۆراجۆرەوە بەدەیان ساڵ حوکم دراون، ئەمانە لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر و بەرپرس رێکەوتون و لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە گەنجی ھەرزەکار دەگوازنەوە لایان ئەوانیش دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەریان، وە بۆرصەی تایبەتیان بە بازرگانی بە ھەرزەکار و گەنجانەوە کردۆتەوەو نرخی قوربانیەکان لە بۆرصەدا دەگاتە نزیکەی 10 ھەزار دۆلار، نرخێک بۆ دەستدرێژی و توندوتیژی.

ژنانیش لەھەمان بارودۆخی پیاواندان لەنێو زیندانەکانی عێڕاقدا 

شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئافرەتان لەدوای ساڵی 2003 ەوە بەیەک شێوەیە، بەجۆرێک ئەو ئافرەتانەی کە دەستگیرکراون یان بۆ لێکۆڵینەوەیە لەگەڵیان بەھۆی بونی گومان لەسەر کەسێکی نزیکیی پیاویان، یان سکاڵایان لەسەرە لەسەر ھاوکاری چەکدارەکان، نەک بەهۆی ئەو تاوانانەی کە گومانیان لێ دەکرێت ئەنجامیان دابێت.

ستەم و ئەشکەنجەدان تەنھا لەسەر پیاوانی گەورە ھەرزەکاران کورت نابێتەوە، بەڵکو ئافرەتانیش لەنێو زیندانیەکاندا توشی لێدان و زلە و لێدانی کارەبا و دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە، ھەندێ جار لەبەردەم پیاوەکانیاندا ھەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لەخۆیان و کچەکانیان دەکرێت.

پارە لێکێشانەوە

کەرتی زیندان لەعێراق بۆتە سەرچاوەیەکی دارای گرنگ بۆ ئەفسەرە گەندەڵەکان و کارمەندانە ئەمنیە پلە نزمەکان، سکاڵاکانی هیومان ڕایتس وۆچ و پەرلەمانتاران ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە گەندەڵی لەنێو زیندانەکان پەرەیسەندوە و سەرانە وەرگرتن زیندانیەکان و کەسوکاریان بۆتە دیاردەیەکی ئاشکرا.

ھەڕەشەو چاولێسورکردنەوە لە گیراون لە نێو زیندانەکانی عێڕاقدا بەردەوامە، نەوەستاوە و باشتر نەبووە لەژێر حوکمی موستەفا کازمی.

ھەر لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا ھەڕەشە ھەیە لە کاتی وەرگرتنی وتەی زیندانیان بەبێ ئەشکەنجەدان، ئەگەر ئەو ھەڕەشەیە سودی نەبوو و قایل نەبوون بە وتەکانی ئەوا ئەو کات راگیراو توشی لێدان و ئەشکەنجە دەبێتەوە و دان دەنێت بە شتێکدا کە دەیگەیەنێت بە سزای لەسێدارەدان.

لەگەڵ ئەوەی ھەندێک دەستگیرکراوان بڕیاری ئازادکردنیان دەدرێت لەلایەن دادگاوە بە مەرجی ئەوەی لە دۆسیەی تردا داوانەکرابن، بەڵام ھەندێک لە ئەفسەران دێن بەپارەیەکی زۆر مامەڵە لەگەڵ کەسوکاری گیراوەکەدا دەکەن بەمەبەستی سەردانیکردنی فەرمانگەکانی تر و دەکردنی نوسراوێک کە بیسەلمێنێ کە ناوی ئەم کەسە لەلیستی داواکراواندا نیە، ئەمەش زۆرجار لەو کەیسانەدا دەبێت کە ناوەکانیان ھاوشێوەن.

بەڵام ئەو گیراوانەی کە بەرتیل نادەن بە ئەفسەران دۆسیەکانیان دەنێردرێت بۆ چەندین پارێزگا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر ئەو دۆسیەیەی کە پێی تۆمەتبار کراوە بەھۆی ھاوشێوەی ناوەکەیەوە، ئەم پرۆسەیەش زۆر بەھێواشی بەڕێوەدەچێت و بەمەش گیراوەکە ساڵانێك دوادەخات لە ئازادبوون و دەبێت چاوەڕوان بێت ھەتا لایەنە لایەنی پەیوەندیدار ئەوە دەسەلمێنن کە داواکراو نیە.

یەکێکی تر لە نمونەکانی پارەلێکێشانەوە پەیوەنیدارە بە زیندانیانەی کە نەخۆشن، بەپارە رێگە بەو زیندانیانە دەدەن کە خۆراک و دەرمانیان بۆ بچێت یان رەوانەی نەخۆشخانەیان بکەن بۆ چارەسەر. جۆرێکی تر لەپارەلێکێشانەوە پەیوەندیدارە بەباشترکردنی بارودۆخی زیندانیکراو، بۆ نمونە گواستنەوە بۆ ئەو زیندانانەی کە سپلیتیان ھەیە یان قەرەباڵغیان کەمترە. لەھەندێ لە پارێزگاکان و لەنێویشیاندا نەینەوا لە باکوری عێڕاق بەندینخانە ھەیە زیندانیەکان بەرامبەر بە بڕە پارەیەکی زۆر ئەو ژورانە بەکرێ دەگرن کە ئامێری ساردکەرەو گەرمکەرەوەی تێدایە.

ئەشکەنجە و مردنی زیندانیان: بەڵگەنامە و شایەتحاڵەکان

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە رۆژێ سێ شەمە 2021/8/3 بڵاو کراوەتەوە “ مافەکانی مرۆڤ لە جێبەجێکردنی دادپەروەری لە عێڕاق : داواکارییە یاساییەکان و پاراستنە سەرەتاییەکان بۆ ڕێگەگرتن لە ئەشکەنجە و خراپ مامەڵەکردن " راپۆرتەکە باس شێوازەکانی دەستدرێژیکردن دەکات وەک لێدانی توند و شۆکی کارەبایی و شوێنی فشار و خنکاندن، توندوتیژی سێکسی، هەندێک لە دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بە ھەندێک شێوازی ئەشکەنجە کردوە کە ناتوانن باسی بکەن.

راپۆرتەکە باس لە روداوەکانی نێوان 2019/6/1 بۆ 2021/4/30 دەکات و پشتی بەستوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ 235 زیندانیدا، لەگەڵ فەرمانبەرانی زیندانەکان و دادوەر و پارێزەر و کەسوکاری گیراوەکان.

هەروەها دەڵێن نیوەی گیراوەکان توشی ئەشکەنجەدان بونەتەوە لەکاتی وتە لێوەرگرتنیان بەمەبەستی بەزۆر دان پێدانانیان. گروپەکانی مافی مرۆڤ رەخنە لەو رەفتارانە دەگرن و باس لەوە دەکەن گیراوەکان بەس بۆ ئەوەی رزگاریان بێت لە ئەشکەنجەدان واژۆی بەڵگەنامەیەک دەکەن و دان دەنێن بە تاوانێکدا کە نەیانکردوە.

لە راپۆرتی روانگەی ئافاد لە ژمارە بیست و نۆیەمدا ھاتوە کە “بنکەکانی لێکۆڵینەوە لە بەعقوبەو تەسفیرات لە رەصافە و رومادی و حیلە لەپێشینەی ئەو بنکانەی راگرتنن کە زۆرترین قوربانی دوچاری مەرگ دەبنەوە.

ئەو لێکۆڵینەوانەی لە مانگی یەکی ساڵی 2021 لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادوەریەکانەوە دەستیپێکردووە ئەوە دەردەخەن کە ئەشکەنجەدان بەردەوامە لە ڕێگەی لێدانی کارەباو و چەقۆ کێشان و سوتاندن بە ئاوی گەرم و بێبەشکردنیان لە خواردن و خواردنەوە.

لە لایەنێکی قوڵتری نێو دامەزراوەکانی عێڕاقدا، زانیاریەکان ئەوە پشتڕاستدەکەوە لە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری لە شاری ناسڕیە 18 حاڵەتی مردنی زیندانیەکان تۆمارکراوە لەمانگی 2021/6.

وە تەرمەکان تەسلیمی کەسوکاریان کراونەتەوە بەجۆرێک پێشتر بەڵگەنامەی مردنیان بۆ کراوە لەسەر بنەمای راپۆرتی بنکەی تەندروستی زیندانی ناسڕیە، بەبێ ئەوەی لە پزیشکی دادوەری توێکاری و پشکنین بۆ تەرمەکە بکرێت بۆ زانینی ھۆکاری راستەقینەی مردنەکانیان.

هەندێک لەپزیشکەکانی فەرمانگەکە دووپاتیدەکەنەوە کە پێدەچێت مردنی زۆرێک لەقوربانیان زیاتر روداوێکی تاوانکاری بێت نەک بە مردنێکی سروشتی گیانیان لەدەستدابێت ، ھەروەھا بە ئەنقەست پێدانەوەی تەرمی قوربانیەکانیان بە کەسوکاریان دواخستووە و چەند ڕۆژێکە لەزیندانەکاندا ھێشتویانەتەوە تاوەکو تەرمەکە شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجەی لەسەر نەمێنێت و کەسوکاریان وابزانن کە مردنی ئاسایی مردوە نەک لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان.

سەردانیکردنی زیندانەکان

ئەو زانیاریانەی کە لەخێزانی زیندانەکانەوە وەرگیراون ئەوە دەردەخەن کە پێشێلکاریەکانی نێو زیندانەکان تەنھا کورت نابنەوە لە زیندانیەکان بەڵکو مافی خێزانەکانیشیان پێشێل دەکرێت کە سەردانیان بکەن، بەجۆرێک خێزانی زیندانیەکان ناچارن چەندین کاتژمێر لەژێر دیواری زیندانەکان و لە دۆخێکی ناھەمواردا دانیشن و چاوەڕێ بکەن تا ئەو کاتەی رێگەیان پێدەدرێت بۆ چونە ژوورەوە و سەردانیکردن.

شاھێدحاڵەکان باس لەوە دەکەن لە بەڕێوبەرایەتی زیندانەکانی سەربە وەزارەتی داد و بەتایبەتی لە بەندینخانەی تاجی لەباکوری بەغداد و بەندینخانەی نەھەنگ لە ناصڕیەی باشوری عێڕاق مانگانە تەنھا یەکجار مۆڵەتی سەردانی دەدەن و ئەویش تەنھا بۆ ئافرەتان و منداڵان، وە سەردانیکەران ناچار دەکەن زوو ئامادەبن و بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەن، بەمەش ئەو کەسانەی لە شوێنی دورە دێن ناچارن رۆژێک زوتر بێن و شەو لەژێر دیواری زیندانەکان بمێننەوە ئەمەش ئەگەر چانسیان ھەبێت و چاوپێکەوتنەکە بکرێت.

دەستەڵاتداران یاسا پێشێل دەکەن و پاڵپشتی لە دەرباز بوون دەکەن لە سزادان

حکومەتی عێڕاق بەردەوام ئەوە رەت دەکاتەوە کە پێشێلکاری گەورە ھەبێت لەنێو زیندانەکانی عێڕاق و نکۆڵی لەبوونی ھەر حاڵەتێکی ئەشکەنجەدان و پێشێلکاری مرۆیی دەکات لەنێو زیندانەکان، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە زیندانەکان دەناڵێن بەدەست قەرەباڵغی و کەمی پێداویستیە پزیشکیەکان.

چاودێرانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی تایبەت بە کاروباری زیندانەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە ئەو ڕێکارە یاساییانەی کە بۆ لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردن لە ژێر چاودێری دادوەری لە ماوەی 24 کاتژمێری راگرتنی سەرەتاییدا لە ناوەندە ئەمنییەکانی عێراق دەکرێت زۆر بێڕێزانەیەو بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو درەنگ دەستیان دەگات بەپارێزەر.

ھێزە ئەمنیە عێڕاقیەکان چەندین پێشێلکاری گەورەیان ئەنجامداوە و تۆمارکراویشن، بەڵام حکومەت ھیچ جۆرە رێوشوێنێکی نەگرتۆتە بەر بۆ دیاریکردن و سزادانی بەرپرسیارانی ئەو توندوتیژیانەی کە وڵاتی گرتەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019. حکومەت لێکۆڵینەوەی لە پێشێلکاریەکان و کارە دڕندەییەکان کردووە بەڵام بە دەگمەن سزای بەرپرسانی داوە وەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2020 باسکراوە.

ھەروەھا حکومەتی عێراق بێدەنگە لەسەر هەزاران کەیسی پۆلێنکراو بە مادەی 4 تیرۆر بەپاڵنەری تائیفی، تەنانەت بەرگریش لەو کردەوانە دەکات کە لەناو زیندانەکان ئەنجام دەدرێن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەپێی یاسا و عورف و پێوەرە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.

هەرچەندە میکانیزم هەیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵای ئەشکەنجەدان، بەڵام زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتگوێ دەخرێن، بۆیە زۆربەی کات دەستگیرکراوان بێدەنگی ھەڵدەبژێرن و بەھۆی نەبونی متمانەو ترس لە تۆڵەسەندنەوە ناوێرن باسی ئەشکەنجەدانەکانیان بکەن.

زۆربەی راپۆرت و شاھێدی و ئامارەکان ئاماژە بە دیاردەی رزگاربوون لە سزادان دەکەن لەنێوان بەرپرسانی حکومی و ھێزە ئەمنیەکان و ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھەندێک لەیەکەکانی ھێزەکانی ناوخۆی سەربە حکومی ھەرێم.

پێشتریش رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ دەستەڵاتی دادوەری عێراقی بە "لاواز و تێوەگلاو لە گەندەڵی و بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆر" ناوبردووە و دەڵێت " ڕێکارەکانی دادگاییکردن لەژێر ستانداردی نێودەوڵەتیدایە"

چەند ئامارێک

جیاکاری ھەیە لەنێو زیندانیەکان و ھەندێکیان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدان و سەر بەوەزارەتی داد نین بەڵکو سەر بە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسان وەک وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای دژە تیرۆر، وە ھەندێکی تر بڕیاری دادوەری جێبەجێ دەکەن و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی دادن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد نزیکەی 50 ھەزار زیندانی لە نێو زیندانە جیاوازەکانی عێڕاقدا بوونی ھەیە، کە لەنێوانیاندا 25 ھەزار کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بەبێ ئەوەی وەزارەت ئاگاداریان بکاتەوە لەسەر ئەو رێکارە یاساییانەی کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو حوکمی لەسێدارەدانی ئەو ژمارە زۆرە.

بەشێوەیەکی کرداری ھیچ لایەنێک ناتوانێت ژمارەی زیندانیەکان و شوێنەکانیان دیاری بکات، ئەوەی ھەیە تەنھا پێشبینی و تەخمینکردنە، ئەو ئامارانەی باس دەکرێن تەنھا ژمارەن کە بە هەوڵی تاکی و خۆبەخشانە کۆکراونەتەوە، سەنتەری «افاد» باس لەوە دەکات 20 گروپی دیار ھەریەکەیان زیندانی تایبەت بە خۆیان ھەیە.

بۆ نمونە حەشدی شەبەک لە نەینەوا زیندانیان ھەیە، کەتائیبی حزب اللە خاوەنی زیندانی خۆیانن لە جرف الصخر ، جونەبا لەناوچەی بانورامای قادسیە لە مەدائین، عەصائیب لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی مەشتەل زیندانیان ھەیە بەم جۆرە تا دەگاتە قائیم. فەصائیلی الطفوف و سيد الشهداء و ئیمام عەلی سەنتەری دەستبەسەراگرتنان ھەیە لەکانەکانی فۆسفات لە باشوری ڕومادی و وێستگەی شەمەندەفەر. ھەروەھا گروپی میلیشیای بابیلۆن لە تلکیف سەنتەری دەستبەسەراگرتنیان ھەیە لەنێو بارەگایەکی پێشووی حزبی بەعس.

لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 100 کەس لە زیندانە حکومیەکاندا گیانیان لەدەستداوە لە ئەنجامی ئەشکەنجەدانیان بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو.

لەنێو 285 حاڵەتی دەستبەسەراگرتن کە وتەیان لێوەرگیراوە، ھیچ کەسێکیان لەکاتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان باسیان لەبونی پارێزەر نەکردوە، ھەروەھا دەستگیرکراوان ئەوەیان خستۆتە روو کە زۆربەی کات دەناڵێن بەدەست ئەوەی کە ناتوانن کەسوکاریان ئاگادار بکەنەوە کە چیان بەسەرھاتوە.

لەنێو 1406 سکاڵا کە ئەنجومی باڵای دادوەری لە ساڵی 2020 دا وەریگرتوە تەنھا 18 لێکۆڵینەوەیان داخراون و ئەنجامەکانیشی ڕوون نین.

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەعێڕاق رایگەیاند کە تەنھا لەساڵی 2020 نزیکەی 960 سکاڵایان بەدەستگەیشتووە و لەنێویاندا 22 سکاڵای تایبەتە بە خۆپیشاندەران کە لەکاتی دەستگیرکردنیان توشی ئەشکەنجەدان بوون.

شەمس بەشیر_ڕۆژنامەنوسی عێڕاقی

و/ ھاوڕێ یاسین
-
ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی نێوان دەزگای ( منتدى المشرق والمغرب للشؤون السجنية) و رێکخراوی (إنهاء الإفلات من العقاب في العراق) ئامادەکراوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif