له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی كۆمه‌ڵكوژییەکەی سرێبرێنیتسا خۆهه‌ڵدانی بێده‌نگ ئه‌نجام درا

ليست هناك تعليقات

له‌ بیست و شەشه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆمه‌ڵكوژییەکەی شاری سرێبرێنیتسا رۆژهه‌ڵاتی بۆسنیا و هه‌رزه‌گۆڤینا، كاتژمێر ١١:٠٧ی ئه‌مڕۆ، خۆهه‌ڵدانی بێده‌نگ له‌ پردی مێژوویی مۆستار ئه‌نجام درا و له‌ رێگای ئه‌م چالاكییه‌وه‌ په‌یامی ئه‌وه‌ به‌ جیهان گه‌یه‌ندرا كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵكوژی له‌م جۆره‌ هه‌رگیز دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

به‌شداربووانی چالاكییه‌كه‌ بۆ رێزگرتن له‌ گیانی قوربانییانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ گوڵیان خسته‌ ناو رووباری نه‌ره‌توا و گوڵی سرێبرێنیتسا كه‌ له‌لایه‌ن گه‌نجانی ناوچه‌ی ماهالا دۆنجا له‌ مۆستار ئاماده‌ كرابوو خرایه‌ ناو ئاوی ساردی رووباره‌وه‌.

گوته‌بێژی یانه‌ی ژێرئاوگه‌ڕی مۆستار، ساسا ئۆروجه‌ڤیج له‌ میانی چالاكییه‌كه‌دا رایگه‌یاند: "بۆ ئه‌وه‌ی یادی قوربانییانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ به‌زیندوویی بهێڵدرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستمان بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین. هیوادارین كۆمه‌ڵكوژی له‌م جۆره‌ روو نه‌داته‌وه‌".

هه‌روه‌ها له‌ شاری بۆدگۆریسا پایته‌ختی مۆنتینیگرۆ یادی قوربانییانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ كرایه‌وه‌.

ته‌رمی ١٩ قوربانیی دیكه‌ كه ناسنامه‌یان ئاشكرا كراوه‌ و ٢٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ شاری سرێبرێنیتسا رۆژهه‌ڵاتی بۆسنیا و هه‌رزه‌گۆڤینا له‌ كۆمه‌ڵكوژییەکەی شاره‌كه‌دا ئه‌نجام درا، كوژراون له‌ گۆڕستانی مۆنۆمێنتی پۆتۆچاری له‌ شاری سارایێڤۆی پایته‌خت به‌خاك ده‌سپێردران.

ئه‌مڕۆ دوای ئه‌نجامدانی نوێژی مردوو له‌سه‌ریان، ته‌رمی ١٩ قوربانیی دیكه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ له‌ گۆڕستانی مۆنۆمێنتى پۆتۆچاری به‌خاك سپێردران.

به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی نوێژی مردوو، رێوڕه‌سمی بیست و شەشەمین ساڵوه‌گه‌ڕی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ له‌ گۆڕستانه‌كه‌ سازکرا.

رووفاتی گه‌نجترین قوربانی له‌نێو قوربانییەکاندا (لە کاتی ئەنجامدانی كۆمه‌ڵكوژییەکە لە ساڵی ١٩٩٥)، رووفاتی ئازمیر عوسمانۆڤیج-ی ته‌مه‌ن ١٦ ساڵە و رووفاتی به‌ته‌مه‌نترین قوربانیش رووفاتی حوسێن كورباسیج-ی ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵه‌ و قوربانییه‌كانی دیكه‌یش ئه‌مانه‌ن: "ڤه‌جسیل هه‌مزابه‌گۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٣٩)، محێدین مه‌حمه‌دۆڤیج (١٩٧٧)، رامیز سه‌لیمۆڤیج (١٩٥١)، ئه‌سناف خه‌لیلۆڤیج (١٩٧٦)، موعه‌مه‌ر موییج (لەدایکبووی ١٩٧٦)، محه‌مه‌د به‌گانۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٤٧)، هاجرۆ ئالییج (لەدایکبووی ١٩٤٤)، یوسف ئالییج (لەدایکبووی ١٩٧٦)، زایم حه‌سه‌نۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٦٨)، عاسم نوكیج (لەدایکبووی ١٩٧١)، نه‌زیر داوتۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٦٩)، ئیبراهیم ئاڤداگیج (لەدایکبووی ١٩٥٠)، یوسف خه‌لیلۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٤٨)، ساڵح دزانانۆڤیج (لەدایکبووی ١٩٥٥)، مه‌هۆ كاراهۆدیج (لەدایکبووی ١٩٣٩)، فیكره‌ت كیڤه‌ریج (لەدایکبووی ١٩٧٨) و زیها ده‌لیج (لەدایکبووی ١٩٧١)".

- له‌ سرێبرێنیتسا چی روویدا؟

رۆژی ١١ی ته‌مووزی ١٩٩٥، یه‌که‌کانی سوپای سربیا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی کە سه‌ربازه‌ هۆڵه‌ندییه‌کانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی تێدابوو و داگیریان كرد، ئه‌وانیش ئه‌و هاووڵاتییه‌ بۆسنییه‌ سڤیلانه‌یان راده‌ست كردن که‌ پێشتر په‌نایان بۆ هێنابوون.

سربییه‌کان رێگه‌یان به‌ ژنان و منداڵانی بۆسنیا دا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازه‌ بۆسنییه‌کاندان، به‌ڵام زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار پیاوی بۆسنیا له‌ دارستانه‌کانی ده‌ورووبه‌ری بنکه‌ سه‌ربازییه‌که‌دا لەلایەن سربییەکانەوە کوژران.

ئه‌و بۆسنییانه‌ی کوژران له‌ گۆڕی به‌کۆمه‌ڵدا نێژران، له‌دوای جه‌نگیشه‌وه‌ له‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌یان ئه‌نجام ده‌درێت، کاتێک رووفاته‌کانیان ده‌دۆزرێته‌وه‌، رۆژی ١١ی ته‌مووزی هه‌موو ساڵێک ده‌هێنرێنه‌ گۆڕستانی مۆنۆمێنتى​​​​​​​ پۆتۆچاری.

تا ئێستا رووفاتی شه‌ش هه‌زار و ٦٧١ قوربانی کۆمەڵکوژییەکەی سرێبرێنیتسا له‌ گۆڕستانی مۆنۆمێنتى پۆتۆچاری به‌ خاك سپێردراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif