وەزارەتی کارەبا: نابێت کەرتی تایبەت نرخی کارەبا بەرز بکاتەوە

ليست هناك تعليقات


بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەڕێوەبردنی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە رۆژانە 24 کاژێر کارەبا دابینبکەن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی 6 هەزار و 850 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام ئێستا 3 هەزار و 600 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و وەک وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، زیاتر لە 40%ی کارەبا بەرهەمهێندراوەکە لە زێدەڕۆییدا بەفیڕۆ دەچێت و تێچووەکەیشی زیاترە لە 20 ملیۆن دۆلار.

بەپێی پلان و داتاکانی وەزارەتی کارەبا، لە بەرهەمهێنانی کارەبادا حەوت هەزار فەرمانبەر ئەو بڕە کارەبایە دابیندەکەن کە بەردەستە؛ بڕیاریشە 75%ی فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا بچنە سەر کەرتی تایبەت و لەوێ مووچەکەیان دابینبکرێت.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی ئەوەیە بەرەو کارەبای 24 کاژێری بڕۆین بۆ هاوبەشانی کارەبا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت".

لە هەرێمی کوردستاندا جگە لە وێستگەی سووتەمەنی، لە رێگەی وێستگەی کارۆئاویشەوە کارەبا بەرهەم دەهێندرێت کە لە هەریەکە لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخاندان. نزیکەی 85٪ بۆ 90٪ی ئەو کارەبایەی هەیە لە وێستگەکانی سووتەمەنییەوە بەرهەم دەهێندرێن.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئێمە پێداگرییمان لەسەر ئەوە کردووە کە نرخ لەسەر هاووڵاتی گران نەکرێت. تا رادەیەک دڵنیاییەکمان پێدراوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت. بۆ نموونە، هاوڵاتییەک ئەگەر 20 بۆ 25 ئەمپێر بەکاربهێنێت و 25 بۆ 30 هەزار پارەی بۆ بێتەوە و کارەباکەش بێتە کارەبای گشتی، ئەوە بۆ هاووڵاتی قازانجە"، هەروەها دەشڵێت، "ئێمە پێداگری دەکەین و ئیشیشی لەسەر دەکەین، کە ئەمە بۆ قۆرخکاری نەبێت و لە کۆی گشتی پرۆسەکەدا هاووڵاتی قازانج بکات".

زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60%یان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.

پێشتر وەزارەتی کارەبا بۆ بەکارهێنانی هەر کیلۆواتێک کارەبا 15 دیناری لە هاوبەشەکانی وەردەگرت، بەڵام ئێستا بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبا 18 دینار وەردەگرێت. هەرچەند بەکارهێنانەکە لەو بڕە زیاتر بێت، نرخەکەشی زیاتر دەبێت

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق