دوادیداری موئمین زەڵمی سەبارەت بە دەستوری هەرێم

ليست هناك تعليقات

چاودێرێكی سیاسی پێی وایە، دۆخی ئێستای هەرێم زۆر لەبارە بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێم و دەشڵێت: “پاش سێ دەیە حوكمڕانی، هەرێمی كوردستان دەستورێكی نووسراوی نیە، كە ئەوەش كەموكورتییە لە حوكمڕانی”.

دكتۆر موئمن زەڵمی، چاودێری سیاسی لە چاوپێكەوتنێكی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دەستور بە مەرجەعی باڵا دادەنرێت و ڕووی مافیشەوە، لە ناوەڕۆكی دەستور تەواوی ماف و ئازادییە سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و مەدەنییەكانی هاووڵاتیان فەراهەم كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستور چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات دیاریكراوە، كە ئایا سیستەمی دەسەڵات سەرۆكایەتی یاخود پادشایی بێت، سیستەمی بەڕێوەبردن تیایدا پەڕلەمانی یاخود سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی بێت.

 تا ئێستا چەندین جار هەوڵ دراوە و دەدرێت بۆ ئەو مەبەستە پێتان وایە ئەمە سەرقاڵكردنی هاووڵاتیانی كوردستان بێت، یان حزبەكان و بەتایبەت یەكێتی و پارتی بەجددی بیانەوێت، كە هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوور؟

موئمین زەڵمی: لە ڕاستیدا ئەوەی كە تا ئێستا و پاش سێ دەیە حوكمڕانی، هەرێمی كوردستان دەستورێكی نووسراوی نیە، كەموكورتییە لە حوكمڕانی، یانی ناكرێ بانگەشەی دیموكراسی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بكەین و نەمانتوانیبێت ببینە خاوەنی دەستورێكی ئەگەر بە كەموكورتیشەوە بێت. ئەمەش بەرپرسیارییەتییەكی لە ئەستۆی هەمووانە، هەمووان، لە هەر سێ دامەزراوەكەی هەرێمی كوردستانەوە، تا دەگاتە حزب و ڕێكخراو و سەنتەر و ناوەندە ئەكادیمی و زانستییەكان. بۆیەش پێویستە هەمووان هەوڵی بۆ بدەن، جا كێ دەستپێشخەری دەكات و كێ بەدەمەوەچوونی باشترە، جیاوازی نیە، گرنگ ئەوەیە پڕۆژەی یاسای دەستور لە پەڕلەمانی كوردستان بخرێتەوە ناو كۆبوونەوەكانەوە و هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستور، ئەوەش لەپێناو ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە، زەمانەتێك بدرێتە هاووڵاتیانی هەرێم، چونكە دەستور بە مەرجەعی باڵا دادەنرێت واتە هیچ یاسایەك لە وڵات كاری پێناكرێت پێچەوانەی ناوەڕۆكی دەستور بێت. هەروەها لە ڕووی مافەوە، لە ناوەڕۆكی دەستور تەواوی ماف و ئازادییە سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی و مەدەنییەكانی هاووڵاتیان فەراهەم كراوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستور چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات دیاریكراوە، كە ئایا سیستەمی دەسەڵات سەرۆكایەتی یاخود پادشایی بێت، سیستەمی بەڕێوەبردن تیایدا پەڕلەمانی یاخود سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی بێت.

لە نەبوونی دەستووردا چ بۆشاییەك لە هەرێم دروست بووە؟

موئمین زەڵمی: زۆر بۆشایی گەورەی سیاسی و یاسایی هەن كە تا ئێستاش لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە لە غیابی دەستوردا پڕ بكرێنەوە.

 تا چەند ڕەوشی ئێستای هەرێم بۆ نووسینەوەی دەستوور گونجاوە؟

موئمین زەڵمی: وەك ئاماژەمپێكرد غیابی دەستوور، بۆشایی گەورەی یاسایی و سیاسی خستووەتەوە، بەڵام گونجاوی و نەگونجاوی ڕەوشی سیاسی بۆ كۆتاییهێنان بە پڕۆژەی دەستور كە لە حوزەیرانی ۲۰۰۹وە لە پەڕلەمانی كوردستانە، دۆخی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان بڕیاری لەسەردەدات، بەشێوەیەكی گشتی چەند هۆكارێك هەبوون كە لە ڕابردوودا نەتوانراوە گفتوگۆی جدیی و ئەرێنی لەسەر دەستور بكرێت، ئەوانیش ناتەریبی ئاڕاستەكان لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لە نێوان سەرۆكایەتی و پەڕلەمانیدا، تەنانەت لە خولی پێشووی پەڕلەماندا كە هەوڵێك درا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەسەر دەستور بینیمان ناكۆكییەكان توندبوونەوەو پەڕلەمان پەكخرا، دواتریش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كە دەرئەنجامی نالەباری لێكەوتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كە دەستوری عێراق ڕایگرتوون بەرزونزمی زۆریان تێكەوت. بە بڕوای من پێویستە هەرچی زووترە پڕۆژەی دەستور بخرێتەوە بەردەم گفتوگۆی جیدیی بۆ هەمواركردنەوە و نووسینەوەی، چونكە نەبوونی دەستور واتە نەبوونی سەروەری، ئەگەرچی ئێستا دۆخی هەرێم نالەبارە بە تایبەت بەهۆی قەیرانی دارایی و ناشەفافییەتی داهاتەكان و فراوانی قاچاخچییەتی خاڵە سنوورییەكان و ناكۆكی ناوخۆیی حزبە سیاسییەكان، بەڵام دیسانیش ناتوانرێت ئومێد لەسەر داهاتوویەكی باشتر هەڵبچنرێت تا ئەوەی ژینگەی تەندروستی سیاسی بێتە پێشەوە، یانی ئاماژەكان لەسەر ئێستای باشتر و سبەینێی نالەبارترن، بۆیەش دۆخەكە بە نەگونجاو نابینم.

هەرچەندە دەستوور دەبێت قبوڵی گشتی لەسەر بێت، بەڵام پێشبینی دەكەیت دەستووری هەرێم چۆن بنوسرێت بەپێی ئەو دۆخەی ئێستا تیایداین؟

موئمین زەڵمی: ئێمە لە ڕابردوودا بینەری ململانێی توندی هێزە سیاسییەكان بووین لەسەر دەستور كە بە سەر هەردوو بەرەی سەرەكیدا دابەش بوون، ئەوانیش پشتیوانانی سیستەمی سەرۆكایەتی (سەرۆك لە لایەن خەڵكەوە هەڵبژێرێت) و سیستەمی پەڕلەمانی (سەرۆك لەناو پەڕلەمان هەڵبژێردرێت) بوون، هەرێمی كوردستان ئێستا لە بۆشایی دەستوریدایە كە ناچار بە یاسا ڕۆڵ دەبینێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پەڕلەمانی كوردستان دیاریدەكات كە ئەو یاسایانە هێزی دەستوریان پێ بەخشراوە، بەڵام نەیتوانیوە گۆڕەپانی سیاسی خاڵی بكات لە كێشە و ململانێی سیاسی، بەڵام بە بوونی دەستور چارەسەری بنەڕەتی سیستەمی سیاسی دەكرێت. لە دوایین كۆبوونەوەكانی پەڕلەمان كوردستان و لە سایەی ئەو بۆشاییە گەورانەی بەهۆی دەستوورەوە دروست بوون، “سەرۆكی پەڕلەمان ناچار بوو ڕاستییەكان بۆ خەڵك ڕوون بكاتەوە كە بۆ نمونە ئەركیی پەڕلەمان تەعینكردنی خەڵك نیە”، یانی تێكەڵییەكی زۆری دەسەڵات و ئەركی لە بەڕێوەبردن و بڕیارداندا دروست كردووە.

گەشبینن بە دۆخی داهاتووی هەرێم؟

موئمین زەڵمی: گەشبین نیم بە دۆخی سیاسی كوردستان، چونكە هۆشیارییە گشتییەكە زۆر كەمە، خیتابی سیاسی حزبەكان شپرز و خزمەتگوزارییە حكومییەكانیش لاوازن، بەڵام دیسان پێموایە پێویستە ئەمجار جیاواز لە جارانی پێشوو زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمی و دیراساتییەكان ڕۆڵی كاراتر بگێڕن لە هاوكاری پەڕلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆی دەستورو نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif