سەرۆکی حکومەت پەیامەکەت گەشت، هیوادارم ئەمەش بگات

ليست هناك تعليقات



دیمەنەکانی کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێگای قاچاخ وەك دیاردەیەکی فراوان بەتایبەت لەسەر سنورەکانی بلاروس و پۆڵەندا وێڕای لایەنە سۆزداریەکەی کە کاریگەری جدی دروستکردوە، لە ڕووی سیاسیشەوە کاریگەری نەرێنی گەورەی هەیە، میدیاکانی دەرەوە ئەوانەی ئاشنان بە هەرێم وەك شۆکێك لێی دەڕوانن و نیشانەی پرسیاری جدیش لای یەکیەتی ئەوروپا دروست دەکات، لە کاتێکدا هەرێم نە ڕووبەڕووی ڕووداوی سروشتی بوەتەوە و نە جەنگی ناوخۆیی و نە داگیرکاری، ئەی بۆچی هاوڵاتیەکانی بەلێشاو کۆچ دەکەن و ئەو وڵاتە جێدەهێڵن؟ ئایا ئەمە پرسیارێکی جدی نیە؟

شەوی ڕابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر کۆچی گەنجان پەیامێکی بڵاوکردەوە، پەیامێك کە لایەنی سۆز تێیدا زاڵ و خاڵی لە بەلارێدابردنی هۆکاری کۆچ و تۆمەت و قسەی نەرێنی وەك بەشێك لە بەرپرسانیتر، ئەگەرچی دەبوو ئەو وەك بەرپرسی یەکەم لە کۆچی گەنجان قسەیەکی جدی لە زووتردا بکردایە و بە دوای هۆکارە جدیەکاندا بگەڕایە و میکانیزمی چارەسەرکردنی بگرتایەتەبەر،چونکە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە هەردۆخ و هەرکاتێك زووتر ڕێگادروستەکە بگرن ئەوەندە کۆمەڵگەی کوردی لە مەترسی داڕووخان و بەریەککەوتن دوور دەخەنەوە

پێویستە ئەم چەند ڕۆژە چەندین نیشانەی پرسیاری لای سەرۆکی حکومەت دروست کردبێت، ڕووبەڕووی چەندین دیمەنی دژبەیەکی کردبێتەوە، دیمەنێك کە ڕاپۆرت و ڕاوێژکارەکان بۆیان دروستکردوە، دیمەنێکیش بە واقعی لە سەر سنورەکان و ڕێگاکانی کۆچدا دەبینرێن و میدیاکانی توشی شۆك کردوە و لەبەردەم یەکیەتی ئەوروپادایە وەك قەزیە

ئەو دیمەنەی کە بۆی دروستکراوە تاڕادەیەك هیوابەخش و بێ کەموکورتیە، دیمەنێکە کە هاوڵاتیان تیایدا تاڕادەیەکی باش خۆشگوزەرانن و هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە، دیمەنێك کە ساختەیە، ساختە بەومانایەی حکومڕانی ڕاستەقینە بەلارێدا دەبات، دیمەنێك کە وادەکات نە بڕیاری دروست بدرێت و نە هۆکارە ڕاستەقینەکان تێیدا دەخرێنە ڕوو تا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەرۆکی حکومەت بۆ خۆی بەشدارە لەو دیمەنەی بۆی دروستکراوە، ئەو دوورە لە خەڵك و دوورە لەو واقیعەی کە میللەتەکەی تێیدا دەژیت، کە خۆی دوورە و نزیکەکانیشی هیچ قسەیەك ناکەن کە دڵی ئەو گەرد بگرێ، ئیدی وێنە ساختەکە لەوێوە دەکیشرێت، یەك وێنەی ڕاستەقینەی هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی حکومەتی تێدابوو ئەویش کاریگەری لافاوەکە بوو، چونکە دانەنیشت تا تەحلیل چی و وێنەکێشەکان دۆخەکەی بۆ وێنا بکەن، بەڵکو بۆ خۆی جوتێك جزمەی لە پێ کردوو چوە کۆڵانە زیانمەندەکان و دیوارە ڕووخاوەکان و ماڵە زیانمەندەکانی بینی و لەوێشەوە مامۆستایەك فرسەتی هێناو قوتابخانەیەکی بۆ گوندەکەیان کردە دەستکەوت، لەمەدا ڕێگایەکی دروستە، دانەنیشی بەدیار لیژنە و تەقریر نوسەوە تا پێت بڵێن جەنابی سەرۆك هیچ نیە ئەوە میدیای نەیارەکان گەورەیان کردوە و چارەسەرمان کرد.

سەرۆکی حکومەت، لە مانگی ڕابردوودا لەگەڵ ژمارەیەك گەنج کۆبوویەوە، گەنجانێك کە کەسیان نە واقعی دۆخی گەنجانیان بۆ گواستەوە و نەدۆخی کۆمەڵگاو نە دۆخی زانکۆکان، ئەوەی لەو دیدارەدا کێشرا وێنە ساختەکەبوو، چونکە لە ڕاستیدا ئەو گەنجانە بە چەندین فلتەردا تێپەڕیون تا لەو دیدارە ئامادەبن و قسەیەکی نیگەرانکەریش نەکەن، لە کاتێکدا دەبوو سەرۆکی حکومەت بیزانیایە ئەو قسانە قسەی لاوەکی خەڵەتێنەرن، قسەی جدی نین و دۆخەکە خراپتر دەکەن، جگەلەوەی میدیا کاتێکی پێ پڕکردەوە هیچ سودێکیتری نەبوو، لەوێدا ئەو قسانە ناکرێن کە پێویستە بکرێن تا سەرۆکی حکومەت وێنە ڕاستەقینەکە ببینێت بەڵکو نەخشەڕێیەك بێتە گۆڕێ تا ڕێگربی لەم هموو بێ هیواییەی کەوا دەکات گەنجەکان پۆل پۆل وڵات جێ بهێڵن و چەندین کێشەیتر کە دەکرێت پلانی چارەسەری بەشێکیان زۆر ئاسان بێت

ئەوەی لێرەوە گرنگە سەرۆکی حکومەت بیزانێت وێنە دروست و ڕاستەقینەکەیە، ئەو وێنەیەی کە تەواوی کێشەکان رووون نیشان بدات، ئەو هۆکارانەی کە بێزاری و بێ هیوایی گەیاندۆتە لوتکە، ئەو هۆکارانەن کە گەنجەکان دێنێتە سەر شەقامەکان بە لێکەوتەکانی دەستگیرکردنەکانیشەوە، پێویستە سەرۆکی حکومەت لەوە تێبگات کە بۆ خەڵك متمانەی بە هەڵبژاردن نەماوە و نزیكەی نیوەی خەڵک بەشداری ناکات و ڕێژەی سوتاندنی دەنگیش بەرزە، دەبێت بۆ سەرۆکی حکومەت ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی مایکێك گەر بچێتە لای ١٠ کەس تا ڕایان وەرگرێ زەحمەتە ٨ کەسیان ناڕازی و نیگەران نەبن و هەناسەی سارد هەڵنەکێشن.

بۆیە لێرەوە پێشنیار دەکەم سەرۆکی حکومەت لە دەرەوەی میدیا و تۆمارکردن و هەڵای میدیایی، لەدەرەوەی موزایەدە و دەنگ بەرزکردنەوە، دەستبکات بە تێکەڵبوون بە چین و توێژەکان، مانگانە چەند کاتژمێرێك دابنێت بۆ دیداری بازنەی بچووك لە ژوورێکی بێ میدیا و بێ تەکنەلۆژیا و بێ موبایلدا، تا گوێ لە قسەی دڵی هاوڵاتیان بگرێت قسانێك ڕەنگە تا ئێستا ڕوو بەڕوو نەیبیستبن، تا گوێ لە ڕازەکانی گەنجانی ئەم وڵاتە بکرێت و ئاشنابێ بە کێشە ڕاستەقینەکان، دەکرێت لە پاڵ خستنە ڕووی ئازارو کێشە و نادادگەریەکاندا پێشنیاری دروستیشی لێ بەرهەم بێت، لانیکەم لەو دیدارەدا وێنە ڕاستەقینەکەی خەڵک دەچێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت و ئیتر نە راپۆرتی ساختە و نە ماستاوچی و نە ڕاوێژکار ناتوانن وێنەکە بشێوێنن، هەر سەرکردە و سەرۆکیك ئاشنا نەبێ بە دۆخە ڕاستەقینەکە هەر هەنگاوێك هەڵنێ ئامانجەکە ناپێکێ و ئەو هەنگاوەش دەبێتە بارگرانیەکیتر، بۆیە دکتۆر بەرلەوەی چارەسەر بنوسێ دەبێت نەخۆشیەکە دەستنیشانکات، دەبێت خودی نەخۆشەکە ببینێت، بینینی نەخۆشەکە وێنە ڕاستەقینەکەیە، تەنها بۆ ئەوەی چارەسەری هەڵە نەنوسێ.

کۆکردنەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی و گەنجی خوابێداوی وەسفکەر هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بفەرموو لە هەر ناوچەیەکی دوورەدەست لە گەرمیان و شارەزوورەوە تا زاخۆ لە هەر جێگایەك دوو گەنج بانگهێشت بکە تا بەڕێزەوە پێتبڵێن کوێمان دێشێ! تا پێتان بڵێن چی ئەوانی بێ هیواو کردوە و چی وادەکات ڕێگای مەرگ بگرنەبەر، تا بەڕوونی قسەی دڵی گەنجانی ئاساییتان بۆ بگوازنەوە، تا پێتان بڵێن ئەو جیاوازیە چینایەتیەی دروست بووە لێکەوتەکانی لە چەند ساڵی داهاتوودا چین؟ تا پێتان بڵین ئێمە ئاوا لە کابینەکەتان تێگەشتووین و ئەبێ ئاوابن، تا پێتان بڵین ئەمە وێنەی چاکسازیەکەی بەڕێزتە لای ئێمە، تا پێتان بڵێن ئەو ڕێگایەی ئێوە گرتووتانەتەبەر لە کوێدا ڕاستە و لە کوێدا هەڵە،تا پێت بڵێن بەرپرسانی حیزبی و هەلپەرستەکان چیان بەسەر ئەم وڵاتەدا هێناوە و چیان بۆ خۆیان و مناڵەکانیان کردووە، تا بڵێن ئەوان چی لە تۆ ڕادەبین و تۆ چی دەکەیت و دەست بخەنە سەر کەموو کورتیەکان؟ تا پێتبڵێن لە کوێدا دەسەڵات شکستی خواردوو و چۆن ئۆپۆزسیۆنی ڕابردوو هیواکانی کوشتن، تا پێت بڵێن خەڵک چۆن ژیان دەگوزەرێنێ بە کەسوکاری شەهیدانیشەوە، ئەوان هەرچی قسەیان هەیە دەیکەن و ئێوەش چیتان هەیە دەیڵێن.

من دڵنیان ئەم کۆبوونەوانە وێنەیەکی ڕاستەقینەت نیشان دەدەن و گەر ئێوەش ئامانجتان حکومڕانیەکی باشبێت دەتوانن ڕێگای دروستی بۆ بگرنەبەر، ئەم کۆبوونەوانە پێتان دەڵێن بۆچی خەڵك باوەڕی تەنانەت بە خەباتی مەدەنی و هەڵبژاردن نەماوە، لە بەرامبەردا باوەڕی بە توندوتیژی و شۆڕشی جەماوەری گەشەی کردوە، ئەوکات ئێوە لە مترسیەکانی شۆڕشی جەماوەری و پێکدادانی دەسەڵات و خەڵك باش تێدەگەن و هیوادارم ڕێکارەکانی بەریەکنەکەوتن بگرنەبەر.

ئێمە باش دەزانین کە ئێمەی کوردی بێ دەوڵەتی بێ سەروەری نەپارێزراو لەیەك کەشتیداین، دەزانین کە تێکچون و لەدەستدانی قەوارەی هەرێم بۆ هەموان زەرەرە و سەدەیەکیتری پڕ لە قوربانی دەوێ بۆ بەدەستهاتنەوەی، ئێمە دەزانین کە تێکچێ لە هەموومان تێکدەچێ، بەڵام پێویستە ئێوەش بزانن کە ئەم هەرێمە موڵکی هەموومانە، داهات و نەوت و سەروەت و خێروو بێری هی ژمارەیەکی کەم نیە تا بچن لە سیتی و ڤێلا و گوندە دروستکراوە گرانبەهاکاندا بۆ خۆیان بیکەنە کەیف و سەفا، دەبێت بزانن کە وەك نەوەی بەرپرسەکان نەوەی شەهیدێك و جوتیارێك و هاوڵاتیەکی بەشمەینەت مافی بەسەر ئەم هەرێمەوە هەیە،

بە باوەڕی من گەر وێنە ڕاستەقینەکە و ڕێگای دروست دابنرێت بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە، نەك گەنجەکان کۆچ ناکەن، بەڵکو کۆچ کردوەکان دەگەڕێنەوە و لێرە و لەگەڵ دایک و باوکیاندا ژیان دەکەن، بەڵام تا جیاوازی چینایەتی زۆر ببێت و ژمارەیەك لە نێو باڵەخانە هەوربڕەکاندابن و خەڵکیتریش لەم دۆخەدابێت، نە کۆچ دەوەستێت و نەمەترسی بەریەککەوتنی ڕاستەقینە کەم دەبێتەوە، ئەوکات دوای لەدەستدانی هەموو شتێك بیر دەکەینەوە، ئێمەی کورد چەند نەزانانە مامەڵەمان لەگەڵ خاك و لەگەڵ نەوت و لەگەڵ باج و لەگەڵ داهاتەکانمان کرد، لە کاتێکدا واماندەزانی پارەی ژێرزەمینەکان زۆر شت دەکەن، کەچی هیچیان نەکرد، وەك چۆن بۆ زۆر خاوەن دەسەڵاتیتر هیچیان نەکرد، سیاسی و حیزبەکان چەند نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم هەموو دەستکەوتە شێوێنراوە کرد.

هێشتا دەرفەتی باش ماوە تا ئەوەی هەیە لەدەستی نەدەین و بەدەستنەهاتوەکانیش بەدەست بهێنینەوە، بەڵام ئەمە ئیرادەی پێکەوەیی و کەمکردنەوەی ئەو هەموو بۆ شاییە هەیە و زۆر قسەیتریش.

عوسمان گوڵپی
١٠/١١/٢٠٢١





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق