ئێران.. جگه له یه‌ك كه‌س متمانه درا به ئه‌ندامانی دیكه‌ی كابینه‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی
جگه له یه‌ك كه‌س، په‌رله‌مانی ئێران متمانه به‌خشییە ئه‌ندامه پێشنیازكراوه‌كانی كابینه‌کەی سه‌ركۆماری ئێران، ئیبراهیم ره‌ئیسی.
كابینه ١٨ كه‌سییه‌كه‌ی سه‌ركۆماری هه‌ڵبژێردراوی ئێران دوای پێنج رۆژ له گفتوگۆ، متمانه‌ی په‌رله‌مانی ئێرانی به‌ده‌ست هێنا.
له كاتێكدا ١٧ كه‌سه پێشنیازكراوه‌كه‌ی ره‌ئیسی بۆ پۆستی وه‌زیر ره‌زامه‌ندییان پێ درا، به‌ڵام كه‌سی پێشنیازكراو بۆ وه‌زیری په‌روه‌رده و فێركردن، حوسێن باغگۆلی ره‌ت كرایه‌وه.
به‌م پێیه جێگری پێشووی وه‌زیری ده‌ره‌وه، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان كه به‌وه ناسراوه له سوپای پاسدارانه‌وه نزیكه و پشتیوانی سیاسه‌تی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ده‌كرد له رۆژئاوا، بوو به وه‌زیری نوێی ده‌ره‌وه‌ی ئێران.
- ناوی ئه‌وانه‌ی له كابینه‌ی نوێ‌دا هه‌ن و له لیستی سزادراوانی ئه‌مریكا دان
له كاتێكدا رێكخه‌ری ئۆپه‌راسیۆنه هه‌واڵگری و سه‌ربازییه‌كانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران و وه‌زیری به‌رگریی ئێران له سه‌رده‌می سەركۆماری پێشووتری ئێران، مەحمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، ئه‌حمه‌د واحیدی بووه‌ته وه‌زیری ناوخۆ؛ پۆستی وه‌زیری هه‌واڵگری-یش به سه‌رۆكی پێشووی وه‌قفی گڵكۆی ئیمام ره‌زا له شاری مه‌شهه‌د، ئیسماعیل خه‌تیب دراوه.
محه‌مه‌د ره‌زا ئاشتییانی كراوه‌ته وه‌زیری به‌رگریی و جه‌واد ئۆڤژی-یش كراوه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای گازی نیشتمانیی له وه‌زاره‌تی نه‌وت.
فه‌رمانده‌ی پێشوو له سوپای پاسداران و وه‌زیری نه‌وت له سه‌رده‌می مەحمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، رۆسته‌م قاسمی كراوه‌ته وه‌زیری رێگاوبان و شارسازیی.
پێنه‌دانی وه‌زاره‌ت به ژنان و سوننه مه‌زهه‌به‌كان، ره‌خنه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری لێكه‌وته‌وه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق