هەناردەی نەوت لە مانگی تشرینی دووەم 5٪ زیادی کردووە

ليست هناك تعليقات


لە مانگی تشرینی دووەم، هەناردەی نەوتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە 5٪ بەرزبووەتەوە، لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 272 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری مانگی رابردووی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی راگەیاند. بەپێی ئامارەکان جگە لە هەرێمی کوردستان، عێراق رۆژانە چوار ملیۆن و 139 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە کە بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم 44 هەزار بەرمیلی رۆژانەی زیاترە.

هەناردەی نەوت لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاست سێ ملیۆن و 195 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا کە بە رێژەی 6٪ بەراورد بە مانگی پێش خۆی زیادیکردووە هاوکات ئاستی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان رۆژانە 67 هەزار و 756 بەرمیلە کە 30٪ کەمیکردووە.

کۆی داهاتی فرۆشی نەوت لە تشرینی دووەم حەوت ملیار و 590 ملیۆن دۆلار بووە و بەرمیلێک نەوتی بە 77 دۆلار و 33 سەنت فرۆشتووە. بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم داهاتی نەوت 76 هەزار دۆلار کەمیکردووە ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو مانگە بەرمیلێک نەوتی بە 79 دۆلار و 27 سەنت فرۆشت بوو.

بەهۆی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ لەسەر رێککەوتن، عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی زیادکردووە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەتوانێت رۆژانە چوار ملیۆن و 237 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.

هاوکات بەگوێرەی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 02-12-2021، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو لە کۆی 400 هەزار بەرمیل کە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس بۆیان دانراوە زیادیبکەن، عێراق دەتوانێت 42 هەزار و 810 بەرمیل نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق