حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین دووبارە زیاد دەبێتەوە

ليست هناك تعليقات

ڕۆژی چوارشەممە چین ڕایگەیاند دوای پشکنیەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان هەبووە لەگەڵ توشبوواندا، ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا زیادیکردووە.

بەرپرسانی تەندروستی چین وتیان ڕۆژی چوارشەممە 71 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە ئەمەش لە دوای مانگی یەکەوە بەرزترین ڕێژەیە . ئەمەش لەکاتێکدایە چین لەڕێی ئەنجامدانی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرجەم شارەکان و کوارەنتینکردنی ملیۆنان خەڵکەوە ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بۆتەوە.

بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکە وتیان پشکنینەکان بۆ ڤایرۆسەکە حاڵەتەکانی دەرخستووە و ڤایرۆسەکە بە شارە گەورەکاندا بڵاوبۆتەوە.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا پەکین سەرکەوتنی خۆی بەسەر ڤایرۆسەکەدا ڕاگەیاند و ژیانی ئاسایی گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکە و دووبارە ئابووری وڵاتەکەی کردەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی حەوتەوە حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا دووبارە سەریانهەڵدایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە بە نێو کارمەندانی پاکەرەوەی فڕۆکەخانەی نانجینگدا لە هەرێمی جیانگسو بڵاوبۆوە و بووە هۆی توشبوونی 500 کەس.

لەم هەفتەیەشدا دوای ساڵێک یەکەمین حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە شاری وهان تۆمارکرا کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە بوو، بەرپرسانی شارەکە ڕایانگەیاند پشکنینی ڤایرۆسەکە بۆ سەرجەم 11 ملیۆن دانیشتووەکەی شارەکە ئەنجام دەدەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif