ڕاپۆرت: بەشداری كۆمەڵ و یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی عێراق

ليست هناك تعليقات


یاسای نوێی پەیڕەوکراوی هەڵبژاردنی عێراق، کە بازنەکانی هەڵبژاردنی بچووك دەکاتەوە بە جۆرێك کە سودمەند تێیدا هێزەگەورەکان وهاوپەیمانێتیەکانن، لە دنیاشدا ئەم یاسایە بە یاسایی قوتدانی حیزبی بچوك ناو دەهێنڕێت، بەڵام ئەمە مانای وا نیە کە دەرگا لەسەر حیزبە بچوکەکان دادەخات بەڵکو دەرگای هاوپەیمانی ناچاری دەکاتەوە، لانیکەم بۆ ئەوەی ئەو هێزانەی مەترسی نەهێنان کورسیان هەیە، کورسی خۆیان بهێننەوە، هەندێك جاریش زیاتر لە کورسیەکانی خۆیان.

یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری، لەبەر ئەوەی کە ئەم دوو هێزە دوو هێزی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەکانن و بە بیرکردنەوەی تەندروست نزیکترین دوو هێزن کە بتوانن پێکەوە بەیەك هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق بکەن و پاشانیش هێزیتر و گروپی تری هاو ئامانج لە نزیکیان کۆببنەوە.

بەڵام ئەم دوو هێزە ئەمەیان نەکرد و ئەو هەلەیان لەدەستدا، بەڵکوهەریەك بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات بەبێ تەنسیقی پێشوەختە، بەڵکو لە لایەکیترەوە هەریەك بە جیا لێکتێگەشتنی ڕانەگەیەنراویان لەگەڵ یەکیەتی هەیە، بەتایبەت(یەکێك لە هاوسەرۆکانی یەکیەتی ئەندازیاری ئەو لێکتێگەشتنانەیە و ئەکرێ خوێندنەوەی تر هەڵبگرێت، لە نێوان پێش ٨ی تەموز و دواتردا)

بەهۆی ئەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن پێشینەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا نیە و دەکرێت هەندێك هێز خوێندنەوەی وردی بۆ نەکردبێت، بەتایبەت هێزە ئیسلامیەکان کە زۆر گرنگی بە دامەزراوەی هەڵبژاردن و داتاکان نادەن و بۆیان گرنگ نیە و دەکرێت بڵیم گەر سەرنجی دەنگەکانی خۆیان بۆ هەر بازنەیەك و دابەشبوونی جێ نفوزیان بۆ هەر ناوچەیەك لێکبدایەتەوە هەرگیز ئەم بڕیارەی ئێستایان نەدەدا، کە بەڕای من فرسەتێکی گەورەیان لەدەستداوە و بەشداریەکی خۆ کوژیانەیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە، خۆ گەر ئەو لێکتێگەشتنە ڕانەگەیەنراوەش نەبوایە و یەکیەتی لە هەندێك بازنەدا جێگای بۆ خاڵی نەکردنایە ئەوا دەرچوونی تاکە کاندیدێکیش دەبووە مەحاڵ بۆ هەردوکیان

بۆچی یەکگرتوو کۆمەڵ

بە لەبەرچاوگرتنی دەنگی هەر یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی عێراق،(تەزویری دانپێدانراوی ناچاری)، بدەین و بیکەینە پێوەری بازنەی بچووك(بە نزیکراوەیی نزیکترین دەنگ) ئەوا کۆمەڵ و یەکگرتوو دەیانتوانی ئەم هەڵبژاردنە بکەنە دەرفەتێکی باش بە قازانجی مانەوەیان بە بەهێزی و نزیکبونەوەیەکی ناچاریانەی سود بەخش.

ئەگەرچی یەکگرتوو کۆمەڵ کەوتوونەتە ژێر کاریگەری سێ ناوچە(هەڵەبجە، ڕانیە، دهۆك) لە کاتێکدا ڕاستە هەریەکیان خاڵێکی بەهێزیان لەم ناوچانە هەیە، بەڵام پێکەوە دەیانتوانی خاڵیتری بەهێزی ناوچەکانیتریشبن و لەو ناوچانەش نەچنە ژێر باری هیج ڕێکەوتنێکی دەرەوەی خۆیان و کورسیەکانیشیان مسۆگەر بکەن، با سەنجێکی ئەم بەراوردکاریە بدەین

بەراوردی نێوان دەنگەکان

سلێمانی
بازنەیەی ١ی سلێمانی
کە (باکوری قەزای سلێمانی، شارباژێر، چوارتا و ماوەت و دەوروبەریان) دەگرێتەوە. ٤کورسی بۆ دانراوە ٣ پیاو ١ ژن.

لەم بازنەیەدا هەریەك لە کۆمەڵی دادگەری(١٣٢٥٠)سێزدە هەزار و دووسەدو پەنجا دەنگی هەیە، یەکگرتووی ئیسلامی (٧٥٠٠) حەوت هەزار و پێنج سەد دەنگی هەیە، هیچ یەکێکیان لەم بازنەیە بەجیا ناتوانن ببنە ڕکابەری بردنەوەی کورسی، بەڵام پێکەوە دەنگەکانیان دەکاتە(٢٠٧٥٠) بیست هەزارو حەوت سەدو پەنجا دەنگ، لە کاتێکدا یەکیەتی نیشتمانی (٥١٤١٦) پەنجاو یەك هەزار وچوارسەد دەنگی هەیە، بزووتنەوەی گۆڕان(٤٣٠٠٠) جڵ و سێ هەزار دەنگ، نەوەی نوێ (١٤٨٠٠) چواردە هەزار و هەشت سەد دەنگی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان(١٤٦٠٠) چواردەهەزار و پێنج سەد دەنگی هەیە.

 لەم بازنەیەدا یەکگرتوو کۆمەڵ پێکەوە دەنگی سێهەمی بازنەکە دەبوون و دەیانتوانی بە بێ ترس یەکێك لە کورسیەکان ببەنەوە، چونکە بە زیاتر لە شەش هەزار دەنگ دەکەونە پێش پارتی و نەوەی نوێ، ئەو ژمارەیەش بۆ ململانێی بازنەیەك زۆرە و ئاسان نیە هێزێك لە بازنەیەکدا شەش هەزار دەنگ کەم یان زیاد بکات و دەیانتوانی پێکەوە تاکە کورسی ژنی ئەو بازنەیە بەرن یان بەهێزترین رکابەریش دەبوون بۆ کورسیەکانیتر، بەلام لە ئێستادا تەنها یەکگرتوو کاندیدێکی هەیەو ئەگەری سەرکەوتنیشی نیە، هەرچەند لەم بازنەیەدا بە تەنیشت هێزە سیاسیەکانەوە کاندیدی سەربەخۆکان کاریگەری لەسەر دەنگەکان دادەنێن

بازنەی ٢ی سلێمانی

کە سنورەکانی( باشوری قەزای سلێمانی و قەرەداغ)دەگرێتەوە و ٤کورسی بۆ دانراوە ٣ پیاو ١ ژنێك.

لەم بازنەیەدا هەریەك لە کۆمەڵی دادگەری(١٣٥٠٠)سێزدە هەزار و پێنج سەد دەنگی هەیە، یەکگرتووی ئیسلامی (٦٠٠٠) شەش هەزار دەنگی هەیە، هیچ یەکێکیان لەم بازنەیە ناتوانن ببنە ڕکابەری بردنەوەی کورسی، بەڵام پێکەوە دەنگەکانیان دەکاتە(١٩٥٠٠) نۆزدە هەزار و پێنج سەد دەنگ، لە کاتێکدا یەکیەتی نیشتمانی (٥٣٠٠٠) پەنجاو سێ هەزار دەنگی هەیە، بزووتنەوەی گۆڕان(٤٢٠٠٠) جڵ و دوو هەزار دەنگی هەیە، نەوەی نوێ (١٥٥٠٠) پانزە هەزار و پێنج سەد دەنگی هەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان(١٣٧٠٠) سێزدە هەزار و حەوت سەد دەنگی هەیە.

بەپێی ئەم دەنگانە کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە ناتوانن ببنە براوەی هیچ کورسیەك، بەڵام پێکەوە دەبنە هێزی سێهەم و بە چوار هەزار دەنگ دەکەونە پێش پارتی و نەوەی نوێ، ئەمەش دەیکردنە رکابەری بەهێزی بازنەکە و دەیانتوانی پێکەوە ژنێك لەو بازنەیەدا کاندید بکەن و ئەگەری بردنەوەی کاندیدی تەرخانکراو بۆ ژن لە بازنەکەدا بەهێز بوو. لەم بازنەیەدا بە تەنیشت هێزە سیاسیەکانەوە کاندیدی سەربەخۆکانبەهێزن و کاریگەری لەسەر دەنگەکان دادەنێن و گۆڕانکاری لە بەرکەوتەی هێزەکاندا دەکەن.

بازنەی٣ی سلێمانی

کە سنورەکانی (هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن ) دەگرێتەوە و ٣کورسی بۆ دانراوە ٢ پیاو ١ ژن،

ئەم بازنە بۆ یەکگرتوو کۆمەڵ کەمێك ئاستەنگ دروست دەکات، چونکە هەردوولا بە جێ نفوزی خۆیانی دەزانن و هەردوو حیزب چاویان لەسەر بردنەوەی کورسیە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی یەکیەتی لەو بازنە یەك کورسی هەیە و بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کورسی نیە، کارەکە ئاسانتر بووە بۆیان، بەڵام مسۆگەر نیە، چونکە ڕێژەی دەنگەکانی هەریەکێکیان بە جیا زۆر دوور نیە لە دەنگەکانی نەوەی نوێ و پارتیەوە.

کۆمەڵی دادگەری ژمارەی دەنگەکانی(١٥٩٠٠)پانزە هەزار و نۆسەد دەنگە، یەکگرتووی ئیسلامی (١٤٥٠٠)چواردە هەزار و پێنج سەد دەنگە، دەنگی هەردوو حیزب پێکەوە( ٣٠٤٠٠)سی هەزار و چوارسەد دەنگە، لە کاتێکدا یەکیەتی(٢٥٤٠٠)بیست و پێن هەزار و چوارسەد دەنگە و بزووتنەوەی گۆڕان(١٨٩٠٠)هەژدەهەزار و نۆسەد دەنگە، پارتی دیموکراتی کوردستان(١٣٨٠٠)سێزدەهەزار و هەشتسەد دەنگە، نەوەی نوێ(٨٦٠٠) هەشت هەزار و شەش سەد دەنگی هەیە، لەم بازنەیەدا کۆمەڵ و یەکگرتوو کورسیەکی براوەی پیاویان مسۆگەر دەبوو، لە حاڵەتێکدا کە یەکیەتیش کاندیدی پیاوی لەوێ هەبوایە، هێشتا هەر کورسی کۆمەڵ و یەکگرتوو مسۆگەر دەبوو، بەڵام ئێستا ئەگەرچی هەردووکیان خۆیان ئامادە کردوە بۆ کورسی براوەی دوو پاوی هەڵەبجە و تاکە کاندیدی هاوپەیمانی یەکیەتی و گۆڕان کە ژنێکە بەبێ کۆتا مسۆگەر دەبێت، چونکە هەردووکیان پێکەوە دەنگی یەکەمی بازنەکە دەبن، بۆیە هەریەك لە کاندیدەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو و پارتی، پێشبڕکێ دەکەن لەسەر دوو کورسی، دووریش نیە کە یەکگرتوو کۆمەڵ یەك لەو کورسیانە بەرن لە کاتێکدا چاویان لە بردنی هەردوو کورسیەکەیە، چونکە یەکێك لەوان چەند نزیکە لەبردنەوە ئەوەندەش نزیکە لە کەوتن،ڕەنگە لەو نێوەندەدا کاندیدی پارتی ببێتە براوەی کورسیەکی بازنەکە چونکە ژمارەی دەنگەکانیان زۆر نزیکە لە یەکگرتوو کۆمەڵ هەریەك بە جیا، بەمەش یەکگرتوو کۆمەڵ لە گرنگترین بازنەی جێ نفوزیاندا ناتوانن ببنە براوەی دوو کورسی بەڵکو تەواوی بازنەکانی ناوچەکانی تریشیان کردە قوربانی ڕێکنەکەوتنی هەڵەبجە کە بازنەی٣یە، لێرەدا من وردەکاری نێوان کۆبوونەوەکانی یەکگرتوو کۆمەڵ ئاگادار نیم تا داوەری نێوانیان بکەم، ئەوەی دەیزانم کاندیدە ڕکابەرەکانی هەڵەبجەیان بە درێژای ٧ ساڵی بەغداد دوور و ناکۆك بوون پێکەوە بۆیە ناکۆی ئەوان کاریگەری گەورەی کردۆتە سەر نێوان حیزبەکانیشیان بەتایبەت لەسەر بازنەی هەڵەبجە.

بازنەی ٤ی سلێمانی

سنورەکانی ئەم بازنەیە (قەڵادزێ، رانیە و دوکان)دەگرێتەوە، ٤کورسی بۆ دانراوە ٣ پیاو ١کۆتای ژن.

ئەم بازنەیە زۆرترین دەنگی کۆمەڵی ئیسلامی تێدایە کە (٢٠٠٠٠) بیست هەزار دەنگە، لە بەرامبەردا یەکگرتووی ئیسلامی (٥٠٠٠)پێنج هەزار دەنگی لەم بازنەیە هەیە، دەنگی هەردووکیان پێکەوە زیاترە لە (٢٥٠٠٠) بیست و پێنج هەزار دەنگ، لە بەرامبەردا یەکیەتی نیشتمانی(٦٤٠٠٠)شەست و چوار هەزار دەنگو بزووتنەوەی گۆڕان(٣٢٠٠٠)سی و دوو هەزار دەنگ و نەوەی نوێ(١٨٠٠٠)شانزەهەزار دەنگ و پارتی دیموکراتی کورستان(١٦٠٠٠) دەنگیان هەیە.

بەپێی بەرکەوتەی حیزبەکان لەم بازنەیەدا کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە دەتوانن کورسیەکی پیاو مسۆگەر بکەن و هێزی سێهەم دەبوون، بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵ ئەگەرچی کاندیدەکەی خۆی بە بەهێز و تاڕادەیەك مسۆگەر حساب دەکات بەڵام لە پاڵ کۆمەڵی ئیسلامیدا نەوەی نوێ جەنگی کاندیدی ژنی ئەو بازنەیە دەکات و پارتیش خۆی بۆ دەرچوونی کاندیدەکەی ئامادە کردوە، هەر بۆیە ململانێکە لەو بازنەیە ئاسان نیە بۆ کاندیدەکان، ئەگەرچی یەکیەتی و گۆڕان پێکەوە خۆیان بۆ بردنەوەی ٣ کورسی ئامادەکردوە دوو پیاو یەك ژن، بەڵام هاوپەیمانی دوو کورسی مسۆگەر دەکات و ململانێ لەسەر کاندیدی ژنی ئەو بازنەیە دەکات و بەرکەوتی دەنگی گۆران و یەکیەتی پێکەوە لەو بازنەیە نزیکەی (٩٠٠٠٠) نەوەد هەزار دەنگە،

بۆیە بۆ لەم بازنەیەدا رکابەری بەهێز لە نێوان کاندیدە ژنەکاندایە کە هەریەك لە یەکیەتی و نەوەی نوێ و پارتی چاویان لەسەریەتی، بۆیە دەنگەکانی یەکگرتوو لەو بازنەیە کە پێنج هەزار دەنگە، ئەگەرچی زۆر نین بەڵام لە ملمانێیەکی لەو جۆرەدا جێی خۆیان بۆ کۆمەڵ دەگرن و کاندیدەکەیان لە ترس ڕزگار دەکەن.

هەرچەند پارتی لە بازنەی ڕانیە و هەڵەبجە چاوەڕێی دەرچوونی کاندیدەکانی دەکات، حەتمەن تاکتیکی هەڵبژاردن بۆ هەردوو حیزبی دەسەڵات هەرجارەی ڕێگایەکی نوێی تێدایە کە دوای هەڵبژاردن هێزە سیاسیەکانیتر دەرکی پێدەکەن،

لەم بازنەیەدا هیچ کاندێکی بەهێزی سەربەخۆی تێدا نیە کە کاریگەری لەسەر دەنگی هێزەکان دابنێت

بازنەی ٥ی سلێمانی

سنورەکانی ئەم بازنەیە (کەلار، کفری، چەمچەماڵ و دەربەندیخان) دەگرێتەوە، کە ٤کورسی بەردەکەوێت بۆ ٣ پیاو ١کۆتای ژن،

هەڵەی یەکگرتوو کۆمەڵ لەم بازنەدایە، کە هیچ یەکێك لەم دوو حیزبە کاندیدیان نیە، لە کاتێکدا کۆمەڵی دادگەری(٩٢٠٠) نۆ هەزار و دووسەد دەنگ و یەکگرتووی ئیسلامی(٤٥٠٠)چوار هەزار و پێنج سەد دەنگی هێناوە، پێکەوە دەنگەکانیان دەکاتە(١٣٧٠٠) سێزدە هەزار وحەوت سەد دەنگ، لە بەرامبەردا یەکیەتی نیشتمانی( ٣٤٠٠)سی و چوار هەزار دەنگو بزووتنەوەی گۆڕان(٢٢٠٠٠)دەنگ و نەوەی نوێ(١٢٤٠٠)دونزەهەزار و چوارسەد دەنگ و پارتی (٩٧٠٠) نۆ هەزار و حەوت سەد دەنگی هەیە، لەم بازنەیەدا یەکگرتوو کۆمەڵ دەنگەکانیان بەشی دەرچوونی کاندیدی پیاو ناکەن، بەڵام دەیانتوانی پێکەوە کێبڕکێی دەرچوونی کاندیدێکی ژن بکەن، چونکە دەنگەکانیان پێکەوە لە نەوەی نوێ و پارتی زیاترە، هەرچەند بوونی دوو کاندیدی سەربەخۆی بەهێز کە لەو بازنەیەدا هەن، دەبێتە هۆی گۆڕینی بەرکەوتەی هێزەکانبەتایبەت دەنگەکانی گۆڕان، لە لایەکیتریشەوە نەبوونی کاندیدی کۆمەڵ و یەکگرتوو سودە بۆ کاندیدە سەربەخۆکان نەك لیستی هاوپەیمانی یەکیەتی و گۆڕان، چونکە جەماوەری ئیسلامیەکان گریمانەیلێکتێگەشتنیش لەگەڵ یەکیەتی هەبێ و حیزبەکانیشیان ئاراستەیان بکەن! بەڵام دەنگی خۆیان نادەن بە لیستی هاوپەیمانی و ڕێژەی گوێڕایەڵی حیزبی بۆ ئەو جۆرە دەنگدانە خوار ٪١٠ دەبێت، بەڵام ئاسانتر ئەو دەنگانە دەچنەوە بۆ سەربەخۆکان ئەگەرچی کەمیشبن.

لەم بازنەیەدا کۆمەڵ و یەکگرتوو نەیانتوانیوە سود لە ١٣٧٠٠ سێزدە هەزار و حەوت سەد دەنگ وەربگرن بۆ کێ بڕکێکردنی کاندیدی ژنی بازنەکە، خۆ گەر کاندیدی دەرچووش نەبوایە ئەوا کاندیدێکیان لە یەدەکەکان دەبوو بۆ هەر حاڵەتێکی لە ناوی کاندیدی ژن، لە دەستلەکار کێشانەوەوە یان هەر ئەگەرێکیتر، یان ئیتیفاقی دوای هەڵبژاردن، چونکە یەکێك لە جیاوازیەکانی ئەم یاسایە ئەوەیە لە حاڵەتی دەستلەکار کێشانەوە یان مردنی کاندیددا، کاندیدی هەمان لیست نابێتە جێگرەوەی بەڵکو بەڕیزبەندی کاندیدی دوای ئەو ئەو کورسیە پڕ دەکاتەوە جا سەر بە هەر لیستێکبێت.

بازنەکانی هەولێر

کۆمەڵ و یەکگرتوو بەهۆی کەمی ڕێژەی دەنگەکانیانەوە لە بازنەکانی هەولێر، بردنەوەی کورسی هەولێر زۆر زەحمەتە و ئەگەرێکی نزیك نیە، هەرچەن کۆمەڵ یەك کورسی هەولێری لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا هەبووە و یەکگرتوو هیچ کورسیەکی نەبوە، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی یەك بازنەی هەولێر بۆ چواربازنە، دەنگی حیزبەکان پەرت دەبن و دەنگەکانی تاکە کورسیەکەی کۆمەڵی دادگەریش پەرت دەبێت، بۆیە لە هیچ بازنەیەکدا ئەگەری دەرچوونی کاندیدەکانیان نیە لە سایەی ئەم جۆرە بەشداریەی ئەو دوو حیزبەدا

بازنەی ١ی هەولێر

لەم بازنەیەدا کۆمەڵی دادگەری(٨٦٠٠)هەشت هەزار و شەش سەد دەنگی هەیە و یەکگرتووی ئیسلامی(١٨٠٠)هەزار و هەشت سەد دەنگ، بە هەردوکیانەوە (١٠٤٠٠)دەهەزارو چوار سەد دەنگ دەکات، لە بەرامبەردا دەنگی پارتی و یەکیەتی و گۆڕان و نەوەی نوێ، پێش ئەو ژمارەیە کەوتوون و لەو بازنەیەش پارتی ٣ کورسی بە مسۆگەر دەزانێت و تەواوی ململانێکە لەسەر یەك کورسی ئەو بازنەیەیە و لە نێوان هێزەکانیشدا هاوپەیمانی (گۆڕان و یەکیەتی) چاویان لەو کورسیەیە لە کاتێکدا پارتی چاوی لەسەر لا نەبردوە و چوار کاندیدی لەو بازنەیە هەیە.

بازنەی٢ی هەولێر

لەم بازنەیەدا کۆمەڵی دادگەری(٨٧٠٠)هەشت هەزار و حەوت سەد دەنگی هەیە و یەکگرتووی ئیسلامی(٣٢٠٠)سێ هەزار و دووسەد دەنگ، هەردوکیان پێکەوە(١١٩٠٠)یازدەهەزار و نۆسەد دەنگ، لە بەرامبەردا هێزە سیاسیەکانیتری بەشدار لە هەڵبژاردن بە دەنگی زیاترەوە کێبڕکێ دەکەن و دەنگەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ بە ئەندازەی بردنەوەی کاندیدی کۆتای بازنەکەش نیە.

بازنەی٣ی هەولێر

لەم بازنەیەدا کۆمەڵی دادگەری(٨١٠٠)هەشت هەزار و سەد دەنگ و یەکگرتووی ئیسلامی(٢٦٠٠) دەنگی هەیە، کە پێکەوە(١٠٩٠٠)دەهەزار و نۆسەد دەنگ دەکات، لەم بازنەیەدا دەنگەکانیان پێش دەنگی نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان کەوتوون، بۆیە دەتوانن ببنە ڕکابەری بردنەوەی کاندیدی ژن لە بازنەکەدا، ئەگەرچی لەو کاتەشدا ئەگەری بردنەوە زەحمەت دەبوو بەڵام موستەحیل نیە گەر پێکەوە بەشدار بوونایە،

بازنەی٤ی هەولێر

ئەم بازنەیە زۆرترین دەنگی کۆمەڵی تێدایە لە چاو بازنەکانیتری هەولێر و(١٨٠٠٠) هەژدە هەزار دەنگ و یەکگرتووی ئیسلامیش (٥٩٠٠)پێنج هەزارونۆسەد دەنگی هەیە، هەردووکیان پێکەوە(٢٣٠٠٠)بیست و سێ هەزار دەنگیان هەیە، تاکە بازنەیە کە ئیسلامیەکان دەیانتوانی پێکەوە شەڕی بردنەوەی کورسیەك بکەن و گەر پێکەوە یەك کاندیدی ژنیان هەبوایە ئەوا هیچ هێزێکیتر ململانێی ئەو دەنگانەی پێنەدەکرا بۆ کۆتا، لەم بازنەیە دەنگی کۆمەڵ و یەکگرتوو پێکەوە پێش بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ کەوتووە و لەگەڵ دەنگەکانی یەکیەتی یەکسانە، بۆیە لەم بازنەیەشدا یەکگرتوو کۆمەڵ هەڵەیەکی زەقیان کردوە بە بوونی دوو کاندیدی جیاواز کە وادەکات هیچ یەك لە کاندیدەکان دەرنەچن و بە پێچەوانەوە یەکیەتی و گۆڕان پێکەوە شەڕی مسۆگەرکردنی کورسیەكیپیاو کورسی کۆتای ژنانیش دەکەن، هەرچەند ئەگەری کاندیدی گۆڕان لاواز وئەگەری دەرچونی کاندیدی یەکیەتی لەم بازنەیە بەهێزە کە کۆتایی بازنەکە دەبێت و کورسیەکانیتریش پارتی دەیانبات.

پارێزگای دهۆك

ئەم پارێزگایە لە سێ بازنە پێکهاتوە، ڕێژەی دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەری لە هیج بازنەیەکدا ناگەنە(٢٠٠٠)دوو هەزار دەنگ بە پێچەوانەوە یەکگرتووی ئیسلامی لە هەرسێ بازنەکە رکابەری هیزەکانیتر دەکات جگە لە پارتی و لە بازنەی یەكی دهۆکدا یەکگرتووی ئیسلامی(١٥٠٠٠)پانزەهەزار دەنگی هەیە و پێش یەکیەتی و حیزبەکانیتر کەوتووە لەو بازنەیە بۆیە دەچێتە ململانێی کورسیەکەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێژەی دەنگی یەکگرتوو بەتەنها بەس نیە بۆ بردنەوەی کورسی و کۆمەلیش دەنگەکانی پارسەنگی هێز ناگۆڕن بۆیە یەکگرتوو زەحمەتە کاندیدەکانی کورسی مسۆگەر بکەن بەتایبەت کە پیاوێکی لەو بازنەیە کاندید کردوە، بەلام گەر لەم بازنەیە کاندیدی ژنی هەبوایە ئەوا دوور نەبوو کورسی کۆتای بۆ خۆی مسۆگەر بکردایە، ئەمە بۆ بازنەکانیتری دهۆکیش ڕاستە، هەربۆیە لە باشترین حاڵەتدا حیزبەکانی دەرەوەی پارتی، رکابەری بۆ بردنی دوو کورسی دەکەن و ئەوانیتر پارتی مسۆگەری کردوون، هەربۆیە لە هەرسێ بازنەکەدا گەر بتوانن یەکگرتوو یەك کورسی و هاوپەیمانی گۆڕان و یەکیەتی پێکەوە یەك کورسی بەرن ئەوا براوەن، بەڵام زۆر زەحمەتە لەدەرەوەی پارتی لە دهۆك نوێنەر بچێتە بەغداد.

كۆتایی
لێرەدا پێگەی جەماوەری کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیم مەبەست بووە و پێموایە بە وردی دیراسەی داتاکانی هەڵبژاردنیان نەکردوە، یان هەندێك هاوکێشەیتر و پەیوەندی جیاوازی ئەوان کاریگەری لەسەر نزیکی و دووریان هەیە، لە لایەکیتریشەوە ئەم دوو هێزە هەمیشە چاویان لە بەدەستهێنانەوەی کورسیەکانی خۆیانە نەك گەشەکردنی زیاتر لە کاتێکدا دەیانتوانی بە دوای میکانیزمێکدا بگەڕێن کە ئەم دوو حیزبە لە گەشەوە نزیك بکاتەوە کە پێموایە یاسای نوێی هەڵبژاردن فرسەتێکی باشبوو بۆ ئەوەی یەکگرتوو کۆمەڵ لە لایەك پارێزگاری لە کورسی خۆیان بکەن و شەڕی بردنەوەی کورسیەکیتریش بکەن، بەڵام بەم شێوازە بەشداریکردنە هەڵەیەکی خۆ کوژیانەیە و دوای هەڵبژاردن هەستی پێدەکەن نەك ئێستا، لە حاڵەتی پێکەوە بوونیانا دەیانتوانی باشتر لە دوای هەڵبژاردنەکان مامەڵە بکەن و لە ژێر لێکەوتەی هیچ لێکتێگەشتنێکیشدا نەبوون.

عوسمان گوڵپی






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif