عیلاقەم پێدا هەیە

ليست هناك تعليقات


پەیکار عسمان.

ئەم دوانەی (فەسادو ستەمکاریی) هەمیشە سیانەی (وەعزو مادەی هۆشبەرو سێکس) لەگەڵ خۆیدا ئەهێنێ. فەسادو ستەم بۆ ئەوەی سەرکەون، ئەبێ کۆمەڵگا بکەوێت. کۆمەڵگاش لە سێکس و وەعزو مادەی هۆشبەرەوە ئەکەوێ.

مادەی هۆشبەر، خراپێکی بێ پەردەیەو وابزانم جگە لەوەی کە "خراپە" قسەیەکی تر هەڵناگرێ. ئەمێنێتەوە سێکس و وەعز، ئینجا با لە سێکسەوە دەستپێئەکەم.

لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە کە سێکس خۆی شتێکی خراپ و نائاسایی و ناپێویست بێت و منیش دیسان بێم، ترس و فۆبیای سێکس قووڵتربکەمەوە، کە ئەمە بۆ خۆی فەسادەو هیشتنەوەی ئینسانەکانە لە گرێ ی سێکسدا. بەڵکو مەبەستم پۆرنۆگەرایی و بە سێکسیی کردنی کۆمەڵگایە!

مەبەستم خەریكبوونی شەعبێکە بە سێکسەوەو بوونی شتەکەیە بە مۆدو بە باوێکی کۆمەڵایەتی. بەجۆرێك کە هەژارێك و دەوڵەمەندیك، ڕەنگە تاکە هاوبەشی و ناچینایەتی، کە لە ئێستادا هەیانبێ، ئەوەیە کە هەردوکیان خەریکی سیكسن و شتەکە بۆ هەردوکیان ئاسان و بەردەستە! یان ڕەنگە تاکە هەنگاو کە لە بواری یەکسانی جێندەریدا نابێتمان، ئەوەیە کە چیتر لادان و پەیوەندییە ژێربەژێرو لابەلاکان، تەنیا موبادەرەی کوڕو پیاوەکان نیەو ژن و کچەکانیش توانیویانە ببنە بکەرو ساحێب موبادەرە! یان ئەندامێکی خوارەوەی حیزب و مەکتەب سیاسییەك، ڕەنگە سێکس تاکە شتبێ کە لە ئێستادا بۆ هەردوکیان ئاسانەو لەوێدا کابرای خوارەوە خۆی بە مەغدور نەزانێ!

لێرەدا بە هیچ جۆرێك مەبەستم ژیانی شەخسی و پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان دوو ئینسان نیە، کە چوارچێوەیەکی تەواو ئازادو ڕێزلێگیراوە. بەڵکو مەبەستم حاڵەتێکی جەماعی و مەشغوڵکردنی شەعبێکەوە بە سێکسەوە لە بەرژەوەندی ستەمکاریی. مەبەستم قۆناغی سێکسی گشتییە، لەبری چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی و هۆشیاریی گشتی!

مەبەستم سێکسی دوو کەس نیە لەناو عیلاقەیەکی تایبەتدا، کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە منو تۆوە نیە. بەڵکو مەبەستم سێکسی هەمووە لەگەڵ هەموو، لەناو حاڵەتێکی گشتیدا، کە ئەمە هەم خۆی فەسادەو هەم ڕاگری فەسادی سوڵتەشە. بەڵێ من مەبەستم حەڵقەی پەیوەندییە تایبەتەکان نیە، مەبەستم شکاندنی حەڵقەکەو بە گشتیبوونی شتەکەیە!

باسەکە غەریزە نیە، کە بەشێکە لە سروشتی بایۆلۆژی ئێمە. باسەکە پەیوەندی دوو کەس نیە، کە شتێکی تایبەت و ئازادانەی ئەوانەو تا ئێرا سنورو بەهایەك حوکمی ئەکات. بەڵکو باسەکە بە گشتییبوونی شتەکەو نەمانی بەهاکانە. یەعنی باسەکە کوڕێك و کچێك نیە کە پەیوەندییەکیان هەیە، باسەکە کوڕێکە کە دەیان پەیوەندی و کچێکە کە دەیان پەیوەندی هەیەو سنورو بەها لەگۆڕێدا نەماوە. قسەکە لە سێکسێك نیە، کە پاشکۆو لێکەوتەی پەیوەندییەکەو خۆی ئامانج نیە. باسەکە سێکسێکە کە خۆی چەق و ئامانجەو جگە لە سێکسێکی ڕووت، شتێکی تر لە ئارادا نیە!

سەیرکە، ئێستا کە دۆخی ناڕازیبوونی گشتییەو کە هەموو شتێك خراپە، ئەی بۆچی ناڕەزاییەکی کاریگەر بوونی نیەو دنیاکە کپە؟ لەپاڵ هۆکارەکانی تردا، وەڵامەکەی ئەوەیە، چونکە ڕازیبوونێکی نهێنی لە ژێرەوە بوونی هەیە، کە ڕازیبوونی سێکسییە!

ئەگەر ئێران بە نمونە وەرگرین، سەیرکە لەوێ هەموو شتێك قورس و گرانەو بە قەولی خۆیان زیندەگی سەختە. بەڵام سێکس و مادەی هۆشبەرو وەعز زۆر ئاسانەو ڕەنگە لە هەموو کۆڵانێکا هەر سێکیان بەردەست بێت! بۆچی؟ چونکە لە سەرەوە ستەم و فەسادێکی سیاسییت هەیە. لە خوارەوەش لە ڕێگەی لە سێکس و مادەی هۆشبەرەوە، کۆمەڵگاو ئینسانەکان، هەم تێکئەشکێنرێن و هەمیش تێوەئەگلێنرێن لە فەسادەوەو ئیتر فەساد تەنیا لە سەرەوەو لای سیاسییەکان نیە، بەڵکو گشتییەو لای تەواوی کۆمەڵگایە. ئەم دۆخە نائەخلاقییە گشتییەش، پێویستی بە کەڤەرێکی ئەخلاقیی هەیە، کە وەعز دابینی ئەکات!

ئیتر تۆ لە ڕێگەی وەعزەوە، لەو وەهمەدایت کە هەموو شتێك خراپە، بەڵام شکور حاڵی خیزان و ئەخلاق و لایەنی کۆمەڵایەتی باشە. لەکاتێکا ئەمە وانیەو تەنیا وەهمێکە. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە، فەسادی کۆمەڵایەتی، ئاوێنەی فەسادی سیاسییەو هەردوکیان هاوفەسادن. بەڵام ڕووکەشی دینییانەی کۆمەڵگا، کە وەعز دروستی کردوە، وێنەکەی لێگۆڕیویت!

ئا لێرەوەیە کە کۆمەڵگا ڕووکەش دینییەکان، تا بەرەو فەساد داکشێن، زیاتر لەو وەهمەدان کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە حاڵیان باشترە لە کۆمەڵگاکانی تر،، لەکاتێکا ئەمە تەنیا وەهمێکە کە ڕووکەشە دینییەکە دروستی کردوەو هیچی تر. یەعنی لەڕاستیدا کۆمەڵگای فینلەندی، زۆر ئەخلاقیترە لە کۆمەڵگای ئێرانیی، بەڵام دۆخە نائەخلاقییەکەی ئێران، لە ژێر عەباو عەمامەو ڕیش و حیجابەوە شاردراوەتەوەو دۆخە ئەخلاقییەکەی فینلەندیش، بەهۆی نەبوونی کەڤەرو ڕووکەشگەرایی دینییەوە، وەکو بێئەخلاقیی وێناکراوە بۆمان!

کە ئەشڵێم ئەخلاقییترە، مەبەستم بوارەکانی ترو ئەخلاق نیە بە گشتی، بەڵکو ڕێك مەبەستم خێزان و سێکس و پەیوەندی دوو ڕەگەزە، کە لە زهنی ئێمەدا چەقی ئەخلاقە. بەڵێ ئەوێ ئەخلاقییترە، بەو مانایەی کە دوو فینلەندی یان بە ڕێکی بەیەکەوەن، یان بە ڕێکی جیائەبنەوە. بەڵام لای ئێمە، پێکەوەبوون و جیابوونەوە هەردوکی بە خواریی هاتووە. مەسەلەن زەواج خۆی یەکسانکراوە بە ڕێکیی، ئیتر لەپەنا زەواجەوە خەریکی خوارییەکانین و ئاساییشە! یان جیابوونەوە خۆی یەکسانکراوە بە خواریی، ئیتر جیانەبینەوەو خواربین، هەر بەڕێکی حسابە. بە ڕێکیش جیابینەوە، هەر بە خواریی حسابە!

لەکاتێکا نە زەواج ڕێکییە نە جیابوونەوە خوارییە، بەڵکو ڕێکیی تەنیا ڕاستگۆییەو خوارییش تەنیا درۆیە. نەكئەوەی زەواج کەڤەری شاردنەوەی درۆی هاوسەرەکان بێت و جیابوونەوەش خۆی لەخۆیدا عەیبەو خواریی بێت، لەکاتێکدا هەنێکات جیابوونەوە، پێویستییەکی تەواو ڕاستگۆیانەیە بۆ ڕزگاربوون لە درۆیەك!

لەڕاستیدا پەیوەندی کوڕو کچەکان، بڤە نیە، درۆی ناو پەیوەندییەکان بڤەیە. لەڕاستیدا عەقدی زەواج موقەدەس نیە، عەقدی ڕاستگۆیی ناو ناخی ئینسانەکان موقەدەسە. بەها کۆمەڵایەتی و دینییەکان ڕێزلێگیراون، بەڵام ڕێزلێگیراوتر، بەها مرۆییەکان و ڕاستگۆیی ئینسان خۆیەتی. لێرەشدا لە ڕێگەی مادەی هۆشبەرو سێکساندنی گشتییەوە، لە بەهای ئینسان ئەدرێ و لەوێشەوە لە بەهاکانی تر!

ئینجا ئێرانەکە بکە بە هەرێم، بەداخەوە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆرێ و ئێستا ئێمە هاوشێوەی ئێران، تەبەقەیەکی فاسدو ستەمکاری سیاسیمان هەیە، کە لەڕێگەی سێکس و وەعزو مادەی هۆشبەرەوە، سەرکەوتوون بەسەر کۆمەڵگاداو فەسادیان کردوە بە فەسادی گشتی و هەموومانیان کردوە بە هاوبەش تێیدا. ئیتر ئینسانەکان کە وزەی گۆڕینی دۆخەکەن، خۆیان بوونەتە پایەی مانەوەو ڕاگرتنی دۆخەکەو ئیرادەی گۆڕانکاری هەر نەکوژراوە، بەڵکو عەکسیشکراوەتەوە!

جا کاتێ وەعزو دینفرۆشیم، خستۆتە پاڵ لەشفرۆشی و تلیاکفرۆشی، کە هەرسێکیشی ئەچێتەوە خزمەتی گەندەڵی و ستەمکاری و وڵاتفرۆشیی، مەبەستم ئەوەنیە کە مەلاو بانگخوازەکان کەسانێکی خراپبن، یان قسەی خێر خراپ بێت، یان ئەوان لە وێنە بچوکەکەدا، ڕۆڵیان نەبێت لە باشکردنی کۆمەڵگا.. بەڵکو مەبەستم لەو ڕۆڵەیە، کە وەعز لە وێنە گەورەکەدا ئەیبینێت بۆ خزمەتی فەساد. یەعنی مەبەستم ئەوەنیە کە واعزەکان ئینسانەکان بێئەخلاق ئەکەن، مەبەستم ئەوەیە کە لە ڕیگەی برەودان بە ڕووکەشگەرایی دینییەوە، کەڤەرێکی ئەخلاقیی بۆ دۆخێکی نائەخلاقیی دابین ئەکەن، کە ئەمەش ڕێك ئەوەیە کە ستەمکارەکان ئەیانەوێت!

وەعز خۆی لەوێدا کێشەی ئەخلاقیی هەیە، کە چینایەتی تێدایەو کە گفتووگۆی تێدا نیە. لەوێشدا کێشەیە، کە لە رێگەی کەبت و چەپاندنەوە، مرۆڤەکان ئەباتەوە ناو گرێ ی سێکس و لادان و نایەڵێ بچنە ناو هۆشیاریی و حاڵەتێکی ئاسایی. بەڵام لێرەدا ئەمانە مەبەستەکەی من نیە. مەبەستی من کارێکە کە وەعز بۆ ستەمکاریی ئەکاو ئەو کارەش تەنیا بەو ئەکرێت!

یەعنی فەسادی کۆمەڵایەتی، دیوەکەی تری فەسادی سیاسییەو لە هەرکوێ لە سەرەوە، فەسادی سوڵتەو سیاسەتت هەبوو، ئیتر لە خوارەوە کۆمەڵگا، گیرۆدەو داوەشاوی دەستی سێکس و مادەی هۆشبەرەو شتەکەش لە ڕێگەی وەعزو ڕووکەشگەرایی دینییەوە تەغتیە ئەکرێ!

سەیرکە کۆمەڵگای میسری و ئێرانی و مەغریبی.. کۆمەڵگایەکی سێکساوی و حەشیشاوییە، لە هەمان کاتا کۆمەڵگایەکی وەعزاوی و ڕووکەش دینییشە. دەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەش وایەو بەرەو ئەو دۆخە ئەڕوا. یەعنی ستەمکاریی و فەسادی سیاسی، بۆئەوەی لەسەرەوە پێگەکەی خۆی جێگیربێت، لە ڕێگەی سێکس و حەشیشەوە هاتۆتە خوارەوەو کۆمەڵگاو ئینسانەکانی هەڵتەکاندوە. وەعزیش کەڤەرێکی دینی بۆ ئەم یارییە دروستکردوەو شتەکە لە پشتی ئەو پەردەیەوە ئەگوزەرێ و ئیتر ستەم وفەسادو سێکس و حەشیش و وەعز، پێکەوە سەرکەوتوون و بە هەموویان کۆمەڵگایان خستووە!

سەیرکە، ئێستا کە فەسادی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەوجی خۆیایەتی، ڕووکەشگەرایی دینیش لە ئەوجی خۆیایەتی و هیچکات کۆمەڵگای ئێمە بەقەت ئێستا ڕووکەش دینیی نەبووە. بۆچی؟ چونکە ئەمە هەمووی پاکێجێکەو وەعزیش بەشێکە لە یارییەکەو لەڕاستیدا فەسادو وەعز دژی یەك نین، بەڵکو هاوپەیمانێکی نادیارو هاوکاری یەکن و لە کوێ فەساد زۆربوو، لەوێ وەعزیش زۆرە چونکە کەڤەر پێویستە. لەکوێش فەساد کەمبوو، وەعزیش کەمە، چونکە ئیتر کەڤەر پێویست نیە!

ئینجا نازانم ڕەبتی بە مەوزوعەکەوە هەیە یان نا، بەڵام من عیلاقەم پێدا هەیەو ئازادی بۆ گیراوانی بادینان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif