جیهانی فەیسبوك بەرەو کوێ؟

ليست هناك تعليقات


نەهرۆ ئیبراهیم

فەیسبوك چی بەسەردێت؟ چ گۆرانکارییەك رووئەدات؟ ئاخۆ پێوەندییەکانمان و پەراوەکانمان وەك خۆی دەمێننەوە یان نا؟ پرسیارگەلێکە، رەنگە زۆربەی بەکارهێنەرانی تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوك کردبێتیان، ئەگەر ئاگاداری گۆرانکاریەکانی ئەم دواییانەی کۆمپانیاکە بن. ماوەی چەندین مانگە مارك زۆکەربێرگ، خاوەن و داهێنەری کۆمپانیای فەیسبوك، هەوڵ ئەدات گروتینێکی تر بدات بەپەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و داهێنانێکی نوێ بەرهەم بهێنێ. هەماهەنگ لەگەڵ چەندین کۆمپانیای تری بواری کۆمپیوتەرو ئای تی گەیشتون بەنوێترین داهێنانی تەکنۆلۆژی. مێتافێرس ئەو داهێنانە نوێیە کە زۆکەربێرگ لە 28.10.2021 ئاشکرای کردو لەوتەیەكدا رونیکردوە کە لەمەودوا ناوی کۆمپانیاکەیان دەگۆڕێ بۆ مێتاو کۆی بەکارهێنەکانی تری دەبنە بەشێك لەو کۆمپانیا نوێیە. وشەی مێتافێرس لەدوو بەش پێكهاتوە: مێتا، بەواتەی لەدوای یان لەپاش، فێرس بەشێکە لەوشەی یونیڤێرساڵ کە بە گەردون دێتەوەو دەکرێ بە جیهانیش لێكبدرێتەوە. کەواتە وشەی مێتافێر بەواتای لەپاش گەردون دێتەوەو ئاماژە بۆ گەردونێك یان جیهانێکی گریمانەیی دەکات. ئەم بەکارهێنانە لە رێی چاویلکەیەکی تایبەتەوە کە رەنگە هەر چاویلکەی ئۆکلوس بێت. چاویلەکی ئۆکلوس، جۆرە چاویلکەیەکە دەکرێتە سەرو چاوو دوو دەسكی هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی یاریەکان و جولەکان و بەشێووەی 3 دی گەمەکان دەبینی.



مێتا لە داهاتودا جێی سەرجەم پێداویستییە، خۆشگوزەرانییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە لەیاریکردن و چونە سینەماو ئیشکردن و هتد . مێتا دنیای فەنتازیاو گریمانەیە، لەرێی چاویلکەکەتەوە ئەبەسترێی بەهەموو جیهانەوەو هەر کوێیەکت بوێ دەتوانی بۆی بچێت و کام شانۆت دەوێ دەتوانیت بیبینیت و کام فلیمت دەوێ دەتوانی لە گەڵ هاورێکانت تەماشایی بکەیت. بێجگە لەوە لە دنیای گریمانەیی مێتادا، کارەکانت دەتوانی راپەرێنی، دەکرێ داوه‌تی هاورێکانت بکەیت و لەچێشتخانەیەك کام خواردنەت پێخۆشە بیخۆیت. کام جلەی حەزت لێیە بیکریت و بیکەیتە بەرت، کام هەواڵەت ئەوێ و کام لێکۆڵینەوەیەت گەرەكە بەشداری دەبیت، دەتوانی لە رێیەوە پەرە بەخوێندن بدەیت و زمانی نوێ فێربیت و کۆلێج و زانکۆکان تەواو بکەیت. بەکورتی ئەتوانی سەرجەم ئەو چالاکیانەی کە لەژیانتدا دەیکەیت وسەرقاڵی هاتوچۆیت وئەرک و زەحمەتی پێوە دەکێشی، لەژورەکەی خۆتەوە بەئەنجامیان بگەیەنیت، خۆشی خۆتیشی لێببینی.

مێتا دەبێتە ناوی کۆمپانیا گەورەکەو فەیسبوك و واتس ئاپ وئانستگرام هەر وەك خۆیان دەمێنن وگۆرانکاری بەسەریانا نایه‌ت. زۆکەربێرگ چاوەروان دەکات مێتافێرس، بەماوەیەکی کەم پتر لەملیاردێ بەشداربوو کۆبکاتەوەو بیانگوازێتەوە بۆ دنیای گریمانەیی.

بۆیه‌ دەپرسم ئاخۆ ژیانمان گۆڕانکاری بەسەر دێت یان دەبینە بەشێك لە روداوەکانی فیلیمی بەناوبانگی ماترێکس؟ خۆ رەنگیشە بۆ ئێمەی کورد یان تەواوی ئەو گەلانەی کە شەپۆلی پێشکەوتن جێی هێشتوون هیچ شتێك نەگۆڕێ وهەر خۆمان بەپەرەکانی فەیسبوکەوە خەریك بکەین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق