عارف قوربانی
هه‌فته‌ی پێشوو راپۆرتی تیمێكی تایبه‌تی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ شه‌ڕی لیبیا جیهانی له مه‌ترسی جۆرێك درۆنی پێشكه‌وتووی توركیا به‌ئاگا هێنایه‌وه كه وه‌ك پێشێلكارییه‌ك له شه‌ڕی ناوخۆی لیبیا له‌لایه‌ن توركیاوه به‌كارهێندراوە، راپۆرتی لیژنه‌كه زیره‌كی و توانای ده‌ستنیشانكردن و پێكانی ئامانجه‌كانی ئە‌م درۆنه‌ی هێنده به مه‌ترسی وێناكردووە كه پێویسته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بیخاته ریزی چه‌كه قه‌ده‌خه‌كراوه‌كانه‌وه.
به‌پێی ئە‌و زانیارییانه‌ی ده‌رباره‌ی ته‌كنه‌لۆجیای جه‌نگیی توركیا و گه‌شه‌سه‌ندنی تواناكانی ئە‌و وڵاته له دروستكردنی جۆره‌كانی درۆن ده‌خرێنه‌ڕوو، پیشه‌سازیی سه‌ربازیی توركیا هه‌ندێ له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی تێپه‌ڕاندووه. به‌شی زۆری ئه‌م درۆنه زیره‌كانه دراونه‌ته سوپای وڵاته‌كه و له ئۆپه‌راسیۆنی جیاجیادا به‌كارده‌برێن. تاوەکو ئێستا ئە‌وه‌ی وه‌ك هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له راپۆرتی ئه‌و لیژنه تایبه‌ته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسكراوه، به‌كاربردنی ئە‌م جۆره درۆنه‌یه له شه‌ڕی لیبیا، به‌ڵام له شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیادا ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی به به‌رژه‌وه‌ندیی ئازه‌ربایجان یه‌كلاكرده‌وه، به‌شداریی درۆنه‌كانی توركیا بوو. هه‌روه‌ها له شه‌ڕی توركیا له‌دژی په‌كه‌كه و له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیادا له‌نێو خاكی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م درۆنانه به‌كاربراون و به‌شی زۆری ئه‌و ئامانجانه‌ی توركیا ده‌یانپێكێت، له رێگه‌ی ئە‌م درۆنە زیره‌كانه‌وه‌یه.
ئەگەر توانای ئێرانیش له دروستكردن و گه‌شه‌پێدانی مووشه‌كی زیره‌ك و درۆن و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان وه‌ك توركیا نه‌بێت، زۆر كه‌متر نییه. ئە‌م وڵاته‌ش له رێگه‌ی هێزه وابه‌سته‌كانی خۆیه‌وه دژ به نه‌یاره‌كانی ئە‌م توانا و ته‌كنه‌لۆجیا سه‌ربازییه‌ی خستووەته مه‌یدانه‌وه. ئه‌وه‌ی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن دژ به سعودیه ئە‌نجامی دە‌ده‌ن، به‌رهه‌می پیشه‌سازی سه‌ربازیی ئێرانه، هه‌روه‌ها ئه‌و مووشه‌كانه‌ی حه‌ماس له مانگی رابردوو شه‌وی تەلئەڤیڤی پێكرده رۆژ، هه‌مووی به‌رهه‌می كارگه و كارخانه‌كانی ئێرانن.
له‌نێو عێراقیش چه‌ند جارێك به مووشه‌كی زیره‌كی ئێرانی هێرش كراوه‌ته سه‌ر باڵیۆزخانەی ئه‌مریكا و بنكه سه‌ربازییه‌كانی له بەغدا و ئه‌نبار و سەلاحەدین. هه‌روه‌ها بنكه‌ی هاوپه‌یمانان و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر به هه‌مان جۆری مووشه‌كی ئێرانی زیاتر له جارێك كراونه‌ته ئامانج و سه‌كۆ و سیستمی به‌رگریی ئە‌مریكاش له ئاستیاندا ده‌سته‌پاچه بوو. ئه‌وه له مانگی نیسانه‌وه تاوەکو دوێنێ بۆ دووه‌م جاره له‌ڕێگه‌ی درۆنی ئێرانییه‌وه په‌لاماری هه‌ولێر ده‌درێت. وه‌ك چۆن توركیا ته‌نیا بۆ شه‌ڕی په‌كه‌كه نه‌هاتووه، حه‌شدی شه‌عبیش ته‌نیا بۆ لێدان له بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ولێر ناكاته ئامانج.
ئەوەی لێره‌دا به گرنگی ده‌زانم وه‌ك پرسیارێك رووبه‌ڕووی ده‌سته‌بژێری سیاسیی كوردی بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌یه ئایا كورد بۆ داهاتوو چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ده‌كات كه ئێستا ئه‌وان خاوه‌نی چه‌ك و ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی زیره‌ك و پێشكه‌وتوون و كورد نه چه‌كی هاوشێوه‌ی هه‌یه و نه دژه‌كانی. له رابردووش‌دا گه‌رچی چه‌كی ده‌ستی كورد و داگیركه‌ره‌كانی ناهاوسه‌نگ بوون، به‌ڵام وه‌ك ئێستا نه‌بوو، ئه‌وان تانكیان هه‌بوو، كورد دژه تانكی هه‌بوو، هێلیكۆپته‌ر و ته‌یاره‌یان هه‌بوو، كورد ئاڕ بی جی و دۆشكەی هه‌بوو. ئێستا ئه‌وان خاوه‌ن جۆرێك له ته‌كنه‌لۆژیای زیره‌كن كه له ژورێكه‌وه و له رێگه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه هه‌ر ئامانجێكیان مه‌به‌ست بێت به مووشه‌ك یان درۆن ده‌یپێكن. هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كانی جیهانیش زانراوه كه به‌هۆی دابه‌شبوونه‌وه‌ی جیهان بۆ زیاتر له جه‌مسه‌رێك، هه‌میشه كارتی ده‌وڵه‌ته‌كان له هاوكێشه‌كاندا به‌هێزتره له ره‌وایه‌تیی مه‌سه‌له‌ی كورد له ناوچه‌كه. بۆیه ئه‌م قۆناخه تازه‌یه بیری وردی ده‌وێت.
له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جۆره چه‌ك و ته‌كنه‌لۆجیا سه‌ربازییه هه‌ر له ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا نامێنێته‌وه، تاوەکو ئومێدێك له‌سه‌ر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵبچنرێت تاوەکو به سه‌پاندنی پابه‌ندێتی به یاسا و رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رێگه له به‌كاربردنی هه‌ندێك له‌و چه‌كانه بگرێت. ئێستا ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایه كه‌وتووەته ده‌ستی گرووپه چه‌كدارییه میلیشیاكانی وابه‌سته به ده‌وڵه‌ته‌كان. به‌شێك له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو جۆره مووشه‌كه زیره‌كه‌كانی ئێران و درۆنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان له بنده‌ستدایه و هه‌ركات و هه‌ر جێیه‌ك ئێران مه‌به‌سی بێت، ئه‌م گرووپانه ده‌یكه‌نه ئامانج. له داهاتوودا شایه‌تی ئە‌و دیمه‌نانه‌ش ده‌بین هێزه تووندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی ناو سووریا كه له‌لایه‌ن توركیاوه ئاراسته ده‌كرێن، ئە‌وانیش بۆ ئامانجه‌كانیان درۆنی زیره‌ك به‌كارده‌به‌ن، به‌تایبه‌ت دژ به كورده‌كانی رۆژئاوای كوردستان.
مه‌ترسیی ئە‌وه‌ش ته‌نیا له‌وه‌دا نییه كه هه‌ر چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كانی ئە‌م وڵاتانه ده‌خرێته به‌رده‌ستی گرووپه‌كان میلیشیا و تووندڕه‌وه‌كان، به‌ڵكو مه‌ترسییه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه خه‌سڵه‌ت و سیمای كێشه‌ی كورد وه‌ك میلله‌تێكی خاك داگیركراو و چه‌وساوه‌ی ده‌ستی سته‌می ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان، له كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌سه‌له‌یه‌كی ره‌وای گه‌لێكه‌وه، له شه‌ڕی به‌رگری له ناسنامه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌گۆڕێت بۆ شه‌ڕی كورد و ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه. شه‌ڕێكی نابه‌رانبه‌ریش، ئه‌وان به مووشه‌كی زیره‌ك و درۆن و ته‌كنه‌لۆجیای ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه و كوردیش به‌و چه‌كه ته‌قلیدییانه‌ی هه‌یه‌تی و به‌و په‌رته‌وازه‌یی و شێواوییه‌ی ناو ماڵه‌كه‌یه‌وه.
پێویسته سه‌ركردایه‌تیی حیزبه سیاسییه‌كانی كورد له ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، به دیدێكی هه‌ست به به‌رپرسیارێتییه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له ئاستی مه‌ترسییه‌كانی ئە‌م قۆناخه بكه‌ن و بیر له دۆزینه‌وه‌ی رێگەی جۆراوجۆر بكه‌نه‌وه بۆ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشهاتانه‌ی له به‌رده‌م كورددان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق