چەند سەرنجێک لەسەر نوسراو و داواکەی وەزیری ڕۆشنبیری.

ليست هناك تعليقات


د.ئاڤێستا كمال

کورتەی نووسراوەکە ئەوەیە، زاری هەورامی بکرێت بە یەکێک لە وانەکانی خوێندن لە شاری هەڵەبجە ، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو زارە ئاوڕی لێبدرێتەوە و بە زیندووی ڕابگیرێت .
ڕاستی من سەرم سوڕدەمێنێت لەم پێشنیازانە!! ، کە لە نێوان شەو ڕۆژێک دەکرێن و کەس بیر لە جێبەجێکردن و چەندێتی سوودیان ناکاتەوە وەک ئەوەی تەنها وروژاندنی بابەتەکان گرنگ بن نەک ئەنجامەکانیان، ئەمە سەرەڕای هەڵپروسکاندن و ناکامڵی پرسەکان ، کە خۆیان لە خۆیاندا جێگەی بەزەیی و سەرزەنشتن.

بواری پەروەردە لە ئێستادا و گەر بە چاوێکی خەمخۆرانەوە سەیربکرێت لە لێواری مەرگدایە ، هەر لە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا ،کاریگەرییە خراپەکانی دەسەڵاتی سیاسی لەسەری و نائومێدی فەزای گشتی و بێهودەکردنی خوێندن بە شێوەیەکی سیستماتیکانە ، نەبوونی بوودجە بۆ نوێکردنەوەی کتێبەکانی خوێندن و تەنانەت بەسەرداچوونەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن ، کارکردنی میدیا لەسەر سووککردنی پەروەردە و بێئەزرشکردنی و چەندین کێشە و گرفتی تر وەک مۆتەکە یەخەی پەروەردەیان گرتوە و هەناسەیان لێبڕیوە تەنانەت تروسکاییەکی کەم نەبێت شتێک نەماوەتەوە بۆ ئەوەی خوێندن و پەروەردە لەم هەرێمەدا ڕێڕەوی خۆی وەربگێڕێت و باشترببێت. ( زۆر لەسەر ئەم بابەتانە ناڕۆم و دەچمەوە سەرباسی نووسراو و داواکارییەکە) ، زمان ، زار، شێوەزار ، ... هتد ئەمانە زاراوەی زۆری زمانەوانین و زمانەوان دەتوانێت وردەکارییەکانی لێکبداتەوە دیارە مەبەستیشم لە زمانەوان زمانەوانی بێلایەن و ئەکادیمییە ، کە وەک هەموو کایەکانی تر ئەمیش بارگاوییە بە کارتێکردنی خێڵەکیی و سیاسی ...هتد ، کاتێک نووسراوێکی لەو شێوەیە دەنوسرێت دەبێت پرسیاری جدی بە دوادابێت بۆچی لەم کاتەدائەم پرسە دەوروژێنرێت ، ئایا لێکۆڵینەوەی دەربارەکراوە؟ ، دەشێت پڕۆسەی پەروەردە بارگرانتربکرێت لەوەی هەیە؟ چی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی هزری ئایا خوێندنی زارک گێڕانەوەی مافە بۆ ئەوانەی قسەی پێدەکەن؟ و پرسیارگەلێکی زۆر زیاتریش لەوەی وتراوە .

لە ئێستای کورددا زمانە ستانداردەکەی خۆی کێشە ئامێزە و هەزار هەڵدێر و نشێوی لەبەردەمە ، وروژاندنی بابەتێکی لەم جۆرەش هیچ سوودێکی نییە و بارگرانکردنی خوێندکارە بە بابەتێک ، کە ئێستا نە پەروەردە دەسەڵاتی بەسەریدا دەشکێت نە خوێندکاریش مەیلی بۆی هەیە ، چونکە پەروەردە ناتوانێت بەرگەی تێچوونی دامەزراندنی مامۆستا و دانانی پەڕتووک ...هتد بگرێت و خوێندکاریش بێزارە لە خوێندنی زمانی کوردی و بە زیادەی دەزانێت چ جا بابەتێکیشی بۆ زیاد بکەن وەک خوێندنی زارێک .
گومانی تێدا نییە خوێندنی زاری زمانێک بۆ قسەپێکەرانی ئەو زارە مافێکی ڕەوایە بەڵام گشتگیرکردنی بەسەر پارێزگایەکدا ، کە هەموو قسەپێکەرانی ئەو زارە نین ستەمە ، زاری هەورامی بۆ قسەپێکەرانی ئەرک و مافە بەڵام بۆ ناوچەیەکی بەرفراوان نادادییە ، چونکە هەموو خەڵکی شاری هەڵەبجە بە زاری هەورامی قسە ناکەن ، گەر بابەتێکی لەم شێوەیە بچەسپنرێت ئەوا بە دوو شێوە زوڵم ڕوودەدات یەکەم باری زمانی ستاندارد ناجێگیرە( لەبەر شاڵاوێکی بێبەزەییانەی هەژموونی زمانی بێگانەدایە بەتایبەت زمانی ئینگلیزی) و ئەم پەسەندکردنەش دەبێتە هۆی زەقکردنەوەی جیاوازییەکان و بەمەش جارێکی تر دەچینەوە دۆخی جیاکاری و ترازاندن ، دووهەمیش زمانی ستاندارد لەبری ئەوەی فراوانبکرێت بەوجۆراوجۆرییانەی لە زارەکانیدا هەیە خودی زارەکانی دەبنە خۆرەی و ئیتر هەرکەس لەهەر گوندێک بیەوێت شێوەزاری خۆی دەکات بە سەنتەر و داوای پرۆگرام و خوێندن پێیدەکات ئەمە ڕەنگە بۆ دەوڵەتێکی چەندین ساڵە ئاسان بێت و گونجاویش بێت بەڵام بۆ کورد ، کە ترازانەکانی زیاترن لە پێکەوەبوونەکانی جێگەی پەسەندبوون نین .

کێشەیەکی تر ئەوەیە ، هەندێک لە قسەپێکەرانی زاری هەورامی زیاتر لە خوێندن بە زارەکەیان دەڕۆن و بانگهێشتی ئەوەدەکەن ئەوەی قسەی پێدەکەن زاری زمانی کوردی نییە بەڵکو زمانێکی جیاوازە لە زمانی کوردی بۆ ئەمەش پەنادەبەنە بەر جۆرەها بەڵگە ئەم حاڵەتەش جارێکی تر هەڵکەنین و ڕۆشتن بەدوای وردەکارییەکدایە ، کە نەسوودی بۆ قسەپێکەرانی زاری هەورامی هەیە و نە سوودی بۆ سەرجەمی باری زمانی کوردی هەیە و هەردوو کەیسەکەش تێیدازەرەرمەندن .

زار پێویستییەکی ناچاری و خودی پڕۆسەیەکی سروشتی گەشەکردنی زمانەکانە لە هەموو دونیادا کێشەی ئێمە کێشەی پێدانی شکۆ نییە بە زارێک و لێسەندنەوەی شکۆ لەیەکێکی تریان کێشەی ئێمە کێشەی پەروەردەکردنە بە زمانێک ، کە سەرجەم زارەکانی نە ناساندبێت و بنچینەی خۆی دەرنەخستبێت ، کێشەی ئێمە کێشەی تێرکردنی ئیگۆی کۆمەڵە کەسێک نییە ، کە بە هەنگاوی وا پێیان وایە زارەکەیان بەرز ڕادەگرن
(ئەمە لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە بۆ زاری کرمانجی سەروو کرا و ئێستاش سیاسەتی پەرتکردنی بەردەوامە چونکە خوێندنی زار بە پلان و سیاسەتی زمانی نەبێت دەبێتە بارگرانی و کێشەی گەورەتر وەک ئەوەی ئێستا هەیە دوو ستاندارد ڕەنگە دواڕۆژ بەم شێوەیە بروات ببێتە فرە ستاندارد!!!) ، کێشەی ئێمە کێشەی پەروەردەکردنی زمانییە ، کە خوێندکار بە زەنگینی زمانەکەی و زارەکانی ناناسێنێت .

زارێک و زارەکان کاتێک پڕ شکۆ دەبن ، کە هاریکاری گەشەکردن و دەوڵەمەندکردنی زمانە ستانداردەکەیان بن و بۆ گەشەکردن و مانەوەی جواراوجۆرییەتی خۆشیان جۆرەها ڕێگای تر هەیە لەوانە زیندوکردنەوەی نەریتەکانی قسەپێکەرانی زارەکە ، کردنەوەی خولی هاوینە بۆ فێربوونی سەرجەم زارەکان تەنها بۆ قسەپێکەرانیان و ئارەزوومەندان بۆ فێربوونی ئەو زارە ، برەودان بە لێکۆڵینەوە زمانییەکان لەسەر زارەکان ، کردنەوە و بەردەوام بوونی سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانی سەر بە زارەکانن .
زۆر ماوە بۆ قسەلەسەرکردنی ئەم بابەتە بە چەندین لێکۆڵینەوە تەواو نابێت و ئەوەش ئیشی ئەکادیمییەکانە گەر ڕێبدەن پێیان شتێک بڵێن لەسەری و وەک هەموو کاتێکی تر پەراوێزنەخرێن و پێشنیاەکان نەکرێن بە بڕیاری سیاسی

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانكۆی سلێمانی
پسپۆری زمان



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif