پارتی: لەگەڵ پیرۆزبایدا پەیامێك ئاراستەی ئەوانە دەكات بایكۆتیانكرد

ليست هناك تعليقات


سەبارەت بە كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكان و سەركەوتنی حیزبەكەیان لە دەڤەری سلێمانی، پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە( ئەوانەی بایکۆتی دەنگدانیان کرد ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن، ئێمە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی هەڵەبجە ئامادەین لە ڕێگای گفتوگۆیەکی ئەقڵانییەوە گوێ لە ڕەخنەو گلەییەکانیان بگرین)

دەقی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە

جەماوەری بە شەرەفی کوردستان

خەڵکی خۆڕاگری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەروازەی ڕاپەڕین، کادران و جەماوەری پارتیمان،

خەڵکانی سەربەخۆ و بێلایەن و ئەو حزب و ڕێکخراوانەی دەرەوەی پارتی، ئەوانەی دەنگتان بەخشییە کاندیدەکانی پارتی، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەمووتان دەکەین. هۆشیاری خەڵکی ئەم دەڤەرە لە پرۆسەی دەنگداندا نیشانەی زیندویی نەتەوەکەمان نیشاندەدات. سەرەڕای دروستکردنی فەزایەکی شێواو دابەزینی ئاستی بیرکردنەوەی هەندێ کەس بۆ ئاستێکی نزمی سیاسی، بەڵام خەڵکی ئەم دەڤەرە سەلماندیان کە نیشتمانپەروەرن دەنگیان بە کەسانێ دەبەخشن، کە ڕاستگۆیانە بەرگری لە مافەکانی کوردستان دەکات. سەبارەت بەوانەی بایکۆتی دەنگدانیان کرد ئەوانیش ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن، ئێمە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی هەڵەبجە ئامادەین لە ڕێگای گفتوگۆیەکی ئەقڵانییەوە گوێ لە ڕەخنەو گلەییەکانیان بگرین بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمانەوە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەهێز بکەین و هەڵەکان ڕاستبکەینەوە. هەڵبژاردن کۆتایی هات، ئەوەی پێویستە تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی پێکەوە خەبات بۆ ئامانجەکانی گەلی کوردستان بکەین لەبەغدا بەلای ئێمەوە ئەمە ڕێگا چارەیە.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٢ی ١٠ی ٢٠٢١



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق