ڕۆژنامەنوسێک لە پەیامێکدا بۆ هەرسێ سەرۆکایەتیەکە باس لە مەترسیەکی گەورە دەکات
رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی سیاسی پەیامێکی کراوە ئاراستەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم دەکات و باس لە مەترسیەکی گەورەی سەر داهاتوی هەرێم دەکات، رێگە چارەیەکی گونجاویش پێشنیاز دەکات بۆ ڕێگری لە مەترسیەکە.
هاوکار عزەت ڕۆژنامەنوس و چالاکی سیاسی لەڕێگەی پەیامێکی کراوەوە باس لە مەترسییەکانی کۆچ بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات و باس لەوە دەکات کۆچی گەنجان مەترسیەکی جدییە بۆ سەر داهاتوی هەرێم و ئەو ڕێژە زۆریە کۆچ کە لە ئێستادا هەیە پێویستی بە هەڵوەستەکردنی جدیی هەیە.
هاوکات بۆ رێگری لەو مەترسیە هاوکارعزەت پێشننیازی داڕشتن و جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نیستمانی " سیاسی ، ئیداری ئابوری، کۆمەڵایەتی دەکات" کە ببێتە پرۆژەی ڕزگاری نیشتمانی و باس لەوە دەکات زۆرن ئەو وڵاتانەی بەهەمان دۆخی ئێستای هەرێمدا تێپەرێون و توانیویانە لە ڕێگەی پرۆژەیەکی ڕزگاریی نیشتمانییەوە وڵات لە تیاچوون ڕزگار بکەن و ئێستا یەکێک لە ولاتە پێشکەوتوەکانی دونیا بن.
دەقی پەیامە کراوەکە:
پەیامێکی کراوەو ئاواڵا بۆ بەرێزان:
- نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
- مسرور بارانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی وەزیران
- ریواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
پاش سڵاو....
بەڕێزان لەڕێگەی ئەم پەیامەوە پێم باشبوو کە بەڕێزتان ئاگادار بکەمەوە لە مەترسیەکی گەورەی سەر خاک و نیشتمان و داهاتوی هەرێمی کوردستان، مەترسیەک کە هیچ کەمتر نییە لە داگیرکاری و جینۆساید و قەتڵ و عامی کۆمەڵگەی کوردیی. مەترسییەک کە لە دەیان جەنگی گەورە و سەدان هێرشی دوژنمان کە بەرۆکی میللەتی کوردیان گرتوە گەورەترە.
کۆچی گەنجانی نیشتمان بەڕادەیەک مەترسییە کە هیچکام لەو مەترسیانەی تر ناگەنە ئاستی، جێهیشتنی وڵات و زێد و خاک کارێکی هێندە سانا نییە مرۆڤ بتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام کاتێک ئەنجام دەدرێت و وەک بژاردوەو چارەسەر بۆ کێشەو قەیران و دۆخێکی نەخوازراو دیاری دەکرێت و دەبێتە بژاردەی قەبوڵکراوی تاکی کورد کە هیچ ڕۆشناییەک بەدی ناکرێت بۆ داهاتوو.
بەڕێزان، لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردودا زۆر بە وردی لێکۆڵینەوە و بەدواداچونم بۆ دیاردەی "کۆچ" کردوەو بە داخەوە ئەنجامەکان هیچ مایەی دڵخۆشی نین و ئەوەی ڕودەدات جگە لە کارەساتێکی گەورە کە بەرۆکی ئایندەی ئەم نیشتمانە دەگرێت ناتوانریت هیچ ناوێکی تری لێ بنرێت.
کۆچ، بە جۆرێک بوەتە مەترسی کە ڕۆژ نییە یەکێک لە پایەکانی هیواو ئومێدی داهاتوو لە بن دەر نەهێنێت، رۆژ نییە سەدان گەنجی ئەم هەرێمە چەند ملیۆن کەسییە سەری خۆیان هەڵنەگرن و ڕێگەی هات و نەهاتی هەندەران نەگرنە بەر، ڕۆژ نییە قرچەی دڵی دایک و باوکی ئەم میللەتە کەشکەڵانی فەلەک نەهەژێنێت، بەڵام لە ناچاریدا دەبێت ڕەزامەند بن بۆ دور کەوتنەوەی ڕۆڵەکانیان چونکە دەزانن دۆخی ئێرە و قەیرانە کەڵەکەبوەکان هێندە ئازاردەرن نایانەوێت بینەری ئەو خەمانە بن کە منداڵەکانیان ڕۆژانە دەیکێشن لە دەست نەهامەتیەکانی ئەم هەرێمە
بەڕێزان، ئەوە ئەرکی ئێوەی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی هەرێمە کە بە زویی رێگە لەو کۆچە نا ئاسایی و ناچارییەی گەنجان بگرن و چیدی بینەری ئەو هەموو گەنجە نەبن کە ڕۆژانەو بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە بە مرۆڤ ڕێگەی مەرگ و ژیان دەگرنە بەر، ئەرکی ئێوەیە کە هەرچی زووە "پرۆژەیەکی تایبەتی نیشتمانی" ڕابگەیەنن و گەنجان لەگەڵ خۆتان و نیشتمانیشدا ئاشت بکەنەوە، ئەرکی ئێوەیە و دەبێت دەستوبرد بکەن لە کوێرکردنەوەی ئەو ڕێگایانەی ڕۆخۆشکەریی دەکەن بۆ ئەو کۆچەی ئێستا بەرۆکی گەنجانی نیشتمانی گرتوە.
ناکرێت بە ڕۆژی ڕوناک و لە نێو جەرگەی شارەکاندا قاچاخچی و نوسینگەکانی بەڕێکردنی گەنجان کاری خۆیان بکەن و خەڵک ئاودیوی سنورەکان بکەن و ئێوەش خەمساردانە تەماشا بکەن.
ناکرێت بەشێکی زۆری ئەم میللەتە بوەتە قاچاقچی و لە تورکیاو یۆنان و بیلاروسیاوە بڕیار لەسەر ناردنە دەرەوەی گەنجانی ئەم هەرێمە بدەن کە ئێوە دەسەڵاتدارین و ئێوەش هیچ نەلێن.
ناکرێت وڵاتێکی وەک بیلاروس خەریکە دەبێتە پارچەیەکی نوێی کوردستانی گەورەوە ئێوەش خۆتان لێ بێدەنگ کردوە.
ئەوەی پێویستە بکرێت بە زویی ڕاگەیاندنی پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیرە لە بوارەکانی " سیاسی و ئیداری و دارایی و کۆمەڵایەی و خزمەتگوزاریی" کە سەرجەم ڕەهەندەکانی حوکمرانییەکی تەندروستی تێدا جێکرابێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە لەو کۆچ و کارەساتە گەورەیە بگیرێت.
ئەگەر پێتان وایە ئەو هەموو راوێژکار و بەرپرسەی کە لە دوەورتان هەن ناتوانن پرۆژەیەکی لەو شێوەیە دابرێژن و بیرێک لە چارەسەری ئەو دۆخە بکەنەوە، ئەوا پێتان بزانن کوردستان پڕیەتی لە خەڵکی شارەزا و بە ئەزمون و لێهاتوو لە بوارە جیاوازەکاندا و دڵنیابن تەنها چەند کەسێکی دیاریکراو دەتوانن کۆتایی بەو دۆخە نەخوازراوە بهێنن و گەنجان ئاشت بکەنەوە لەگەڵ هەرێمەکەی خۆیان، هێندەمان سەرچاوەی مرۆیی شارەز و پێویست هەیە کە بتوانن پرۆژەی ڕزگاریی نیشتمانی دابرێژن و ببنە بەشێکی زیندوی ڕزگارکردنی نیشتمان لە نەهامەتیەکان.
زۆرن ئەو وڵاتانەی لە قوڵایی قەیران و نەهامەتیەکانەوە تەنها کەسێک بە پرۆژەیەکەوە بوەتە مایەی "ڕزگاری نیشتمانی" و ئێستا یەکێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتوەکانی دونیای لێدەرچوە، بۆ ناکرێت ئێمەش بینە یەکێک لەو وڵاتانە، با ئەمە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچونەوەو ریفۆرمێکی ئیداریی و جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نیشتمانی مەزن بۆ ڕزگارکردنی دهاتووی نیشتمان کە ئەگەر بەم پێیەی ئێستا بڕوات بە دڵناییەوە داهاتویەکی پڕ لە نەهامەتی چاوەرێی دەکات.
بە هیوای گەیشتنی پەیامەکەو وەک خۆی لێ تێگەشتنی لەلایەن بەریزتانەوە.
هاوکاری عزەت میکە
سلێمانی ٢٩-١٠
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق