دیمانەیەك لەگەڵ وەزیرە کوردە سەربەخۆکەی عێراق

ليست هناك تعليقات

 

وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت ئاماژە بەوە دەکات، عێراق سێ ساڵی دیکەی پێویستە تاوەکو کارەبای 24 کاژێری دابین بکات، هاوکات تاوەکو 5 ساڵی دیکەش پێویستیان بە گازی ئێرانی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

عادل کەریم کوردێکی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەیە و وەزیری بەوەکالەتی کارەبای عێراقە، لەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ رووداو کە لە 23ی سێپتێمبەری 2021 تۆمارکراوە و لە 9ـی ئۆکتۆبەر بڵاوکراوەتەوە باسی ئەوە دەکات کە چۆن لەکاتی ئەودا بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە سەرووی 21 هەزار مێگاوات.

لەبارەی کارەبای هەرێمی کوردستانیشەوە، عادل کەریم دەڵێت، کوردستان شایستەی وەبەرهێنەرەکان بدات 24 کاژێر کارەبای دەبێت. بە بڕوای ئەو، باشتریشە کە کارەبای کوردستان و عێراق بە یەکەوە ببەسترێتەوە.

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عادل کەریم

رووداو: دوای دەستبەکاربوونت وەک وەزیر ئەمە یەکەم هەڤپەیڤینتە لەگەڵ میدیای کوردی، سوپاست دەکەین کە رووداوت هەڵبژارد.

عادل کەریم: زۆر سوپاستان دەکەم بەخێر بێن، سڵاو لە ئێوە و بینەرانی رووداو.

رووداو: با لە چیرۆکی دەستبەکاربوونەتەوە دەستپێبکەین وەک وەزیری کارەبای عێراق، پۆستی وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو پۆستانەی کە پشکی رەوتی سەدرە، وەزیرەکەی پێشووش هەر ئەوان دەستنیشانیان کرد، چۆن بوو کوردێکی هەڵەبجەیی نە پارتی نە یەکێتی بووەتە وەزیری کارەبای عێراق و عێراق رووناک دەکاتەوە؟

عادل کەریم: هەڵبژاردنی من بۆ وەزیری کارەبا پەیوەندی بەو کێشە گەورانە هەبوو کە لە وەزارەتی کارەبا هەبوون، من ئەو شارەزا کۆنەی کە هەمبووە لە بواری کارەبا، کە ماوەیەکی زۆرە کارم کردووە، هەروەها CVیەکەم و ژیاننامەم لای سەرۆکوەزیران و کاربەدەستانی عێراق، داوایان لێکردم کە بێمە ئەو وەزارەتە. هەڵبەتە ماوەیەکی زۆرە داوا دەکەن و سەرۆکوەزیران خۆی زۆر لەگەڵمدا خەریکبوو، لەبەر پێداویستی کارەکە توانیم سەرەتای هاوین بێمە ئێرە، بێگومان ریسکە پیاو بە کار و ژیانی خۆیەوە دەیکا، چونکە کە من هاتم سیستەمەکە بەرەو داڕمان دەڕۆیشت، جگە لەوە هەڕەشەی تیرۆریستی هەبوو، کێشەی زۆرمان لە کۆنترۆڵ و بەرهەمهێناندا هەبوو، کێشەمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبوو، کێشەمان زۆربوو. ریسکێکی گەورەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا بە هەوڵ و کۆششی ئەو کەسانەی کە لەگەڵمدا کاردەکەن بە ماندوبوون و شەونخونی توانیمان ئەو هاوینە سیستەمەکە رابگرین. دەتوانم بڵێم بە سەلامەتی لێی دەرچووین. هەڵبژاردنی منیش نە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزب و نە نەتەوەو نە کەسەوە هەیە، یەک کوردیش لە عێراقدا ئاگای لێنەبووە، لەوانەی بەغداش تاوەکو رۆژێک پێش ئەوەی بێم دەستبەکاربم.

رووداو: ئەو پۆشاکەی کە پۆشیوتە، هەر بەو پۆشاکە ئەمڕۆ پێشوازیت لە بەرپرسێکی ئوردنی کرد و لەگەڵی کۆبوویتەوە، وێنەشت لەگەڵ مستەفا کازمی هەیە هەر بەو پۆشاکەوە، رەنگە خەڵک بپرسێت بۆ ئەو پۆشاکەت بۆ ئەم هەڤپەیڤینە پۆشیوە؟

عادل کەریم: کاتی خۆی لە حکومەتی ئیدارەی سلێمانی کارمکردووە، ماوەیەک بەڕێوەبەری وێستگەی دابەشکردنی هێڵەکانی کارەبا بووم لە سلێمانی، ئەوانەی لەگەڵم بوون ئاگادارن کە من هەموو کارەکانم بە بەدلەوە بووە، یەک رۆژیش قات و کراسم لەبەر نەکردووە، من شانازی بەوە دەکەم کابرایەکی ئەندازیارم، پۆست و پلە بە واژۆیەک دێت و بە واژۆیەکیش دەچێت، بەڵام کاری مرۆڤ ئەوەیە بڕوانامەی خۆم و شارەزایی خۆمە عەقڵی خۆم هێناویەتی. ئەو بەدلەیە بۆ ئەوەیە نەک هەر خۆم، کە هاتمە ئێرە لەسەر هەموو کارمەندانی ئێرەم سەپاند بەدلە لەبەر بکەن و کار بکەن. ئێمە شەو و رۆژ کاردەکەین، لە شەو و رۆژێکدا دەتوانم بڵێم 5 کاژێر دەخەوم، زۆربەی کاتەکانم لە پارێزگاکان و وێستگەکان و لەناو شارم و بەدواداچوون دەکەم، کاردەکەم و چاودێری جیددیان دەکەم، تا درەنگانێکی شەو لەگەڵیان کار دەکەم، شەو درەنگ دەگەڕێمەوە ماڵی خۆم بۆ پشوودان، کەم پارێزگا هەیە سەردانم نەکردبێت. ئەگەر بە قات و بۆینباخەوە لە پشتی ئەو مێزە دانیشم، بڕوام پێ بکەن سیستەمی کارەبا تووشی داڕمانی گەورە دەبێت، نەک هەر خۆم ئەو بریکارەی لەگەڵمدایە ئەو لەبەریەتی، هەموو کارمەندەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لەبەریانە، شەو و رۆژ لە وێستگە و شوێنەکانی خۆیاندا کاردەکەن.

رووداو: کەواتە دۆخی ئێستای کارەبای عێراق چۆنە؟ چیت کردووە و چیت گۆڕیوە لەو کاتەوەی کە بوویتە وەزیری کارەبای عێراق؟ چیت لە واقیعی کارەبای عێراق گۆڕیوە؟

عادل کەریم: هەڵبەتە کە من هاتمە ئێرە، ئەوەتان بیست کە خۆپێشاندان هەبوو، کێشەی کوژانەوەی کارەبامان هەبوو، توانیمان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سیستەمەکە چاک بکەینەوە، سیستەمی کۆنترۆڵی کارەبای عێراق کارێکی وای لەگەڵ بکەین کە بە ئاسانی جارێکی دیکە تووشی کەوتن نەبێت، ئەویش کۆمەڵێک رێکاری تەکنیکیمان گرتەبەر، لەگەڵ ئەوەش بەرهەمهێنانمان زیادکرد، ئەمەش بە کارکردنی شەو و رۆژی کارمەندەکان لە وێستگەکان، وەستانی وێستگە لای من قبووڵکراو نییە، ئەگەر بشوەستێت لە کاتێکی دیاریکراودا کاژێرێک یان رۆژێک کەمتر چاکی بکەنەوە. بەرهەمهێنانمان زیادکرد بۆ 21 هەزار و 141 مێگاوات، کە یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا ئەو ژمارەیە تۆمارکراوە، ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی کەمدا زۆرتری بکەین، هەروەها شەونخوونی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی سیستمەکە چاک بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا کە من دەستبەکاربووم هێرشێکی گەورەی تیرۆریستی کرایە سەر بواری کارەبا، زیاتر لە 170 تاوەری کارەبامان تەقێندرانەوە، هەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی سیستمەکە لەکار بخەن. کاتێک کە تاوەرێک دەکەوێت کارەبا دەپچڕێت بە سەتان مێگاوات دەپچڕێت، سیستمەکە بەرگەی ناگرێت ڤۆڵتیەی دادەبەزێت سیستەمەکە دەکەوێت، بەڵام توانیمان رزگارمان بێت نەمانهێشت ئەوە رووبدات. هەموو ئەو تاوەرانەی تەقێندرانەوە، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئەو شارەم دەناردە شوێنەکە و سوپامان لەگەڵ دەنارد هەر ئەو شەوە دەبوو دەستبکەن بە چاککردنەوەی تاوەرەکە، هی ئەوە نەبوو بیخەیتە بەیانی و دوو بەیانی. بۆ ئەوەی ئاگارابن هەموو تاوەرەکان ئەگەر پێنج تاوەریش کەوتبێت لە ماوەی 48 کاژێردا چاکمان کردووەتەوە، لێنەگەڕاوین چاککردنەوەی هیچ تاوەرێک لە ماوەی 12 بۆ 30 کاژێر تێپەڕێت، ئەگەر چەند تاوەرێک بووبێت لە ماوەی 48 کاژێردا چاککراوەتەوە، لەوە زیاتر نەمانهێشتووە. خۆم سەرپەرشتیم کردووە و چوومەتە لایان و سەردانم کردوون، هەروەها سوپا و هێزەکانی عێراقی هەموویان خزمەتێکی گەورەیان کردووین، سەرۆکوەزیران هاوکارێکی گەورەمانە و هەمووی خستووەتە خزمەتی ئێمەوە، هەر کاتێک بمەوێت هەر کەرتێکی سوپا دەتوانین بە ئاسانی جوڵەی پێبکەین بۆ پاراستنی ئێمە و هاوکاریکردنی ئێمە.

رووداو: ئەوانە کێ بوون ئەو تاوەرانایان دەخست، گومان هەبوو کە داعش بێت لە هەندێک شوێن؟

عادل کەریم: بەڵێ، تاوەکو ئێستا دیار نییە بەڕاستی. ئەوەی من پرسیومە کەس نەگیراوە لەسەر تەقاندنەوەی ئەو تاوەرانە، بەڵام سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی بەخۆم و برادەرانی گوت ئەوانەی لەوێ بوون گوتی، ئێمە لە سەرەتای هاویندا والییەکی داعشمان گرتووە، دانی بەوەداناوە کە پلانی هاوینیان تێکدانی تاوەرەکانە بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبای عێراق تووشی شکستی گەورە بکەن، بەڵام نەیانتوانی.

رووداو: سەرچاوەکانی دابینکردنی کارەبای عێراق چین؟

عادل کەریم: کۆمەڵێک وێستگەمان هەیە، بەشی زۆری وێستگەکانمان وێستگەی گازین، کە بە گاز کاردەکەن. بەشێکی گازەکەش وڵاتی خۆمان بەرهەمی دەهێنێت و بەشێکیشی لە ئێرانەوە دێنین، وێستگەکانی دیکە بە سیستەمی هەڵمی کاردەکەن و بەشێکیشی وێستگەی کارۆئاوین، ئەمساڵ بەهۆی کەمی ئاوەوە بەرهەمهێنمان لە بواری ئاودا کەمە.

رووداو: دەتوانن بە داتا ئەوە بخەنەڕوو کە چەندی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و بەرهەمدەهێندرێت؟ چەندی لەناوخۆ بەرهەمدەهێندرێت و کورتهێنانەکەشی چەندە؟

عادل کەریم: بۆ ئەوەی دڵنیابی ئەو هاوینە تاوەکو ئەو ساتەی قسەت لەگەڵ دەکەم، یەک مێگاواتیشمان لە ئێرانەوە وەرنەگرتووە، ئەوەی کە باسی دەکەم 21 هەزار و 141 مێگاوات، تەنیا نزیکەی 150 مێگاوت نەبێت کە لە تورکیاوە هاتووە، هەمووی کارەبای لۆکاڵە، هی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.

ئێران ئەو هاوینە کێشەیەکی گەورەیان هەبوو لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبا، چەند جارێکیش پەیوەندیم بە وەزیری پێشووی کارەبای ئێران و وەزیری نوێش کرد، ناتوانن کێشەیان هەیە.

رووداو: پەیوەندی بەوە هەبوو کە کێشەیان هەبوو یان پەیوەندی بە قەرزەکانی سەر عێراقەوە هەبوو؟

عادل کەریم: ئەمە کێشەیەکی دیکەیە، کێشەی گازە. ئێستا ئێران گازی کەمکردووەتەوە، نزیکەی 4 هەزار و 500 مێگاوات دابەزیوە لە بەرهەمهێنانی کارەبای ئێمە کە پشت بە گازی ئێران دەبەستین. لەم یەک-دوو رۆژە گەشتێکی تایبەتم هەیە بۆ ئێران بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکەم.

رووداو: بڕی چەند قەرزداری ئێرانن؟

عادل کەریم: ئەمساڵ هیچ قەرزدار نین، ساڵی پێشوو 2020 لەبەر ئەوەی بودجە نەبوو، شتێک قەرزدارین، خەریکین لەگەڵ پارەی ئەمساڵ پێیان دەدەینەوە. پەیوەندی بە قەرزەوە نییە بە پلەی یەکەم، لەوانەیە هەندێک لێکتێنەگەیشتن هەبێت، ئێرانیش لەژێر گەمارۆدایە و پێویستی بە پارە هەیە.

رووداو: گومانەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، لەو کاتانە بوو کە زۆر گەرمبوو، سەبارەت بە عێراق دۆخێکی شەرمەزاکەر بوو، بۆیە قسەی زۆری لەسەر دەکرا...

عادل کەریم: ئێمە هەوڵی خۆماندا، هەوڵیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەگەر سووکە لێکتێنەگەیشتنێکیش هەبێت لەنێوانمان لە زووترین کاتدا چاکی بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کارەبا بگەیێنینەوە هاووڵاتیانی خۆمان. ئەگەر ئێستا گازەکە بگەڕێتەوە، کە ئومێدەوارم لەو گەشتەم بۆ ئێران بتوانم بڕوایان پێ بهێنم زیادی بکەن، ئەوکاتە بەرهەمهێنانی کارەبا، یاخود پێداویستی خەڵک دابین بکەین لەسەرووی 20 تاوەکو 24 کاژێر کارەبایان بۆ دابین بکەین.

رووداو: ئێستا کورتهێنانەکە چەندە و چەند کارەبا دەدەنە خەڵک؟

عادل کەریم: جیاوازە، لە هەندێک پارێزگا لە بەغدا بۆ سەرەوە دەتوانین 12 بۆ 14 کاژێر کارەبا بدەین، بەڵام لە بەغدا بۆ خوارەوە لە 16 بۆ 24 کاژێر کارەبا دەدەین. کەشەکەش فێنکی کردووە، ئەمەش کاریگەری زۆری هەیە، هەم توانای بەرهەمهێنانمان بەرز دەبێتەوە هەم خواستیش کەم دەبێتەوە، بەڵام عێراق لەم کاتەدا پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێکی کورت، درێژ و مامناوەندمان داناوە. ئومێد دەکەم لە هەفتەی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی بکەین بۆ ئەوەی کارەبای عێراق بگەیێنینە 35 هەزار مێگاوات لە ماوەی 3 ساڵی مامناوەند، بۆ ساڵی داهاتوو پلانمان هەیە 5-7 هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ عێراق زیاد بکەین، ئەوکاتیش دەتوانین لە سەرووی 18 بۆ 20 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتیان.

رووداو: پێویستە گشتییەکەی عێراق بە کارەبا چەندە؟

عادل کەریم: ئێستا 35 هەزار مێگاواتە، هەموو ساڵێکیش عێراق 1500 مێگاوات پێداویستی زیاد دەکات، بەهۆی زیادبوونی دانیشتووان و پێداویستییەکان خەڵک و باشبوونی دۆخی دارایی خەڵک، هەموو ماڵێک ئێستا چەندەها سپلیتی هەیە، جاران ماڵێکی ئاسایی لە بەغدا فێنککەرەوەیەک یان دووانی هەبوو، هەروەها لە کوردستانیش هەمان شتە. ئێستا پێداویستیی خەڵک بۆ کارەبا زۆر بووە، جگە لەوە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە پێویستیان پێیە کە ئێستا وەستاون. ئومێدەوارین ئەو ئەرکەی لەسەر شانمانە جێبەجێی بکەین و بتوانین لانی کەمی کارەبا بۆ خەڵک دابین بکەین.

رووداو: بەڵێن دەدەن کەی کارەبای عێراق بکەنە 24 کاژێری؟

عادل کەریم: بەلایەنی کەمەوە سێ ساڵی پێویستە بۆ ئەوەی کارەبا بگاتە 24 کاژێر، ئەگەر هەر کەسێکی دیکە ژمارەیەکی گوتووە، پێموایە راستی نەگوتووە لەگەڵ خەڵکی عێراق. بۆ ئەوەی بزانن ئێمە لە 4 ساڵ و نیو بۆ 5 ساڵمان داناوە بۆ ئەوەی بتوانین کارەبای عێراق بگەیێنینە 50 هەزار مێگاوات، ئەوکات عێراق 5 هەزار مێگاوات یەدەگیشی دەبێت. لەبیرم چوو باسی ئەوە بکەم، کە ئێمە لە بواری وزەی پاکدا، وزەی خۆردا کۆمەڵێک کاری گەورەمان کردووە، ناوی وەزارەتەکەمان گۆڕی بۆ وەزارەتی کارەبا و وزە نوێبووەوەکان.

رووداو: هۆکاری گۆڕینی ناوی وەزارەکە چی بوو؟

عادل کەریم: چونکە ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان بەرەو وزەی پاک دەڕۆن، وزەی خۆر یان وزەی هەوا، ئێمە ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی 1500 مێگاوات خەریکی دانوستاندنین بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان، لەگەڵ هەندێکیان تەواومان کرد، ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمپانیای (مصدر)ی ئیماراتی کۆتاییمان پێهێنا، لەگەڵ تۆتاڵ و پاوەرچاینە تەواومان کردووە، لەگەڵ ئەکواپاوەر لە دانوستان داین، لەگەڵ ستاتیکا تەواومان کردووە، لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای جیهانیدا قسە دەکەین. ئومێدەوارین بتوانین ئەو ژمارەیە جێبەجێ بکەین. ساڵی داهاتوو بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی قەرز نادەن بە هیچ پرۆژەیەک کە کاربۆن بخاتە هەواوە، بۆ ئەوەی بەرەو وزەی پاک بڕۆین، ئەگەر بتەوێت قەرز بکەیت لە بەرامبەر ئەوە دەبێت وزەی پاک بەرهەمبهێنیت بۆ ئەوەی بتوانین وێستگەی تازەی پێ بونیاد بنێین.

رووداو: لە کەیەوە پێویستیتان بە ئێران نامێنێت بۆ کارەبا و بەرهەمهێنانی کارەبا؟

عادل کەریم: ئێمە ئەمساڵ وەرمان نەگرتووە، تا ماوەیەکی دوور پێویستیمان بە گازی ئێرانی دەبێت، بەلایەنی کەمەوە تاوەکو 5 ساڵی دیکە پێویستیمان پێدەبێت.

رووداو: ئەگەر ئەمریکا وادەکەی بۆ درێژ نەکردنەوە بژارەکانی بەردەمتان چی دەبێت؟

عادل کەریم: ئومێد دەکەین تازەی بکەنەوە، بڕوا ناکەم ژیان بەشێوەیە بەڕێوە بڕوات. عێراق جگە لەوە بژارەی دیکەی لەبەردەمدایە کەمن لێرە ناتوانم باسی بکەم، بەڵام بژارەی دیکەمان هەن.

رووداو: وەکو چی کە ناتوانی باسی بکەی؟

عادل کەریم: واتە دەبێت بۆ سەرچاوەی دیکەی گاز و وزە بگەڕێین.

رووداو: دەکرێت کوردستان ببێتە جێگرەوە بۆ دابینکردنی گاز؟

عادل کەریم: کورستان سەروەتێکی گەورەی گازی هەیە، بە داخەوە وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، نە خۆیان سوودی لێوەردەگرن نە خەڵک. لە چەمچەماڵ 600 تاوەکو 1000 مەق مەق (پێ سێجا) بەرهەم بهێنێت، واتە 4 بۆ 4 هەزار و 500 مێگاوات بەرهەمبهێنی لەو گازەی کە لە کوردستان هەیە. بەهۆی کێشەی حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنەوە سەرمان قاڵە، دەتوانین بە ئاسانی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەین بەشێک لەو گازە بهێنینە ناو سیستەمی عێراق بە کڕین بێت یان بە رێککەوتن بێت بە هەر شێوەیەک بێت بۆ ئەوەی بتوانین پێوستمان بە گازی دراوسێیەکانمان کەمتر بێت، چونکە ئێران لە زستاندا گاز بۆ گەرمکردنەوە و پێداویستییەکانی دیکە بەکار دەهێنێت، بۆیە هەمیشە لە مانگی 12 و 1 گازەکە دەبڕن، خۆیان پێویستیان پێدەبێت. ئومێدە دەکەم سوود لە گازی کوردستان وەربگرین، لە مەنسوریە و عەکاز گاز هەیە، جێگەی داخە وەزارەتی نەوت دواکەوتووە. چەندین جار لەگەڵ وەزیری نەوت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران باسی ئەوەمان کردووە، کە وەزارەتی نەوت لە ساڵانی پێشوودا دواکەوتووە هەم بۆ گاز هەم بۆ دروستکردنی پاڵاوگە بۆ بەرهەمهێنانی وزە.

رووداو: تەنیا گازی کوردستان بژارەی بەردەمتانە یان گازی وڵاتێکی دیکەش؟

عادل کەریم: نەخێر، گازی وڵاتانی دیکەش بژارەی گەورەن لەبەردەستمان.

رووداو: وەکو؟

عادل کەریم: ناتوانم بیڵێم.

رووداو: باسی هەرێمی کوردستانت کرد، ئیدارەدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئیدارەدانێکی سەرکەوتووە؟

عادل کەریم: من ناتوانم هەڵسەنگاندن بۆ ئیدارەدانی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بکەم، بەشێک لەوانەی ئیدارەی کارەبا دەدەن کاتی خۆی یان هاوڕێ و برادەر یان لای من کارمەند بوونە و بەیەکەوە کارمان کردووە، من لەوانەوە دوورم، ئەگەر رەخنەیان لێبگرم لە راستیدا دەڵێن حاڵی خۆتان گەلێک جوانە، بەڵام لە کوردستاندا قۆناخی باشیان بڕیوە، بە بڕوای من ئەگەر بتوانن لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرانەی کە لەوێ وەبەرهێنانیان کردووە شایستەکانی خۆیان پێبدەن کوردستان 24 کاژێر کارەبای دەبێت. نەبوونی کارەبای کوردستان پەیوەندی بەوە نییە کە کارەبا نییە، پەیوەندی بەوە هەیە کە وەبەرهێنەرەکانمان یەکەکانیان وەستاندووە لەبەر ئەوەی پارەیان پێنادەن.

رووداو: بڕیارە لە هەرێمی کوردستان کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، پێتوایە ئەمە هەنگاوێکی سەرکەوتوو دەبێت؟

عادل کەریم: وڵات نەماوە لە جیهاندا، کۆریای باکوور و یەک دوو وڵات نەبێت لە جیهاندا حکومەت هەموو شتێکی هەیە، هەر لەسەرەتاوە پێویست بوو هەموو بوارەکانی ژیان زۆربەی بدەین بە کەرتی تایبەت، لە بەرامبەر ئەوە باج وەربگرین، بەڵام گەرەنتی چینە هەژارەکان بکەین، چونکە ناکرێت کارەبا زیاد بکەی هاووڵاتییەک 20-30٪ی داهاتەکەی بدات، بەڵام گەرەنتی دواڕۆژی نەبێت، لە وڵاتانی ئەوروپا خەڵکێک بێکاریش بێت حکومەت پارەی پێدەدات. کارەبا تێچووی زۆرە، ئەگەر بگەیتە ئەو خاڵەی کە تۆ نە براوە بی نە دۆڕاو نە زیانت کردبێت و نە پارەت دەستکەوێت، پارەیەکی خەیاڵیت دەوێت، دەبێت بەشێکی زۆری داهاتی خەڵک بدات بە کارەبا، لەبەر ئەوە پێویست دەکات حکومەتەکان لەم جۆرە وڵاتانەی دواکەوتووی وەکو ئێمە دەستی پێوەبێت، کاتی ئەوە نییە، چونکە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی زۆر گەورە دەبێت ئەگەر نرخی کارەبا زیاد بکەی.

رووداو: لەگەڵ ئەو رێکار و ئەو هەنگاوانەی جەنابت دەینێی بۆ باشکردنی واقیعی کارەبا لە عێراق، نرخی کارەبا چی لێ بەسەر دێت؟

عادل کەریم: ئەگەر گرانی نەکەین، ئەوا نیوەی بودجەی عێراق بەرگەی کارەباکە ناگرێت، بۆیە کارەباکە گران دەکەین. بەڵام وادەکەین کاریگەرییەکەی لەسەر چینە هەژارەکان زۆر کەمبێت، بەشێوەیەک بەرزی دەکەینەوە وەکو جاران نەبێت لە سەتا 200 بۆ 300 بە جارێک، هەنگاو بە هەنگاو بەرزی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر چینە هەژارەکان زۆر کەمتر بێت، بۆ چینە مامناوەند و دەوڵەمەندەکان و کەرتەکانی دیکە بەرزتری دەکەینەوە. بێگومان ئەمە خوێندنەوەیەکی باشی دەوێت. بۆ نموونە بەپێی ئەو داتایانەی لای منە، ئێمە ئەگەر هەموو پارەی کارەبا کۆبکەینەوە 6 ترلیۆن کۆدەکەینەوە، بەڵام 20 ترلیۆنمان پێویستە، لە 6 ترلیۆنەکەش 10٪مان کۆکردووەتەوە، چونکە بەشێکی خەڵک پارە نادات، لای خۆمان پارە دەدەن، بەڵام لێرە پارە نادات. ئێمە پلانێکمان داناوە بۆ ئەوەی کۆکردنەوەی پارە لە کەرتی کارەبادا بکەین بە کەرتی تایبەت، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی زانستی پلان بۆ داڕێژراو نەک لەژێر کاریگەری ئەو حیزب و ئەم و ئەو، کاری زۆرم تێداکردووە لەگەڵ ئەو کارانەی دەیکەین، رۆژانە کۆبوونەوەمان هەیە تاوەکو درەنگانێکی شەو، ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ئەوەش تەواو بکەین بۆ ئەوەی دوای حکومەتی داهاتوو دەست بەکار ببن و کاری پێبکەن.

رووداو: رێژەی سەرپێچیکردنە سەر کارەبا لە عێراقدا چەندە؟

عادل کەریم: زۆر زۆرە، بەڕاستی بە راددەیەکی یەکجار زۆرە، سەرپێچی زۆرە. ئێمە نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەشی نا یاساییمان هەیە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە بەبێ مۆڵەت خانوویان دروستکردووە، ئەوەش هەڵەی حکومەتەکانی پێشووی عێراقە، چونکە هاووڵاتی منداڵی گەورە دەبێت، خێزان دروست دەکات و ژیان بەرەوپێش دەچێت، پێویستبوو زەوی دابەش بکات و سیستەمێک دابنێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان خانوویان هەبێت و ژیانێکی ئاسوودەیان هەبێت. ئەوانەش ناچاربوون خانوو بکەن، بەپێی یاساش ئێمە ئەگەر مۆڵەتیان نەبێت ناتوانین کارەبایان پێبدەین.. بەڵام چارەسەرێکمان بۆ دۆزیونەتەوە، ناویان نانێین هاوبەش و بەکاربەر. ئەوەی کارەبا بەکاردەهێنێت پارەی لێوەردەگرین، چونکە زۆرن. جگە لەوە لەوکاتەی من دەستبەکاربووم لە بەغدا 1900 مێگاوات کارەبامان هەبوو کە زۆری درابوو بە هەندێک شوێن، من هەموویم بڕی لە وەزارەتەکەی خۆمەوە دەستم پێکرد، بەشێکی زۆری سەرپێچییەکانم لابرد، ئەوەش کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی کارەبای هاووڵاتی ئاسایی زۆربێت.

رووداو: یەکێک لەو وەزارەتانەی کە زۆر قسەو باسی لەسەر دەکرا بۆ گەندەڵی، ئەو وەزارەتە بوو، وەزارەتی کارەبا، چیت کردووە؟ رێژەی گەندەڵیت دابەزاندووە بۆ چەند؟

عادل کەریم: رێژەی گەندەڵی لە عێرقدا لە هەموو شوێنەکاندا هەیە، کە ئەمە جێی داخە. گەندەڵی بووەتە شێرپەنجەیەک، لەو وەزارەتەی مندا پێش ئەوەی من بێم کۆمەڵێک خەڵک بە پلەی جیا جیا گیراون، دانیان پێداناوەو دوورخراونەتەوە لە وەزارەت، جیا لەوە دەستپاکی و چاودێری هەمیشە لەگەڵمانن، من لەگەڵ سەرۆکی دیوانی دەستپاکی و سەرۆکی چاودێری پەیوەندی رۆژانەمان هەیە، تا راددەیەکی زۆر کەمبووەتەوە، ئەگەر بڵێم بنەبڕم کردووە ناتوانم، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆر کەمم کردووەتەوە.

رووداو: گوشارت دەخرێتە سەر؟

عادل کەریم: گوشار لە کەس قبووڵ ناکەم، بڕوا ناکەم کەس هەبێت گوشار بخاتە سەر من.

رووداو: گوشار هەیەو قبووڵی ناکەی؟

عادل کەریم: ئەگەر هەشبێت قبووڵی ناکەم، بۆچی قبووڵی بکەم؟ ئەگەر نیازی خراپم نەبێت و هەمان مووچە وەرگرم، نە دەخەوم نە خەوم هەیە نە خۆراک، جاری وا هەیە بە مانگ و دوو مانگ ناچمەوە لای کەسوکارم. بۆیە ئەگەر قبووڵی بکەم مانای وایە شتێک وەردەگرم لە یەکێکی دیکە، وەکو خەڵکی دیکە. دەتوانن لە وەبەرهێنەرەکان بپرسن کە من چەند ئاسانکاریان بۆ دەکەم بەبێ ئەوەی کە تووشی ئەوەبن ناچاربن ئەولاو ئەولا بکەن، ئامۆژگاریان دەکەم دەڵێم مەیکەن، خەڵکێکی زۆریشم گواستووەتەوە.

رووداو: لە بواری پرۆژەکانی کارەبا کۆمپانیای تازەی بیانی لە دوای دەستبەکاربوونی ئێوە هاتوون؟

عادل کەریم: بەڵێ زۆر هاتوون، رۆژانە کارم هەیە لەگەڵ کۆمپانیای گەورەی جیهانی. لەگەڵ ئەوەی عێراق پارەی نییە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە تایبەتی بەشە عێراقییەکەی یەکێکە لە بازاڕە هەرە باشەکانی دونیا، چونکە تەنیا لێرە کار ماوە، وڵاتەکانی دیکە تێر بوون لە کاردا، ژێرخانەکەیان تەواو بووە کارێکی ئەوتۆیان نەماوە، ئێمەین هەموو شتێکمان پێویستە، ئێمەین وڵاتەکەمان وێرانە، ئێمەین هەمیشە خەرجی دەکەین، بەڵێ لە باشترین ئاستدا کۆمپانیاکان دێن و لەگەڵماندا کاردەکەن، دەیانەوێت دەرفەتیان هەبێت لە عێراقدا کار بکەن. جگە لەوەش ئۆفەری زۆر باشیان هەیە، ئەوان قەرز دەدەن، قەرزێکی دوور بە قازانجێکی زۆر کەم.

رووداو: ئێستا لەگەڵ چ کۆمپانیایەک لەسەر هێڵن؟

عادل کەریم: ئەگەر پێت بڵێم لەوانەیە لیستێکی دوور و درێژ بێت، لەگەڵ هەندێکیان لە دانوستان داین، لەگەڵ هەندێکیان ئاشکرایە دیارە ئەو کۆمپانیایانە، بۆ نموونە رۆژانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی جەنەرال ئەلیکتریک و سمنس لە کۆبوونەوەدام. لەگەڵ دەیان کۆمپانیای جیهانی.

رووداو: بابەتی بەستنەوەی کارەبا، پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو لە چ قۆناخێکدایە؟

عادل کەریم: زۆرمان بڕیوە کەمی ماوە، من کە هاتمە ئێمە پرۆژەیەک هەبوو لەگەڵ ئوردن دواکەوتبوو نەیاندەکرد، من لە ماوەیەکی کەمدا توانیم بیکەم و واژۆمان کرد و پارەمان بۆ دانا، ئێستا دەستیان بە کار کردووە، ئینشەڵڵا لە ماوەیەکی کەمدا دەست بەکار دەکەن و کۆتایی پێهاتووە.

رووداو: کەی کارەبای کەنداو دەگاتە عێراق؟

عادل کەریم: کارەبای کەنداو کاتی دەوێت، دوو جۆر ئیشمان لەگەڵ کەنداو هەیە، یەکێکیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لەسەر نرخەکە وەستاوین، بەشێک لەگەڵ سعودیەیە کاتی دەوێت، بەڵام لەگەڵ تورکیا بەستوومانەتەوە، پێویستی بەوە هەیە پەیامێک لە منەوە بۆ حکومەتی تورکیا بچێت بۆ ئەوەی رێگە بدەن پێی بکەن.

رووداو: بۆ هاوینی 2022 کارەبای کەنداو دەگاتە عێراق؟

عادل کەریم: ئەگەر کاری تێدا بکەن دەگات، ئەگەر لەسەر نرخەکەی رێک بکەوین بەڵێ، چونکە هێڵەکەی کورتە لە فاو بۆ بەسرەیە، ئەوە ئاسانەو ئامادەیە، بەڵام ئەگەر لەسەر نرخ رێکنەکەوین هەموو رۆژێک بە دە رۆژ دەڕوات دواکەوتنەکەی.

رووداو: کێشەو بەربەستتان بۆ دروست ناکرێت بۆ تەواوکردنی ئەو هەنگاوە؟

عادل کەریم: نەخێر، هیچ کەس، یەک کەس بەمنی نەگوتووە بۆ دەیبەستیەوە لەگەڵ ئوردن، بۆ دەیبەستیەوە لەگەڵ تورکیا، بۆ دەیبەستیەوە لەگەڵ ئێران، لەگەڵ کوێت. ئەو قسانەی کە لە راگەیاندنەکان دەکرێت بەڕاستی خەڵک خۆی ترسنۆک بێت و نەتوانێت کار بکات دەیخاتە سەر خەڵکی دیکە. بەڕاستی کەس بەمنی نەگوتووە، یەک کەسیش.

رووداو: هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت سوود لەو هەنگاوەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە کەنداو وەربگرێت؟

عادل کەریم: بێگومان، جێی داخە کارەبای کوردستان دابڕاوە، حەقە بیبەستینەوە، دەبێتە سیستەمێکی جێگیر بۆ هەردوولامان. من لەگەڵ جەنابی وەزیر قسەم کرد ئومێدەوارم لە ماوەیەکی کورتدا بتوانێت سەردانی ئێرە بکات، منیش نیازم هەیە سەردانی بکەم، بەڵام زۆر سەرقاڵم، بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو هاوکارییە لەنێوانماندا هەبێت، چونکە یەک وڵاتین سوود لە شارەزایی یەکدی وەربگرین. بۆ نموونە ئەوان لە پێوەری زیرەکدا پێشکەوتوون، من شاندێکم ناردە سلێمانی، شاندەکەی دیکە وابزانم بەیانی یان دوو بەیانی دەچنە هەولێر و ماوەیەک لەوێ دەبن، ئێمە هەندێک زانیاریمان هەیە دەمانەوێت شتێک بکەین کە لەگەڵ واقیعی عێراقدا بگونجێت.

رووداو: پرۆژەی پێوەری زیرەک لەگەڵ واقیعی عێراق دەگونجێت؟

عادل کەریم: شتێکی باشە، لەگەڵ عێراقدا زۆر دەگونجێت، جێبەجێشمان کردووە لە هەندێک ناوچەی جیا جیا.

رووداو: پرۆژەی بە تایبەتکردنی کارەبا سەرکەتوو بووە؟

عادل کەریم: لە هەندێک شوێن لای ئێمە سەرکەوتوو بووە و شکستیان پێهێناوە، ئەویش خەڵک و سیاسەت و پڕوپاگەندەو سۆشیال میدیا قسەی لەسەر دەکەن، بۆیە لە بەشێکی پاشەکشەی کردو لە بەشێکی سەرکەوتوو بوو، ئومێدەوارم وای لێبکەین لە هەمووی سەرکەتووبێت لە زووترین کات.

رووداو: ئەگەر لە کۆتایی شتێکت مابێت.

عادل کەریم: زۆر سوپاس، ئومێد دەکەم ئەو ئەرکەی پێمدراوە بتوانم بە شەرفەوە لێی دەربچم و بتوانم خزمەتی وڵاتەکەم بکەم، بێگومان بۆ سەرکەوتن پیاو پێی خۆشە سەرکەوتوو بێت، بەڵام سەرکەوتنە بۆ حکومەتەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیران و خەڵکی کوردستان و شارەکەی خۆیشم.
 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif