تاڵیبان چۆن سەرچاوەی داهاتی ئەفغانستان پەیدا دەکات؟

ليست هناك تعليقات

بزووتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردووە و چەکدارانی ئێستا چێژی سەرکەوتن دەکەن، لە هەمان رۆژدا کە تاڵیبان دەستی بەسەر کابوولی پایتەختدا گرت، چەکدارانی تاڵیبان چوونە کۆشکی کۆماری و لەوێ لەسەر کورسی و کەلوپەلی ناوماڵی ئەشرەف غەنی، سەرۆککۆماری ئەفغانستان بە پێکەنینەوە باسیان لە سەرکەوتنەکەیان دەکرد، بەشێک لە چەکدارانی دیکەی تاڵیبان لە شارە یارییەکان بازبازێنێیان دەکرد و ئۆتۆمبێلی یارییان لێدەخووڕی.

هەموو ئەمانە بەلای تاڵیبان گوزارشتن لە سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوە چەکدارە کە لە ساڵی 2001ـەوە لە دەسەڵات دوورخرابوونەوە. ئێستا کە تاڵیبان دەستی بەسەر جومگەکانی ئەفغانستاندا گرتووە و فەرمانڕەوای بێ رکاری ئەو وڵاتەیە، بەڵام هاوشێوەی هەر حکومەتێک ئەوەی رووبەڕووی تاڵیبان دەکرێتەوە ئەوەیە چۆن سەرچاوەی دارایی بۆ وڵات دەستەبەر دەکات.

دوای کۆنترۆڵی ئەفغانستان لە هەفتەی رابردوودا، چەندین دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی حکومەتی نوێی ئەفغانستانیان بە سەرۆکایەتیی تاڵیبان خستە لیستی رەشەوە ئەوەش بەهای دراوی نیشتمانیی ئەفغانستانی بەرەو دابەزین برد.

رۆژی پێنجشەممە، 19-8-2021 سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) بڕیدا رێگریبکات لەوەی تاڵیبان دەستی بە هاوکارییە داراییەکانی دامەزراوەکە بگات. بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا بڕی 370 ملیۆن دۆلار لەلایەن IMF بۆ ئەفغانستان بنێردرێت، ئەو دامەزراوەیە ساڵی رابردوو مەیلی ئەوەی پێشاندا بۆ بوونیاتنانی ژێرخان و ئابووریی ئەفغانستان بەتایبەت بەهۆی ئەو زیانانەی پەتای کۆرۆنا لێی داون هاوکاری دارایی پێشکێش بەو وڵاتە بکات. لە مانگی 11ی ساڵی 2020 بڕی 370 ملیۆن دۆلاری بۆ یارمەتیدانی حکومەتی کابوول پەسەند کرد. هاوکات ئەمریکاش بڕیاریداوە ئەو بڕە پارەیە بلۆک بکات و رێگە نەدا تاڵیبان دەستی پێبگات.

سەرچاوەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە، ئێستا سندووقی نێودەوڵەتیی دراو سەرقاڵی چاودێرییە بۆئەوەی کاردانەوەی ئەندامەکانی بزانێت ئاخۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان لە ئەفغانستان بە شەرعی دادەنێن پێش ئەوەی یەدەگێکی هاوکاری دارایی بۆ کابوول بنێرێت.

ئەم مانگە پێش ئەوەی تاڵیبان ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکات و بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هاوکارییەکی دارایی 650 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەفغانستان پەسەند کرد کە یارمەتییەکی باشی بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە دەدات.

جگە لەم بڕە پارەیەی IMF، ئیدارەی ئەمریکا هەموو ئەو پارانەی بلۆک کردووە کە بڕیاربوو لە داهاتوویەکی نزیکدا بدرێنە ئەفغانستان. بە گوتەی ئەجمەل ئەحمەدی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان کە هەڵاتووەتە دەرەوەی وڵات، بانکی ناوەندیی ئەفغانستان خاوەنی 9 ملیار دۆلارە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری لە دەرەوەی ئەفغانستان هەڵگیراوە.

ئەحمەدی لە توویتێکدا رایگەیاند، یەدەگی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان لەژێر مەترسیدا نییە و هاوکارییە داراییەکانیش لە هیچ هەژمارێکی بانکی نەدزراون.

سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یەدەگی بانکی ناوەندی بلۆک کراوە و هەموو ئەو پارەیەش کە تاڵیبان دەستی پێدەگات لە 0.1٪ی تەواوی یەدەگەکە زیاتر نییە.

بڕیارەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا داوایان لە جانێت یەلێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کرد زەنگی ئاگادارکردنەوە لەمەڕ یارمەتیدانی دارایی تاڵیبان بۆ IMF لێبدات.

ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نامەکەدا نووسیویانە "خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلاری کاش و بەبێ مەرج بە رژێمێک کە مێژوویەکی هەیە لە پاڵپشتیکردنی کردەوەی تیرۆریستی دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تەواوی جێگەی نیگەرانییە".

چەند رۆژی رابردوو، ئیدارەی جۆ بایدن رایگەیاند، یەدەگی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان و ئەو پارەیەی حکومەتی ئەو وڵاتە هەیەتی بۆ تاڵیبان بەردەست نابێت. ئیدارەی بایدن هاوکات باسی لە گەمارۆکانی سەر تاڵیبان کردووەتەوە بەهۆی روودای 11ی سێپتێمبەر بەسەر بزووتنەوەی تاڵیبان سەپێندراون.

بەگوێرەی هەندێ سەرچاوەی میدیایی، هاوکات سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەفغانستانیش جەختی لەوە کردووەتەوە، یەدەگی بانکی ناوەندی کە نزیکەی 9.5 ملیار دۆلارە لەلایەن ئەمریکاوە بلۆک کراوە. دوای ئەم لێدوانانە "وێستێرن یونییەن" بڕیدا خزمەتگوزاری گواستنەوەی پارە لە ئەفغانستان رابگرێت.

ئەگەر سەیری بەهای دراوی ئەفغانی بکەین کە دراوی نیشتمانیی ئەفغانستانە بەهاکەی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بە رێژەی 4.6٪ دابەزی، هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر 86.0625 ئەفغانی مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەفغانستان کە ئێستا 80٪ی کۆی ئەفیون و هێرۆینی جیهان بەرهەمدەهێنێت، ئێستا کە بازرگانیکردن بەو ماددانە قەدەخەکراوە، تاڵیبان ناتوانێت سەرچاوەی داهات بۆ وڵات بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان کە مانگی 6ی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، سەرچاوەی داهاتی تاڵیبان بریتییە لە چالاکی تاوانی لەنێویاندا رفاندن، هەڕەشە لە بازرگان و سەرمایەداران، بەرهەمهێنانی ئەفیون، وەبەرهێنان لە کانزاکان و وەگرتنی باج و سەرانە لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان.

هەرچەندە تاڵیبان بەڵێنی ئەوەی داوە تاڵیبانەکەی پێشوو نابێت و چی دیکە بازرگانی بە ماددە بێهۆشکەرەکان ناکات، هاوکات باس لەوەش دەکات مافی ژنان دەپارێزێت. ئەوەی روونە 75٪ی خەرجییەکانی حکومەتی ئەفغانستان کۆمەکی نێودەوڵەتییە بۆیە هەموو لایەک لەسەر ئەوە کۆکن تاڵیبان بەبێ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان توانای خۆ ژیاندنیشی نییە نەک بەڕێوەبردنی وڵات.

دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەرووی هەموویانەوە IMF بە مەرجی گۆڕانکاری ریشەیی لە ئایدۆلۆژیای تاڵیبان ئامادەی یارمەتیدانی ئەفغانستانە، بەڵام راپۆرتە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن ئێستا لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، خەڵک ئەشکەنجە و ئازاردەدرێت بەتایبەت ژنان و ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەمریکا کاریان کردووە، بەلای چاودێرانیش تاوەکو ئێستا تاڵیبان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. پێنجشەممەی رابردوو، سەتان خۆپێشاندەر لە کابوولی پایتەخت بە ئاڵای ئەفغانستانەوە خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام هەر زوو لەلایەن تاڵیبان کۆتایی پێهێنرا.

ئەمریکا هۆشداری داوەتە تاڵیبان لە بەدواگەڕانی دەرگا بە دەرگا بەدوای ئەو ئەفغانییانەی کاریان لەگەڵ ستافی ئەمریکی و ناتۆدا کردووە.

ئەفغانستان، خاکێکی دەوڵەمەند بە کانزاکان

لەژێر خاکی ئەفغانستاندا دەیان توخم و کانزای گرانبەها هەن کە بەهاکەیان سەتان ملیار دۆلارە. ئێستا کە تاڵیبان دەستی بە سەر وڵاتدا گرتووە، هەر تەنیا حکومەتی لەژێردەستدا نییە، بەڵکو دەستی بەسەر سامانێکی ئێجگار گەورەی کانزاکاندا گرتووە.

بەگوێرەی پێگەی کوارتز، لەنێو خاکی ئەفغانستاندا سەرچاوەی کانزای زۆر بە نرخ هەن، لەسەرووی هەموویان و بە بڕێکی زۆر کانزای لیسیۆم هەیە کە تاڵیبان دەتوانێت وەبەرهێنانی لێبکات و بیخاتە خزمەتی ئابووریی ئەفغانستان.

لیسیۆم کانزایەکە لەشێوەی ئاسنێکی زیوی دایە کە لە دروستکردنی پیلی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و وزەی پاک بەکاردێت. لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی خواست بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2040 خواست بۆ لیسیۆم 40 هێندەی ساڵی 2020 بێت. بۆیە ئەگەر تاڵیبان بتوانێت وەبەرهێنان لەو کێڵگانە بکات کە دەوڵەمەندن بە لیسیۆم ئەوە دەتوانێت ئابوورییەکی بەهێز بۆ ئەفغانستان بنیاتبنێت.

وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکانی ئەفغانستان بەهای ئاسنی نێو خاکەکەی بە تریلیۆنێک دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام دەستەی رووپێویی زەویناسی ئەمریکا دەڵێت: بەهاکەی سێ تریلیۆن دۆلارە.

جگە لە لیسیۆم، ئەفغانستان دەوڵەمەندە بە قورقوشم و بەهاکەی بە 88 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. هەروەها دوو ملیار و 200 ملیۆن تۆن ئاسنی خاو، ملیۆنێک و 400 هەزار توخمی دەگمەنی هەیە.

پێنج کێڵگەی دەرهێنانی زێڕ، 400 جۆری سیرامیک و بریلیۆمی هەیە کە بەهاکەیان نزیکەی 88 ملیار دۆلارە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif