پۆڵەندا هۆشداری دەدات

ليست هناك تعليقات


پۆڵەندا هۆشداریدا لەوەی دۆخی ئێستای کۆچبەران لەسەر سنووری وڵاتەکەی و بێلاڕوسیا دەکرێت چەند مانگ و تەنانەت بۆ چەند ساڵێک بەردەوام بێت.

ماریوش بلاشتاک وەزیری بەرگری پۆڵەندا رایگەیاند، "دەبێت خۆمان بۆ ئەو راستییە ئامادە بکەین کە بارودۆخی سەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوسیا بەخێرایی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو دەبێت خۆمان ئامادە بکەین بۆ چەند مانگ و تەنانەت چەند ساڵێکیش."

ئاماژەی بەوەشدا، "لە شەودا هەوڵەکان بۆ بەزاندنی سنوورەکە بەردەوامن و کۆچبەران هەمان شێوازییان بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر سنووری پۆڵەندا."

هاوکات، سەرۆکایەتی بیلاروسیا رایگەیاند "ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆى سەرۆکى ئەو وڵاتە دووەمین پەیوەندیى تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجیلا میرکڵ راوێژکارى ئەڵمانیا لەبارەى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى سەر سنورى بیلاورسیا و پۆڵەندا، ئەنجامداوە و گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن، کە دەست بە گفتوگۆ بکەن دەربارەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بە ئارەزویی خۆیان لە بێلاڕوسیاوە بگەڕێنەوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٣٢٥ کەس و سبەینێ ١٨٠ کەسیان دەگەڕێنەوە.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif