داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

ليست هناك تعليقات




29 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گرانبوونی نرخی بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان وەکو نرخی کارەبا و کەمئاوی دەکەن. جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت: "پێویستە پەرلەمان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا رۆڵی هەبێت تا خەڵک پەرلەمانتار بە نوێنەری خۆی بزانێت".

لە راگەیێندراوێکدا 29 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوایەکیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە کە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت ئەنجامبدات و تێیدا "كێشەکانی خەڵک" باسبکرێن و رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئاشنا عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان کە یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، ئەمڕۆ شەممە 14ی ئابی 2021 لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەک کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری بەرۆکی هاونیشتیمانییان گرتووە و هەر ناوچە و بەدەست کێشەی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت؛ بۆیە پێویستە پەرلەمان رۆڵی هەبێت، چونکە نوێنەرانی خەڵکی تێدایە، لە رۆشنایی ئەوەدا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەمان کردووە".

ئاشنا عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئێستا کێشەی کەمئاوی لە هەولێر و چەند شوێنێکی دیکە هەیە، کارەبای نیشتمانی لە چەند ناوچەیەک کێشەی زۆرە، خزمەتگوزارییەکان پاشەکشەیان کردووە؛ بۆیە دەبێت ئەمانە چارەسەربکرێن و ئەوەی پێویستە و ئەرکی پەرلەمانە دەبێت جێبەجێی بکات و داوای دۆزینەوەی چارەسەرییان بۆ بکات".

لەو راگەیێندراوەدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە، هاتووە کە "پاڵپشت بە ماددەکانی 8 و 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داوا لە بەڕێزتان دەکەین بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە گرانبوونی نرخی خزمەتگوزارییەکان، کەمیی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی و نرخی کارەبا، باج، کەمئاوی، بەنزین و پەیینی کیمیایی".

یاداشتی ئەو پەرلەمانتارانە لە کاتێکدایە، ماوەی 10 رۆژ زیاترە نرخی بەنزین بەزرتربووەتەوە و لە رۆژانی رابردوویشدا کێشەی کەمئاوی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی هەولێری نیگەرانکرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif