گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا: رێگە بە تێپەڕینی هیچ کۆچبەرێک نادەین

ليست هناك تعليقات

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بێلاڕووس بە بەکارهێنانی کۆچبەران تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو دۆخەی ئێستا نەدەبوو ئەگەر ئەو وڵاتە بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەران نەکردایە. هەروەها دەڵێت، هیچ ئاسانکارییەک بۆ کۆچبەران ناکەن و رێگە نادەن تێپەڕن.

لوکاس جاسینا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنیا سنووری چاودێریی شنگن سنوورەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە، بۆیە ئێمە چاودێریی سنوورەکان دەکەین لەجیاتی ئەڵمانیا و تەواوی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا. ئێمە دژی کۆچبەرە هەژارەکان نین کە لەلایەن بێلاڕووسەوە فێڵیان لێدەکرێت بەڵکو دژی ئەو پێشێلکارییانەین کە بێلاڕووس دەیانکات، ئەوە سنووری خۆمانە و مافی خۆمانە بیپارێزین".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا بە جەختکردنەوە لەوەی هەموو سنوورەکان داخراون گوتی : "سنووری ئێمە بەڕووی کۆچی نایاساییدا داخراوە بۆ ئەوەی رێگە نەدەین هیچ کەسێک بە نایاسایی بپەڕێتەوە. ئێمە رێگەیان پێنادەین. کاتێک کەسێک بە نایاسایی دێتە بەردەم دەرگاکەت پێویستە دایبخەی و ئێمەش ئەوە دەکەین. ئەوانەی دێنە سنوورەکانمان دەبێت بە یاسایی بێن. سنوور داخراوە و رێگە بە تێپەڕینی کۆچبەری نایاسایی نادەین".

لوکاس جاسینا دەڵێت "ئەوانەی لەسەر سنوورەکانن لەلایەن بێلاڕووسەوە وەک هێرشێکی رێکخراو نێردراونەتە سەر سنوورەکانمان، ئەو چەند هەزار کۆچبەرە لەلایەن حکومەتی بێلاڕووسەوە هاندراون و سەرپەرشتیی کراون بۆ ئەوەی بێنە سنوورەکانمان".

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ لوکاس جاسینا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا


رووداو: لەگەڵ ئەڵمانیا رێککەوتوون کە رێگە بە کۆچبەران نەدرێت دەربازی نێو سنوورەکانتان ببن؟

لوکاس جاسینا: یەکەم، ئەڵمانیا ناتوانێت چاودێری سنوورەکانی بکات چونکە ئێمە ناوچەی شنگنمان هەیە. تاکە سنووری دەرەکیی یەکێتیی ئەوروپا لەو ناوچەیە، سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسە. ئێمە بەرگریی لەو سنوورە دەکەین، هەم لە پێناو پۆڵەندا، ئەڵمانیا و هەموو وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا. ئێمە دژی کۆچبەرانی هەژار بەرگری لەم سنوورە ناکەین کە لە لایەن بێلاڕووس و لۆکاشینکۆی سەرۆکییەوە فریودراون، بەڵكو ئێمە لە دژی دووژمنکارییە نایاساییەکەی بێلاڕووس بەرگری دەکەین.

رووداو؛ ئێوە سنوورەکان ناکەنەوە؟ ئەو کۆچبەرانەی لەنێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسن هەر لەوێ دەمێنن؟

لوکاس جاسینا: هەموو سنوورەکان. سنوورەکەشمان بەڕووی کۆچی نایاساییدا داخراوە. کەس رێگە بە کەسی دیکە نادات بە نایاسایی لە سنوورەکانیان بپەڕنەوە. ئێمە نامانەوێت ئەو کەسانە بێنە نێو سنوورەکەمانەوە. کاتێک لە ماڵی خۆتی، دەرگاکەت دادەخەیت، ئێمەش هەمان شت دەکەین. ئەگەر ئەو خەڵکە بچنە خاڵە سنوورییەکان، دەتوانن بپەڕنەوە. بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕدراوە. ئێمە رێگە بە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی نادەین. وەکو هێرشێکی رێکخراو، خەڵک لەلایەن بێلاڕووسەوە نێردراوە. هەزاران کۆچبەر لەوێن. کە هەموویان لەلایەن بەرپرسانی بێلاڕووسەوە سەرپەرشتیی کراون بۆ ئەوەی بچنە سەر سنووری پۆڵەندا.


رووداو: پەیامی ئێوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوورن چییە؟

لوکاس جاسینا: پەیامی ئێمە بۆ هەموو ئەو کۆچبەرانەی لە دیوی بێلاڕووسن، ئەوەیە: مەیێن، ئێمە رێگە بە هاتنەناوەوەتان نادەین. ئێوە بە نایاسایی لە سنوور دەپەڕنەوە. ئێوە قوربانیی دەستی لۆکاشینکۆن. ئەم کەسە و بەردەستەکانی، هەموو پارەی ئێوەیان برد. هەموو شتەکانتانی لێ بردن و ئێوەیان ناردووەتە رێگەی نەگەڕانەوە. هیچ دەروازەیەک بۆتان نابێت.

رووداو: ئێستا چەند کۆچبەر لەسەر سنوورەکانی نێوان پۆلەندا و بێلاڕووسن؟

لوکاس جاسینا: هیچ کۆچبەرێک لە دیوی سنووری ئێمە نین بەڵکوو لە دیوی بێلاڕووسن. ئێمە هێڵێکی سنووریمان لە نێوان وڵاتەکانماندا هەیە. ئەو کۆچبەرانە لەسەر خاکی بێلاڕووسن لە نێوان هەردوو وڵاتمان. ئەوە زۆر گرنگە، چونکە واتای ئەوە دەگەیێنێت کە تەنیا بێلاڕووس لێیان بەرپرسە. ئێمە ناتوانین بیانژمێرین، چونکە بێلاڕووس رێگەی ئەوەمان پێنادات. هەروەها ئێمە دیپلۆماتکاری پێویستمان لەوێ نییە، چونکە بێلاڕووس پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێمە تێکداوە. بەڵام هێندەی ئێمە ئاگادارین ژمارەیان لە چوار هەزار کەس زۆر زیاترە. بێگومان من تەنیا باسی ئەوانە دەکەم کە لە رێگەی کامێراکانەوە دەیانبینین، واتە ئەو خەڵکەی کە هەوڵیانداوە بە رۆژ لە سنوورەکەمان بپەڕنەوە. رەنگە کۆچبەری زیاتر هەبن، زانیارییش هەیە کە ژمارەیەکی زۆریشیان لەسەر شەقامەکانی شاری مینسکی پایتەختی بێلاڕووسیان.

رووداو: ئەو کۆچبەرانە بەتایبەتی ژنان و منداڵان لە دۆخێکی زۆر خراپدان. ئێوە دەرگا ناکەنەوە بۆ رێکخراوە مرۆییەکان هاوکارییان بکەن یان میدیا کە نزیکیان بکەون؟

لوکاس جاسینا: هەر کەسێک لەسەر خاکی پۆڵەندا بێت، دەتوانێت پشت بە حکومەت و رێکخراوە پۆڵەندییەکان ببەستێت، بەڵام زۆربەی ئەو خەڵکە لە دیوی بێلاڕووسن. هیچ رێگەیەکمان نییە تا هاوکارییان بکەین. ئێمە هەوڵدەدەین کە کاروانی مرۆیی بنێرینە بێلاڕووس بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین، بەڵام بێلاڕووس رێگەی بە چوونەنێوەوەی یارمەتییەکانمان نادات بۆ نێو خاکەکەی. بێلاڕووس دەتوانێت لە باشترکردنی ئەم دۆخەدا بەشدار بێت.

رووداو: ئێوە رێگەتان بە میدیاکانیش نەداوە 3 کیلۆمەتر نزیکی سنوور ببن

لوکاس جاسینا: بەڵێ، چونکە ئێمە شڵەژانی دۆخەکەمان ناوێت. ئەوە سنوورە، ململانێیە، دراوسێکەمان وڵاتێکە کە رێز لە خەڵکی سڤیل ناگرێت، ئێمە نامانەوێت رۆژنامەڤانەکان و کارمەندە مرۆییەکان ببنە قوربانی. بەڵام زۆربەی ئەو خەڵکەی کە پێویستیان بە یارمەتییە، لەسەر سنووری بێلاڕووسن. رەنگە باشتربێت لەو بارەیەوە پرسیار لە بێلاڕووس بکەی بۆ ئەوەی پێت بڵێن بۆچی رێگە بە دەربازبوونی ئەو یارمەتییە نادەن.

رووداو: ڤیدیۆ بڵاوبووەتەوە کە کۆچبەران ئەشکەنجە دراون، دەنگی تەقە دەبیسترێت، خەڵک بریندراە. لایەنی بێلاڕووس دەڵێن ئەوە پۆلیسی پۆڵەندایە تەقە دەکەن. پۆلیسی پۆڵەندا چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ کۆچبەران دەکەن؟

لوکاس جاسینا: ئەوە درۆیە. ئەوە درۆیە. پاسەوانی سنووریی پۆڵەندا رێگەی بە کۆچبەرانی نایاسایی نەدا بێنە نێو سنوورەکانمان. هەموو وڵاتێک مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە سنوورەکانی بکات. ئەوەش ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین. ئەو دۆخە دروستنەدەبوو ئەگەر وڵاتی بێلاڕووس ئەو خەڵکەی بە شێوازێکی تیرۆریستانە نەگواستبانەوە بۆ سنوورەکەمان.

رووداو: ئەگەر کۆچبەرێک سنوورەکەتان بپەڕێنێت ئێوە چۆن دەیگەڕێننەوە؟

لوکاس جاسینا: پاسەوانی سنووری ئێمە و پاسەوانی سنووری لاتڤیا وەکو هەموو ئەو پاسەوانانەی سنوور هەڵسوکەوت دەکەن کە لەسەر سنوور هەوڵدەدەن کۆچبەرە نایاساییەکان بووەستێنن. ئەوان بەهەموو شێوەیەک و بە بەکارهێنانی هەموو ئەو چەکەی پێیاندراوە سنوور دەپارێزن بە پێی یاسای پۆڵەندی و یاسای نێودەوڵەتی.

رووداو: خەڵک برسیەتی، سەرمایانە، بریندارن و منداڵیان تێدایە. ئێوە وڵاتێکن لەنێو یەکێتی ئەوروپا. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکات و قبوڵناکات مافی مرۆڤ پێشێل بکرێت، یەکێتی ئەوروپا بۆ یارمەتیی مرۆیی خۆی گەیاندووەتە وڵاتانی دیکەی جیهان بەڵام لەسەر سنووری خۆیان رێگەدەدات دۆخی ئەو خەڵکە بەو شێوەیە بێت، ئەوە دووفاقی نییە؟

لوکاس جاسینا: یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی تەواوی پۆڵەندا دەکات وەکو یەکێک لە ئەندامانی خۆی، هەروەها پاڵپشتیی تەواوی بەرگریکردنی ئێمە لە سنوورەکانمان دەکات. ئەو خەڵکە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، بەڵام ئەوان لەنێو سنووری بێلاڕووسدان، ئەوە کۆتایی پرسیارەکەیە کە دەبێت لە حکومەتی بێلاڕووس بکرێت کە بۆچی ئەو خەڵکەی خستووەتە ئەو دۆخە خراپە.

رووداو: ئەو دۆخە تاوەکو کەی بەردەوام دەبێت؟ تاوەکو کەی کۆچبەران لەسەر سنوور بن؟

لوکاس جاسینا: دوو مانگ لەمەوبەر من گەشبین بووم و پێموابوو کە بەڕێز لۆکاشینکۆ ئەم شتە پێش هاتنی زستانێکی سەخت بۆ ئەو ناوچەیە رادەوەستێنێت. بەڵام بە بۆچوونی من، ئەم دۆخە ناوەستێنرێت ئەگەر بەڕێز لۆکاشینکۆ بڕیارنەدات بیوەستێنێت. ئەوە دەمێنێتەوە سەر بڕیارەکەی. ئەگەرێک هەیە کە ئێمە بتوانین گەشتە ئاسمانییەکان لە وڵاتانی وەکو عێراق، سعودیە، دوبەی و تورکیا بۆ بێلاڕووس بووەستێنین. ئەوە داواکاریی ئێمەیە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە کە گەشت نەکەن بۆ بێلاڕووس. ئەوان فریوتان دەدەن، ژیانتان دەکەوێتە مەترسییەوە، هیچ کەسێک ناتانگەیێنێتە نێو سنووری پۆڵەندا بەو جۆرە.

رووداو: ئەوە بووەتە بڕیار؟ گفتوگۆتان لەگەڵ کێ کردووە بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن؟

لوکاس جاسینا: بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە خەڵک لێیانەوە گەشت دەکات بۆ مینسک؛ ئەوان لە فڕۆکەخانەی هەوڵێرەوە گەشت دەکەن، لە بەغدا، عەمان، بەیرووت و ئیستانبووڵەوە گەشت دەکەن. وەکو گەشتیار مەڕۆن بۆ مینسک. گەشت نەکەن بۆ بێلاڕووس و بڕوا بەو خەڵکە مەکەن کە دەڵێن لە بێلاڕووسەوە دەتوانن بچنە پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا. هیچ کەس رێگە بە چوونەنێوەوەتان نادات."

رووداو: ئێوە لەگەڵ حکومەتی عێراق یان ئەو وڵاتانەی باستکرد گفتوگۆتان کردووە؟ گەشتەکانیان رادەگرن؟ داوای چیتان لە عێراق کردووە؟

لوکاس جاسینا: وەزیرەکەمان کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی هەموو وڵاتانی ئەو ناوچەیەدا کردووە: مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پۆڵەندا بوو، ئێمە قسەمان لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن و سعودیەشدا کردووە. باڵیۆز و شاندەکانی ئەو وڵاتانە سەردانی وەزارەتی دەرەوەمانیان کردووە. پەیامەکەشمان زۆر روون بووە: بیوەستێنن. ئەوە بڕیاری ئەوان دەبێت. ئێمە چاوەڕێی ئەو بڕیارە دەکەین. بەڵام ئەگەر نەتوانن ئەوە بکەن، ئەوا هاوکاریی بەردەوامبوونی دۆخەکە دەکەن. ئێمە چاوەڕێی بڕیاری هاوبەشەکانمان دەکەین.

رووداو: عێراق بڕیاری داوە گەشتی ئاسمانی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو مینسک راگرێت؟

لوکاس جاسینا: نەخێر، هێندەی من ئاگاداربم ئەوان ئەو کارەیان نەکرووە. لە داهاتوودا گفتوگۆ لەنێوان پۆڵەندا، عێراق و یەکێتیی ئەوروپادا دەبێت. هێندەی من بزانم، عێراق کۆنسوڵخانەی بێلاڕووسی داخستووە کە زۆر هاوکار بوو لە دابینکردنی ڤیزا بۆ ئەو خەڵکە. ئێمە چاوەڕێی بڕیارێکی ئەرێنی دەکەین لە وڵاتانی وەکو عێراق و ئەوانی دیکە.

رووداو: بەو مانایە تاوەکو ئیستا وەڵامی ئەرێنیتان لەو وڵاتانە وەرنەگرتووە لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو مینسکی بێلاڕووسیا؟

لوکاس جاسینا: هیچ کەس نەیگووتووە بەڵێ یان نەخێر. ئێمە لەسەر ئەمە قسەیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام تا ئێستاش گەشتە ئاسمانییەکان لەو هەرێمەوە بەردەوامن.

رووداو: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا قسەیکردووە، پۆڵەندا داوای چی لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە؟

لوکاس جاسینا: ئێمە داوامانکردووە کە لووتکەیەکی بەپەلەی ئەوروپی ئەنجامبدرێت و بڕیارێکی بەپەلە لەسەر فراوانکردنی سزاکان بەسەر بێلاڕووسدا بدرێت. چارلس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەوروپا ئەمڕۆ بە تەواوی پاڵپشتیی خۆی بۆ پۆڵەندا دەربڕی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا. هەروەها هەمان هەڵوێستمان لەلایەن ئورسولا ڤۆندەر لاین و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپاوە پێگەییشتووە. ئێمە چاوەڕێی لووتکەیەکی ئەوروپی و بڕیارێک دەکەین. ئێستا ئەمە بابەتێکی گفتوگۆکانە لە نێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.

رووداو: بێلاڕووس رایگەیاندووە ئەگەر سزایان بەسەردا بسەپێندرێت کاردانەوەیان دەبێت، خۆتان ئامادەکردووە بۆ سیناریۆکانی بێلاڕووس؟

لوکاس جاسینا: یەکەم: بەرگریکردن لە سنوور، بەهێزتر و بەهێزتر، هەموو رۆژێک. دووەم: جیهان لەبارەی درۆکانی بێلاڕووس ئاگادار دەکەینەوە. سێیەم: لە پەیوەندیدا دەمێنینەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانمان.

رووداو: مەترسی شەڕ هەیە لەسەر سنوور لەنێوان ئێوە و بێلاڕووس؟

لوکاس جاسینا: ئەم ململانێیە، شتێکی راستەقینەیە و ئێمەش دەزانین کە پێویستە لەسەرمان بەرگریی لە سنوورەکانمان بکەین. ئێستا ئەوە ئامانجی سەرەکیمانە.

رووداو؛ بەومانایە ئێوە خۆتان ئامادەکردووە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازیش؟

لوکاس جاسینا: بەڵێ، ئەم شتە ئێستا روودەدات و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتووشدا شتێکی لەو شێوەیە رووبدات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif