داعش لە بەرامبەر ئازادكردنی هەر رفێنراوێكی مەخمور داوای 100 هەزار دۆلار دەكات

ليست هناك تعليقات



دوان لەو شەش كەسەی لەم هەفتەیەدا لەلایەن "چەكدارانی داعش"ەوە لە نزیك قەزای مەخمور رفێنران ئازادكران، بۆ ئازادكردنی هەر یەكێك لەو چوار رفێنراوەی تر داوای 100 هەزار دۆلار دەكەن.

كەركوك ناو: لە قەزای مەخمور، لە دو روداوی جیاوازدا و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، شەش كەس لەلایەن داعشەوە رفێنران و یەكێكیش بە برینداری خۆی دەرباز كرد، تا بەرەبەیانی پێنجشەممە دوانیان ئازاد كران و بۆ ئازادكردنی چوارەكەی تر بۆ هەر یەكێكیان داوای 100 هەزار دۆلار دەكرێت.


سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای مەخمور، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر دوی شەوی 12ی ئاب، كەسوكاری دوان لە رفێنراوەكان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئاگاداكرانەوە لەوەی رۆڵەكانیان لە نێوان ناحیەی گەیارەو قەزای مەخمور ئازادكراون، بەرەبەیانی پێنجشەممە 12ی ئاب گەیشتنەوە ناو كەسوكاریان."

ئەو دو كەسەی ئازادكراون (محەمەد حەمیدو عەبدولقادر فەیلی)، شەوی هەینی 6ی ئاب، لەگەڵ شەش كەسی تر، لەناو ئۆتۆمبێلێكدا لە نزیك مەخمور بە ئاڕاستەی موسڵ لە بازگەیەكی كاتی "چەكدارانی داعش"دا رادەگیرێن و لەگەڵ هاتنە خوارەوەیاندا هەوڵی راكردن دەدەن، بەڵام تەقەیان لێدەكرێت و یەكێكیان بە برینداری رزگاری دەبێت و پێنجیان دەكەونە دەستی داعش.


لە روداوێكی تردا رۆژێك دواتر شوانێك هەر لە نزیك مەخمور دەرفێنرێت و بەوەش كۆی رفێنراوەكانی لای "چەكدارانی داعش" دەبنە شەش كەس.


سەرچاوە ئەمنییەكەی (كەركوك ناو) لە مەخمور، وتی "چوار کەسی تر لە كۆی ئەو شەش كەسە لای داعش ماون و گوماندەكەین ئێستا لە چیای قەرەچوغ بن، ناوچەكە سەختەو جێی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعشە."

چیای قەرەچوغ دەكەوێتە سێكچوكەی نێوان هەر سێ پارێزگای نەینەوا، هەولێرو كەركوك، دەیانجار هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بە هاوكاری هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنیان بۆ ئەو ناوچەیە ئەنجامداوەو هێشتا نەتوانراوە لە پاشماوەكانی داعش پاكبكرێتەوە.

ئەو چوار كەسەی لای داعش ماون، دوانیان كوردو دوانیان عەرەبن.


بەشار تابور، کوڕی سەرۆک ھۆزەکانی تابور لە ناوچەی گەیارە كە لە ئێستدا دو كەسی هۆزەكەیان لای داعشە، بە (كەركوك ناو)ی وت "داوامان لە ھێزە ئەمنییەكان كردوە هەرچی زوە ئۆپەراسیۆنێك بۆ چیای قەرەچوغ ئەنجامبدەن بۆ رزگاركردنی رۆڵەكانمان، بە پێچەوانەوە هەڵوێستی توندمان دەبێت."


جەختیشیكردە كە ئەوان هیچ زانیارییەكیان لەسەر رۆڵەكانیان نییە كە رفێنراون.


بەڵام دو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی چەكدارانی داعش لەڕێی تەلەفونەوە پەیوەندییان بە كەسوكاری رفێنراوەكانەوە كردوەو بۆ ئازادكرنیان داوای 100 هەزار دۆلار دەكەن.

"كەسوكاری رفێنراوەكان كەمدەرامەتن و توانای پەیداكردنی ئەو پارەیەیان نییە"، یەكێك لە سەرچاوەكان وای وت.


هەرچەندە كەسوكاری یەكێك لە ئازادكراوەكان جەختیكردەوە لەوەی ئەوان هیچ بڕە پارەیەكیان بە داعش نەداوە لە بەرامبەر ئازادكردنی رۆڵەكانیان، بەڵام دو سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی بە پارە ئازادكراون، بەبێ ئەوەی زانیارییان لەسەر بڕی پارەكە هەبێت.


"بارودۆخی دەرونی كوڕەكەمان زۆر خراپە، شوێنی ئەشكەنجەدانی پێوەیە، هیچ زانیارییەكیشی نییە لەوەی لە كوێ بەندكرابو"، كەسوكاری یەكێك لە ئازادكراوەكان وای وت.

مه‌خمور ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif