عێراق لە ریزبەندی سێهەمی ئەو وڵاتانەیە، بكوژی رۆژنامەنووسان دەربازییان بووە

ليست هناك تعليقات



سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، عێراق لە پاش سۆماڵ وباشوری سودان لە ریزبەندی سێهەمی ئەو وڵاتانەن، كە تیایدا بكوژی رۆژنامەنووسان دەربازییان بووە لە سزا و دەربازبوونی تاوانباران لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی ئەدەن سەروەری یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئاماژەیەكی راستەوخۆیشە بۆ بێدەنگكردنی رۆژنامەنووسان بەرامبەر بە گەندەڵی وپێشیلكارییەكانی مافی مرۆڤ.
ئاوێنە: سەنتەری میترۆ لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، وەك ئەندامێكی كەمپینی جیهانی بۆ كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكانی دەرهەق بە رۆژنامەنوسان، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەشدار دەبن لە یادكردنەوەی رۆژنامەنوسانی تیرۆركراو، کە تیایدا پێشانگایەك بۆ وێنەو ژیاننامەی هەندێ لە رۆژنامەنوسانی تیرۆركراوی هەرێمی كوردستان‌و ناوچەكانی تری عێراق بڵاودەكرێتەوە.

بە پێی راپۆرتی ئەمساڵی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان كە ئۆفیسی سەرەكی لە نیویۆركە، لە كۆی (278) تاوانی كوشتنی رۆژنامەنوسان، (226) تاوان، بكەرانیان دەربازیان بووە لە سزا. هەروەها تاوانەكانیش بە هۆكاری كاری ئەو رۆژنامەنوسانە بوون كە راپۆرت و بنكۆڵكارییان كردوە لە بابەتەكانی گەندەڵی، تاوانی رێكخراو، گروپی توندڕەو، تۆڵەسەندنەوەی حكومەتەكان لە ئامادەكارانی ئەو راپۆرتانە.

پەیوەست بەم بابەتەش رەحمان غەریب رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەگەری رایگەیاند، رێكخراوەكەیان لەگەڵ رێكخراوەكانی ( ,IMS , UNESC , CPJ , ARTICLE 19 GCHR , IFEX)و چەند رێكخراوێكی تر لە بەیروتی پایتەختی لبنان، ئەمرۆ سێشەممە 2ی تشرینی یەكەم، بەشداردەبن لە مەراسیمی رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دەربازبوون لە سزا لە تاوانەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان.

لەم بۆنەیەدا رێكخەری سەنتەری میترۆ باسیلەوەكرد كە میدیاكان ئامرازی كاریگەرن بۆ مافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاركردنیان زامنی ئەو مافەن، ووتی" ناكرێت باس لە مافی هاوڵاتبوون و دیموكراسیەت بكەین بە بێ ئازادی كاركردنی میدیاكاران" بۆیە جەخت دەکەینەوە لەوەی " دەربازبوون لە سزا و هەڵاتنی بكەرانی تاوان لە عەدالەت بێ مافكردنی قوربانیان و خێزانەكانیان لە عەدالەت دژ بە هەموو پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤە"

ئەوەشی خستووەتەڕو، "سەنتەری میترۆ لە هەموو بۆنەكاندا جەختدەكاتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی دیموكراسیانە فراوانتر بن ئەوە پێویستیمان بە فرەیی میدیا و ئازادی كاركردنیان و بڵاوكردنەوەی ئازادانەی زانیاری و بیربۆچوونی جیاواز هەیە "، بۆیە داوا دەکەن " هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان زەمینە خۆش بكەن تا میدیا رۆڵی خۆی ببینی و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنیان نەهێڵیت و بكەرانی تاوان بەرامبەر میدیاكاران و دەزگاكانیان دەستی دادگەری پێبگات و دەربازیان نەبێت لە سزا."

سەبارەت بە جێبەجێکردن یاساش لەدۆسییەکانی تایبەت بە دەربازبوون لە سزا، رەحمان غەریب باوەڕی وایە، "بە درێژایی 30 ساڵی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و 18 ساڵ حوكمڕانی لە عێراق پاش روخانی دیكتاتۆرییەت ویستێكی سیاسی لە ئارادا نەبووە بۆ سەروەری یاسا و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا "

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەربازبوونی تاوانباران لەو تاوانانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجامی ئەدەن سەروەری یاسا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، درێژەكێشانی ئەم دیاردەیە لە هەموو جیهاندا ئاماژەیەكی راستەوخۆیە بۆ بێدەنگكردنی رۆژنامەنووسان بەرامبەر بە گەندەڵی وپێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ"

كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2013 وە، رۆژی 2 ی تشرینی دووەمی دیاریكردوە وەك رۆژی جیهانی كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا لەو تاوانانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت و داوای لە دەوڵەتانی ئەندام كردوە رێوشوێنی دیاریكراو بۆ بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی فەرهەنگی دەربازبونی تاوانباران لە سزا بگرنە بەر.

بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی ئەو دەستدرێژی و كاری توندوتیژییانە دەكات كە دژی رۆژنامەنووسان و كارمەندانی ئاژانسەكانی راگەیاندن ئەنجام دەدرێن، داواش لە وڵاتانی ئەندام دەكات تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان و كۆتایی هێنان بە دیاردەی دەرباز بوون لە سزا و فەراهەمكردنی زەمینەی لێپرسینەوە و راپێچكردنی ئەوانەی تاوان دەكەن بەرامبەر رۆژنامەنووسان.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی فەرمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif