سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان (لە سەدەی ١٥ بۆ ١٩)

ليست هناك تعليقات

 

بۆريس جەيمس*
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
-
بەزۆری کوردستانی سەردەمی عوسمانی لە لایەن مێژوونووسان و ڕۆشنبیرانی کوردەوە وا وەسف دەکرا کە لە جۆرێك چەرخی زێڕیندا بووە. هەڵبەت وەک چەرخێک تێی دەڕوانرێت کە وا بە شێوەیەکی لەناکاو کولتوورێکی بەرزی چەسپیوی تێدا دەرکەوتووە لە چوارچێوەی میرنشینە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارە گەشەکردووەکاندا. لەم وێناکردنە پێشوەختەدا ئایدیا و بۆچوونێک دێتە ئاراوە کە وا کێشەی هاوچەرخی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی، لەگەڵ هەڵگیرسانی پڕ لە ترۆما و هێدمەی (جەنگی جیهانیی یەکەمدا) ڕاستەوخۆ لە ئایدیاڵێکی ڕابردووی عوسمانییەوە سەری هەڵداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، با سروشتی تەمومژی چەمک و تێگەیشتنی کوردستانی عوسمانی لەبیر نەکەین، چونکە لەوانەیە ملکەچیی کوردیش بگەیەنێت بۆ "ئیمپراتۆرییەتی تورکی" و ئیسلام لە چاوی کوردە نەتەوەییەکانەوە. بەهەرحاڵ، بەدەگمەن چەرخ و سەردەمەکانی پێشوو ڕەچاو دەکرێت لە پرۆسەی دیاری کردنی هەل و مەرجی ڕوونیی دیاردەی ترانسمێژوویەکی کورددا.
ئەم باسە جەخت لە سەر دیدگایەکی درێژخایەن دەکات کە بەستراوە بەوەوە کە وا شیکارێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی پێویستە بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتنی ئۆتۆنۆمیی میرنشینەکان لە ماوەی سەردەمی عوسمانیدا. من هەوڵ دەدەم کە هەردوک بنەماکانی پێش عوسمانیی ئیمارەتە کوردییەکان و دۆخی ئاڵۆزی میرنشینە کوردەکانی عوسمانی و پەیوەندییان لەگەڵ سەنتەری عوسمانیدا لێکبدەمەوە، لە سەدەکانی پانزەوە تا نۆزدە. هەڵبەت پێکهاتە و بووژانەوەی میرنشینە کوردییەکان لە ماوەی سەرەتای چەرخی نوێی عوسمانیدا لە سێ هۆکاری سەرەکییەوە سەرچاوەی گرتووە:
(1) ئەو بارودۆخە جیۆپۆڵیتیکییە ناوچەییە تایبەتانەی کە دۆخێکی هەلپەرستیی جۆشدانی سیاسەتە کوردییەکانی دروستکردبوو بۆ قەواری عوسمانی.
(2) بوونێکی دوور مەودای ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیستەمێکی ناوخۆیی کورد کە لە دۆخی کەوتنە نێوانی خاک و ناوچەکانی کوردەوە هاتبووە ئاراوە.
(3) بەرهەمهێنانەوەی نەخشەیەکی سیاسیی کۆن و باش پێ ڕاهاتوو لە نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و هێز دەسەڵاتە گەورەکانی ناوچەکەدا.
بەو پێیە بێت کوردستانی عوسمانی دراوێکی دوو دیو یان لایەنە بووە، کە لایەکی سیاسیی ناوخۆی بچووکی کوردی بووە لەبەرانبەر لایەکی سیاسیی گەورەدا کە وا بەند بووە بە سیاسەتی چواردەوری سەڵتەنەتی عوسمانییەوە. ئەو سێ کایەیەی لەسەرەوە باسکران یەکلاکەرەوەن لە دەسنیشان کردنی دۆخی کورد لە مەودایەکی دووردا. وادیارە ئەم هاوکێشەیە بە هەلومەرجی ئەنسرۆپۆڵۆجیی ناوخۆیی دیاری دەکرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێکی دیاریکراو لە سیاسەتە ئیمپراتۆرییەکان کە بە شێوەیەکی دژوار (پارادۆکس) مۆرکی نزیکخستنەوە و دوورخستنەوەی لەخۆگرتبوو. بەو پێیە، کوردستان و هەر یەکە لە میرنشینەکانی کوردی عوسمانی بە نیمچە چواردەور و تەواو ببینرێت بەڵام پەراوێزکەوتووش بێت، زۆر نزیک بێت لە چەق و ناوەندی عوسمانییەوە بەڵام سەربەخۆش بێت.
لەم دیدگا فرەگۆڕاوانەوە، ئەم باسە دەڕوانێتە رەگ و بنەچەی میرنشینە کوردەکانی عوسمانی. پاشان لە پێکهاتەی سیاسی و کولتووریی ئەم ئیمارەتانە دەدوێ پێش ئەوەی بارودۆخی هەڵوەشانەوە و ڕووخانیان دەربکەوێت.


پێناسەکردنی پێش مۆدێرنی پەیوەندییەکانی کورد: کۆچەرێتی و جێگیر بوونی ناوچەیی
سەرچاوە عەرەبی و فارسییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست باس لەوە دەکەن کە وا گرووپە سەرەکییەکانی کورد لەو شوێنانەدا ژیاون کە ناوچەی فارس دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتیەوە و جەزیرەی سووریا ڕۆژئاوایەوە و جۆرجیا دەکەوێتە باکووریەوە و خووزستانیش باشووری. هەمان ئەم سەرچاوانەش تێبینیی ئەوەیان کردووە کە وا کورد لە ژینگەی فرەجۆردا نیشتەجێ بوون، لە بیابانی پڕ هەردە و تەپە و تەلانەوە بۆ چیا بەرزە بە بەفر داپۆشراوەکان. بەهەرحاڵ، لەپاش ڕووماڵێکی هەمەلایەنە بۆ سەرچاوەکان لەنێوان سەدەکانی هەشت و چواردەدا، ئەو وێنەیەی دەرکەوتووە کە وا دانیشتووانێکی کشتوکاڵی و شوانکارە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا نیشتەجێن (جەیمس، ٢٠١١).
لە سەرەتای سەدەی دەوە بە هۆی نووسینەکانی ئیبن حەوقەلەوە (1939: 1/215، 240، 271)، هەواڵی کۆچ و کۆچباری کوردمان زانیوە. ناوەندی نەخشەی هەرێمی جیبالیش (إقلیم الجبال – و) کراوەتە پاشکۆی کتێبەکەیەوە (کتاب صورة الأرض) و تێیدا هەردوک هاوینەهەوار و زستانەهەواری پاکژ و پاوانی لەوەڕخۆریی کوردەکانی دیاری کردووە (مصایف الأکراد ومشاتیهم). ئەم نەخشەیە دوو سەدە دواتر لە ئەتڵەسە گەورەکەی ئیدریس ئەلئیدریسیدا (١١٥٤) بەرهەمهێنرایەوە. لە فەسڵی جەزیرەدا ئیبن حەوقەل ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچەکە لەوەڕگە و هاوینەهەوار دابین دەکات بۆ کوردە هەزبانییەکان و زستانەهەواریش بۆ عەرەبەکانی بەنو شەیبان. بە هەمان شێوە، تێبینی کراوە کە وا کوردەکانی وڵاتی فارس بە هاوین لە چیاکاندا بە دوای لەوەڕدا گەڕاون و بە زستانیش داگەڕاون بۆ دەشتاییەکان. ئەم جوگرافیناسە ئیشارەت بەوە دەکات کە تەنها چەند هۆزێکی کەم تیکەڵ بەم شێوازی ژیانە نەبوون و هەندێک بەوە دادەکەوتن "کە لە ناو ئەو زەوی و ناوچە جۆراوجۆرانەدا کە خۆیان خاوەنی بوون هاتوچۆیان کردووە" بە بێ ئەم کۆچە وەرزییانە.
لە سەردەمی ئیبن حەوقەلدا، جووڵە و کۆچی وەرزی لە ناو کوردەکانی وڵاتی فارسدا و ڕەنگە لە شوێنانی تریش باو بووە (ئیبن حەوقەل، 1939: 240 ؛ ئەلمەسعوودی، 1966: 3/249 ؛ قەزوينی، 1915، 74) موسعیری کوڕی موهەلهەل ئاماژە بە شەست هەزار ماڵی کورد دەکات کە لەوەڕگە و زستانە هەواریان لە شارەزووردا بووە ( ئەمڕۆ ناوچەی سلێمانییە) و هەر بەم شێوازە ژیاون. بەهەرحاڵ، یاقووت لە سەردەمی ئەییوبیدا (سەدەی سیانزە)، پاش ئەوەی قسەکانی ئیبن موهەلهەل دووبارە دەکاتەوە، دەنووسێت: "ئەمڕۆ دۆخەکە ئارامە و تەواو جیاوازە لەوەی ئیبن موهەلهەل باسی کردووە (ياقوت الحموی،1866– 1973: 3 / 375 – ٣٧٦). ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی ناوچەی شارەزوور، کە لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بەکتەکینی تورکمانیدا بووە، چیتر خێڵە کوردە "ئاژاوەگێڕەکان" ئاژەڵیان تێدا نەلەوەڕاندووە (هەرچەندە بەگوێرەی سەرچاوە مەملووکییەکان بێت ئەوان لە سەردەمەکانی دواتردا گەڕاونەتەوە سەر ئەم شێوازە ژیانە).
بۆ ماوەی چەندین سەدە خەڵکی کۆچەری کورد لە ماوەی وەرزی زستاندا ئاژەڵەکانیان لە ناوچەکانی جەزیرە و شارەزووردا لەوەڕاندووە و زستانە هەواریان بووە. بەڵام لە وەرزی هاویندا ئەم شوێنانەیان بۆ خێڵە عەرەبەکان جێهێشتووە و خۆیان بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵات چوون بۆ ناوچەی زۆزان لە باکووری (ویلایەتی) مووسڵەوە نزیک بە دەریاچەی وان. (تێبینی: زۆازن هەموو ئەو ناوچە کوێستانیانە بووە کە خێڵە کوردەکان بۆ لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان لە هاویناندا ڕوویان تێکردووە، ئارانیش ناوچە دەشتاییە گەرمەکان بووە کە لە زستاناندا بۆیان گەڕاونەتەوە و بەم پرۆسەیە وتراوە ئاران و زۆزان یان گەرمیان و کوێستان کردن و هەروەها بەو ناوچانەش وتراوە هاوینەهەوار و زستانەهەوار – وەرگێڕ). زۆر پێدەچێت کە سەقامگیریی ڕێکخستنی ئەو شێوازە ژیانە بە هاتنی تورکەکانی بۆ ناوچەکە تێکچووبیت لە دەوروبەری سەدەی یانزەهەمدا، لەگەڵ بەرپابوونی هەندێ شەڕ و ململانێ لەنێوان کورد و خێڵە تورکمانەکاندا لەو کاتە و دواتردا (ئیبنولئەثیر، ١٩٩٨: ١٠/ ١٣٦).
بەهەرحاڵ، لەپاش سێ سەدە دواتریش وادیارە ئابووریی کۆچی گەرمیان و کوێستانی کورد هەر بەردەوام بووبێت، تەنانەت لە کاتی پشێوی و شەڕوشۆڕی سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی مەغۆلەکانیش بەسەر بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا بەهوی ڕێکخستنی خەتی پانی ئاژەڵ لەوەڕاندنی کوردەوە، کە تا چەند کورد بەرەو ژوور ڕۆیشتووە مەغۆلەکانیش ئەوەندە ڕۆیشتوون (ماسۆن سمیث، ١٩٩٩: ٤٥ – ٤٧). ڕێکخستنی وەرزی و هێڵی پانی لەوەڕگەکان پێدەچێت ڕێگەی لە هەر تێهەڵکێشێکی کورد و مەغۆلەکان گرتبێت. لەوانەیە لەوەڕگە و زستانەهەوارەکانی کورد زۆر ناڕێک و هێجگار وشکوبرینگ بووبێت بۆ هێشتنەوەی لەشکرێک کە دەیان هەزار سوارچاکی لەخۆگرتبێت.
وێنەی شوێنگۆڕکێ و کۆچی بەردەوامی کورد ئەو ڕاستییەی بەرانبەر دەبێتەوە کە وا لە چەرخ و سەردەمەکانی ناوەڕاستدا هەر یەکە لە هۆزەکانی کورد بەوپەڕی هێز و توانای خۆیەوە لە قەڵەمڕەوی ناوچەیەکی دیاریکراودا جێگیر بوون. لە ماوەی سەردەمی ئەیوبیدا (سەدەکانی دوانزە و سیانزە) شوێن دیاری کردن ئاسان بووە بۆیان. بەگوێرەی نووسەرانی سەدەی سیانزە، یاقووت و ئیبنولئەثیر و ئیبن خەلەکان بەشناوییەکان لە فینک و دەوروبەری بوون، هەزبانییەکان لە ناوچەی مەراغە بوون، زەرزارییەکان لە سنجار، هەکارییەکان لە جەبەل هەکاری بوون (ناوچەی ئامێدی) و حومەیدییەکان لە ناوچەی ئاکرێ بوون (جەیمس، ٢٠٠٦). لە سەردەمی مەملووکەکاندا (سەرەتای سەدەی چواردە)، ئەلعومەری (١٩٩٨: ٣/ ١٢٤ – ١٣٥)، لە ئینسکلۆپیدیا جوگرافییەکەیدا (مسالک الأبصار فی ممالک الأمصار – واتە گەشتی چاو بەسەر مەملەکەتان و وڵاتاندا)، بەتەواوی ناوی شوێنە جوگرافییەکان و خێڵەکانی تێکەڵ کردووە. دانەر یان نووسەر بە ئیقلیمی جیبالدا ڕۆیشتووە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا و ناوی ئەو خێڵە کوردانەی ڕیز کردووە کە هاتوونەتە ڕێی و یەک بە یەک لەم خێڵ بۆ ئەو خێڵ ڕۆیشتووە تا گەیشتووەتە نزیکی جەزیرە و دەنووسێت: " لەپاش ئەوان [خێڵی ئە، خێڵی بێ] دەبینین و ئەو ڕیزبەندییانەش کە بەکاردێن بەڵگەیەکی ترە لەسەر کەمیی جووڵەی ئەم خێڵانە، کە ئەندامەکانیان لە کوێ دەژین و چییان هەیە ... حوکم دەکەن یان نیشتەجێی ئەم یان ئەو شوێنن. بەو پێیە، تەواو بێهوودەیە ئەگەر بڵێێن کە وا ئەم خێڵانە تەنها بە شێوەیەکی نەریتیی هەر کۆمەڵگەیەکی کۆچەر بە ناوچەکەدا دەڕۆیشتن. بێجگە لەوەش ئەلعومەری باس لە ناوچەکانی هەندێ لە خێڵەکان دەکات وەک شوێنی نیشتەجێبوونیان و هەواریان و "نیشتمانیان". هێزەکانی خەفارەت یان پاراستنی ئەو باجەی لەلایەن ئیمپراتۆرییەتەوە دەبەخشرایە هەندێ لە میرەکان و خێڵە کوردەکان – شان بە شانی هەمان ئارگومێنتی هەرێمی دەڕۆیشت.
لەگەڵ ئەو ڕاستییەشدا کە نیمچە کۆچەری و کۆچباری دیاردەیەکی زۆر بەهێز بووە لە شێوازی ژیانی کورددا، بەڵام ئەمە تاقە شێواز نەبووە و ناوچەی قەڵەمڕەوی خێڵەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان تەواو ئاسان بووە بۆ دەسنیشان کردنیان. بێجگە لەوەش، لە کاتێکی زوودا دەکرا ڕووبەرێکی کورد ئەگەر ناوچەیەکیش نەبوایە دەسنیشان بکرێت تەنانەت ئەگەر زۆر ڕوونیش نەبوایە (جەیمس، ٢٠١٩). بەو پێیە، کوردەکان وەک کۆمەڵێکی ئیتنیکی و ناوچەیی وادیارە کەوتوونەتە شوێنێکی نێوان دوو کۆمەڵی سەرەکیی خەڵکی کۆچەرەوە، کە بەدووە عەرەبەکان لەلایەک و گەلانی تورکی مەغۆلی لە لایەکی ترەوە.
بۆ ئەنجامگیری لەسەر پرسی جووڵە، پێویستە ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەوەی کە وا گەلێ لە تاکەکانی کورد و خێڵەکان کۆچیان کردووە بۆ شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک (بەغدا، مووسڵ، حەڵەب، دیمەشق، قاهیرە، تاد.) لە کاتێکی زووی سەدەی یانزەهەمەوە. ئەم کۆچکردنە ئەوەی لێکەوتەوە کە وا کوردەکان لە ناو گەڕەک و شوێنی نیشتەجێبوونی نیمچە شارستانیدا بەردەوامی بە شێوازی ژیانی کۆچەری یان نیمچە کۆچەری بدەن، یان لە ناو شارەکاندا پەیڕەویی شێوازی ژیانێکی شارستانی بکەن. بێجگە لەمەش، داگیرکاریی مەغۆل لە ماوەی سەدەی سیانزەدا بوو بە هۆکاری جووڵە و کۆچێکی هێجگار گەورەی دانیشتووانە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرەو ڕۆژاوا بڕۆن، بۆ سووریا و فەلەستین. بەڵام هەموو ئەم کۆچانە گواستنەوەی هەمیشەیی نەبوون چونکە ئەڵقەی پەیوەندی لەگەڵ دەڤەرە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتدا هەر مایەوە و پارێزرا. ئەم خەڵکانەی کە لە جیهانێکی فرە سەنتەردا ژیان کە وا دەکرێ تاکەکەس ببەسترێت بە ئابووری و کۆمەڵگە و سیاسەتی سەرەکیی سەنتەرە شارستانییەکانی وەک دیمەشق و بەغداوە، لە هەمان کاتیشدا پەیوەندیی خۆیان بهێڵنەوە بە خێڵەکانیان و ئابووریی گوێزراوە و "ناوچە کوردییەکانیانەوە".


یاسا و ڕێسای کورد: لەنێوان دەمارگرژی (عەسەبییەت) و هاوپەیمانیدا
ڕەگەزی یاسا و ڕێسای ناوخۆیی لە خاکی کورداندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێ لەسەر دوژمنکاری و چارەسەری کێشە و ململانێکان دادەگرێت. یەکەم، بێ ئەوەی بچینە وردەکاریی زۆرەوە دەکرێ بڵێین کە وا دابەشبوونی خێڵە کوردەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەردەوام یەک شەڕی ئەویتریان کردووە و لەڕاستیشدا تا ڕادەیەک دەکرێ وا باسی ئەو ناکۆکی و ململانێیە بکەین وەک کار و فەرمانێکی بنیادیی کۆمەڵگەی کوردی لەو کاتەدا. بەهەرحاڵ، ئەم ڕێسایە نەدەکرا بەردەوام بێت بێ میکانیزمی چارەسەری ئەو کێشە و ناکۆکییەی کە هاوسەنگیی دەگێڕایەوە و لەمەدا بە دیاریکراوی پەیڕەویی یاسای شەڕ و ئاشتییان دەکرد. هەڵبەت جەنگ گشتگیر نابێت چونکە هۆکاری بەرپابوونی تەنها لەو چارەسەرەدا خۆی دەبینێتەوە. وەک ئەلعومەری ئاماژەی پێ دەکات، کاتێ کە دوو خێڵ یان هۆز دەکەونە حاڵەتی شەڕەوە، بۆ نموونە چەشنی زێبارییە و مازەنجانییە، ئەوە دەبێت لەکۆتاییدا هەر ئاشتببنەوە (ئەلعومەری، ١٩٨٨: ٣/١٣٣). ئەوەی کە وا دادەنرێت شەڕەکەی دۆڕاندووە داوای لێخۆشبوون (ئەمان) دەکات و ملکەچی ئەویتر دەبێت بێ ئەوەی تووشی شوورەیی و ئابڕووچوون ببێت. هەروەها خێڵە کوردەکان لەناوخۆیاندا هاوپەیمانیشیان دەکرد، بەتایبەتی لە حاڵەتی شەڕکردن دژ بە دوژمنە دەرەکییەکانی چەشنی غوززی تورکی لە سەدەی یانزەدا (ئیبنولئەثیر، ١٩٩٨: ٨/ ١٧٧ – ١٧٨). بە هەمان شێوە دەتوانرێت پەیوەندیی دۆستانەی نێوان دوو خێڵی دەراوسێ یان زیاتر ببەسترێت، چەشنی ئەوەی نێوان مەرکە وان لەلایەک و زەرزارییە و جولەمێرکییە لە لایەکی ترەوە، لە سەردەمی مەملووکییەکاندا (ئەلعومەری، ١٩٨٨: ٣/١٣٢).
هەروەها دەکرێ خولی جەنگی خێڵەکی بە دوو بەهای سەرەکیی خێڵ لێکبدرێتەوە، کە ئەوانیش یەکگرتوویی ڕیزەکانی ناوخۆی خێڵ خۆیەتی و میوانداری و بەخشندەیی لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆیدا. یەکگرتوویی ناوخۆیی خێڵ هەندێ جار پێیدەوترێت "عەسەبییەت"، کە بە زیمنی بەشداریی هەموو ئەندامانی دەگرێتەوە لە گیانی تۆڵەکردنەوەدا lex talionis. بێجگە لەوەش، ڕێز نەگرتنی هەر خێڵێکی دیاریکراو بۆ یاسا و ڕێسای نەنووسراوی میوانداری و بەخشندەیی ڕەنگە سەری بکێشایەتەوە بۆ دەستێوەردانی توندوتیژانەی خێڵەکانی تر. ئەم پرەنسیپە بنەڕەتییانە سیستەمێک لە گەمەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆز دەگەیەنن. بەڵام ئەمانە، بە ئەندازەی پرەنسیپی ڕەچەڵەک چوارچێوەی سیمبۆڵییان هەبووە بۆ حوکم کردنی فۆرمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناو کوردەکاندا و ڕێگەیان لە ئەگەری دەسکاریی بنەماکانی دەگرت. بە هەمان شێوە ئەم یاسا و ڕێسا نەنووسراوانەش قەڵغانێکیان پێکدەهێنا دژ بە دەستێوەردانی دەرەکی و هەروەها دابینکەری سەربەخۆیی خێڵ بوون و لە پشتی ئەوەشەوە وەک توخمی ئایدیاڵ کاریان دەکرد بۆ ستراکتووری ڕاگرتنی خاک و قەڵەمڕەوی کورد و سنوورەکانی.
سەرەڕای ئەو عورف و یاسایانەی بواریان بۆ خێڵەکان دەڕەخساند کە زاڵبن بەسەر حاڵەتی بەردەوام بوونی شەڕ و پشێوی بەڵام ئاڕاستەیەکی ترە کە وا جێگیربوونی سیاسسیی ناوخۆیی و یەکگرتنی خێڵەکی دەڕەخسێنێت. لە سەردەمی کلاسیکی بەملاوە (سەدەی دە) حوکمڕانە بچووکەکان توانای خۆیان پێشانداوە لە کۆکردنەوەی خێڵ و هۆزە کوردەکان. هەڵبەت پێویست ناکات باس لە مێژوویەکی دوورودرێژی ئەم سەردەمە بکرێت و ڤلادیمیر مینۆرسکی وەک "ئاوازی ناوبەینی ئێرانی" ناوی بردووە و بەتایبەتی سەرهەڵدانی میرنشینە دەیلەمی و کوردییەکان لە ماوەی سەدەکانی دە و یانزەدا (مینۆرسکی، ١٩٥٣). ئەوە بەسە بگوترێت کە وا ژمارەیەک لە قەوارەی بنەماڵەیەک هەن، بۆ نموونە شەددادییەکانی خێڵی ڕەوادی لە کۆنفیدراسیۆنی هەزبانییە (لە سەدەی دەوە بۆ دوانزە) لە ئازەربایجان و ئەرمینیا و هەروەها ڕەوادییەکان، کە ئەمانیش سەر بە هەزبانییەکانن (لە سەدەکانی نۆ و دەدا) لە ئازەربایجان و مەروانییەکان کە بە بنەچە حومەیدین (لە سەدەکانی دە و یانزەدا) لە دیارباکر و دەوروبەری دەریاچەی وان و حەسناوییەکانی سەر بە خێڵی بەرزیکانی (سەدەکانی دە و یانزە)، کە حوکمی حەلوان و دینەوەر و نەهاوەندیان دەکرد تا ناوچەکانی هەمەدان و شارەزووریش. ئەم بنەماڵانە کە لە خێڵێکی تایبەتییەوە سەرچاوەیان گرتووە چەندین کۆمەڵ و گرووپی تریان یەکخستووە و ڕۆڵی نێوەندگیریان لە نێوانیاندا بینیوە. بەپێچەوانەوە، ئەو خێڵانەی لەم پرسەدان دەکرێ وەک خێڵگەلێکی مەلیک درووستکەر دابنرێن کە وا ئەم دۆخەیان بە هەل زانیوە بۆ ئەوەی بەهێزتر پەرەبسێنن لە ناو هێز و توانای ئەو بنەماڵانەدا کە ناویان هاتووە. مەروانییەکان بە پەرەپێدانی کولتوورێکی پوخت ناویان دەرکردووە و نموونەیەکی سەرکەوتوون بۆ خێزانێک کە لە کۆنفیدراسیۆنێکی خێڵەکییەوە گواستوویانەتەوە بۆ میرنشینێکی بەهێز و نیمچە مەملەکەتێک (ڕیپەر، ٢٠٠٠).
سەردەمی ئەیوبی و مەملووکییەکان: پێش مێژوویەکی کوردستانی عوسمانی
بە هەر شێوەیەک بێت و لە دید و ڕوانگەیەکی کوردیی تەواوەوە، داستان و دیاردەی ئەیوبی (نیوەی یەکەمی سەدەی سیانزە) بەرهەمی ئەو نەخشە و پلانە خێڵەکییانەی کوردن کە لە سەرەوە باس کران. بەهەرحاڵ، ئەم ڕاستییە ڕەنگە لەسەرەتاوە باش ڕوون نەبووبێتەوە. ڕاستییەکەی هاوپەیمانیی گرووپە کوردییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١١٣٠ لە ناوچەی مووسڵی دوورەدەست و شوێنانی تر – کە بنەماڵەی سەڵاحەدینیش لە ناویاندایە – بە مەبەستی دابین کردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانە تورکەکان (واتە زەنگییەکان) و بەکاردەهاتن بۆ جێبەجێ کردنی داگیرکردنی سووریا و میسر لە بەرژەوەندیی زەنگییەکان لە کۆنفێدراڵییەتێکی گەورەتری غەیرە کوردیدا. مەسەلەکە نزیکەی چل ساڵی خایاند بۆ کوردە ئەیوبییەکان - واتە بنەماڵەی سەڵاحەدین - بۆ دەسەڵات گرتنەدەست لە میسر و سووریا، دوور لە خاک و قەڵەمڕەوی خێڵە کوردەکانی خۆیان.
بەم پێیە، سەڵاحەدین لە ساڵی 1171دا چووە سەر تەختی سەڵتەنەت و سترۆکتووری دەسەڵات لە سەردەمی حوکمی جێگرەوەکانیدا بە شێوەیەکی نکووڵی لێنەکراو بوو بە مۆدێلێکی بان مێژووی خێڵەکیی کوردی. بنەماکەی ئەیوبی بەدیاریکراوی وەک بنەماڵەیەکی کوردی ڕەفتاری دەکرد و وەک هاندەرێکی خێڵەکی کاری دەکرد و بە شێوەیەک لە شێوەکان، ڕەنگدانەوەی ئەو کۆنفێدراسیۆنانە بوو کە پێشتر و لەمێژە سەری هەڵدابوو لە ماوەی سەدەی دەیەمدا و سەریانکێشایەوە بۆ دروستبوونی بنەماڵە بچووکەکانی کورد لە بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا. لە لایەکەوە، ئەم تێکەڵبوونە تازەیە دەبوو مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاییانەدا بکات کە لە پێکهاتەی ناوچەکەدا بەرپا بووە (خاچدارەکان و باڵادەستیی ئیتنۆ – سەربازیی تورکیا). لە لایەکی ترەوە، ئەم قۆناخە مێژووییە بۆ کورد بەگشتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لێکەوتەوە و بنەماڵەی ئەیوبی پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتی بەهێز کرد لەگەڵ پاراستنی یەکگرتوویی و گیانی خێڵەکێتیی کورد و پەیوەستبوون بە خاک و قەڵەمڕەوی "ڕەگ و بنەچەوە". سەردەمی ئەییوبی لووتکەی تێکەڵبوونی کورد بەرجەستە دەکات لە میسر و سووریادا تا ئەو ڕادەیەی کە وا بنەماڵەی سەڵاحەدین تێیدا کاریگەریی بۆ دواوە گەڕانەوەی بە ئیمتیازەوە تۆمار کردووە. لێرە کوردی سەر بە پاشخانی خێڵەکی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆر گەلێ پێگەی زۆر بەرزیان داگیر کردبوو لە ناو دەستەبژێرانی سەربازی و ئاینیدا بۆ ماوەی زیاد لە نیو سەدە لەم خاکە داگیرکراوانەدا. ئەم دۆخە هاوکاریی پتەوبوونی شکۆی سەربازی و سیاسیی یەکگرتنی ناوخۆیی کوردی دا و بە هەمان شێوە شارەزایی و ئاگاداربوونیان لە دام و دەزگاکانی دەوڵەتیش.
بەپێچەوانەوە، کاتێ کە مەملووکەکان هاتنە سەر دەسەڵات لە میسردا لە پاش ئەیوبییەکان (لە دەوروبەری ساڵی ١٢٥٠دا)، چیتر کوردەکان بە هێزێکی سەربازیی ناوەندی لە ناو سوپای میسر و بە گرووپێکی سیاسیی گەورە نەمانەوە لە ناو دەزگاکانی دەوڵەتدا. بەهەرحاڵ، شوناسی کورد یان، بە تێرم و دەستەواژە خەلدوونییەکە بڵێین، عەسەبییەتی کورد (یەکگرتوویی چەسپیو) بە شێوەیەکی جیاواز ڕێکخرایەوە لەلایەن دەوڵەتی مەملووکییەکان و سەرکردە کوردەکانەوە. لێرە بەدواوە مەسەلەکە بوو بە ئامرازێک بۆ بەرەوڕووبوونەوەی کاریگەریی مەغۆلە ئێلخانییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و چاوخشاندنەوە بە سیستەمە کوردییەکەی وڵاتی میسۆپۆتامیای سەرەوەدا (جەیمس، ٢٠١٦). بۆ نموونە، حوکمڕانی مەملووکی ئەلمەلیک ئەلزاهیر بەیبەرس (الملک الظاهر بیبرس، کە لە ١٢٥٩ تا ١٢٧٧ حوکمی کردووە)، هەرچی کارگێڕان و سەربازان و دەرباری پاشایەتیی هەیە خستیە ژێر دەسەڵاتی سەیفەدین مەنقەلانی سەرۆکی جولەمێرکییەی کوردەوە بۆ گێڕانەوەی میرنشینەکەی کە لە سەردەمی ئەسەدەدینی باپیریدا مەغۆلە ئێلخانییەکان لەدەستیان دەرهێنابوو (ئیبن عەبدولزاهیر، ١٩٧٦: ٨٧). لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی چواردەدا، پەنجا میری کورد لە ناوچە و قەڵەمڕەوی کورددا هەبوون بە پێی نامە و نووسراوی فەرمی لەگەڵ دەرباری ڕاوێژکاریی مەملووکیدا (دیوانی ئینشا) و مەناشیریان (ئاگاداریی ماڵ و مڵک) وەرگرتووە (ئیبن نەزیر ئەلجەیش، ١٩٨٧: ٧٤ – ٨١؛ ئەلقەلقەشەندی، ١٩١٢ – ١٩١٣: ٧/ ٢٨٥ – ٢٨٩). بارودۆخەکە هەردوو ڕووی پراکتیک و سیمبۆڵیی گرتبووەوە. هەندێ گرووپی تایبەتی کورد لەلایەن مەملووکەکانەوە پاڵپشتی سەربازی دەکران و لە هەمان کاتیشدا سیمبۆڵیزمی دامەزراندن لەلایەن دەوڵەتێکی ئیمپراتۆرییەوە و بەخشینی مۆرکی دەستووری و دامەزراوەیی بە سەرکردە لۆکاڵەکان کە وادەردەکەوتن کەمتر و کەمتر "خێڵەکی" بن و کوردەکان وا دەردەکەوتن کە هاوپەیمانی سرووشتیی مەملووکەکانن.
بەڵام لە لایەنەکەی بەرانبەرەوە، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی مەغۆلەکان خێڵە کوردەکان و سەرۆکەکانیان تێکدەشکاند و لەناودەبرد، لە هەمان کاتیشدا هەوڵیان دەدا هەندێک لە سەرکردە کوردەکان تێکەڵ بە سیستەمە سیاسییەکەیان بکەن لەسەر بنەمایەکی تاکەکەس. زیاتر پێدەچێت ئەمە لە پێناوی کەمکردنەوەی دەسەڵات و کاریگەریی پیاوانی خێڵەکاندا بووبێت و بۆ ئەوەی لە ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ مەملووکەکان دووریان بخەنەوە. هەندێ لە سەرۆک خێڵەکانی تر کەوتبوونە ئەوەی وەک وەک ئەڵقەلەگوێ و بریکاری ئێلخانییەکان کار بکەن چونکە مەغۆلەکان نەیاندەتوانی بەتەواوەتی خواستی خۆیان بەسەریاندا بسەپێنن بۆ جێبەجێ کردنی هەندێ سیاسەتیان، بۆ نموونە چەشنی باج کۆکردنەوە. حوکمڕانە کوردەکانی هەردوو میرنشینی مازەنجانییە – حومەیدییە و جوولەمێرکییە – هەککارییە پلە و پایەی فەرمیی بەرزیان هەبوو لە ناو دام و دەزگاکانی دەوڵەتی ئێلخانیدا. بۆ نموونە، پاش ئەوەی مەغۆلەکان کۆڵیاندا لە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی موباریزەددین کاک، کە سەرۆک و ڕابەری باڵای مازەنجانی – حومەیدی بوو، پایزەیەکی pâ’iza (بەڵگەنامەی دامەزراندن) پێدرا (پێموایە بەیاز بێت – و) ، کە وا کراوە بە سەرۆکی ناوچەکانی هەولێر و ئاکرێ و ناچار کراوە بە کۆکردنەوەی باج لەبریی ئێلخانییەکان لە دەمی نیوەی دووەمی سەدەی سیانزەدا (ئەلعومەری 1988: 3/128). جێی بایەخە کە وا مەغۆلەکانیش پایزەیەکیان داوەتە سەرۆکێکی لەو خوارتر ، بە ناوی ئەلئەسەد بن مەتکاکین، کە بەرپرس بووە لە کۆکردنەوەی باج لە شارە سەرەکییەکانی ناوچەکە. وادیارە ئەمە هەوڵدانێک بووبێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی موباریزەدین کاک. بەهەرحاڵ، ئەگەرچی هەوڵی مەغۆلەکان بۆ پەیڕەوی کردنی سیاسەتێکی "پەرتکە و زاڵبە" بوو، ئەو و نەوەکانی دوای خۆیشی هەر بە گەورە و دەمڕاستی ناوچەکە مانەوە. سەبارەت بە جوولەمێرکییە و سەرۆکەکەی ئەسەدەدین مووسا بن موجەللی بن مووسا بن مەنقەلان کە قەڵا و قایمکاریی کەوتبووە لای پەڕی باکوور و ڕۆژاوای ناوچەی مازەنجانییە لە وڵاتی جوولەمێرگ – هەکاری لە باشووری گۆلی وانەوە، دواجار ئەمیش بەفەرمی لەلایەن ئێلخانییەکانەوە ناسێنرا (ئەلقەلقەشەندی، ١٩١٢ – ١٩١٣: ٧/ ٢٨٣).
ئەو ستراتیجەی کە لێرە پەیڕەوی دەکرا هەڵبژاردنی هێزە ناوخۆییە لاسارەکان بوو لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگی کردنەوە، بە واتای پێشکەش کردنی یارمەتیی دارایی و سەربازی و بێجگە لە ناونیشان بۆ پشتگیری کردن لەو تاکانەی کە دەبوو نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێلخانی بکەن. سوودەکانی ئەم ستراتیجە بۆ مەغۆلەکان دوولایەنە بوو. لە لایەکەوە، خۆیان بە دوور دەگرت لە فەوتاندنی ئەو سەرچاوانەی باج زۆربەی خەرج و تێچوونی سەربازییان دابین دەکرد. لەولاشەوە، دڵنیا بوون لەوەی کە دەتوانن سەرچاوە ناوخۆییەکان دابین بکەن و جەخت لەسەر داواکاریی دەسەڵاتیان بکەن بەسەر ناوچە کوردییەکاندا. بێگومان سیاسەتگەلێکی لەم چەشنە بێ کێشە و گرفت نەبوو، چونکە ئۆتۆنۆمیی خێڵەکان و میرنشینە کوردەکانی ئاسانتر دەکرد. ڕاستییەکەشی لە ترس لە توندوتیژی و بێمتمانەیی گشتیدا بۆ پشتیوانی کردن لە پەیوەندیی نێوان خێڵە کوردەکان و دەسەڵاتی باڵای ئێلخانییەکاندا خۆی دەبینییەوە.
هەرچەندە یەکەمجار وا دەردەکەوێت کە سیاسەتی ئێلخانی و مەملووکەکان بەتەواوی لێکدەچن، بێجگە لە بواری وەرگرتنی باج، چونکە بژاردەی هاوبەشی تاکی خێڵەکان لە هەر ئیمپراتۆرییەتێکدا مانای زیمنیی جیاوازی هەبوو. بەتایبەتی و بە شێوەیەکی بەرچاو کە بژاردەی هاوبەشی مەملووکەکان بۆ گرووپە کوردییەکان بە پێی بنەمای تاکەکەس نەبوو وەک لە حاڵەتی سیاسەتەکانی مەغۆلدا، بەڵکو وەک کەسانی سەر بە گەلێک بوو. ئەم سیاسەتانە لەوە زیاتر بوون کە تەنها کارپێکردنی هێزە ناوچەییەکان بێت، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی خواستی مەملووکەکان بوو بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی بەهێز دژ بە مەغۆلەکان بۆ بەهێزکردنی ئەو چەمک و بیرۆکەیەی کە وا کوردەکان گرووپ و تایفەیەکی جیاوازن و کەچی لە هەمان کاتدا مۆرکی ناوچەیشی پێدەدرێت. بەم مانایە، سیاسەتی مەملووکەکان تا ڕادەیەک شێوە دژوارییەکی تێدابوو، کە لە هەمان کاتدا تەواوکاری و جیاوازیشی تێدەکەوت. ئەم پارادۆکسە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەوڵەتمان بیردێنێتەوە و لە پێکهێنانی ڕووبەرێکی جوگرافیدا بەرهەڵستی کردن یان ناچار کردن بە سەپاندنی پێکهاتە سیاسییە ناوخۆییەکان. ڕاستتر ئەوەیە، کە دەوڵەت تەنها هەوڵ نادات بۆ دامەزراندنی سەرۆکە ناوخۆییەکان بۆ پێشاندانی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆی، بەڵکوو دیاری کردنی ئەو خاک و هەرێمەشە کە هەوڵ دەدات حوکمی خۆی بەسەردا بسەپێنێت. ڕاستییەکەی ئەم ناونان و دیاری کردنە لەخۆیدا کردارێکی سیاسیی ڕوون و ئاشکرایە. مەملووکەکان دەیانویست لە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی خۆیاندا بکەن.
ئێمە پێویستە ئەوەمان بیر نەچێت کە وا ناوچە کوردییەکان بە فەرمی لەژێر دەسەڵاتی مەغۆلدا بوون لەو سەردەمەدا. بەهەرحاڵ، دەوڵەتەکەی مەملووکیش بەنیاز بوو ناوەرۆکێکی کارگێڕی بداتێ، وەک بڵێی مۆرکێکی فەرمی بێت. ئەلعومەری، کە بەڕێوەبەری دیوانی ئینشا بوو (دیوان الإنشاء) واتە دەزگای ڕاوێژکاری و کوڕی بەڕێوەبەرێکیش بوو، وەک ئیقلیمی جیبال (واتە چیاکان) خاک و وڵاتی کورد دیاری دەکات. ئەو لە ئینسکلۆپیدیا جوگرافییەکەیدا و لەو فەسڵەی کە لەسەر مەمالیکە و لە (سوبحول الئەعشا – صبح الأعشی)ی قەلقەشەندیدا، کورد لە بەشێکی جیاوازدا دەردەکەوەن و بەدیاریکراوی لەو بەشەدا کە پەیوەندیی بە ئیقلیمی جیبالەوە هەیە. بە هەمان شێوە، موحیەدین ئیبن عەبدولزاهیر (١٢٩٣ مردووە) چەند بڕگەیەک لە ڕاسپاردەی سوڵتانی مەملووکی، ئەلمەنسوور قەلاوون، دێنێتەوە سەبارەت بە جێگرتنەوەی کوڕەکانی لە دەسەڵاتی دوای خۆیدا. لە نێو زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوڵتاندا و کە بە میرات بۆ کوڕەکانی جێهێشتووە، "مەملەکەتی قایم و قۆڵی کوردان" بووە (المملکة الأکرادیة الحصینة الجبلیة) کە پەیوەست بووە بە "ئەگەری داگیرکردنییەوە" یان فتوحاتها (ئیبن عەبدولزاهیر، ١٩٦١: ٢٠٢). لە واقیعدا، کاریگەریی ڕاستەقینەی مەملووک بە سەر ئەم ناوچەیەوە لەوپەڕی سنوورداریدا بووە. بەڵام ئەوەی جێی بایەخ و بەرچاوە کە وا مەملووکەکان هیوای خۆیان خستبووە سەر تێکرا کوردەکان، وەک تاقمێکی ئەبستراکت لە خەڵک، واتە خەڵکانێک کە نیشتەجێی خاک و ناوچەیەکی دیاریکراون و لەبریی مەملووکەکان کۆنترۆڵیان کردووە.
مەملووکەکان چەند لەشکرکێشییەکی بێ ئەنجامیان کردبووە سەر ئەم ناوچانە. تێبینیی ئەوەش دەکرێت کە وا دیارە دەقە مەملووکییەکان بەپەرۆشەوە ئەوە پیشان دەدەن کە وا هەندێ لە میرە کوردەکانی ناویان لە لیستەکانی دیوانی ئینشادا هاتووە پلە و پایەیەکی بڵندیان هەبووە لە ئیمپراتۆرییەتی مەغۆلدا. بەو پێیە، ڕەنگە بپرسین کە ئەمان لە کام لا بوون؟ لەوانەیە وەڵامەکەی ئەوەبێت کە لە هەردوو لا بوون یان هیچ لایەک، بەڵام وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی کورد نەبووە. ئەلعومەری لە تەعریفەکەیدا هۆکارەکانی ئەمە ڕوون دەکاتەوە، کە وا کوردەکان بێ ئەژمار زۆرن و ئەگەر شمشێری ناکۆکیی نێوانیان نەیانبڕێنێتەوە ئەوە بەردەوام سەرهەڵدەدەنەوە و دەڕژێنە سەر زەوی و هەموو شت و شوێنێک داگیر دەکەن. بەهەرحاڵ، ئەوان هەمیشە مەیلیان بە لای ناتەبایی و ناکۆکییەوەیە و بۆیە هەمیشە شمشێر و خوێنڕشتن لە نێوانیاندایە و ڕقیان لە یاسا و نیزامە، هەمیشە چاویان تەڕە و خوین سووری کردووە (ئەلعومەری، ١٩٩٢: ٤٧؛ ئەلقەلقەشەندی ، ١٩١٢ – ١٩١٣: ٧ / ٢٨٣). لەبەر ئەوە هیچ هۆکارێک نییە بۆ مەملووکەکان کە داوای دەسەڵاتداری ناکەن بەسەر ناوچە کوردییەکاندا.
لە هەمان کاتیشدا، ئێمە لەم چەند وشە کەمە و نووسینەکانی تری ئەلعومەریدا درک بە سیاسەتی مەملووکەکان دەکەین لە بەرانبەر کوردەکاندا و بەدیاریکراوی ئارەزوو کردن لە بەکارهێنانی گیانی بەکۆمەڵدا (عەسەبییەت)، کە دەکرێ بەهێز بێت بەڵام خەوشدارە، وەک چەکێک بۆ فراوان کردنی مەملەکەتی مەملووکی دژ بە مەغۆلەکان. بەم پێیە، دەوڵەتی مەملووکەکان، بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕژێمە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەوڵیان بۆ داوە و بەپێچەوانەی سیاسەتی کۆدەنگیی مەغۆل، هەوڵی خولقاندن و پشتگیری کردنی دەمارگیریی (عەسەبییەتی) کوردیان داوە بۆ جەختکردن لە سەر دەسەڵاتیان بە سەر خاک و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەم پارادۆکسە لەو دژوارییە زارەکییە دەچێت: خاکی سەربەخۆی ئۆتۆنۆمیداری کورد. ئەمەش گونجاو نەبوو بێ هەل و مەرجی دیاریکراوی ناوچە کوردییەکان و بە دیاریکراوی بارودۆخی جەنگ لە نێوان دوو هێزی گەورەی هەرێمیدا، کە مەغۆل لێرەدا وەک هێزێکی زەبەلاحی باڵادەستی هەموار و هاوچەشن ڕەفتار دەکەن بەگوێرەی بەکارهێنانی کۆنی ئێرانی.
لە ڕوانگەیەکی مێژوویی گشتییەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە بارودۆخی ناوچە کوردییەکان سەری کێشاوەتەوە بۆ دامەزراندنی میرنشینە نیمچە سەربەخۆکان، بە دیاریکراوی لە ماوەی نێوانگیریی "intermezzo " ئێرانیدا (لە سەدەکانی دە بۆ دوانزەدا). بارودۆخی کولتووری سنوور و کەوتنە نێوان، کە لە بە شێوەیەک لە سەردەمی شەڕ و ململانێی مەملووک و مەغۆلەکاندا هاتووەتە ئاراوە و تا ڕادەیەک جیاوازە چونکە دەستێوەردانی پێشوەختی هەردوو دەوڵەتی میسر و ئێران دەگەیەنێت لە پێکهێنانی ئەم ناوچە سنوورییانەدا. ئەمەش پێکهاتەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی – سیاسیی لێ بەرهەم هاتووە واتە (کوردی نێوان دوو لایەن و داڕشتنی ئیتنیکیی دەوڵەت)، کە ئەمەش پێدەچێت بناغەی ئەو ئۆتۆنۆمییەی داڕشتبێت کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دراوە بە میرنشینە کوردییەکان لە سەردەمی شەڕ و ناکۆکییان لەگەڵ سەفەوییەکان لە سەرەتای سەدەی شانزەدا. هەروەها بواری بینینی ئەو بارودۆخەشمان بۆ دەڕەخسێنێت کە وا سەرلەبەری ناوچەکە وردە وردە بە "کوردستان" ناسرا.
هەرچەندە سیستەمی حوکمی مەملووکی گونجاوتر بوو بۆ قەوارەیەکی کوردی یان ناوچەیەکی دابڕاو لە خاک و قەڵەمڕەوی مەغۆلدا، کە وا کاریگەری و دەسەڵاتی لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە نەبوو. لە دیدگایەکی میسرییەوە، سیاسەتێکی لەم چەشنە (واتە پشتگیری کردنی کورد) لە دڕکێک دەچوو کە چەقیبێتە کەلەکەی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی ڕکابەرەوە بەڵام ئاماژە نییە چەسپاندنی تەواوی قەوارە کوردییەکە لە ناو سەڵتەنەتی مەملووکەکاندا. دوو سەدە دواتر بۆ دواجار ماڵی عوسمان ئەم بازەیان دا و دەرفەتیان وەرگرت بۆ خولقاندنی کوردستانێکی عوسمانی بەتەواوی. هەڵبەت بە حوکمی ئەو بارودۆخەی کە تێیدا ئۆتۆنۆمی درا بە میرنشینە کوردییەکان و ئەمەش دانپیانان بوو بەوەی کە تەنها حوکمی عوسمانی فرەڕوو بووە. گەلێ فاکتەری تر سەنگی مەحەک بوون و ئەگەر کەمێکیان لێ وەربگرین، دەبینین ئەو دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی پێش تێکەڵ کردنەوەی کوردستان کەوتبوو و ئەو سەودا و مامەڵەیەی بیرۆکراتە عوسمانییەکان کردیان، کە تێیدا ئیدریس بەدلیسیی بەدناو و لایەنە ئاینییەکەی کوردەکان میرە کوردەکانیان هەڵفریواند و ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی لێ کەوتەوە.


ئاژاوە و پشێویی پێش عوسمانی
لەپاش ماوەیەکی کورت لە دەسەڵات شکانی تەیموورییەکان بەسەر "خاکی کورددا"، کە دەکەوتە بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیا و بەشێکی زاگرۆسی ئێرانییەوە، سەدەی پانزەهەم ئەو خاسییەتەی هەبوو کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەسەڵاتی تێدا کەرت و پەرت بووبوو. هیچکام لە دەوڵەتە بچووکە ناوخۆییەکانی تورکمانەکان نەیاندەتوانی قەوارەکانیان کۆبکەنەوە و لەوە زیاتر بەهێز ببن. لە ناو ئەوانەدا، دوو ئەکتەری سەرەکی دەرکەوتن و خاک و ناوچەکانی کوردیان حوکم کرد تا کۆتایی سەدەی پانزەهەم و ئەوانیش قەرەقۆینلوو و ئاق قۆینلوو بوون. قەرقۆینلوو دەکەوتە دەوروبەری گۆلی ورمێوە و حوکمی بەشی سەرەکیی ئازەربایجان و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیان کرد تا ساڵی ١٤٦٩. لە سەرەتای سەدەی پانزەدا بوون بە نوێنەرانی دەوڵەتی تەیمووری لە ڕۆژئاوا و کەوتنە تاقە فراوانخوازییەکەیان لە میسۆپۆتامیادا. لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت زۆربەی مافەکانی حوکمڕانانی کوردیان سەپاندبێت بە سەر ئیمارەتەکانیاندا و تەنانەت وەک تەنها هاوپەیمانانی ئەم میرە کوردانە ڕەفتاریان دەکرد. ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕاست بوو، کە وا کاریگەری و دەسەڵاتی قەرەقۆینلوو دوور و نەبینراو بوو. بۆ نموونە شەمسەدینی بەدلیس سەرۆکێکی نیمچە سەربەخۆ بوو لە شارەکەیدا. ئەیوبییەکان، کە لە میسر و سووریادا نەمابوون، لە قەڵای حەسەنکێفی ناوجەرگەی کوردستاندا مابوونەوە و لەوێ وەک میرانی کورد تەماشا دەکران. ئەوان چیتر لە سەر ئاستێکی گەورە و بەرفراوان هاندەر نەبوون و مەسەلەکە وای دەگەیاند کە جارێکی تر دەمارگیری (تەعەسسوب یان عەسەبییەتیان) بەسەردا زاڵ بووبێت (ئیبنول مونشی، بێ مێژوو)، هەروەها هێز و دەسەڵاتیان بە تەواوی دای لە کزی لەگەڵ لاوازبوونی قەرەقۆینلوو لە دەوروبەری ساڵی ١٤٦٢دا. لە لایەکی ترەوە، ئاق قۆینلوو بە درەنگتر لە قەرەقۆینلووی ڕکابەریان نەشونمایان کرد لە نیوەی دووەمی سەدەدا. ئەوان هەر کە پێگەی کاریگەری و دەسەڵاتیان کەوتە ڕۆژاوای کوردستانەوە، هەستیان بە پێویستیی تێکشکاندنی میرە کوردەکان کرد کە هەڵوێستیان لایەنگریی قەرەقۆینلوو بوو. ئوزوون حەسەنی سەرکردەی ئاق قۆینلوو لە دەوروبەری ساڵی ١٤٧٠دا قەرەقۆینلووی بەزاند و زۆربەی خاک و ناوچەکانی کوردی گرت و پاشان بەتەمابوو حوکمی ڕاستەوخۆی ئەو ناوچانە بکات (ڤان بروونەسن، 1999: 137 ؛ ئۆزۆغڵوو، 1996: 11 ؛ مينۆرسكی، 1983: 457).
بەڵام هەر زوو ئاق قۆینلوو بەرەوڕووی دوو ئالینگاریی نوێ بوونەوە و ئەمانیش لە ڕۆژئاواوە عوسمانییەکان و لە ناویشەوە سەفەوییەکان بوون. ئێمە تەنها سەرمان لەوە سوڕدەمێنێت کە ئاخۆ لاساری و سەرسەختیی ئاق قۆینلوو لە بەرانبەر کورددا چۆن جێی مەترسییان نەبووە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم هەڕەشە و مەترسییە نوێیانەدا. هەروەها لەوانەیە خولیا و مەراقیان ئەو هێز و گوڕەی پێ دابێتن کە ببنە ئاڤاتارێکی نوێی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانی بە دید و تێڕوانینی کۆدەنگییانەوە، کاتێ کە زۆربەی هەردە و دەشتاییەکانی ئێرانیان داگیر کرد. بەهەرحاڵ، هەوڵ و تەقەلایان بۆ دەستەبەر کردنی هەژموون بەسەر هەردوک ئێران و ئەنەدۆڵدا سەرکەوتوو نەبوو. لەپاش مردنی ئوزوون حەسەن گڵۆلەی بنەماڵەکە کەوتە لێژی و دای لە کزی.
لەم دۆخ و سیاقەدا، شاکانی سەفەوی وەک بەتواناترین هێز دەرکەوتن لە وڵاتی میسۆپۆتامیا و پێدەشتەکانی ئێراندا. ئەم قەوارە سیاسییە لە ڕێباز و تەریقەتێکی کلاسیکیی برایی ئیسلامییەوە سەری هەڵدا کە زۆر میللی بوو لە ناو خێڵە تورکمانەکاندا. تەریقەتەکە عەوداڵی شێخێکی نوورانی و خاوەن کاریزما بووبوو، بە ناوی سەفیەدین (١٢٥٢ – ١٣٣٤)، کە یەکەمجار لە ئازەربایجان و بەشی سەرەوەی میسۆپۆتامیادا گەشەی کرد لەژێر چەتری ئاق قۆینلوودا. هەر کە ڕوونبووەوە کە ئەم ڕێباز و براییە بەئاشکرا ڕێکخراوێکی سیاسی و سەربازیی مەترسیدارە و توانای ڕکابەریی هەیە، پەیوەندیی نێوان شێخەکان و بنەماڵەی تورکمانەکان دایە کزی و لێژ بووەوە، هەروەها گۆڕینی تەریقەتەکەش بۆ ئیسلامی شیعی بە هەمان ئەندازە زیانبەخش بوو بە هاوپەیمانییەکەی پێشوو. لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمەوە ڕێبازەکە دەستباڵایی پەیداکرد. پاسان لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتیی شاه ئیسماعیلدا دواجار خاک و وڵاتێکی هێجگار پانوپۆڕی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە کە لە هیندوکۆشەوە درێژ دەبووەوە تا ڕووباری فورات. بنەماڵە کوردەکان بە شێوەیەکی هەلپەرستانە ویستیان جارێکی تر وەک سەرکردەی ناوخۆیی دەربکەونەوە. بە پشتبەستن بە تورکمانەکان و هێزە شیعییەکان، سیاسەتی سەفەوییەکان بەرانبەر بە کوردەکان جیاوازتر نەبوو لەوەی ئاق قۆینلوو. ئەوان هەوڵی پیادە کردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆیان دەدا بەسەر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکەیاندا و بە شێوەیەکی لۆجیکی نیازی تێکشکاندن یان سەرکوت کردنی بنەماڵە گەورەکانی کوردیان هەبوو کە حوکمی میرنشینە بچووکەکانی سەرووی میسۆپۆتامیایان دەکرد و لە جێگەیان والی و حوکمڕانی شیعە مەزەب و کەسانی لەسەرکار لادراو یان کوردە لاوازەکانیان دادەنا کە سەر بە خۆیان بوون. لە ڕووداوێکیشدا دەگێڕنەوە کە وا زیاد لە دە دوانزە میری کورد خراونەتە زیندانەوە لەو کاتەدا کە سەردانی شا ئیسماعیلیان کردووە لە شاری خۆی بۆ بەیعەت کردن و پێشاندانی ملکەچییان لە ساڵی ١٥١٠دا و شا گۆڕیونی بە ئەفسەرانی شایستە و جێمتمانەی خۆی.


ئیدریسی بەدلیسی و تێکەڵ کردنی کوردستان بە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی
لە لایەکی ترەوە، لە ناوەڕاستی سەدەی پانزەهەمدا، سەڵتەنەتی عوسمانی هێزێکی ڕۆژئاوا بوو، ئەگەر هێزێکی ئەوروپی نەبوایە، لەگەڵ جێگیر بوونێکی بەهێز لە بەڵکاندا. ئەمە و کاتێ کە دەستی کرد بە فراوانخوازی و پەلکوتان بەرەو ڕۆژهەڵات و سەرکەوتوو بوو لە دانەناوی (ئیحتیوا کردنی) دەسەڵات و کاریگەریی ئاق قۆینلوو و بگرە خێرا هەڵوەشاندنەوەشیان. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی سەرەتایی عوسمانییەکان لە ئەنەدۆڵدا خولیا و مەراقی سەفەوییەکانی پەکنەخست چونکە وایان دادەنا ئاق قۆینلوو هەڕەشەی سەرەکییە بۆیان. چونکە ئەمان (وایە ئاق قۆینلوو) خۆیان تووشی ڕووداوگەلێکی وا کرد کە عوسمانییەکان و سەفەوییەکان و بە ئاستێکی کەمتر مەملووکەکانی میسریشیان کردە دوژمنی خۆیان و هەموو بەجارێ گەلەکۆمەکییان لێکردن. تا سەرەتای سەدەی شانزەهەم، هەردوو زلهێزی تازە دەرکەوتوو (عوسمانییەکان و سەفەوییەکان) لەگەڵ یەکتر نەکەوتبوونە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی قورسەوە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر. بەهەرحاڵ، شەڕفرۆشی و پەلاماردانی عوسمانی لە تەرابزۆنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی زۆر زۆر بوون و لە هەمان کاتیشدا شۆڕش و یاخیبوونی شیعەکان لە ئەنەدۆڵی عوسمانیدا کە لە دوورەوە شا پشتیوانیی لێ دەکردن لە هەڵکشاندا بوو. ئەم گرژی و ئاڵۆزییە تا ڕادەیەک جڵەوکراوە سەری کێشایەوە بۆ شەڕوشۆڕێکی ئاشکرا کە سوودبەخش بوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی خاک و ناوچە کوردییەکان. بەپێچەوانەی ئەوەشەوە، ناوەندێتیی کوردستان لە بەرەوڕووبوونەوەی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا کاریگەرییەکی بەهێزی هەبوو لە دیاری کردنی بنیاتی ئایدیۆلۆجی و سیاسییاندا. سوڵتنا سەلیمی یەکەمی عوسمانی کە تازە چووبووە سەر تەخت لە ئەستەمبووڵ (١٥١٢) ئۆپەراسیۆنێکی هێجگار گەورەی سەربازیی دژ بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی ئەنجام دا و بە ئاسانی سنوورەکانی سەفەویی بەزاند لە ساڵی ١٥١٥دا. بەمە هەر زوو شاری ئامەد (کە لە ئێستادا دیاربەکرە) کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. لەشکری عوسمانی، کە لەلایەن هەندێ هێزی کوردەوە یارمەتی دەدرا بەردەوام بوو لە پێشڕەوی کردندا و لە چاڵدیران لەگەڵ سوپای سەفەویدا پێکیاندادا، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان لە ئەرمینیا و شەڕێکی قورس بەرپا بوو (بە پێی گێڕانەوەی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان ئەم شەڕە لە ساڵی ١٥١٤دا بووە – وەرگێڕ). لەم شەڕەدا عوسمانییەکان بەتەواوی سەرکەوتن و شا ئیسماعیل تەنانەت لە تەبرێزی پایتەختەکەشی هەڵهات، کە بۆ ماوەیەک لە لایەن سەلیمی یەکەمەوە داگیر کرا.
ئەم سەرکەوتنە تا ڕادەیەک وا تەماشا دەکرا کە ئەنجام و لێکەوتەی هاوکاری و یەکدەنگیی خێڵ و میرنشینە کوردەکان بێت یان ڕەنگە تەنها بە پاڵپشتی کردنی دواتریان مسۆگەر کرابێت. لە هەر حاڵەتێکدا بووبێت، ئەوەی تەواو ڕاستە ئەوەیە کە بە کشانەوەی سوپای عوسمانی لە سەنتەر و ناوچەکانی سەفەوی، شا ئیسماعیلی سەفەوی بە هیچ شێوەیەک سەرنەکەوت لە هێرشە بەرانبەرەکەیدا بۆ سەر ئەنەدۆڵ، چونکە هێزی ڕێکخراوی کورد بەرگرییان کرد و نەیانهێشت جارێکی تر سوپای شیعەکان بگەڕێنەوە ئەو ناوە.
بەشێک لە توێژەران مەسەلەکە دەگێڕنەوە بۆ سیاسەتی پڕ توندوتیژی و سەرسەختانەی شیعەکان لە بەرانبەر کورددا و وەک نیشانەیەکی دەمارگرژیی ئاینی و مەزهەبی شیعەگەرایی دژ بە گرووپە سوننییەکان. سەرەڕای ئەوەش، سروشت و هەڵسوکەوتی خودا ئاسای شا ئیسماعیل لە کایەی خۆیدا ڕێگەی بە دامەزراندنی هیچ جۆرە حوکمێکی ئۆتۆنۆمی یان نیمچە سەربەخۆیی نەدەدا وەک کوردە ئەریستۆکراتەکان داوایان دەکرد. دەکرێ ئەم لێکدانەوانە جێی باوەڕبن، بەڵام ئەگەر تێڕوانینی مێژوویی گشتیی ئاساییمان پێچەوانە کردەوە و بۆ دواوە چاو بگێڕین (لە سەردەمی عوسمانییەوە بۆ مەملووکی)، ڕەنگە بە شیکارییەکی ترەوە دەربچین. بەو پێیەییە، دۆخەکە زیاتر ئەوە دەگەیەنێت کە سروشتی ئاینیی دەسەڵاتی سەفەوی سیاسەتیان بەرانبەر بە کورد ڕاڤە ناکات چونکە کولتووری سیاسیی فرەیی و سێکولار لەمێژە پەیوەست بووە بە ئیمپراتۆرییەتی ئێرانییەوە. وادیارە ناکۆکی و ململانێی عوسمانی – سەفەوی ئەو نەخشە و پلانە دوولایەنەی بووژاندووەتەوە کە بووبووە مۆرکی سیاسەتی ئیمپراتۆرییەتەکانی مەغۆل و مەملووکەکان لە بەرانبەر میرە کوردەکاندا، دوو سەدە لەوەوبەر. کۆک بوون لە سەر ئەو ئاڕاستە سیاسییەی لە لایەن سەفەوییەکانەوە جێبەجێ دەکرا و ئەو داڕشتنە ئیتنیکییەش سەبارەت بە کورد کە بووبووە هۆی گەڵاڵە بوونی سیاسەتگەلێکی لیبراڵی کە عوسمانییەکان جێبەجێیان دەکرد. یەکەمیان (واتە عوسمانییەکان) ڕێچکەی مەغۆلەکانیان گرتبوو لەم مەسەلەیەدا و دووەمیشیان (واتە سەفەوییەکان) ڕێچکەی مەملووکەکان.
چەندین هێرشی سەفەوییەکان بۆ سەر ئەنەدۆڵ بەری پێگیرا بە هۆی کۆنفێدراڵییەتێکی سەربازییەوە کە لە سوپای نیزامیی عوسمانی و لەشکرە ناوخۆییەکانی کورد پێکهاتبوو. بە هاتنی ساڵی ١٥١٥ (ڕاستتر ١٥١٤ – و) تێکەڵ کردنی کوردستان (لەگەڵ خاک و قەڵەمرەوی دەوڵەتی عوسمانیدا) ئەنجامدرا و بە پێی هەمان ڕێسا و بنەما بە بێ گۆڕان بۆ ماوەی زیاد لە سێسەد ساڵ بەردەوام بوو.
لە ڕوانگە و بۆچوونی کورد و عوسمانییەوە سەرلەبەری مەسەلەی جۆشدان و ڕێکخستنی میرنشینە کوردییەکان لە دەوری کەسایەتیی ئیدریسی بەدلیسی کۆدەبێتەوە، کە بیرۆکراتییەکی کورد بووە و لە دەرباری حوکمرانانی ئاق قۆینلوودا کاری کردووە و لە شوێنێکی نزیک تەبرێزی پایتەختیانەوە لەدایکبووە، کە باوکی پلە و پایەیەکی باڵای هەبووە لە دەرباردا و ئەمیش دەیتوانی هەمان ڕێی باوکی بگرێت بەڵام بڕیاری دابوو پێچەوانەی ئەو بجووڵێتەوە. ساڵی ١٥٠٠ بەدلیسی تەبرێز بەجێدێڵێت و وای دانابوو سەفەری میسر بکات بۆ ئەوەی بچێتە خزمەتی سوڵتانی مەملووکییەوە (سوێنمەز، ٢٠١٢: ٤١). لێرەدا دەکرێ وای لێکبدەیتەوە کە ڕەنگە بیر و خەیاڵی بۆ سیاسەتی مەملووکەکان چووبێت سەبارەت بە کورد کە بەردەوامیی میرنشینە کوردەکانیان مسۆگەر کردبوو لە بەرەوڕووی حوکمی مەغۆلەکاندا. دواتر، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکاندا، بەئاشکرا دەردەکەوێت کە وا بەدلیسی بە دوای پشتیوانێکدا دەگەڕا نەک تەنها بۆ خۆی بەڵکو بۆ گرووپێکی بەرفراوان لە ناو ئەریستۆکراتییەتی کوردیدا کە وا گرفتار بووبوون بە دەست کەڵەگایی حوکمرانانی سەفەوی و ئاق قۆینلووەوە. بەدلیسی دواجار لە ئەستەمبوول گیرسایەوە و ڕوویکردە دەرباری سوڵتان و لەوێ بوو بە بیروکراتێکی سادە بەڵام لە هەمان کاتدا داکۆکیکارێکی بەرهەمدار لە دەسەڵاتی بایەزیدی دووەم و کەوتە نووسینی بابەت و مێژوو و چامە شیعری ستایش و پیاهەڵدان بە سوڵتاندا (سوێنمەز، ٢٠١٢: ٤٣). لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ تەمومژی دەربڕی لە ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی بۆ عوسمانییەکان کاتێ کە لە کۆتایی سەردەمی حوکمی بایەزیدی دووەمدا ئەوێی بەجێهێشت بۆ مەککە و لەوێ بۆ ماوەیەک لە ژێر پارێزگاریی مەملووکەکاندا مایەوە. دواجار، لە ساڵی ١٥١٢دا بانگهێشت کرایەوە بۆ ئەستەمبووڵ تا بچێتە خزمەتی سەلیمی یەکەمی سوڵتان – خەلیفەی نوێوە. پاشان ڕێزێکی زۆری لێنرا بە هۆی ئاوەز و بیرتیژی و زانیاریی قووڵ و بەرفراوانی لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و بنیات و پێکهاتەی مەملەکەتی سەفەوییەکان و بە شێوەیەکی دیاریکراوتر لە ناوچە کوردییەکاندا. بەو پێیە، بەدلیسی بوو بە دەرکەوتووترین دانوستانکار لە کاروباری کورددا و ئەندازیاری سەرەکی بۆ سیاسەتە ڕۆژهەڵاتییەکانی عوسمانی و هەروەها ڕاوێژکارێکی سەربازییش. لەڕاستیدا، بەرفراوانبوونی میسۆپۆتامیا و ئازەربایجانی ئیمپراتۆرییەتەکەی سەلیمی یەکەم بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ڕێگەی سات و سەودا سیاسییەکان و ئەندازیاریی سیاسییەوە بوو کە وا ڕۆڵی بەدلیسی تێیاندا کاریگەر بوو. لەپێناوی هەرەسهێنان بە بنەمای هێز و دەسەڵاتی سەفەوی و داگیر کردن و بڵاوبوونەوەی هەرێمیدا، ئەم گەلێ جار دەنێردرا بۆ ناوچە کوردنشینەکان. لەوێ بنەماڵەی میرزادەکانی کوردی دڵنیا دەکردەوە لە نیازپاکیی سوڵتان بەرانبەریان و پشتیوانی ئەوانی بەدەستهێنا بۆ لەشکرکێشییەکان و لە هەمووشی بایەخدارتر دابینکردنی بنەمایەکی سیاسیی درێژخایەن بۆ جێگیر بوونی عوسمانی لە دەڤەرەکەدا. ئەمە تا ڕادەیەک بەزوویی کرا و بەدلیسی ئەم ڕێککەوتننامە سەرکەوتووەی داڕشت بە جۆرێک کە لە سەروەختی شەڕی چاڵدیراندا زۆربەی بنەماڵە ناودار و دەسەڵاتدارەکانی کورد بەڵێنی بەیعەت و دڵسۆزییان دابوو بە عوسمانییەکان. ئەوجا ئەوانی تریشی بەدوادا هات لەپاش داگیرکردنی عوسمانییەکان بۆ ئازەربایجان و لە کاتی شکستی هێرشی پێچەوانەی سەفەوییەکاندا. هەندێ لە میرەکان ڕاستەوخۆ چاویان بە سوڵتان کەوت (ڤان بروونەسن، ١٩٩٩: ١٤٢ – ١٤٥). بێجگە لە سوود و قازانجی ڕاستەوخۆی سەربازییان، ئەم دانوستان و ملکەچی و دڵسۆزی دەربڕینانە زەمینەیان خۆش کرد بۆ دروستکردن و پێکهێنانی قەڵایەکی مەحکەم و ئاڵۆزی کوردیی - عوسمانی کە بۆ چەندین دەیە بەردەوام بوو. ئەم تێكەڵبوونەی میرنشینە کوردەکان لاپەڕەیەکی نوێی کردەوە لە مێژوویاندا و لە ئەستەمبووڵ وا تێی دەڕوانرا کە ئەوپەڕی بایەخدار و یەکلاکەرەوە بووە بۆ تێکڕا جیهانی عوسمانی. بەم جۆرە لەدواییدا کوردستان بوو بە پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی عوسمانی. هەروەها ئەم بارودۆخە هۆکاری دواتر نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە روون دەکاتەوە لەلایەن زۆربەی سوڵتانە عوسمانییەکانەوە.


کوردستانی عوسمانی: پێکهاتە سیاسییەکان و پەرەسەندنی زیاتر
کوردستانی عوسمانی، کە لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ دامەزرا، لە مەڵاتیەوە درێژ دەبێتەوە تا هەکاری (جۆڵەمێرگ/ کە پێشتر جووڵەمەرک بووە). هەروەها لەگەڵ قەراخ و بیجاخی باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراقدا یەکدەگرێتەوە. هەرچەندە کوردستانی عوسمانی لە سەرەتاوە ئەرکێکی بەرگریی بنەڕەتیی لەئەستۆ بوو بۆ بەرگرتن لە هەر هێرش و پەلامارێکی فراوانخوازیی ئێرانی سەفەوی بەرەو ڕۆژاوا، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لە بەردەم بنیاتنان و سەرلەنوێ بە وردی داڕشتنەوەی لە بەرژەوەندیی سەڵتەنەتی عوسمانیدا. بۆ جارێكی تر بەدلیسی بووەوە بە ئەندازیاری بنیاتی سیاسیی ناوەوە و دەرەوەی. کوردستانی عوسمانی بەتەواوی وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو کاری نەدەڕۆیشت و لە گەلێ ئاستی کارگێڕی و دەسەڵاتی سیاسی پێکدەهات. بەهەرحاڵ، دەوڵەتی عوسمانیی ناوەندی بەنیاز بوو سیاسەتێکی یەکگرتوو پەرە پێبدات سەبارەت بەم خاک و ناوچانە. زۆرترین هەل و مەرجی سوودبەخشانەی خۆڕادەستکردنی ئاغا و سەرۆکە کوردەکان بە سوڵتانی خەلیفە لە پێش و پاش شەڕی چاڵدیراندا لە سترۆکتووری کوردستاندا تۆمار کراوە و عوسمانییەکان بەگلەربەگییەکیان (گەورەی گەورەکان) بە سەرەوە داناوە و ئەم کەسەش هیچ کاتێ بە سەرکردە و ڕابەڕێکی بێ ڕکابەر دانەنراوە بۆ میرە کوردەکان بەڵکوو وا ڕەفتاری کردووە کە جۆرێک لە ڕواڵەتی کورد بێت و یارمەتیدەر بێت لە ڕێکخستن و هەماهەنگی کردنی سیاسەتی ناوچە سنوورییەکانی عوسمانیدا. شیاوی وتنە کە وا هەموو میرێکی کورد سوودی لە هەمان ئیمتیاز وەرنەدەگرت سەبارەت بەو میراتەی لەوانی پێش خۆیانەوە بەجێدەما، هەروەها سوود و ئیمتیازەکانیان بەگوێرەی پابەندییان بوو بە بەشداری کردنەوە لە هێرشە سەربازییەکانی عوسمانی و ئەو ماڵ و سامانەدا کە دەستیان بەسەردا دەگرت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا. ئەوان لە پێدان یان بەخشینی فەرمانی باڵادا (بەرات)، هەندێک ناونیشانی میری، ئەوانیتر ناونیشانی شکۆداری بەگ یان حاکمی دەدرایە. میرنشینەکانیشیان دابەش کرابوو بە سەر چەند جۆرێکدا، کە بریتی بوو لە سەنجەق کە دۆخی کارگێڕیی جیاجیای هەبوو لە یورتولوک ئۆجاکلکەوە (ماڵ، خانە) تا حکوومەت یان بەگلک، کە ئەمەی دواییان دەبەخشرایە دە میرنشین، زیاتر یان کەمتر، لەوانەی بەرزترین ئاستی سەربەخۆییان هەبوو لە بواری دارایی و زەویوزار و دادوەری و سیاسەتدا. ئەو داواکارییەی کە ئەملا و ئەولای تێدا نەبوو ملکەچی و دڵسۆزیی هەتاهەتایی بوو بەرانبەر بە ماڵ و خانەوادەی عوسمان. لە ناوخۆی ویلایەتی کوردستاندا کە لە واقیعدا دەکەوتە ڕۆژاوای کوردستانەوە و زۆربەی ئەم ئیمارەتە ئۆتۆنۆمییانەی لەخۆ گرتبوو، گەلێ کێشەی نێوان سەردارە کوردەکان بە شێوەیەکی ناوخۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا بە بێ دەستێوەردانی بابی عالی (ئەتەش، ٢٠١٣: ٣٧ – ٤٢؛ ڤان بروونەسن، ١٩٩٩: ١٥١ – ١٦١؛ ئوێزئۆغڵوو، ١٩٩٦: ١٦ – ٢٠). زۆربەی ئەو بنەماڵانەی پیرۆزیی پێکهاتەی نوێی پێکهاتەی سیاسیی – کارگێڕییان لەخۆ ئاڵاندبوو و ئیددیعای دەسەڵاتێکی لەمێژینە و درێژخایەنیان دەکرد بە سەر نوچە و زەویوزارەکانیاندا. بێجگە لە زنجیرەی ئەفسانەیی ڕەچەڵەک هەندێ لەم ئیددیعایانە دەکرێ تەئکیدی لەسەر بکرێت بە بەراورد کردنی سەرچاوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و ئەوانی عوسمانییش کە دەتوانیت بە شوێن ناوی خێزان و هۆز و خێڵەکاندا بڕۆیت.
ئاوێتە کردن و ڕێکخستنی میرنشینە کوردەکان لە ناو پەیکەر و پێکهاتەی عوسمانیدا ئەنجامی جێگیربوون و بەهێزبوونی میرایەتی و ئاغایەتی کوردی لێ کەوتەوە تا ئەو ئاستەی کە هەندێک لە حکوومەت وەک حوکمڕانی تەواو لۆکاڵی هەڵسوکەوتی دەکرد. دەربار و کارگێڕییەکانی میرەکان زیاتر و زیاتر وەک بچووککراوەی سەڵتەنەتی ناوەندی دەهاتنە بەرچاو، چون زۆر ئاسوودە بوون بەوە و بەو ئاسایش و ئارامییەش کە دابینی کردبوو. لە بەدلیسی شاری بنەچەی ئیدریسی بەدلیسی، کە زۆر دوور نەبوو لە دەریاچەی وانەوە، میرایەتییەکی بەهێز گەشەی کردبوو لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی بنەماڵەی شەرەف خاندا کە بە بنەچە لە عەشیرەتی ڕۆژەکییەوە هاتبوونە خوارەوە و پێشتر لە سەردەمی مەملووکەکاندا ناویان هاتبوو. لە ساڵانی دوایی حوکم کردنیدا و لە کۆتایی سەدەی شانزەهەمدا، هەمان ئەو شەرەف خانە خۆی خانەنشین کرد بۆ نووسینی کتێبی شەرەفنامە Sharafnama، کە مێژوویەکی کورد و میرنشینەکانێتی لە سەردەمەکانی کۆنەوە و بە ئامانجی شکۆ دانان بۆ میر و سەردارانی کورد، لە نێویاندا بنەماڵەکەی خۆی و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیش. ئەم کتێبە، کە بە فارسی نووسراوە، یەکەم کارە کە مێژووی کورد لە ڕوانگەی کەسایەتییەکی ناوداری کوردەوە دەگێڕێتەوە و پاشان بە نەوە لە دوای نەوەی خێزان و بنەماڵە گەورەکاندا دێتەخوارەوە (بەدلیسی، ٢٠٠٥). وەک نموونەیەک لە ناو چەندینی تردا، سەبارەت بە دەرکەوتنی ئەدەبێکی کوردیی دەرکەوتووی گشتی (لیزەنبێرگ، ٢٠١٤)، لە دەرباری میرەکاندا و لە سەرانسەری کوردستاندا بایەخێکی باشی پێدەدرا. میرە کوردەکان کۆپیی ئەم ئەدەبەیان دەكڕی و فەرمانیان دەدا کۆپیی لەبەر بگرنەوە و بەرفراوان بکرێن لەگەڵ هەندێ لێ زیاد کردن و خستنەسەر کە ستایشی خێزانە لۆکاڵییەکانی تێدایە یان تێکستە بنەڕەتییەکان وەردەگێڕدرانە سەر زمانی پەسەندی خۆیان (وەک تورکیی عوسمانی). بەم پێیە، بۆ نموونە، چەند سەد میلێک لە باشووری بەدلیسەوە بنەماڵەی بابانە، کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا لە شارۆچکەی قەڵاچوالان نیشتەجێ بوون و باس وخواسیان بەشێکی شەرەفنامەی گرتووەتەوە (ئەلسەنجەقلی، ٢٠١٨؛ باجەڵان، ٢٠١٢). بە سوود وەرگرتن لە ڕکابەریی نێوان سەفەوییەکان (دواتریش قاجارەکانی) ئێران و عوسمانییەکان، ئەم بنەماڵەیە توانییان بە شێوەیەکی تاڕادەیەک سەربەخۆ حوکم بکەن تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، بەسەر ناوچەیەکدا کە بە چواردەوری سلێمانیی پایتەختیاندا، بڵاوبووبووەوە کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا درووستکرابوو. ژمارەیەکی زۆر لە میرنشینە کوردەکان کەم تا زۆر هەمان چارەنووسیان هەبوو. بەهەرحاڵ، پەرەسەندنی پێکهاتەی هێز لە هەردوو دەوڵەتە سێنترالەکەی ئێران و ئەنەدۆڵ و بە هەمان شێوەش گۆڕانی پەیوەندییەکانیان کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو بە سەر پەیکەری بنیاتی هەردوو کوردستانی عوسمانی و ئێرانەوە. لە ماوەی زۆربەی سەدەی شانزەهەمدا و لە دەسپێکی پەیماننامەی ١٥٣٥وە، میرنشینە کوردەکان لە ئاشتی و ئابوورییەکی گەشەکردوودا بوون، سەرەڕای دینامیکییەتی کولتوورییش. بەڵام هەر کە جارێکی تر گەڕی جەنگ لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا دەستی پێکردەوە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەدا، ئەوە ئۆتۆنۆمیی کوردستان وردە وردە کەوتە حاڵەتی ناجێگیری و مەترسییەوە. لەشکرکێشی و هێرشە سەربازییەکان زیانی زۆریان گەیاندە سەربەخۆیی میرنشینە کوردییەکان و ئەمەش وای دەگەیاند کە وا بەرەوڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بوونەتەوە لە دەرەوە، چونکە کەوتبوونە ناوچە سنوورییەکانەوە یان سەنتەرەکانی ناوەوە بۆ دەستەبەر کردنی مۆرک و سرووشتی عوسمانی یان ئێرانی بۆ خاک و ناوچەکەیان. لەگەڵ ئەوەشدا، ماوە دوورودرێژەکانی ئاشتیی حوکمی ئۆتۆنۆمیی سەردارە کوردەکانیان خستبووە مەترسییەوە. دەوڵەتە ئیمپراتۆرییەکان هەل و دەرفەتیان لەم سەردەمە ئارام و بێ کێشانە وەرگرت بۆ جەخت کردنەوە لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی بەسەر خاک و ناوچەکانی قەراخ و سەرپەڕی ئیمپراتۆرییەتدا. ئەمە ڕێک و ڕەوان هۆکاری لاواز بوون و هەڵوەشانەوەی گەلێ لە میرنشینەکان و شێوازی ژیانی ناوخۆیی کوردستان بوو کە وا حوکمی کاروباری هاوبەشی کوردیان دەکرد.
بە هاتنی ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە، ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی کەوتنە زیاد بوون لە نێوان شاکانی ئێران و سوڵتانەکانی عوسمانیدا. ئایدیای داڕشتن و نەخشەکێشانی سنوورێکی چەسپاو لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا ڕێگەی خۆی کردەوە بۆ دەستەبژێرە ناوەندییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، چەک داماڵینی تەواوی ئیمارەتە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارەکان تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم بە ئەنجام نەگەیشت. تا ئێرە ئێمە پێداگرین لەسەر ڕۆڵی ئیمپراتۆییەتی عوسمانی لە "پاڵپشتی کردنی" حوکمی خۆکردنی کورددا وەک هۆکارێکی ئیحتیوا کردنی کاریگەریی ئێران. لە لایەنی ئێرانەوە، بنەماڵەی ئەردەڵان حوکمی سنە و سەقز و بانەیان دەکرد تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم، هەمان جۆری حوکمی سەربەخۆ بێجگە لە پێدانی باجێک بۆ تەخت و تاجی ئێران (ئەردەڵان، ٢٠٠٤). لەم کاتەدا ڕووبەری مانۆڕ کردنی میرنشینە کوردییەکان بە شێوەیەکی ترسناک بەرتەسک بووەوە و لە کۆتایی سەدەدا بەتەواوی نەما و لەناوچوون. بێگومان گەلێ فاکتەر بوون بە هۆی ئەم ڕووخانە: یەکەم، ڕکابەریی نێوان کوردەکان خۆیان، کە بەزۆری لە ناو یەک بنەماڵەدا ڕوویدەدا و بە توندیی هێز و توانای لاواز دەکردن بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی حوکم بکەن. بەڵام پێش هەموو شتێک، هەندێ جار سیاسەتە بەناوەندی کردنە توندەکان لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەوە ئامانجیان پیادە کردنی دەسەڵاتی راستەوخۆ بوو بە سەر خاک و ناوچەکانی کورددا. ئەمەش بە زیمنی ئاڵوگۆڕی پلە بە پلەی دەگەیاند بۆ حوکمی ناوخۆیی کورد لەلایەن ئەو فەرمانبەرانەی عوسمانییەوە کە بە فەرمی دادەمەزان و دەوڵەتی ناوەندی جاودێری و سەرپەرشتیی دەکردن. ئەو هێزە سەربازییە بەرچاوانەی کە لە خزمەتی والییەکانی شار و ویلایەتە دەراوسێکانی کوردستانی عوسمانیدا بوون وەک (بەغدا، مووسڵ، دیاربەکر، تەرابزۆن) ئەرکی لێ سەندنەوەی ناونیشان و نازناوی میرەکانیان پێ سپێردرابوو. ئەوان هەندێ جار پەنایان دەبردە بەر هێرش کردن و لەشکرکێشی بە پاساوی ئەوەی کە وا هەندێ لە میرە کوردەکان ملکەچی بابی عالی نابن، کە ئەمەش تا ڕادەیەک ڕاست بووە. دەوڵەتی ناوەندی تا دەهات زیاتر دەستێوەردانی دەکردە پرۆسەی سیاسی و کارگێڕیی میرنشینەکانەوە و باجی نوێی بەسەردا دەسەپاندن و سیستەمی ناوخۆیی خاوەندارێتیی زەویی دەسکاریی دەکرد و بەسەربازگرتنی ڕاستەوخۆی بەسەردا دەسەپاندن. هەروەها کەوتە ئەوەی دەستباڵایی خۆی بەکاربێنێت لە دەسنیشان کردن و دامەزراندنی میرەکاندا. پاشانیش دەسەڵاتە ناوەندییەکان دەستیان دایە دامەزراندنی ئەو ناونیشانانەی کە پێشتر وەک میرات بۆ کەس و بنەماڵەکان دەمانەوە، چەشنی موتەسەللیم و موتەسەڕیف یان مودیر، کە وا کەم تا زۆر پەیوەندیدار بوون بە چالاکیی کۆکردنەوەی باجەوە (ئەتەش، ٢٠١٣: ٦٦ – ٨٥). هەڵبەت جەختکردنەوە لە پرۆسەی سەنتراڵیزە کردن بریتی بوو لەو چاکسازییانەی ئامانجیان نوێکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگە بوو، بێجگە لە ڕێکخستنەوەی و باش ئاڕاستە کردنی ئابووری و سوپا و دارایی ئیمپراتۆرییەت (ئەپەڵ، ٢٠٠٨). پرۆسەی بەناوەندی کردنی کوردستان کە لە ساڵانی ١٨٣٠کانەوە کوردستانی گرتبووەوە لە دووبارە داگیرکردنەوەی عوسمانی دەچوو بۆ ناوچەکە.
هەروەها گێڕانەوەی ویلایەتە کوردییە ئۆتۆنۆمیدارەکان بۆ ژێر ڕکێفی ناوەندیی عوسمانی ئامانجی دابین کردنی سەلامەتیی سنوورەکان و بەرەوڕوو بوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ئیمپراتۆرییەت بوو، بەتایبەتیش کاریگەریی ڕووسیا. هەڵبەت بە هەمان ئەندازەش مەبەست لە ڕێگەیەک بوو بۆ بێبەش کردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بوو (کورد یان ئەرمەن) لە هۆکار و ئامرازی جیابوونەوە، چونکە هەندێکیان تەماحی ئەوە خرابووە بەردەمیان بۆ پەیڕەوی کردنی ئەو ئاڕاستەیەی بەڵکان گرتیەبەر لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا. هەڕەشەی ڕووسیا لە زنجیرەیەک جەنگدا بەرجەستە بووبوو لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی و قاجارەکانی ئێراندا. ئەم ڕووداوانە لەکۆتاییدا بوون بە هۆی نزیکبوونەوەی هەردوو هێزە هەرێمییەکە. دوا جەنگی ئێران و عوسمانی لە ١٨٢١ – ١٨٢٢دا بوو. لێرەوە چیتر پاشماوەی سەدەکە خاسییەتی زنجیرەیەک هەوڵدانی پێوە دیارە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی. هەردوک ئەستەمبووڵ و تاران مکووڕ بوون لە کۆششیاندا بۆ داڕشتنی سنوورێکی هەمیشەیی و چەسپاو لەنێوانیاندا. میرنشینە کوردییەکان کە پێشتر هەر یەکە و وەک مەملەکەتێک دژی ئەویتر وەستابووەوە زۆر خراپ نیگەرانی ئەم پەیوەندییە دۆستانەی هەردوو لا بوونەوە. بێلایەن کردنی ناوچە سنوورییەکان وای کرد لە میرنشینە کوردییەکان کە ڕۆڵی یەکگرتن و پارێزگارییان هیچ کەڵکێکی نەمێنێت. بەو پێیە، ئێمە لەو ماوەیەدا دەتوانین پرۆسەیەکی تۆڵەکردنەوە ببینین و لە هەمان کاتیشدا دەرکەوتنی ئەکتەری نوێی کاریزمای کوردی و بەتایبەتی ڕابەر یان (شێخەکانی) ڕێبازی سۆفیگەری کە وا شکۆی میرەکانیان نەهێشت، ئەگەرچی بە کردەوە دەستێوەردانی عوسمانی و ئاژاوە و پشێویی ناوخۆ هەرەسی پێهێنابوون. لە لایەکی تریشەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە وا هەندێ لەو بنەماڵە میرانەی دوورخرابوونەوە بوون بە کەسایەتیی بەهێز لە بواری چالاکییە نەتەوەییەکاندا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و لەنێویاندا میرەکانی بەدرخان، کە سەروەختێک حوکمی میرنشینی جەزیرەی بۆتانیان کردووە (جوەیدە، ٢٠٠٦: ٦٢ – ٧٤). خۆیبوون، ئەو ڕێکخراوەی ئەوان دروستیانکرد، وەک پێشەنگێکی نەتەوەیی کورد کاری دەکرد و ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیی دەردەکرد لەژێر چەتری ماندێتی فەرەنسیدا لە بەیرووت و هەروەهابە گەرم و گوڕی سەرقاڵی جۆشدانی شۆڕش بوون دژ بە کەمالییەکان (تێجێڵ، ٢٠٠٧).
***
میرنشینە کوردییەکانی کە وا لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ناوبانگیان پەیدا کردبوو هەر زوو پەیوەندییەکی تەمومژاوییان پەرەپێدا لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکاندا کە وا بواریان بۆ ڕەخساندن وەک قەوارەی ئۆتۆنۆمیدار بمێننەوە. ئەوان هەردوک خاسییەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خاک و ناوچەکانیان و دوولایەنەی دۆخی هێزە داگیرکەرەکانیان بەکارهێنابوو بۆ گەشەکردن و بووژانەوە. بێجگە لەوەش، شانۆی سیاسیی کوردی نەدەکرا هەر کەرت و پەرت بێت وەک ئەوەی کە پشتی بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای لە ئەژمار نەهاتووی خێڵەکی بەستبوو کە لێکترازان و جیاوازیی کوردی دووپات کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک هاندەری سیاسیی بەهێز (ڕێبازە سۆفیگەرییەکان و بنەماڵەکان) لە ناوەوە سەریان هەڵدابوو. بەپێچەوانەوە، دەوڵەتانی پێش مۆدێرن و دیاریکراوی هەردوو مەملەکەتی مەملووک و عوسمانی، بەرژەوەندییان لە ئاوێتە بوون و تێکەڵ بووندا بینیوە لەکاتێکدا کە هێشتنەوەی فەزایەکی کوردیی جیاواز دوور لە ناوجەرگەی ناوچە بنەڕەتییەکانیان وەک سەرچاوەیەکی سوودبەخش بوو دژ بە هێرشەکانی ئێران. بەهەرحاڵ، پرۆسەی تێکەڵ کردن یان خستنەسەری ناوچە کوردییەکان بۆ ناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا دەستی پێکردەوە بە تێكشکاندنی ئەو چەکانەی ڕۆژگارێک سوودیان لێ بینیبوو دژ بە دەراوسێکانیان. سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن ناتوانێ چیتر نوێنەرایەتیی بەهێزی دەسەڵات بکات و لە ئێستا بەدواوە هۆکاری تەکنیکیی پێیە بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی پرۆسە نەریتییەکانی هاندەری کوردی.


سەرچاوە:
کتێبی "مێژووی کورد" لە لایەن کۆمەڵێك توێژەرەوە
ئامادە کردنی: حەمید بۆزئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادیرگی
چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج – لەندەن
چاپی یەکەم: ساڵی ٢٠٢١
لاپەرە: ٢٥ - ٤٤
ناوی بابەت: سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان
(لە سەدەی پانزەهەمەوە بۆ نۆزدەهەم)
ناوی نووسەر: بۆريس جەيمس




The Rise and Fall of the Kurdish Emirates
(Fifteenth to Nineteenth Centuries)
Boris James
THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS


Edited by
HAMIT BOZARSLAN
Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales
CENGIZ GUNES
The Open University
VELI YADIRGI
School of Oriental and African Studies, University of London.
pp. 25 – 44
2021
* بۆریس جەیمس پرۆفیسۆرە لە زانکۆی مۆنتپیلێ UPV لە فەرەنسا و بڕوانامەی دوکتۆرای مێژووی هەیە لە زانکۆی نانتێڕی پاریس. پسپۆڕە لە مێژووی ئیسلامی و کورددا و هاوکاری ئینستیتیوتی فەرەنسیی ڕۆژهەڵاتی نزیکە IFPO (Institut Français du Proche Orient) و سەرۆکی لقی هەولێری ئەو ئینستیتیووتە بووە لە کوردستانی عێراق، لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٨. نووسەری چەندین کتێب و بابەتە بە فەرەنسی و ئینگلیزی، لە نێویاندا "سەڵاحەدین و کورد: وێناکردنی گرووپێک لە ڕۆژگاری جەنگی خاچدارەکاندا" و "بنیاتنانی مەملەکەتی کوردان (المملکة الأکرادیة): کوردی ناوبەین و ئەندازەکاریی ئیتنیکیی مەملووک (١١٣٠ – ١٣٤٠ز)".




Bibliography بیبلۆگرافی


Alsancakli, S. (2018). Le Šarafnama de Šaraf Xan Bidlısı (CA 1005 / 1596 – 1597): Composition, transmission et réception d’une chronique des dynasties kurdes entre les Safavides et les Ottomans. Unpublished PhD thesis, Université Sorbonne Nouvelle Paris 3.شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی(١٥٩٦ – ١٥٩٧): پێکهاتە و گواستنەوە و پێشوازی کردن لە مێژووی بنەماڵە کوردییەکان لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا...
Ardalan, S. (2004). Les Kurdes Ardalan, entre la Perse et l’Empire ottoman. Paris: Geuthner.
کوردەکانی ئەردەڵان، لەنێوان وڵاتی فارس و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ....
Ate¸s, S. (2013). The Ottoman - Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843 – 1914. New York: Cambridge University Press.
ناوچە سنوورییەکانی عوسمانی و ئێران: نەخشەکێشانی سنوور ....
Bajalan, Dj. R. (2012). ¸Seref Xan’s Sharafnama: Kurdish ethno - politics in the early modern world, its meaning and its legacy. Iranian Studies, 45 (6), 795 – 818.
شەرەفنامەی شەرەفخان: ئیتنۆ – سیاسیی کورد لە سەرەتای جیهانی نوێدا، مانا و میراتی...
Bidlîsî, S. (2005). Šaraf Nama, (Scheref Nameh ou histoire des Kourdes شەرەفنامە لەبارەی مێژووی کوردەوە), ed. Véliaminov- Zernov, St Petersburg, 1860; trad. fr., Chèref - Nâmeh ou fastes de la nation kurde شەرەفنامە یان داستانی مێژووی کورد, Charmoy, F.- B., Saint Petersbourg, 1870, 2 vols. ; trad. tur., ¸Serefname, Kürd tarihi, Bozarslan, M. E., ed. Deng, Istanbul, 2006, 364 p. ed. & trad. M. R. Izady. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.
Eppel, M. (2008). The demise of the Kurdish emirates: The impact of Ottoman reforms and international relations on Kurdistan during the first half of the nineteenth century. Middle Eastern Studies, 44 (2), 237 – 58.
لەناوچوونی میرنشینەکانی کورد: کاریگەریی چاکسازیی عوسمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کوردستان لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا....
Ibn ʿAbd al - Zâhir (1961). Tashrîf al - ayyâm wa – l - usûr fî sîrat al - Malik al - Mansûr, ed. Murâd Kâmil. Cairo: Wazârat al -Thaqâfa wa – l -Irshâd al - Qawmî.تشریف الأ‌یام والعصور فی صراط الملک المنصور...
Ibn ʿAbd al - Zâhir (1976). Al - Rawd al - zâhir fî sîrat al - Malik al - Zâhir, ed. ʿAbd al -ʿAzîz al - Khuwaytir. Riyadh: Muʾassasat Fuʾâd.
الروض الزاهر فی صراة الملک الظاهر ....
Ibn al - Athîr (1998). Al - Kâmil fî ’l - târîkh. Beirut: Dâr al - Kutub al -ʿIlmiyya. "الکامل فی التأریخ" ، دار الکتب العلمیة
Ibn Hawqal (1939). Kitâb sûrat al - ard, ed. J. H. Kramers. Leiden.
کتاب صورة الأرض .....
Ibn al - Munshîʾ (n.d.). Nuzhat al - nazîr fî râhat al - hatîr. Vienna, Hofbibliotek, cod. mixt. 355.نزهة الناظر فی راحة الخاطر....
Ibn Nâzir al - Jaysh (1987). Kitâb tathqîf al - taʿrîf bi – l - mustalah al - sharîf, ed. Rudolf Vesely. Cairo: IFAO.
کتاب تثقیف التعریف بالمصطلح الشریف ....
James, B. (2006). Saladin et les Kurdes; perception d’un groupe au temps des croisades. Etudes Kurdes, Hors série ii. Paris: L’Harmattan.
سەڵاحەدین و کورد: وێناکردنی گرووپێک لە ڕۆژگاری جەنگی خاچدارەکاندا"، گۆڤاری توێژینەوە کوردییەکان، چاپێکی تایبەت ....


James, B. (2011). Une ethnographie succincte de ‘l’entre - deux kurde’ au Moyen Âge. ÉtudesRurales; Ruralité, urbanité et violence au Kurdistan, Éditions EHESS, 186, 21– 43.
"کورتە ئیتنۆگرافیایەکی 'نێوان کوردەکان' لە سەدەکانی ناوەڕاستدا". توێژینەوەکانی دێهات، "ڕۆحییەتی فراوانبوونی شار و توندوتیژی لە کوردستاندا" ....


James, B. (2016). Mamlûk and Mongol peripheral politics: Asserting sovereignty in the Middle East’s ‘Kurdish Zone’ (1260 – 1330). سیاسەتی ناوچە پەڕەکانی مەملووک و مەغۆل: تەئکید کردنی باڵادەستیی لە 'زۆنی کوردی' ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
In B. De Nicola and C. Melville (eds), The Mongols and the Transformation of the Middle East لە کتێبی: مەغۆلەکان و گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست... (pp. 277 – 309). Leiden: Brill.
James, B. (2019). Constructing the realm of the Kurds (al - mamlaka al -akrâdiyya): Kurdish ‘in - betweenness’ and Mamlûk ethnic engineering (1130 – 1240 CE). In S. Tamari (ed.),
بنیاتنانی مەملەکەتی کوردان (المملکة الأکرادیة): کوردی ناوبەین و ئەندازەکاریی ئیتنیکیی مەملووک ...
Grounded Identities, Territory and Belonging in the Medieval and Early Modern Middle East and Mediterranean (pp. 17 – 45). Leiden: Brill.
لە کتێبی: شوناسە بنەڕەتییەکان و خاک و خاوەندارێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەدەکانی ناوەڕاست و بەرایی مۆدێرن بووندا ....
Jwaideh, W. (2006). The Kurdish Nationalist Movement: Its Origins and Developments. New York: Syracuse University Press.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: بنەچە و پەرەسەندنەکانی ...
Leezenberg, M. (2014). Eli Teremaxî and the vernacularization of medrese learning in Kurdistan. Iranian Studies, 47 (5), 713 – 33.
عەلی تەرەماخی و بە گشتی کردنی خوێندنی مەدرەسە 'حوجرە' لە کوردستاندا...
Masson Smith, J. Jr. (1999). Mongol nomadism and Middle Eastern geography: Qîshlâqs and Tümens. In R. Amitai - Preiss and D. O. Morgan (eds), The Mongol Empire and Its Legacy (pp. 39 – 56). Leiden: Brill.
"ژیانی کۆچەریی مەغۆل و جوگرافیای ڕۆژگەلاتی ناوەڕاست: قشڵاخ و تومەن"، لە کتێبی ....: "ئیمپراتۆرییەتی مەغۆل و میراتییەکەی" ....
Al - Masʿûdî (1966). Murûj al - dhahab wa - maʿâdin al - jawhar, ed. C. Pellat. Beirut: Manshûrâtal - Jâmiʿa al - Lubnâniyya.
ئەلمەسعوودی، "مروج الذهب ومعادن الجوهر" ....
Minorsky, V. (1953). Studies in Caucasian History. Cambridge: Cambridge University Press. لێکۆڵینەوەی مێژووی قەوقاز ...
Minorsky, V. (1983). Kurds and Kurdistan. In Encyclopedia of Islam 2, 5, 449 – 64. "کورد و کوردستان". لە ئینسکلۆپیدیای ئیسلامدا .....
Ozoglu, H. (1996). State – tribe relations: Kurdish tribalism in the 16th and 17th century Ottoman Empire. British Journal of Middle Eastern Studies, 23 (1), 5 – 26.
پەیوەندییەکانی دەوڵەت و خێڵ: خێڵگەرایی کوردلە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا ....
Al - Qalqashandî (1912–1913). Subh al - aʿshâʾ fî taʿrîf dîwân al - inshâʾ. Cairo. ئەلقەلقەشەندی، "صبح الأعشی فی تعریف دیوان الإنشا" ....
Qazvînî (1915). The Geographical Part of the Nuzhat al - Qulûb, ed. and trans. G. Le Strange. Leiden: Brill. "بەشی جوگرافیا لە نزهة القلوب"دا...
Ripper, Th. (2000). Die Marwâniden von Diyâr Bakr. Eine kurdische Dynastie im islamischen Mittelalter. Würzburg: Ergon Verlag.
مەروانییەکانی دیاربەکر، بنەماڵەیەکی کوردی چەرخەکانی ئیسلامیی ناوەڕاست ...
Sönmez, E. (2012). Idrîs - i Bidlîs: Ottoman Kurdistan and Islamic Legitimacy. Istanbul: Libra Kitap.
ئیدریسی بەدلیسی: کوردستانی عوسمانی و شەرعییەتی ئیسلامی ...
Tejel, J. (2007). Le mouvement kurde de Turquie en exil. Continuités et discontinuités du nationalisme kurde sous le mandat français en Syrie et au Liban (1925 – 1946). Brussels: Peter Lang.
بزووتنەوەی کوردی تورکیا لە دوورخراوەیی. بەردەوامی و بچڕبچڕ بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سایەی مادێتی فەرەنسیدا بۆ سووریا و لوبنان ....


Al -ʿUmarî (1988). Masâlik al - absâr fî mamâlik al - amsâr, ed. F. Sezgin. Frankfurt: Institut für Geschichte der Arabisch - Islamischen Wissenschaften.مسالک الأبصار فی ممالک الأمصار... (ئینستیتیوتی مێژووی زمانی عەرەبی و زانستی ئیسلامی).


Al -ʿUmarî (1992). Al -Taʿrîf bi – l - mustalah al - sharîf, ed. D. S. al -Durûbî. Muʾta: Djâmiʿat Muʾta.التعریف بالمصطلح الشریف...
Van Bruinessen, M. (1999). Agha, Shaykh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. New Jersey: Zed Books Ltd.
مارتن ڤان بروونەسن. "ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان" ...
- Yâqût al - Hamawî (1866 – 1973). Muʿjam al - buldân, ed. F. Wüstenfeld.
Leipzig: F. A. Brockhaus.یاقوت الحموی، "مجمع البلدان"...

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif