خەڵک لەبەردەم هەڕەشەیەکی بکوژ و مەترسیداردا

ليست هناك تعليقات




باشووری كوردستان لەسەر نەخشە جیهانییەکەیە بۆ پیسبوونی رەگەزەکانی ژینگە، ئاو، هەوا و خاک.

هەوا بە یەکێک لە رەگەزە گرنگەکانی ژینگە دادەنرێت. لەم سپێشەڵ ریپۆرتەی رووداودا لەبارەی پیسبوونی هەوا دەرکەوتووە کە توێژینەوەی گرنگ نییە لەبارەی پیسبوونە ژینگەییەکان، هاوکات ئامێری تێستکردنی هەواش نییە تاوەکو بە تەواوەتی پشت بە ئەنجامەکەی ببەستین، بەڵام دەرئەنجامی نەخۆشکەوتنی هاونیشتمانیان و دەرکەوتنی هەندێک نیشانە دەریدەخەن کە هەوای شارەکانی باشووری کوردستان هەوایەکی خاوێن نییە.

ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ساڵی 2018 گرین پیسی جیهانی کاتێک هەڵسەنگاندنی بۆ شارەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکرد، یەکێک لەو شارانەش وەریگرتبوو هەولێر بوو، کە یەکێکە لە 10 شارە پیسەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".

پاڵاوگە نایاساییەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ پیسکردنی هەوای شارەکان، پاڵاوگەکان بەپێی ستانداردە ژینگەییەکان کار ناکەن. سەرباری ئەوەش، بەردەوام پاڵاوگەی نوێ بنیاد دەنرێن.

شارێکی وەکو کەرکووک، جیا لەوەی غەرقی خۆڵ و خاشاک و ماددە پلاستیکییەکان بووە، دووکەڵی پاڵاوگەکانی نەوت هەڕەشەی بەردەوامی سەر ژیانی دانیشتوانەکەیەتی، پاڵاوگەکانی هەر بە تەنیشت شوێنی ژیانی خەڵکەکەیەتی.

ئیسماعیل مەجید، مامۆستای زانکۆ و توێژەری بواری ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستمان بەوەیە کە ئیدی وردە وردە فۆکەس بخەینە سەر رێگەکانی دیکە بۆ وزە، بەڵام هێشتا وزەی گاز و نەوت لە کوردستاندا هەرزانە، بۆیە هێشتا پشت بەوە دەبەستین بۆئەوەی ئابووریەکەمان وردە وردە بەرەو پێش بڕوات، لەسەر ئاستی جیهانیش هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت کۆنترۆڵی ئەم کێشەیە بکرێت و هەوڵیش هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام لەوانەیە لە هەرێمی کوردستان زیاتری پێبچێت".

پزیشکەکان نایشارنەوە کە ئێستا زۆربەی چارەخوازان، زۆربەی ئەو نیشانانەی کە بەهۆیەوە نەخۆشن، هەموو ئەو هۆکارە ژینگەییانەن کە بوونەتە هۆی نەخۆشکەوتنیان.

د. سەنگەر عەبدوڵڵا، پزیشکی تەندروستیی گشتی باس لەوە دەکات کە پیسبوونی ژینگە، "شێوانێک لە پێکهاتەی خوێن دروستدەکات، ئینجا ئەو پیسبوونە دەگوازرێتەوە بۆ جەستە و جۆرێک لە هەوکردن دروستدەکات بەگوێرەی پێکهاتە و جۆری ماددەکە و بڕی ماددەکە کاریگەری لەسەر سیستەمە جیاوازەکان دروستدەکات".

د. هێمن زەمان، پزیشکی پێست و جوانکاری دەڵێت، "جاران بەهۆی ئەوەی کە ئاو و هەواکە پاکتر بوو، ئەو هۆکارانەشی کە ژینگە پیس دەکەن کەمتر بوون، ئێستا کە ئەمە زیاتر بووە، هەست دەکەیت کە کەسێک لە تەمەنێکی زۆر کەمتردا هەستدەکەیت تەمەنی زیاترە، ئەمەش پێی دەگوترێت پیربوونی پێشوەخت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ماددە زیانبەخشەکان دەبێتە هۆی ئەوەی تێکشکانی کۆلاجین لەگەڵ ئیلاسین فایبەر لە پێستدا خێراتر ببێت".

ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەسەر شەقامەکانی هەرێمی کوردستانن، لە رۆژێکدا پێویستیان بە سووتاندنی چوار ملیۆن لیتر بەنزینە، بەهۆی نەبوونی هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە، رێژەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، شارێکی وەکو هەولێر تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە فەرمانگەی هاتووچۆی شارەکە تۆمارکراوە.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر باس لەوە دەکات، "ملیۆنێک ئۆتۆمبێل هەیە و بەکاردێن، ئەوە خەتای بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ نییە، خەتای وەزارەتی بازرگانییش نییە، بەڵکو پێداویستیی خەڵکە، خۆ ئەگەر خەڵک پێویستی بەو ملیۆنە نەبێت دەیکڕێت؟ ئێمە کێشەیەکمان هەیە، لە وڵاتی ئێمە هۆکاری گواستنەوەی بەکۆمەڵمان نییە".

د. هێمن زەمان، پزیشکی پێست و جوانکاری دەڵێت، "وشەیەک هەیە کە بەکاردێت و پێی دەگوترێت سمۆکەر فەیس، ئەمەش ئەو کەسانەیە کە زۆر جگەرە دەکێشن، دەرەنجامی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر پێستیان دەبێتە هۆی ئەوەی رەنگی پێستیان بەرەو پرتەقاڵی بۆ مۆر بگۆڕێت، چرچییەکی زۆر لەسەر پێستیان پێش تەمەنی خۆی دەربکەوێت، زبر ببێت و درەوشانەوەی کەم ببێت، ئەمە کە پێی دەگوترێت سمۆکەر فەیس تەنیا لە کەسی جگەرەکێشدا روونادات، بەڵکو بە پیسبوونی ئاو و هەواش ئەم نیشانانە لەسەر رووخساری زۆربەمان وردە وردە دەردەکەوێت، ئەگەر ساڵان لە تەمەنێکی درەنگتر دەرکەوتبێت، ئێستا هەست دەکەین لە تەمەنێکی زۆر زووتردا ئەم نیشانانە لەسەر پێستمان دەردەکەوێت".

بەردەوام تەم ئاسمانی شارەکانی باشووری کوردستانی داپۆشیوە، ژینگە بەردەوام پیس دەبێت و بەردەوام هۆکارەکانی زیادبوونی پیسبوونی ژینگە زیاد دەکات، خەڵک لە باشووری کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی بکوژ و مەترسیداردایە، هەڕەشەیەک کە پێویستی بە هەڵوەستە و تێڕامانێکی جیددیترە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif