کۆچبەران؛ قوربانیانی تراژیدیی جیۆپۆلیتیک

ليست هناك تعليقات


د.عادل باخەوان
-
یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری بێلاڕووس بەرامبەر یەکتری راوەستاون و سەرۆککۆمار، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ وەک سینارستی ئەم دیمەنە نوێیەی درامای کۆچ بۆ ئەوروپا لەلایەن بروکسلەوە دەستنیشاندەکرێت.

لەم دیمەنە نوێیەدا، چەند هەزار کۆچبەرێک، بە منداڵ و گەورەوە، بە ژن و پیاوەوە، بە سووری، لوبنانی، عێراقی، کوردستانی و فەلەستینییەوە بەرەو سنوورەکانی پۆڵەندا نێردراون.

کۆچبەرەکان ئامانجی خۆیان هەیە و وشیارن بەوەی کە ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ وەک کارتی گوشار بەکاریان دێنێت بۆ ئەوەی سزا ئابوورییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر رژێمەکەی لاببات.

ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ دەیەوێت لە بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپادا ئەو کارتە بەکاربێنێت کە لە هەمان ئاست و بەهەمان رێژەی کارتی سزا ئابوورییەکانی خودی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر وڵاتەکەی قورس و تووند و چڕە.

بروکسل لە 2020 وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر داپڵۆسینی ئۆپۆزیسیۆندا، جەستەی ئابووریی بێلاڕووسی خەڵتانی خوێن کرد.
ئەوەی ئەمڕۆ ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ دەیکات، کاردانەوەیە و دەیەوێت لەم رێگەیەوە جەستەی یەکێتیی ئەوروپا خەڵتانی خوێنی رەمزی بکات. بەبێ ئەوەی یەک چرکەش بیر لە هەلومەرجی ئەو هەزاران کۆچبەرە بکاتەوە کە لە ژێر پلەی سفری سەرمادان.

بۆ تێگەیشتنێکی خێرا لە فاکتە سیاسییەکانی ئەم دیمەنە تراژیدییە، بەخێرایی ئەم چەند تێبینییەی خوارەوە تۆمار دەکەم:

1. لەسەر ئاستی چەندایەتی ئێمە لەبەردەم ژمارەیەکی سنوورداری کۆچبەرانداین و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بڵاویانکردووەتەوە، لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار کەس لەسەر سنووری هەردوو وڵاتن. واتە ئەم دیمەنە تەواو جیاوازە، لەسەر ئاستی چەندایەتی، لەوەی 2015 کاتێک کە کۆچبەران بە شەپۆلی گەورەوە گەیشتنە ئەوروپا. ئەمە دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە ئێمە ئەوەندەی لە بەردەم قەیرانێکی سیاسیی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری بێلاڕووسداین، ئەوەندە لە بەردەم قەیرانی کۆچدا نین. ئامانجیش لەم قەیرانە روونە: سەرۆکێک دەیەوێت هەموو رێگەیەک بگرێتەبەر، نەک بۆ رزگارکردن و پاراستنی نیشتمان و گەلەکەی، بەڵکو بۆ رزگارکردن و پاراستنی رژێمە بیناکراوەکەی لەسەر داپلۆسین.

2. تراژیدیای یەکێتیی ئەوروپا لەوەدایە کە لەبەرامبەر پرسی کۆچ و کۆچبەراندا رووبەرەکانی جوڵانەوە و بڕیاردانی لەخۆی تەسککردووەتەوە و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی نوێی پۆڵەندا لە جۆرێک لە رکابەرایەتیدایە لەگەڵ بروکسل و دەخوازێت سیاسەتی خۆی لەگەڵ کۆچبەراندا جێبەجێبکات نەک سیاسەتی بروکسل. هەر لە دۆخێکی وادایە کە پۆڵەندا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە کە [فرۆنتکس: وەکالەتی ئەوروپی بۆ پاراستنی سنوور و کەنارەکان] پارێزگاری لە سنوورەکانی بکات و دەستوەربداتە بەڕێوەبردنیان و خۆی بەتەنیا بڕیارەکان لەسەر کۆچبەران دەردەکات و خۆشی بەتەنیا جێبەجێیان دەکات و بەشێکیشیان پێچەوانەی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپان و بروکسلیش ئەمە باش دەزانێت، بەڵام تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە، وەک ئەوەی نەیەوێت پۆڵەندا لەبەرامبەر بێلاڕووسدا لاواز بکات. پرسیارەکە لەوەدایە تا کوێ بروکسل دەتوانێت لەپێناو جیۆپۆلیتیکدا چاوپۆشی لە پۆڵەندایەک بکات کە بڕگەی 33 لە رێککەوتنی جنێڤ کە پەیوەندیی بە مافی پەنابەرەوە هەیە بەئاشکرا پێشێل دەکات؟

3. ئەم دۆخە نوێیە لەهەمانکاتدا لە بەرژەوەندیی ئەو دەستەیەدایە کە ئێستا پۆڵەندا بەڕێوەدەبەن، بەتایبەتی سەرۆک ئاندجی سيباستيان دوودا کە کەسایەتییەکی تاسەر ئێسقان کۆنسێرڤاتیڤە و دەیەوێت مەرجەکانی بەسەر یەکێتیی ئەوروپادا بسەپێنێت و تەنانەت لە هەندێک هەلومەرجدا باس لە چوونەدەرەوە لەو یەکێتییە دەکات. ریفۆرمەکانی لە بواری یاسادا بوونە بابەتی مشتومڕی تووند لەگەڵ بروکسل. لە ئێستا و ئێرەدا جیۆپۆلیتیک فریای ڤارسۆڤی [وارشۆ] دەکەوێت بۆ ئەوەی باشترا هەژموونی خۆی بەسەر یەکێتیی ئەوروپادا بسەپێنێت. ئەو مامەڵە تووندەی کە لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا لەگەڵ رۆژنامەڤان و رێکخراوەکاندا دەکرێت، هەر کەس و لایەن و وڵاتێکی دیکە بیکردایە، راستەوخۆ دەکەوتە بەر هەڕەشەی بروکسلەوە، بەڵام لەم دۆخە نوێیەدا، ڤارسۆڤی لەم پەلامارانەی بروکسل پارێزراوە!

4. رەنگە ئیتر کاتی ئەوە هاتبێ کە یەکێتیی ئەوروپا خۆی بکاتە خاوەنی سیاسەتێکی هاوبەشی رێزلێگیراو لەسەر پرسی کۆچ. نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش، دروست وەک ئەوەی لە 2015 روویدا، وڵاتانی ئەم یەکێتییە رووبەڕووی قەیرانی گەورە دەکاتەوە. بێلاڕووس، وەک چەندین وڵاتی دیکە، وشیارە بەوەی کە خاڵە هەرە لاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی یەکێتیی ئەوروپا بریتییە لە پرسی کۆچ و کۆچبەران و بە زیرەکانە بەکاریدەهێنێت، هەروەک چۆن تورکیا و مەغریبیش لە چەندین سات و کاتی دیکەدا بەکاریان هێناوە. هیچ پرسێک، بە تیرۆریزمیشەوە، بە قەدەر پرسی کۆچ لای کۆمەڵگە ئەوروپییەکان هەستیار نییە! لەهەمانکاتدا بروکسل تائێستا یەک چوارچێوەی یەکگرتووی یاسایی سەپێندراو بەسەر هەموو وڵاتەکانی یەکێتیدا نییە و ئەمەش وادەکات کە خەیاڵدانی بەکۆمەڵی ئەوروپاییەکان پڕبکرێن لە وێنەی نادروستی پرسی کۆچ.

5. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا خاوەنی چوارچێوەیەکی یەکگرتووی یاسایی هەژموندار بووایە، ئێستا بەتەنیا پۆڵەندا بڕیاری لەسەر چارەنووسی ئەو چوار هەزار کۆچبەرە نەدەدا و بروکسلیش تەنیا رۆڵی تەماشاکاری بۆ نەدەمایەوە. راستە بروکسل داوا دەکات بەپێی میکانیزمی لێکۆڵینەوەی تاکەکەسی لە دۆسییەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆچبەران بدرێت، بەڵام حکومەتی پۆڵەندا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت گوێی لەم پێشنیازە بێت و بەپێچەوانەوە دەیەوێت وەبەرهێنانی سیاسییانەی پێوەبکات و خۆی وەک پاڵەوانی پاراستنی نیشتمان لە بەرامبەر بروکسل و کۆچبەراندا مانیفێست بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif