دیسان کوردو هێرشی درۆنەکان!

ليست هناك تعليقات

چالاکی و کردەی بنەڕەتی لە عێراقدا ئێستا کورت بۆتەوە بۆ کردەی توندوتیژیی و هەڕەشەی درۆنەکان و مومارەسەی فاشیزمی مەزهەبیی شیعیی لەلایەن گروپ و لیواو کەتائیبەکانی حەشدی شەعبیەوە. ئەوەی ئەمشەو لە فرۆکەخانەی هەولێر ڕویدا، پێش هەرشت زەبربوو لە سەروەری یاساو بەهاکانی پێکەوە ژیان لەو عێراقە وەهمییەی زۆر کەس خەونیان بە چاکبوونیەوە دەبینی بەتایبەت هەندێک حاشیەی دەروری مستەفا کازمی کە بە ریفۆرمخوازو ڕزگارکەریان دەزانی.

ئێستا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران خۆی دەستەو ئەژنۆیەو لەدۆخێکی تەواو جەبریی و داخراودایەو جگە لە گەشتی دیبلۆماسی و موبارەکەی چالاکیەکانی حەشدی شەعبی کارێکی تر نییە بیکات و پێی هەستێ!
بە مانایەکی تر لەو عێراقەی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماردا هیچ کردەیەکی پەرلەمانی و دیموکراسی و ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان بوونی نیەو مەزهەبگەراکان کۆی جومگەکانی عێراقیان تەنیوە، دەنگۆکانی هەڵبژاردن و سیناریۆکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنیش بۆ حکومەتی ئایندە زیاتر بۆ لەبیرکردنی ئەو پاشاگاردانی و فەوزەویەت و لەکەدارکردنەی دامەزراوەی دەستوریی و یاساییە کە هەرگیز کاری پێناکرێ.

هەڕەشەکانی دوێنێی ئەمینداری کەتائیبی، #سيدالشهداء، أبو آلاء الولائي، زۆر ڕوون و ڕاشکاو بوون بۆ تێکدانی پرۆسەی سیاسی و ئارامی و لەبەریەک هەڵوەشانی تەواوی دامەزراوە مەدەنیەکان و شەرعیەتی یاسایی، کە چەمکی (ئیجتیهادو فەتوا) ی بەتەواوی خستە بری چەمکەکانی یاسادانان و دادوەریی. ئەمە ڕێک مومارەسەی تائیفیەت و وەلاو بەرای شیعەو تیۆرەکانی رەگ و ریشەی مەرجەعیەت و ویلایەتی فەقیهو حوکمی مەزهەبیی توندی حەوزەو شورای دینییەو تەفسیری تری نییە.

ئەوان بەم ڕوانگەو بیرو نەزمە تائیفییە، عێراقێکی یەکپارچەیان دەوێت لە ئانارشیزم و فەوزا، راستە بە ڕوکەش دژی کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە عێراق بەڵام بە ناواخن داواکاری و ئۆفەرییان دەوێت بۆ ئێران، بۆ دانوستان و کەمکردنەوەی ئابڵوقەکان لەسەری، ئەگەرچی ناوچەیەکی ئارام و فیدراڵی وەک هەرێمی کوردستان پێگەیەکی نییە لە زیهنیەت و ئەجێنداکانیاندا و دەبێت کورد ئەمە بگەیەنێت بە دەرەنجامێک.

دواجار یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی ئه‌تۆمی و گفتوگۆکانی چەکی ناوكی و زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ٥+١ ئێرانی خستۆتە گێژاوێکی مەترسیدار ئەگەر ئیبراهیم رەئیسی سازشی لەسەر نەکات قەیرانەکانی سەختتر دەبنەوە، ئەمریکاش بەکاوەخۆ رێک لەم دەریچە لاوازانەوە دەیەوێت دەستکاری هەریەک لەو سیستمانە بکات بە عێراقیشەوە، بۆیە دەوترێت وەرەقەی لێتێگەیشتن و ڕێککەوتنی کوردو بەغداد بە فلتەری گۆرانکاریەکانی تاران و واشنتۆندا دەڕوات. 

ئاسۆ عەبدوللەتیف

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق