راپرسییەک پێشبینیی هاووڵاتییانی 33 وڵات بۆ ساڵی 2022 دەخاتەڕوو

ليست هناك تعليقات



کۆمپانیای ئیپسۆسی فرەنەتەوەیی تایبەت بە راپرسی و توێژینەوە ئابوورییەکان، کە بارەگای سەرەکیی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، لە 33 وڵات راپرسییەکی لەبارەی پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2022 کردووە، 77%ی بەشداربووانی راپرسییەکە گەشبینن بەوەی کە ساڵی 2022 لە ساڵی 2021 باشتر دەبێت.

لە ساڵی نوێ، تەمەنی سەرهەڵدانی کۆڤید 19 دەبێتە زیاتر لە دوو ساڵ، کە هێشتاش بە گۆڕاوە جۆراوجۆرەکانی بەرۆکی وڵاتانی بەرنەداوە و تاوەکو ئێستا 46.6%ی کۆی دانیشتووانی زەوی ڤاکسینی پێویستیان لە دژی وەرگرتووە.

56%ی بەشداربووانی راپرسییەکەی ئیپسۆس پێیانوایە لە ساڵی داهاتوودا، 80%ی خەڵکی جیهان لانیکەم یەک قورچک ڤاکسین وەردەگرن.

2021 ساڵێکی پڕ لە ئاو و ئاگر و دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوو. لە هەموو کیشوەرەکانی سەر رووی زەوی، لافاو، ئاگری دارستانەکان یاخود وشکەساڵی هەبوو.

60%ی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیانوایە ساڵی نوێ لەوە خراپتر دەبێت و کارەساتی سرووشتیی گەورەتر روودەدەن.

لەبارەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانیش کە لە ئەمساڵدا لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان بەهۆی پەتای کۆرۆنا بەرزبوونەوە، 75%ی بەشداربووان دەڵێن نرخەکان لە وڵاتەکانیان بەرزتریش دەبنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا 71%یان گەشبینن بەوەی خەڵک دووبارە دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و دووبارە قەرەباڵخی دەکەوێتەوە نێو شارەکان.

لە مانگەکانی چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا، ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی رۆژئاوای و رووسیا روویان لە هەڵکشان کرد.

زۆرینەی بەشداربووانی راپرسییەکەی کۆمپانیای ئیپسۆس پێیانوانییە جەنگی ئەتۆمی رووبدات و تەنیا 34%یان پێیانوایە لە شوێنێک لە شوێنەکانی جیهان، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت.

هەروەها 38%یان پێیانوایە لەلایەن حکومەتێکی بیانییەوە ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان پەکدەخرێت، 40%یان دژی ئەو بڕوایەن و 22%یان دەڵێن نازانن چی روودەدات.

لەبارەی ئەگەری بەرکەوتنی تەنێکی ئاسمانی بە زەوی، 16%ی بەشداربووانی راپرسییەکە پێشبینی دەکەن تەنێکی ئاسمانی بەر زەوی بکەوێت و 14%یان پێیانوایە بوونەوەرە ئاسمانییەکان سەردانی زەوی بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif