چاندنی ڕق، دروستکردنی کێشە

ليست هناك تعليقات

کورد نەتەوەیەکە کێشەی گەورە و برینی قوڵ لە جەستەی دایە، لە بەرامبەردا بیرکردنەوەی بچوک وایکردووە ئەم برینانەی سەر جەستەی کورد قوڵتر ببێتەوە و کێشەکانی بەردەوام لە گەورە بووندا بێت، قەدەریشی وایە لە گەڕەکێکدا دەژین لە جوگرافیایەکدا دەژین دەرو دراوسێ کۆ دەنگن لەسەر قوڵکردنەوەی برینەکانمان و دروستکردنی برینی نوێ و چاندنی کێشەی نوێ.

ئێمەش حەکیمی حاڵی خۆمان نین. ئەوانیش دامەزراوەی گەورەیان هەیە، بۆ توێژینەوە لەسەر تاکی کورد، حزبی کورد، عەشیرەتی کورد، ئایینزا جیاوازەکانی کورد، زارەکانی کورد لە ڕێگای ئەو توێژینەوانەوە پیلانی ورد دەچنن بۆ ئەوەی هەر جارە و بە دەردێکەوە گیرۆدەمان بکەن. لە بەرامبەر ئەم بیرکردنەوەی ئەواندا هێزی بیرکردنەوەی ئێمە توانای ئەوەی نییە، ئەو ڕیسانەی ئەوان بکاتەوە بە خوری. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەبری ئەوەی بیر بکەینەوە، چۆن ئەو مینانە پوچەڵبکەینەوە، بەردەوام مین لە ڕێگای یەکتردا دەچێنین. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەسەر ئاستی گشتی شێوازی بەڕێوەبردنی ڕکابەری گوازراوەتەوە بۆ دوژمنایەتی، ئەمەش بەرمەبنای نا هۆشیارییە لە بەڕێوەبردنی شێوازی ململانێدا. کاری ڕۆژانەمان بۆتە تەخوینکردنی یەکدی و سوکایەتیکردن بە یەک.

هەتا ئاستێکی زۆر نزم لێکەوتەکانی ئەم خووە وای لە تاکی کورد کردووە بە ڕقەوە بخەوێ، بە ڕقەوە بخواتەوە، بە ڕقەوە بخوێنێتەوە، بە ڕقەوە لە خەو هەستێ، بۆیە ناتوانێ دروست بیربکاتەوە بۆیە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی کێشەکانین، بۆیە بەردەوام دنیای پەیوەندییەکانی ئێمە لە یەک دوور دەکەوێتەوە و ئاڵۆزتر دەبێت. لە بەرامبەردا ئەوان هاتوون ئەوەی بە شەڕ پێیان نەکرا لە ڕێگای فەرهەنگەوە هەڵماندەوەشێنن، ئەوان دێن لە ڕێگای حزب، لە ڕێگای عەشیرەت، لە ڕێگای دیالێکت و ئایینزاوە هەتا دێ لێکمان دوور دەخەنەوە، هیچ چارەیەکیشمان نییە تەنها گەڕانەوە نەبێ بۆ شیعرەکەی حاجی قادری کۆیی، کە دەڵێت:
( تا ڕێنەکەون قەبیلی ئەکراد، هەروا دەبنە خەرابە ئاباد)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif