بۆئه‌وه‌ى بتوانین وه‌ڵامه نه‌ریتییه‌كه‌ى ئه‌م پرسیاره ده‌رباز بكه‌ین كه "سیاسه‌ت شه‌ڕ و خێر نییه، بگره به‌رژه‌وه‌ندییه"، پێویسته ده‌روازه‌یه‌كی تازه بۆ ئه‌م پرسه بكه‌ینه‌وه ئایا كام به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه ئه‌مریكا له گه‌لانی بێ ده‌ره‌تانی وه‌كو ئه‌فغان و بێ وڵاتی وه‌كو كورد نزیک ده‌كاته‌وه، ئایا هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مریكا فریادڕه‌س و بونیاتنه‌ره یان هه‌لپه‌رست و وێرانکه‌ر؟ ئایا ده‌كرێت "هێرش و تێكدان و پاشان كشانه‌وه" به به‌رژه‌وه‌ندیی بزانین به‌تایبه‌ت كه بیانووی هه‌میشه‌یی زلهێزان بۆ ده‌ستوه‌ردان له وڵاتاندا "رزگاری، ئازادى و ئاوه‌دانی" بووه، به‌ڵام بۆچی پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌بینین و مێژوو خۆی له‌سه‌ر گه‌لانى لاواز له‌ڕووی سیاسییه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه؟ گه‌لۆ ده‌بێت كێشه‌كه ئه‌وه نه‌بێ گه‌ل و وڵاتان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان هاوئاڕاسته‌ى به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزان و به دیاریكراوی ئه‌مریكا بكه‌ن؟ بۆچوونێكی تریش هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا له هه‌ر شوێنێك كۆتایی هاتبێت، قه‌یرانی راسته‌قینه ده‌ستیپێكردووه. به پشتبه‌ستن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی دیرۆكی، له سێ ره‌هه‌ندی مێژوویی، مرۆیی و سیاسییه‌وه گه‌نگه‌شه‌ى ئه‌م پرسه ده‌كه‌ین.
1. له مێژوودا و به‌پێی ئه‌زموونی گه‌ل و وڵاتانی دیکە، ئه‌مریكا ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئاشكراى هه‌بووه له كاروباری ناوخۆی زیاتر له 20 وڵاتی جیاوازدا، به‌ڵام له گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ى كاره‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو، به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندی خودی ئه‌مریكییه‌كان له هیچ كامیاندا "سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه" و ته‌نانه‌ت له لووتكه‌ى كێشه و قه‌یرانه‌كاندا وڵات و گه‌لانی به ته‌نیا جێهێشتووه. زیندووترین نموونه‌ی ئه‌و وڵاتانه له مێژووی هاوچه‌رخدا، داگیركردنی هایتى (1915 - 1934)، و شه‌ڕی ڤێتنام (1954 -1975) و شه‌ڕی ئه‌فغانستان (2001 -2021) و رووخاندنی رژێمی سه‌دام حوسێن (2003 – 2021) ره‌نگه دیارترین نموونه‌ی باسه‌كه بن، كه تێیدا ویلاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تیی كردوون. به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه فه‌رمییه‌كانی خودی واشنتۆن، ئه‌مریكا له هیچ یه‌ك له‌و شه‌ڕانه‌دا، به‌تایبه‌ت له هایتی و ڤێتنامدا "سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو" له‌وه‌ى مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی خۆی بپێكێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی و وڵاتان بپارێزێت.
2. له بواری مرۆیی، ئه‌مریكا له سه‌رجه‌م شه‌ڕه‌كاندا "زیانێكی گه‌وره"ى به گه‌ل و وڵاتان و ته‌نانه‌ت خۆیشی گه‌یاندووه، قوربانییه‌ك كه زۆر گه‌وره‌تر بووه له‌و سووده‌ى پێی به‌خشیون یان به‌ڵێنی پێداون. له شه‌ڕی هایتی-دا زیاتر له 15 هه‌زار هاووڵاتیی سڤیلى بێ تاوان كوژران، له گێژاوی ڤێتنامدا سێ ملیۆن كه‌س كه زیاتر له 58 هه‌زاریان ئه‌مریكی بوون، بوونه قوربانی. شه‌ڕی ئه‌فغانستان، 240 هه‌زار كوژراوی لێكه‌وته‌وه كه نێزیكه‌ى چوار هه‌زاریان سه‌ربازی ئه‌مریكی بوون. له شه‌ڕی عێراقدا ژماره‌ى كوژراوانی سه‌ربازی ئه‌مریكی بۆ نزیكه‌ى 5000 سه‌رباز به‌رز ده‌بێته‌وه جگه له‌وه‌ی به‌پێی ئاماری میریی پێنتاگۆن، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتیی عێراقی به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕه‌وه كوژراون.
3. ده‌ستكه‌وتی سیاسیی ویلایه‌تە یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌م چوار شه‌ڕه نموونه‌ییه‌دا كه مێژوویین، به‌پێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئه‌مریكا "شایانی ئه‌و به‌هایه نه‌بووه" له‌پێناویدا شه‌ڕیان هه‌ڵگیرساندووه. له هایتى و ڤێتنام، ئه‌مریكا سه‌رنه‌كه‌وت و وڵاتێكی وێرانی بۆ ناوچه‌كه به‌جێهێشت و دواجار به ناچاری وڵاتی راده‌ستی خه‌ڵك و دراوسێكانی كرد؛ ته‌نانه‌ت له ڤێتنام تووشی شکستێکی مێژوویی گه‌وره بوو كه له كۆتاییدا چین سه‌ركه‌وتووتر ده‌ركه‌وت.
ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان كه بۆ شه‌ڕی تیرۆر چووبوو، قاعیده‌ى بن لادنی "شكست" دا، به‌ڵام راده‌ستی مه‌لا هه‌یبه‌توڵڵای تاڵیبانی كرد! سیناریۆی ئاشتیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان كرده بیانوو تاوەکو له‌و وڵاته رزگارى ببێت و ته‌نانه‌ت به‌ر له رۆیشتنی، ره‌وایه‌تیی سیاسی به تاڵیبان به‌خشی و هێزێكی گه‌وره‌ی ده‌روونی و جه‌ماوه‌ریى پێشكێشی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كرد تاوەکو رێگه به خۆی بدات به‌ر له واده‌ى ده‌رچوونی فەرمیی ئه‌مریكا له‌و وڵاته كه 11ـی سێپته‌مبه‌ری 2021 دانراوه، ئه‌فغانستان داگیر بكات و ده‌ستكه‌وتی سیاسیی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی پاش 20 ساڵ شه‌ڕ له سفر نزیك بكاته‌وه.
له عێراق كه ململانێی ده‌رچوونی یه‌كجاره‌كیی ئه‌مریكا له‌و وڵاته هه‌یه و به‌شێكی زۆری به ویستی ئێرانه، هاوكات خواستی رێژه‌یی ئه‌مریكاشی له‌سه‌ره. ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته له عێراق، راسته‌وخۆ ناكۆكیی زیاتر ده‌خاته نێوان هێز و گرووپه‌كانی شیعه‌ى سه‌ر به ئێران، سوونه‌ى سه‌ر به سعودیه، عێراقییه‌كان خۆیان و توركمانه‌كان كه به‌نیازن توركیاش په‌لكێش بكه‌ن و ئه‌وه‌یان به‌ڵگه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه پاش ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌و وڵاته، عێراق ده‌بێته مه‌یدانی به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی زیاتر له پێنج ئاراسته‌ى ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی جیاواز كه یه‌كێك له‌وانه كورده.
به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی كورد پێیانوایه عێراقێكی ئاڵۆز به سوودی كورد ده‌بێت كه ره‌نگه ئه‌م بۆچوونه پاش گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ساڵی 2017 و رووداوه‌كانی دواتری كاڵ بووبێته‌وه، تێیدا كورد به‌هۆی گه‌مارۆ ئابووری و سیاسییه‌كان هه‌موو كارێكی كرد نیازپاكیی خۆی بۆ به‌غدا و دراوسێكان و دنیا بسه‌لمێنێت، كه هه‌وڵی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ ناده‌ن و ئه‌وی كراوه ته‌نیا "گشتپرسییه‌ك بووه له چوارچێوه‌ی ئازادیی راده‌ربڕین" كه بێگومان سه‌ربه‌خۆیی مافـی دیرۆكیی كورده و حاشاهه‌ڵناگرێ. ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ى باسه‌كه‌دا بمێنینه‌وه، ئه‌مریكا و هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر كورد له پرسی گشتپرسیدا، هۆیه‌كی سه‌ره‌كی بوون له‌و دۆخه خراپه‌ى به‌سه‌ر كورددا هات به لانیكه‌مه‌وه پاش ئه‌وه‌ى "ناكۆكییه‌كی بێ مانا"ی به‌ڕێوه‌چوونی گشت‌پرسیی كرد و دواتریش "بێده‌نگییه‌كی مانادار"ی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی سه‌ر كورد هه‌ڵبژارد.
جگه له‌وانه، باری ئابووریی وڵاتان پاش ده‌رچوونی ئه‌مریكا وێرانه‌یه‌كی گه‌وره بووه له قه‌رز و هه‌ژاری و بێكاری و داڕمانی ناخی هاووڵاتی كه هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌مان فه‌زای شه‌ڕه كه تێیدا هیچ بازاڕێك گه‌رم نییه جگه له چه‌ك به ده‌ست هاووڵاتییه‌كی تووڕه‌وه! هه‌روه‌ها لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی، كه تێیدا بۆ نموونه ژنان به ده‌رفه‌تی ده‌زانن سوود له كولتووری وڵاتێكی رۆژئاوایی وه‌ربگرن كه ئه‌مریكا به‌ناوی دیموكراسی و له په‌نای پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه جیاوازه‌كاندا، بواری به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ى سیاسی‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت، به‌ڵام پاش كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه له وڵاته‌كه ئه‌م فه‌رهه‌نگه و ده‌نگی رێكخراوه‌كان و سه‌نگى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی (ئه‌گه‌ریش ته‌واو له‌ناو نه‌چێت) به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌ڕوات، به‌تایبه‌ت كه ئه‌م دیاردانه له‌لای زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه به دیارییه‌ك له دوژمنى "داگیركا‌ر"ـه‌وه داده‌نرێت.
ده‌رئه‌نجام
هیچ هێزێك ناتوانێت به زه‌بری چه‌ك ئاشتی و ئارامی بۆ گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی رژێمه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات؛ میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌كان ره‌نگه له بڕگه‌یه‌كی مێژوویی‌دا داگیركرابن یان پێویستیان به هێزێكی ده‌ره‌كی بووبێت تاوەک وده‌ربازیان بكات، به‌ڵام دواجار ته‌نها ئه‌و نه‌ته‌وانه رزگاریان بووه كه خێرا خه‌می خۆیان خواردووه و راسته‌وخۆ ده‌ستیان به ئازادكردن و بنیاتنانى وڵات كردووه و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان له به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی زلهێز گرێداوه، به‌شێوه‌یه‌ك کە هاوبه‌شی به‌رده‌وام بن نه‌ك ئامرازێكی كاتی. نموونه‌ی هه‌ره دیار هیندستانی ژێرده‌ستی بەریتانیا و جه‌زائیرى ژێرده‌ستی فه‌ره‌نسا و هه‌روه‌ها لیبیای داگیركراوی بەریتانیا و فه‌ره‌نسا كه ته‌نانه‌ت كێشه‌كانی ئێسته‌ی ئه‌و وڵاتانه پێوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندییه یه‌كلایه‌نه و سیاسه‌ته تایبه‌تییه‌كانی ئه‌مریكاوه هه‌یه. سه‌ركه‌وتوو ئه‌و میلله‌تانه‌ن رێگه‌یان نه‌دا ساڵان و ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر مانه‌وه‌ى هێزی بێگانه‌دا تێپه‌ڕێت و بگاته دۆخێك كه ده‌ركردن یان مانه‌وه‌یان جیاوازییه‌كی نه‌بێت؛ به شێوه‌یه‌ك كشانه‌وه‌یان شه‌ڕ دروست بكات و مانه‌وه‌یان ئاڵۆزی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق