لە نەتەوە یەکگرتووەکان دراوسێکانی ئەفغانستان داوای ئاشتی و ئاسایش دەکەن

ليست هناك تعليقات


ڕۆژی سێشەممە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کاردانەوەیان بەرامبەر کشانەوەی سەربازی مانگی ڕابردووی ئەمەریکا هەبوو کە لە ئەنجامدا تاڵیبان دەستیبەسەر وڵاتەکەدا گرت، و داوای ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمەکەیان دەکەن.

شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی ئەمیری قەتەر گوتی " بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە ئەفغانستان دوابەدوای وتووێژەکان لەگەڵ تاڵیباندا خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگی بۆ وڵاتەکە دروست کرد."

قەتەر پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو واشنتن و تاڵیباندا هەیە، میوانداری وتووێژەکانی نێوان هەردوولای لە دۆحای پایتەختی وڵاتەکە ئەنجام کرد. تاڵیبان لە ساڵی 2013 وە ئۆفیسی سیاسی لە دۆحا هەیە.

میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی، لە میانەی وتارەکەی لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، 21 ی 9ی 2021

ئەمیری قەتەر گوتیشی ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو دەستکەوتانەی کە لە کاتی ئەو گفتوگۆیانەدا کراون بەردەوام دەبن و پەیمانەکان دەپارێزرێن.

ئەو گوتیشی " ئێمە هەروەها جەختیش لە گرنگی بەردەوامی وتووێژ لەگەڵ تاڵیبان دەکەینەوە چونکە بایکۆتکردن تەنها دەبێتە هۆی جەمسەرگیری و کاردانەوە، لەکاتێکدا دیالۆگ دەتوانێت ئەنجامی ئەرێنی بهێنێتە دی." گوتیشی " بابەتی ئەفغانستان بابەتی سەرکەوتن یان شکست نییە، بەڵکو ئەمە کێشەیەکی سەرنەکەوتنە لە سەپاندنی سیستمێکی سیاسی لە دەرەوە."

قەتەر یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە پاش ئەوەی تاڵیبان دەستیبەسەر ئەفغانستاندا گرت، هاوکار بوو لە گواستنەوەی هەزاران بیانی و ئەفغانی لەو وڵاتەدا.

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 21ی 9ی 2021

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەکەیدا بە ئامادەبوانی ڕاگەیاند "

"بەبێ گوێدان بە پرۆسەی سیاسی، ئەفغانستان پێویستی بە هاوکاری و هاوخەمی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە." ئەو گوتیشی " هیوادارین هەرچی زووە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لەوڵاتدا بەرقەرار بێت و گەلی ئەفغانی بحەسێنەوە."

ژمارەیەکی زۆری پەنابەری ئەفغانی لە ئێران هەن. ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 780 هەزار پەنابەری ئەفغانی تۆمارکراو لە ئێراندا هەن و نزیکەی دوو ملیۆنیش کە تۆمار نەکراون.

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بە ڕێگای ڤیدۆ لە 76 هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی تۆمارکراو پێشکەش دەکات. 21ی 9 ی 2021

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتارەکەی بۆ تانەدان لە ئەمەریکا بەکارهێناو گوتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەرنەچووە بەڵکو دەرکراوە. ئەو هەروەها هۆشداریشی دا بە ڕێبەرانی تاڵیبان.

ڕەئیسی لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا گوتی " ئەگەر حکومەتێکی گشتگیر کە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی ئەفغانستانەوە جێگیرنەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەفغانستان ئەوا ئاسایش لەو وڵاتەدا بەرقەرار نابێت." ژمارەیک لە ڕێبەرانی جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە خۆیان لە کۆبونەوەکەی ئەمساڵدا ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون.

ئاسایشی ئەفغانستان بۆ گەلانی ئاسیای ناوەڕاست زۆر گرنگە. زۆربەیان ترسی ئەوەیان هەیە بەردەوامی ناسەقامگیری و خراپی دۆخی ئاسایش لەو وڵاتەدا ڕەنگە ببێتە هۆی کۆچی بە کۆمەڵ بۆ وڵاتەکانیان. هەروەها ئەو نیگەرانیەش هەیە کە ئەگەر تاڵیبان وابەستە نەبێت بە سەرکوتکردنی ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە، ئەوا دەشێت ئایدۆلۆژیای توندڕەوی و تێرۆر لە وڵاتەکانی ئەوانیش بڵاو ببێتەوە.

شەڤکەت میریزیۆیڤ، سەرۆکی ئۆزبەکستان لە وتارێکیدا کە پێشتر تۆماری کردبوو گوتی "دەبێت کاریگەری و دەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەفغانستان لە هەموو کات زیاتر دەنگی بەرزتر ببیسترێت."

ئەو گوتیشی " ئێمە بەمدواییە سنووری نێوان ئۆزبەکستان و ئەفغانستانمان کردەوە و دەستمان کردەوە بە ناردنی پێداویستی سەرەکی و کەرەستەی نەوت و کارەبا بۆ ئەو وڵاتە."

وتارە تۆمارکراوەکەی سەرۆکی ئۆزبەکستان شەڤکەت میریزیۆیڤ لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان 21ی 9ی 2021

ئەو پێشنیاری خۆی بۆ ئەنجومەنی گشتی دووپات کردەوە بۆ دامەزراندنی لیژنەیەکی هەمیشەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەفغانستان بۆ باشترکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی.

لە ناوەڕاستی مانگی ‌هەشتدا کە تاڵیبان بەرەو کابوڵ ڕۆشت، نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 100 کارمەندی بیانی لەو وڵاتەوە بۆ ئەڵماتی کازخستان گواستەوە.

ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی کۆماری قرغیزستان پێشنیاری دامەزراندنی نووسینگەیەکی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە شاری بێشککی پایتەختەکەی و داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد تاوتوێی بکات. ئەو هەروەها ڕایشیگەیاند نزیکەی 500 شوێنی زانکۆکانی قرغیز ئامادەکراون بۆ ئەو قرغیز نژادانەی کە لە ئەفغانستان دەژین.

سەرۆک سادیر ژاپارۆڤ لە پەیامە تۆمارکراوەکەیدا گوتیشی " ئێمە هیوادارین کە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسا و فەرمانەکان بە خێرایی لە ئەفغانستاندا دابمەزرێنەوە."

باڵیۆزی ئەفغانستان گوڵام ئیسحاقزای لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی گشتی گوێبیستی ئەو لێدوانانە بوو لەسەر وڵاتەکەی. ئەو لە مانگی حەوت لەلایەن حکومەتی پێشووی ئەشرەف غەنی دەستنیشان کرا و بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاشکرا لە دژی تاڵیبان قسەی دەکرد.

باڵێۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان غوڵام ئیسحاقزای

ڕۆژی دووشەممە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی لە تاڵیبانەوە پێگەیشت وکە تیایدا ڕاگەیەندرابوو دەخوازن ئیسحاقزای بگۆڕن و نوێنەرێکی خۆیان دابنێن. گوتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی لەو نامەیەدا نوسرابوو تاڵیبان دەخوازێت بەشداری لەم مشتومڕەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکات.

لە ئێستادا وا دانراوە نوێنەری ئەفغانستان لە ئاستی باڵیۆز لە 27 مانگ وتاری خۆی پێشکەش بکات، و پێشبینی دەکرێت ئەوە هەر ئیسحاقزای بێت کە هێشتا ئەو لە دانیشتنەکاندا بەردەوامە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نامەکەی تاڵیبان و نامەکەی ئیسحاقزایش، کە لە 15 مانگی نۆ ناردی و خواستی هەر ئەو سەرۆکایەتی شاندی ئەفغانستان بکات، ناردووە بۆ کۆمیتەی ڕێگەپێدانی بەشداری کۆبونەوەی گشتی.

دەکەوێتە سەر ئەوە کۆمیتە نۆ ئەندامییە بڕیار بدات کێ نوێنەرایەتی ئەفغانییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکات. بەڵام لەوە ناچێت ئەم کۆمیتەیە هەتا مانگی 10 کۆببێتەوە بۆیە چاوەڕوان ناکرێت تاڵیبان وتاری ساڵانە لەم مشتومڕەدا پێشکەش بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif