سوپای ئەفغانستان داوا لە هاوڵاتیانی شارێکی گەمارۆدراو دەکات ماڵەکانیان جێبهێڵن

ليست هناك تعليقات

سوپای ئەفغانستان پلانی هێرشێکی گەورەی پێچەوانەی هەبوو بۆ دەرکردنی چەکدارانی تاڵیبان لە شارێکی سەرەکی باشووری وڵاتەکە، دانیستوانی شارەکەی ئاگادارکردەوە بەزووترین کات ماڵەکانیان جێبهێڵن.

دەیان کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی شاری لاشکار گاهدا کوژران، شارەکەش 200,000 کەسی تێدا دەژی و گەورەترین دەستکەوتی تاڵیبان دەبێت دوای ئەوەی لە مانگی پێنجەوە دەستیکردووە بە پێشڕەوییەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ئەفغانستان.

دوای ئەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەستیپێکرد، چەکدارانی تاڵیبان ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکە و خاڵە سنوورییە گرنگەکانیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە.

لە ئێستادا چەکدارانی تاڵیبان ناوەندی شارەکان دەکەنە ئامانج، لە هەفتەی ڕابردووەوە شەڕ و پێکدادانەکان لە شاری هیراتی نزیک سنووری ڕۆژئاوای ئێران و کاندەهار و لاشکار گاهی باشوورەوە زیادییان کردووە.

لە ماوەی ڕابردووشدا لە کابوڵ هێرشکرایە سەر وەزیری بەرگری ئەفغانستان بیسمیلا موحەمەدی و سیاسەتمەدارانی دیکەی کابوڵ و لانی کەم چوار کەس کوژران.

بەرپرسانی ئەفغانستان وتیان بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و موحەمەدی پارێزراوە.

لە دەستدانی شاری لاشکار گاهی پایتەختی هەرێمی هێمڵاند، دەبێتە لێدانێکی ستراتیژی و دەروونی گەورە لە حکومەتی ئەفغانستان.

چەکدارانی تاڵیبان دەستیان گرتووە بەسەر کۆمەڵێک لە کەناڵ و ڕادیۆکاندا لە شارەکە و چوونەتە ناو هەندێک لە ماڵەکانەوە، سوپای ئەفغانستانیش پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانە داڕشت.

جەنەڕاڵ سامی سادات فەرماندەی یەکەیەکی سوپای ئەفغانستان لە پەیامێکدا بۆ دانیشتوانی شارەکە وتی " تکایە بەزووترین کات بڕۆن تاوەکو بتوانین دەست بکەین بە هێرشەکەمان."

وتیشی " دەزانم زۆر قورسە بۆ ئێوە ماڵەکانتان جێبهێڵن، بۆ ئێمەش قورسە، بەڵام ئەگەر بۆ چەند ڕۆژێکی کەم ئاوارە بوون، تکایە بمانبەخشن."

" ئێمە تاڵیبان لە هەرشوێنێک بێت شەڕی لەگەڵدا دەکەین."

بەڕێوبەری ڕادیۆی سوکۆن لە لاشکار گاه وتی شەڕ و پێکدادانەکەی ڕۆژی سێشەممە زۆر توند بووە.

وتی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و ئەفغانستان بۆردومانی شوێنەکانی تاڵیبانیان کردووە، هەروەها شەڕەکە نزیک بۆتەوە لە بەندینخانەی شارەکە و بینای دەستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری.

دانیشتووەیەکی شارەکە بە دەزگای فرانس پرێسی وت " چەکدارانی تاڵیبان لە سەرانسەری شارەکەدا دەبیندرێن، بە ماتۆڕەوە بەسەر شەقامەکاندا دێن و دەچن. هەر کەسێک مۆبایلی زیرەکی پێبێت دەستگیری دەکەن یاخود تەقەی لێدەکەن."

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانی کەم 40 هاوڵاتی مەدەنی لە لاشکار گاه کوژراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif