ئەو خەسڵەتانە چین ستایلی سیاسییەکان دیاری دەکەن؟

ليست هناك تعليقات


بڵێسە جەبار فەرمان
-
مرۆڤەکان لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و خەسڵەتدا جیاوازن، لە هەمان کاتیشدا هەموو کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و جیاوازە لەوەی تر.

بێگومان فاکتەری جۆراوجۆر کاریگەریی لەسەر دروستبوونی کەسایەتیی مرۆڤەکان هەیە. هەروەکو چۆن فاکتەری جۆراوجۆر تایبەتمەندی دەدات بە کۆمەڵگەیەک کە جیاوازبێ لە یەکێکی تر.

خێزان و کۆمەڵگە دوو جەمسەری سەرەکین و کاریگەریی راستەوخۆیان هەیە لەسەر دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤەکان.

یەکێک لە باشترین دەرکەوتەکان بۆ ناسینی خەسڵەتی مرۆڤ، پیشە و کارەکەیەتی، چونکە جۆری پیشە زۆرمان لەبارەی خەسڵەتی مرۆڤەکانەوە پێدەڵێت.

پیشەکانی وەکو مامۆستا، پزیشک، دادوەر، بازرگان، گوڵفرۆش، جووتیار، شوان، سیاسی و هتد… هەریەک لەم پیشانە کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان هەیە. بێگومان کە بۆ هەریەک لەم پیشانە واپێویستە هەندێک خەسڵەتی تایبەتی لەو کەسەدا هەبێت کە ئەم کارانە رادەپەڕێنن، بۆئەوەی گرەنتی سەرکەوتنی بدەنێ لە پیشەکەیاندا یاخود سەرکەوتووبن لە کارەکانیاندا.

لێرەدا دەمەوێت باسی ئەو تایبەتمەندی و هەڵسوکەوتانە بکەم کە لە کەسێکی سیاسیدا بەدیدەکرێت.

*نەرجسیبوون

بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان خەسڵەتی نەرجیسیان هەیە. واتا کەسانێکن زۆر لە خۆیان رازین و خۆیان لە هەموو کەسێک پێ باشترە و خۆیان بە گونجاو دەبینن بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر شێوازی ژیان و گوزارنی خەڵکانی تردا هەبێت.

کەسانی نەرجسی هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی بایەخپێدانی زیاتر بە خۆیان. خۆیانیان لەلا دەبێت بە سەنتەری مەسەلەکان و دەبێت هەمیشە لە سەنتەریشدابن و سەرنجی هەموو کەسەکان بەلای خۆیاندا رابکێشن. خوازیارن هەردەم پیایاندا هەڵبدرێت و هەموو کەسێک وابەستەگی و پابەندێتی بێ سنووری بۆیان ھەبێت.

*دوودڵیی ناچاریی (The Obsessive Compulsive)

ئەم کەسایەتییە زۆر وردبینە و کۆشش دەکات لە هەموو کارێکیدا زۆر وردبێت، جدیەتی و وردەکاریی و وردبینیی لە کارەکانی ھۆکاری سەرکەوتنێتی. لە هەندێک بواردا ئاستەنگی گەورەشی دێتە پێش، لە بواری تردا بەتایبەتی لە ساتەوەختی بڕیارە لەناکاوەکاندا. بیرکردنەوەی زۆر و گەڕان بەدوای فاکتەرەکان و دیراسەکردنیان بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی دروست خەسڵەتی ئەم کەسایەتییەیە. ئەمەش ھۆکاری زۆر سەرنەکەوتنیانە لە سیاسەتدا، چونکە کاتێک پێویستە بڕیاری خێرا و بوێرانە بدرێت، بێ گوێدانە خوێندنەوەی وردی فاکتەرەکان ئەم کەسایەتییانە شکست دەھێنن و توانای بڕیاردانی خێرایان نییە. هەربۆیە بۆ سەرکردایەتیکردن زۆر گونجاو نین.

*مەکیاڤیلی (The Machiavellian)

کەسایەتی مەکیاڤیلی یاریکەرێکی لێزانن. خەسڵەت مەکیاڤیلیانە لە هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی لاوازی بەرامبەرەکانیاندان بۆ بەکارھێنان و سەودا پێکردن بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و تایبەتی خۆیان.

مەکیاڤیلی زیاتر فۆکەس و سەرقاڵە لەسەر یاریکردن و بردنەوەیان، کەمتر بایەخ بە دەرئەنجامەکان دەدات. ئامانج بردەنەوەیە بەهەر ھۆکار و رێگا و هەر رێوشوێنێک بێت.

*خۆسەپێن و ستەمکار (The Authoritarian) 

کەسێکی تاکڕەوی زاڵە، ئەم جۆرە کەسانە بڕوایان بە ھێز هەیە و رەچاوی هیچ شتێک ناکەن. تەنها ھێز بە پایەی سیاسەت دەزانن و کۆڵەکەی ئیشکردنیانە.

*پارانوید (The Paranoid)

زۆر کات وەکو یەکێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان تەماشا دەکرێت. بەشێک لە سیاسییەکان بەشێوەیەک لە هەموو کەسێک و هەموو بابەتێک بە گومانن، کە دەتوانرێت وەکو نەخۆشی دەروونی تەماشا بکرێت. خاوەنی ئەم کەسایەتییە هەمیشە لە ترسی پیلانگێڕندان و متمانەیان بە ھیچ کەسێک نییە، هەموو کەسێک بە دوژمنی خۆیان دەزانن. تەنانەت سڵ لە سێبەری خۆشیان دەکەنەوە.

*تۆتالیتار(The Totalitarian)

کەسانێکن کە چاوەڕوانی گوێڕایەڵی تەواوەتی لە کەسانی دەوروبەریان دەکەن، هەرگیز بۆچوونی جیاواز قبووڵ ناکەن. دەسەڵاتەکەیان لە رێگەی ترساندن و سەرکوتکردنەوە دەپارێزن، خاوەنەکانی ئەم خەسڵەتە، هەموو دەوروبەرەکەیان ژێردەستە دەکەن و بە هەموو شێوەیەک ئازادیی رادەربڕین بەرتەسک دەکەنەوە.

بەشێوەیەکی گشتی زۆرێک لە سیاسییەکانی جیهان یەکێک لەم شەش خەسڵەتەیان تێدایە.

بێگومان ئەم کەسایەتییە سیاسییانە لە هەر سیستێمێکدا بە جۆرێک بەرخوردیان لەگەڵ دەکرێت و ئامڕاز و دامودەزگای حکومڕانی جیاواز هەیە کە رێگریی لە تاکڕەویی و تۆتالیتارییان بکات و نەھێڵێت پلە و پۆستەکانیان بە شێوەیەکی ھەڵە بەکاربهێنن.

بۆ نموونە دەوترێت باراک ئۆباما کە کەسایەتییەکی (The Obsessive Compulsive) واتا لە بڕیارداندا زۆر دوودڵ بووە و پێویستی بە کاتی زۆر بووە، بۆ گەیشتن بە قەناعاتی بڕیاردان، بەڵام لەگەڵ تیمێک کاری کردووە و چەندین راوێژکاری بەدەورەوە بووە کە هاوکاری بوون لە بڕیارداندا.

شاراوە نییە کە کەسایەتی بیل کلینتۆن کەسایەتیەکی نەرجیسی بووە و بیروبۆچوونەکانی خۆی لە هەموو کەس پێ راستتر بووە. لەو بڕوایە بووە کە دەبێت هەموو کەسێک تاڕادەی پەرەستن بیپەرستن، هەر ئەم کەسایەتییە نەرجسییە بووە ھۆی هەڵەکردنی لەگەڵ مۆنیکا لوینسکی، بەڵام دامەزراوەکانی دەوڵەت رێگایان نەدەدا کە لە سنووری خۆی تێپەڕێت و خۆی بەسەر دامەزراوە حکومییەکاندا بسەپێنێت.

ئەگەربێت و بەوردی تەماشای بەشێک لە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان بکەین و هەڵسەنگاندێک بۆ بڕیار و وتار و دەرکەوتنەکانیان بکەین، دەبینین کە زۆرێک لە سیاسییەکانی ئێرەش تێکەڵەیەکن لە هەر شەش کاراکتەرەکە.

بەو پێیەی لێرە دامەزراوە حکومییەکان و پەرلەمان و دیوانی چاودێری و… ھتد سەربەست و ئازاد نین لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و قانوونییەکاندا و ساڵانێکی زۆرە کێشەکان بەشێوەیەک کەڵەکە بوون کە ئەو نەبوونی ئازادییە رێگە خۆشکەر بوون بۆ بەشێک سیاسییەکان بۆ بوونیان بە کەسانی تاکڕەو و نەرجسی و پارانوید و تۆتالیتار.

لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا ژێرخانی ئابووری داڕماوە و پارەیەکی زۆر قەرزاری وڵاتانن. ئەمە لە سایەی بێبەرنامەیی و بڕیاری هەڵەی بەرپرساندا دروستبووە.

دەربازبوون لەم قەرزە کەڵەکە بووە مەحاڵە و بۆ نەوەکانی دوای خۆمانی بەجێدەھێڵین و ئەوان لە ئێمە زیاتر دەبێت باجی بدەن. لەسەر ئەم هەڵانە کەس نەدرایە دادگا و ھیچ سیاسییەک لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکرا.

ئەگەر بێین و پرسیار لە زۆربەی ئەوانە بکەین کە بڕیاربەدەست بوون، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە نەرجسیەتییان و تاکڕەوی و تۆتالیتاربوونیان، بە شێوەیەک لە لووتکەدایە کە هەڵەکان نابینن. هەموویان خۆیان پێ راستە و بەرامبەریان پێ هەڵەیە. هەمووی خۆی بە بەتواناترین دەزانێت و پێویستی بە راوێژ نییە و بڕیارەکانی دەبێت جێبەجێ بکرێت.

بەردەوامبوونی هەندێک لەم سیاسییانە بەبێ ئەوەی ھیچ لایەنێک هەبێت کە رێگرییان لێ بکات، دەبێتە ھۆی داڕمانی هەرێم و عیراق.

لەناو حزبدا کێشەکان دەخرێتە ئەستۆی ئەوانەی پێش خۆیان لەناو حکومەتدا دەخرێتە ئەستۆی کابینەکانی پێشوو لەناو پەرلەمان دەخرێتە ئەستۆی خولەکانی پێشوو.

ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەس خۆی بە هەڵە نازانێت، لەولاشەوە کەس بەرپرسیارێتی کەموکووڕیی هەڵناگرێت. هەمووانیش دەیانەوێت لەسەر حسابی ژیانی گشتی و خەڵک خۆیان باش پیشان بدەن.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif