ئایا کڵچدارئۆغڵو خۆی کاندید دەکات بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا؟

ليست هناك تعليقات

ئێستا تورکیا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت لە ڕوانگەی هاوسەنگی هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە تورکیا کە ئەگەر پێش نەخرێت بڕیار وایە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ دا ئەنجام بدرێت. لە پشت پەردە سیاسییەکانی ئەنقەرە مشتومڕ لەسەر ئەگەری کاندیدبوونی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا لێدوانەکانی بولێنت کوشئۆغڵو جێگری سەرۆکی گشتی جەهەپە کە وتبووی “کاندیدی ئێمە بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا کەمال کڵچدارئۆغڵووە”، جموجوڵ لەناو گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا درووستبوو. جگە لەوە پێشتریش کڵچدارئۆغڵو لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە خۆی کاندید دەکات و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گۆڕانکاری گەورە لە تورکیادا ئەنجام دەدات. وە هەروەها لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە قسەکانیدا وتی “کاتێک هەڵبژێردرام” بەوەش بە تەواوی ئاماژەکان بۆ خۆکاندیدکردنی کڵچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا بەهێزتر بوو.

هەرچەندە بە پێی لێدوانی زۆرێک لە بەرپرسانی جەهەپە کاندیدبوونی کڵچدارئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا یەکلابووەتەوە، بەڵام هەڵوێستی ئیی پارتی کە لە لایەن مەرال ئاکشەنەرەوە سەرکردایەتی دەکرێت و هاوپەیمانی جەهەپەیە لە “هاوپەیمانێتی میلەت”دا کاریگەری لەسەر ئەو بڕیارە دەبێت. هەتا ئێستا سەرۆک و بەرپرسانی ئیی پارتی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەو بارەیەوە نەداوە و بەو هۆیەشەوە نازاندرێت کە ئاخۆ جەهەپە و ئیی پارتی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هەریەکەیان کاندیدێکی جیایان دەبێت یاخود تەنها یەک کەس دەبێتە کاندیدی هاوپەیمانێتییەکەیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif