پێشبینیی زریان نەوتی بۆ بەرزترین نرخ لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوو هەڵكشاند
لەگەڵ پێشبینیی كەشناسی بۆ سەرهەڵدانی زریانێكی تر لە ئەمەریكا، نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوو هەڵكشا.
دوێنێش لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی هەفتەیەكی نوێی بازاڕی بۆرسە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو و لەو كاتەوە نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە.
بەگوێرەی dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 74 دۆلار و پینج سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەم نرخەكەی 72 دۆلار و 85 سەنت بوو. هاوكات نرخی نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بۆ 71 دۆلار دەفرۆشرێت.
گرنگترین و نوێترین هۆكاری هەڵكشانی نرخی نەوت، بۆ ئەگەری روودانی زریانێكی بەهێز لە ئەمەریكا دەگەڕێتەوە، پێشبینی دەكرێت ئەم زریانە دیسان هاوشێوەی زریانەكەی رابردوو كاریگەریی بخاتە سەر دامەزراوەكانی نەوت.
دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوودا، پاڵاوگەكان داوای نەوتی زیاتریان دەكرد، بۆیە نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كردبوو.
ساڵی رابردوو بەهۆی سەرهەڵدانی كۆرۆنا، نرخی نەوتی تێكساس بۆ خوارووی سفر دابەزی و كڕیاران لە بری كڕینی نەوت، پارەیەكیشیان وەردەگرت. هەر ئەوكات ئۆپێك پڵەس بڕیاری دا بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە، بۆیە نرخی نەوت دووبارە بەرز بووەوە.
ئۆپێك پڵەس مانگی رابردوو بڕیاری دا بەرهەمهێنانی نەوت قۆناغ بە قۆناغ بەرز بكاتەوە، سیاسەتەكانیشی تا كۆتایی ساڵی 2022 بەردەوام بێت.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەریەك لە ئۆپێك و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لەسەر بازاڕی نەوت و قەبارەی داخوازی، راپۆرتیان هەبێت و ئەو راپۆرتانەش لە داهاتوودا كاریگەرییان لەسەر بازاڕی نەوت دەبێت.
هەرێمی كوردستان لە داهاتەكەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری بۆ سەر سووككردنی تەنگژەی دارایی هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق