کۆنفرانسی کەشوهەوا نەیانتوانی دەستبەرداری خەڵووز ببن

ليست هناك تعليقات



26مین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کەشوهەوا کۆتاییهات و تێیدا وڵاتانی بەشداربوو بە "سازان" رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی گازە کاربۆنییەکان.

کۆنفڕانسی گلاسکۆ، کە لە رۆژی 31-10-2021 دەستپێکرد و بڕیار بوو لە 12-11 کۆتایی پێبێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنە سەرەکییەکان لەسەر رەشنووسی راگەیێندراوی کۆتایی، یەک رۆژ درێژکرایەوە و رۆژی شەممە 13-11-2021 کۆتایی هات.

لە گلاسکۆ لایەنەکان "پەیماننامەی گلاسکۆ"یان راگەیاند و تێیدا رێککەوتن لەسەر "تا رادەیەک کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵووز" کە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی کەشوهەوا دادەنرێت، هەروەها رێککەوتن کرا لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت و گاز.

لە بەشی تایبەت بە دابینکردنی پارەی پێویست بۆ خستنەگەڕی میکانیزمی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، وڵاتە پیشەسازییەکان کە پێشتر بەڵێنیاندابوو ساڵانە بڕی 100 ملیار دۆلار بدەنە وڵاتە هەژارەکان بۆ هاوکاریکردنیان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، لە "پەیماننامەی گلاسکۆ"دا ئەو بڕگەیە لادرا و لە بریدا بڕگەیەک دانرا کە تێیدا وڵاتە پیشەسازییەکان بەڵێندەدەن تاوەکو 2030 لانیکەم 1.3 ترلیۆن دۆلار بدەنە وڵاتە هەژارەکان.

یەکێك لەو کێشانەی، کە رووبەڕووی گفتوگۆکانی کۆنفڕانسەکە بووەوە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵووزە، ئەوەش بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی دژایەتیکردنی لەلایەن هیندستانەوە بوو، کە ئابوورییەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە خەڵووز دەبەستێت.

بوپێندەر یاداڤ، وەزیری دەوڵەتی هیندستان بۆ کاروباری کەشوهەوا رەخنەی تووندی لە هەوڵی وڵاتە پیشەسازییەکان گرت بۆ کەمکردنەوەی سووتاندنی خەڵووز و روویکردە ئەو وڵاتانە و پرسیاری لێکردن و گوتی: "ئایا وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان، کە هێشتا کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەجێندای پێشخستنی ئابوورییە سستەکانیان دەکەن و هەوڵی لەناوبردنی هەژاری دەدەن، چۆن دەتوانن کۆتایی بە بەکارهێنانی خەڵووز بهێنن؟".

لەکاتێكدا وا چاوەڕاندەکرا لە کۆنفڕانسی کەشوهەوادا وڵاتان کار لەسەر "کۆتاییهێنانی هەنگاو بەهەنگاو"ی بەکارهێنانی خەڵووز بکەن، وڵاتان لەسەر "کەمکردنەوەی هەنگاو بە هەنگاو"ی بەکارهێنانی خەڵووز رێککەوتن، ئەوەش نیگەرانی رێکخەرانی کۆنفڕانسەکەی لێکەوتەوە، کە پێیانوایە ئەو بڕە گازەی بڕیارە کەمبکرێتەوە و لە رێککەوتنی کەشوهەوای گلاسکۆ واژۆی لەسەر کراوە "هێندەی پێویست کار بۆ هێشتنەوەی پلەکانی گەرما زەوی لەئاست 1.5 پلە سێلیزی" تاوەکو ساڵی 2050 ناکات.

بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی کۆپ26، وڵاتان بەڵێنیاندا تاوەکو ساڵی 2030 ساڵانە بڕی 52.4 هەزار تۆن لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان کەمبکەنەوە؛ بەڵام لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە ئەو ژمارەیە بۆ 41.9 هەزار تۆن دابەزێندرا و لەکۆتایی کۆنفڕانسەکەش ئەو ژمارەیە دیسان دابەزێندرا و وڵاتان لەسەر کەمکردنەوەی ساڵانە بە بڕی 26.6 هەزار تۆن رێککەوتن.

یەکەمین کاردانەوەکان لەلایەن ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو، کە رایگەیاند "کۆنفڕانسی کەشوهەوا بە "چەند هەنگاوێک بۆ پێشەوە کۆتاییهات، بەڵام ئەوە بەس نییە و هێشتا کارەساتی کەشوهەوا لە ئارادایە".

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس گوتی: "بەداخەوە ئیرادەی بە کۆمەڵی سیاسی هێندە بەس نەبوو تاوەکو بەسەر هەڵوێستە دژ بە یەکە قووڵەکانی وڵاتانی پیشەسازیدا زاڵ بێت"؛ گوتێرێس هۆشداریشی لە بارودۆخی کەشوهەوای زەویدا و رایگەیاند: "ئێستا کاتیەتی بەرەو قۆناخی باری نائاسایی بگوازینەوە".

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا ئەوان چاوەڕێی بەدیهاتنی چوار ئامانج بوون لە کۆنفرانسەکەدا، بەڵام بەدینەهاتن، ئەوانیش؛ ناچارکردنی وڵاتان بە پێدانی هاوکاری دارایی بە وڵاتە زۆر هەژارەکان، کۆتاییهێنان بەو پاڵپشتییانەی کە حکومەتەکان پێشکێشی نەوت و گازیان دەکەن، کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی خەڵووز و هەروەها دیاریکردنی نرخی کاربۆن.

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی کە لە کۆپ26 کراوە: "هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە". جەختیشی کردەوە لەوەی هێشتا کاری زۆر ماوە، کە پێویستە بکرێن.

جۆنسن گوتیشی: "ئەوەی کە گرینگە ئێستا رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵووز و نەخشەڕێگەیەکیشمان هەیە بۆ سنووردارکردنی گەرمای زەوی بە 1.5 پلەی سێلیزی".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif