ئەمریکا دەستبەرداری عیراق و ھەرێم نابێت

ليست هناك تعليقات

بڵێسە جبار فرمان
پەرلەمانتاری عێراق


لێک چونێکی زۆر ھەیە لە نێوان عێراق و ئەفغانستان لە شێوازی حوکمڕانی و ھەبوونی گەندەڵی و فەسادێکی بەبەرنامەو نەبوونی ئینتمای نیشتیمانی سەرکردەکان و ئاین و کولتور و جوغرافیاو زووی ترەوە.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا عێراقیش ھاوشێوەی ئەفغانستانی لێ دێت؟

ئایا ئەمرێکا ھەمان سیناریۆ لە عیراق و ھەرێم دوبارە دەکاتەوە؟!

لە زۆرێک لە ناوچەکانی عیراق دا سەرھەڵدانەوەی داعش بەدی دەکرێت. دەستیان بە جوڵەی سەربازی کردوە و ھێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە و سوپای عێراقی، ئایا ئەمرێکا لەسەر سینیەکی ئاڵتونی پێشکەش بە داعشمان ئەکات؟

پێش ھەموو شتێک کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق واتا گەیشتنی روسیا و چین بە کەنداوی عەربی و زاڵ بونیان لەرووی ئابوریەوە لە ناوچەکە.

پێنتاگۆن بڕیار دا کە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە جیھان کەم بکرێنەوەو سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو بکرێت و سەربازەکانی ئەم بنکانە ئەرکی نوێ و ناوێکی نوێیان بە بەردا بکرێت.

وەکو بینیمان لە چەند مانگی ڕابوردوو لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی بایدن و کازمی بڕیار درا کە ژمارەی سەربازە ئەمریکیەکان لە عێراق کەم بکرێتەو و ئەرکی نوێیان پێ بسپێردرێت. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نیە کە ئەمریکا دەست بەرداری عێراق و ھەرێم دەبێت. وەکو دەزانین گەورەترین کونسولخانەی ئەمریکا لە ھەموو جیھان دا لە شاری ھەولێر دروستکرا. ئەم کونسولخانەیە تەنانەت بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی حکومەتی ناوەندی دروستکرا و لە کردنەوەی دا ھیچ نوێنەرێکی حکومەتی ناوەند بەژدار نەبوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو بە گوێرەی یاسای دیپلۆماسی حکومەتی ناوەند رەزامەندی دەرببڕێت لەسەر دروست کردن و کردنەوەی کونسولخانەکان.

ئەم پەیوەندیە راستەوخۆیەی ئەمریکا بە ھەرێمی کوردستانەوە بایەخدانی ئەو ولاتە دەردەخات بە ھەرێمی کوردستان.

ئەمریکا لەگەل بایەخدانی بە عێراق بە شێوەیەکی جیاوازتر و تایبەت تر دەروانێتە ھەرێمی کوردستان.

ئەم کۆنسولخانەیەی ئەمریکا زیاتر لە ٧٩٥ ملیون دولاری تیچووە و رووبەری دووسەدھەزار مەتر دوجایە. کردنەوەی ئەو کۆنسولخانەیە لە ساڵی رابووردو ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا نیازی جێھێشتنی کوردستانی نیە. ئەمریکا زیاتر لە ١٢ بنکەی سەربازی بە فەرمی ھەیە لە عێراق دا. ژمارەیەکی زۆر سەربازی ئەمریکی بە ناوی راوێژکار لە ئایندەدا لەم کۆنسولخانەیە دەست بەکار دەبن. دروستکردنی ئەم کۆنسولخانە گەورەیە واتای زیاد کردنی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی ئەمریکا و ھەروەھا گرنگی ناوچەکە دەردەخات لەرووی جیێۆپۆلیتیکەوە.

ھەوڵی زۆر لە ئارادایە بۆ پەشێوی دروست کردن و دەرپەراندنی ھێزەکانی ئەمریکا، چ لە رێگای بڕیاری پەرلەمانی بێت یاخود لە رێگای بۆردومنکردنی بەردەوامی نوێنەرایەتیەکەیانەوە بێت.

بەڵام ئەمریکا، سوریا و عێراق بە سەنگەری بەرەنگار بوونەوەی ئێران و چین و روسیا ئەژمار دەکات و دەستبەرداری ئەم ناوچەیە نابێت.

دەمەوێت ھەندێک خاڵ بخەمە ڕوو کە بۆچی ئەمریکا دەست بەرداری عیراق و ھەرێم نابێت:

١-کشانەوەی ئەمریکا واتا تسلیم کردنی عیراق بە ئێران و سیاسەتی روسیا کە ئەمە لە بەرژەووندی ھاوپەیمانانی ئەمریکا دا نیە لە ناوچەکە وەکو وڵاتانی سعودیە و ئسرائیل و دەبێتە ھۆی دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتانە.

باڵادەستی لۆبی سەھیۆنی لە ناو کۆنگریس و سوپا و ئابوری ئەمریکا روونە و ئەمەش دەبێتە ھۆی رێگری کردن لە کشانەوەی سوپای ئەمریکا و دروست بوونی مەترسی بۆ سەر ئسرائیل

٢-کشانەوەی ئەمریکا لەم ناوچەیە واتا گەیشتنی چین و ئێران و روسیا بە کەنداوی عەرەبی و دەریای ناوەراست، وە جێنەجێ کردنی پرۆژە ئابوریەکانی ئەو وڵاتانە. بەتایبەتی پرۆژە و بەرنامەی ڕێگای ئاوریشمی و دروست کردنی ھێلی شەمەندەفەر کە لەو رێگایەوە ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە.

ڕێگای ئەوریشمی یەکێکە لە پلانە ستراتیجیە گرنگەکانی چین و روسیا بۆ گەیشتنیان بە کەندا و دەریای ناوەراست.

ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆرینی ھاوکێشەی ئابوری لە جیھان دا لە بەرژەوەندی چین و روسیا.

٣- باڵادەستی ئابووری چین و روسیا لەم ناوچەیە دەبێتە ھۆی باڵادەستیان لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە.

شەری ئابوری چین و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا توندیەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. وڵاتانی (گ ٨) لە ھەوڵی پاراستنی بازاری خۆیاندان دژ بە چین.

ھەربۆیە ڕێگەدان بە چین بۆ گەیشتنی بە کەنداوی عربی و دروست کردنی ڕێگای ئاوریشمی زۆر ئەستەمە.

ئەم خاڵانە و زۆری تر پێمان دەڵێن کە مانەوەی ئەمریکا لە عیراق دا واقعێکی حەتمیەو بەم نزیکانە ئەمریکا دەستبەرداری عیراق و ھەرێم نابێت. ھەرچەند ئەفغانستان و کوردستان ھاوپاشگربن و لە زۆرێک لە روەکانەوە ھاوشێوەبن، بەڵام بەرژەوەندیەکی ئەمریکا تێیدا جیاوازە و لەرووی جێوپۆلتیکەوە بۆ ئەمریکا جێگای بایەخێکی زۆرە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif