حكومەتی داهاتوو لەسایەی ململانێكانی ئەمەریكاو ئێران

ليست هناك تعليقات



محەمەد عەلی

دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری عێراق، سەركەوتنی بەرچاوی هێزە نزیكەكانی ئەمەریكا دەردەخات لەبەرامبەر پاشەكشەی هێزە نزیكەكان لەئێران، بەتایبەتی هێزەكانی (حەشدی شەعبی)، ئەمەش هانی ئێرانی داوە كە گوشارەكانی بۆ سەر لایەنە براوەكان و حكومەتی ئێستای عێراق دەستپێبكات بۆ زامنكردنی پێگەی هێزە هاوپەیمانەكانی لەحكومەتی داهاتووی عێراقدا.

ئەوەتا لەبەغدا خۆپیشاندانی لایەنە ناڕازییەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەر، رۆژ دوای رۆژ فراوانتر دەبێت و لەهەینیی رابردوودا لەئەنجامی هەوڵدانیان بۆ چوونەژوورەوەی ناوچەی سەوز، دەیان كەس لەخۆپیشاندەرو هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون و رەوشی ئەمنیی بەغداش بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەڕوات، ئەمە لەكاتێكدایە ئێران لە رێگەی (نوری مالیكی) سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بەیارمەتیی هێزە نزیكەكانی لەسوننە و كورد، كە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن، ئێران شكست دەهێنێت لەم هەوڵە، بەو هۆكارەی كە زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەوە گەیشتوون كەئێران لەڕابردوودا عێراقی تەنها وەك گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێكانی لەگەڵ ئەمەریكا بەكاردەهێنا.

لەبەرامبەردا، دوای دەركەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەر، یەكەم سەردانی (موقتەدا سەدر) سەرۆكی رەوتی سەدر بۆ لای ( محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی هاوپەیمانیی پێشكەوتن بوو، كە لەئێستادا سەركردایەتیی سوننەكان دەكات و پەیامی (عەمار حەكیم)ی سەرۆكی رەوتی حیكمەش، پەیامێكی روونە بۆ لایەنەكانی تری شیعە كەدەكرێ بەبێ ئەوان حكومەتی زۆرینە پێكبهێنێت.

راستەوخۆش دوای ئەم مانۆڕەی سەدر، خۆپیشاندانەكان توندوتیژییان لێكەوتەوە و رووداوەكانی شارەبان هاتنە پێشەوە، ئەمەش دەكرێ بەهەوڵێكی ئێران هەژماربكرێت بۆ دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕی مەزهەبی لەعێراق، ئەنجامدانی نوێژی هەینیی هاوبەشی نێوان سوننەو شیعە بەسەرپەرشتیی نووسینگەی سەدر، ئەو راستییە دووپاتدەكاتەوە كە سەدر تێگەیشتووە كەهەوڵێكی لەم جۆرە بوونی هەیە بۆ دوورخستنەوەی نێوان هێزە سیاسییە سوننەكان و شیعەكان، بەو هۆكارەی كە براوەكانی هێزە سوننیەكان نزیكترن لە رەوتی سەدر، ئەمەش دەكرێ وەك مەسجێك هەژمار بكرێت بۆ هێزە سوننەكان، كە ئەگەر لەگەڵ هێزە شیعیەكانی نزیك لەئێران رێكنەكەون، ئەوا چاوەڕێی تێكچوونی رەوشی ئەمنی بكەن، بەو هۆكارەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەفراوانی لەناوچە سوونییەكاندا بوونیان هەیە.

لەلایەكی ترەوە، ئەمەریكا تەواو سەركەوتوو بووە لەپەرتەوازەكردنی نێوان ماڵی شیعە، بەجۆرێك كۆكردنەوەیان زۆر ئەستەم بووە، هاوكات پاشەكشەی هاوپەیمانەكانی ئێران تەنها لەسەر ئاستی پێكهاتەی شیعە نەبووە، بەڵكو لەسەر ئاستی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق هێزە هاوپەیمانەكانی لەپاشەكشەدان، ئەمە لەكاتێكدایە، بەهاتنەپێشەوەی كاندیدە سەربەخۆكان كەزۆرینەیان تەواو دژی هەژموونی ئێرانن، هاوكێشەی سیاسی لەعێراق تەواو گۆڕاوە لەبەرژەوەندیی هێزە نزیكەكانی ئەمەریكا.

هۆكارێكی گرنگتر لەهەمووان، كە كاریگەری لەسەر لاوازبوونی هەژموونی ئێران هەبووە، رۆڵی كازمی بووە وەك ئەمینداری گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، كە بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەوتوو بووە لەدوورخستنەوەیان لەسیاسەت و گۆڕانی رۆڵیان، بەجۆرێك وەك مەترسی هەژمار نەكرێن لەلایەن كوردو سوننەوە، ئەمەش هۆكار بووە لەدروستكردنی رێژەیەكی باش لەسەقامگیری لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكانی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق، كە بەدڵنیاییەوە لەبەرژەوەندیی ئێراندا نییە.

لەكۆتاییدا، ناكۆكییەكان بەجۆرێك قوڵبوونەتەوە، گەیشتووەتە ئاستی بۆردوومانكردنی ماڵی سەرۆكوەزیرانی عێراق (مستەفا كازمی) و دروستبوونی كۆدەنگیی جیهانی لەسەركۆنەكردنی هەوڵی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیران، بەتایبەتی هاتنەسەر هێڵی خودی سەرۆككۆماری ئەمەریكا (جۆو بایدن) و وێناكردنی هێرشكردنەسەر ماڵی كازمی بەلێدانی دڵی عێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، كەئەمەش پەیامێكی روونی ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە بۆ پاڵپشتی لەسەرۆكوەزیرانی عێراق.

هەموو ئەمانە، ئاماژەن بۆ نزیكبوونی وادەی یەكلابوونەوەی ململانێكان، بۆیە دەكرێ ئەم هەنگاوە دوا هەوڵی ئێران بێت بۆ فشارو كۆتایهێنان بەڕۆڵی كازمی كەیەكلاكەرەوە بووە لەدوورخستنەوەی عێراق لەهەژموونی ئێران، بێگومان كاردانەوەی مەرجەعیەتیش لەبەرژەوەندیی كازمی، بەمانای پاڵپشتیی هەنگاوەكانی سەرۆكوەزیران دێت، لەلایەكی ترەوە ئەم هەنگاوەی لایەنە دژەكانی سەرۆكوەزیران بۆ تیرۆركردنی، لەئایندەیەكی نزیكدا براوەكانی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەر لەیەك سەنگەردا كۆدەكاتەوە، كە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، هەنگاوی جیددی بنێن بەئاراستەی یەكلاكردنەوەی كابینەی داهاتووی حكومەت و هەروەها شانسی كازمیش بۆ ویلایەتێكی تر، زۆر بەهێز دەكات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif